میحنەتی گۆڕان

3 كاتژمێر لەمەوپێش



حسێن مەحمود

گۆڕان تاکە نەگۆڕی ژیانی مرۆڤە،بەڵام سەرچاوەی ترس و دڵەڕاوکێشە، لەبەرەبەیانی مێژوەوە مرۆڤ بەدونیای مەئلوف و نەگۆڕی خۆیەوە نوساوە، لەهەموو شتێکی نادیار دەترسێ ولەدژی هەر هەوڵێک دەوەستێتەوە کەدژبە عادات و وێنەی نەگۆڕو جێگیری خۆی بن، مرۆڤ لەیەککاتدا هەم حەزی لەنوێبونەوەو هەم لەنوێبونەوەش دەترسێ. ئەریک هۆفەر فەیلەسوفی ئەمریکی ئەم حاڵەتی پارادۆکسییە ناودەنێت بە میحنەتی گۆڕان.

١-گۆڕان وەک بومەلەرزەیەکی ناوخۆیی
گۆڕان بەتەنیا گۆرینی بارودۆخی سیاسی وکۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوبومەلەرزەیەکی ناوخۆییەو شوناسی تاک وکۆمەڵ دەلەرزێنێ،کاتێک بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی یاخود سیستمێکی تەقلیدی هەرەسدێنێ، خەڵک واهەستدەکەن هەڕەشەلەسەرژیانیان هەیە،بەجۆرک ئەم هەڕەشەیە دەبێتە هۆی لەدەستدانی خۆبەندی (ئینتیما) و دڵنیایی.

٢- بەرەنگاری نایار
مرۆڤ بەسروشت مەیلی نە گۆڕانی هەیە، چونکەلەبارودۆخی مەئلوفدا زیاتر هەست بە دڵنیایی دەکات،لێرەوەیە تاکەکان دەنوسێن بە داب ونەریت وزمان و کەلتوری نەگۆڕەوە،چونکە لەنەبون دەپارێزرین.ئەم بیرکردنەوەیە گەورەترین بەربەستی بەردەم پێشکەوتنە.

٣-گۆڕان وبزوتنەوە جەماوەرییەکان
لەکاتی گۆڕانکارییە گەورەکاندا، بزوتنەوەی نوێ و فکری شمولی دێنە ئاراوە، لەم کاتەشدا بۆشاییەکی دەرونی گەورە دروست دەبێت وخەڵک پەنا دەبەن بۆ ئەم بیروبۆچونانە یان وەلائیان بۆ هەندێ سەرکردەی کاریزمی پەیدا دەبێت،نەک لەخۆشەویستیان بۆ ئەوان بەڵکو بۆنەمانی دڵەڕاوکێی وبەخشینی ئارامی دەرونی.

٤-دڵەڕاوکێ وەک سەرچاوەی توندەڕەوی
ترس لەنادیار پاڵ بەمرۆڤەوە دەنێ بۆ گەڕان لە یەقینێکی ڕەها، چونکە پێویستی بەهەندێ وەڵامی کۆتایی هەیە وەک ئێمە کێین؟ بەرەو کوێ دەڕۆین؟ئامانجی ژیانمان چییە؟کاتێ لەجیهانێکی خێراگۆڕاودا وەڵامی ئەو پرسیارانەیان دەست ناکەوێ،پەنادەبەن بۆ فکری توندڕەوی یان پڕۆژەی شۆڕشگێڕانە، تەنانەت بۆ توندوتیژیش، بەمجۆرە دڵەڕاوکێی وجودی دەبێتە وزەی توندڕەوی

٥-ڕوی پۆزەتیڤی گۆڕان
گۆڕان بەتەنیا میحنەت بەرهەمناهێنێ،بەڵکو سەرچاوەی داهێنانە، ئەو کۆمەڵگایانەی باوەشیان بەگۆڕاندا کرد،گەورەترین دەستکەوتی ڕێنیسانیان بەدەستهێنا، وەک شۆڕشی زانستی وبەرەوپێشچونی ئەمریکاو ئەوروپا لەم بوارەدا، کاتێ مرۆڤ بازدەدات بەسەر ترسەکانیدا، داهێنان و پێشکەوتن بەدی دێن.

٦-نەرمی نواندنی تاک
هۆفەر جەختدەکاتەوە لەسەرخۆگونجاندنی مرۆڤ، بەجۆرێک دەتوانێ میحنەت بگۆڕێ بۆ دەستەکەوت،ئازایەتی لەبەرامبەرنادیاردابەمانای نەترسان نییە،بەڵکو ئامادەبون وکرانەوەیە بەسەر ئەگەری نوێدا، لێرەوە هۆفەر نزیکدەبێتەوە لە تێزی چارەسەرکردن بەمانا لەلای (ڤیکتۆر فرانکل ) کە قبوڵکردنی گۆڕان بەپێشمەرجی گەشەی ناوەکی مرۆڤ دەبینێ.

٧-گۆڕان وەک قەدەرێکی ئینسانی
گۆڕان شتێکی کاتی و تێپەڕو ناچاری نییە،بەڵکو قەدەری مرۆڤە لەسەر زەوی، ئەوەی لێی ڕابکا لەدووتوێی ڕابردودا دەژی و ئەوەی باوەشی بۆ بکاتەوە دەرگاکانی ئایندە بەڕویدا دەکرێنەوە، میحنەتی گۆڕان ئەوەیە کەمرۆڤ لەبەردەم دوو ڕێگاو دوو شێوازدا سەرپشک دەکات، چەقبەستوویەکی دڵنیاکەرەوەو مردنێکی هێواش، یان سەرکێشییەک کەبەرەو ژیانسازی و نوێبونەوە دەڕوات.

دەرئەنجام
میحنەتی گۆڕان تەنیا نوسراوێک نییەو ئەزمونی هەمووتاک وکۆمەڵگایەکە، کەدەرخەری ململانێیەکی ئەبەدییە لەنێوان ترس وئامانجدا، لەنێوان گۆرین وچەسپیودا،لەنێوان مردنی سیمبولی و ژیانی نوێبۆوەدا،بەبۆچونی هۆفەر، گۆڕان سەرچاوەی قەیران وبزوتنەوە جەماوەرییەکانە،لەهەمان کاتیشدامەرجی سەرەکی داهێنانی مرۆڤیشە.گۆڕان میحنەتە بەڵام ئاسۆی دواڕۆژیشە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار