هەژاریی پێویستی بە دوژمنە!

3 كاتژمێر لەمەوپێش



ڕزگار عومەر 

سەرهەڵدانی دراماتیکیی ڕاستڕەوی توندڕەو لە ئەوروپا زۆرجار لە ڕێگەی ئەدرەس کردنی شەڕی کولتوورییەوە دەخرێتە ڕوو. چەشنی: دژە کۆچبەری، ناسیۆنالیزم، پاتریۆتی نیشتیمانی، ئەمانە ڕەنگە بەشێك بن لە خۆدەرخستنەکان، بەڵام لە ژێر ئاڵا و وتارە ئاگرینەکاندا بزوێنەرێکی توندتر هەیە: کە ئەویش بریتیە لە "ئابووری". کاتێک ئابوورییەکان توشی داڕمان دەبن، خەیاڵ و پڕۆژەی سیاسی تاریکتر ڕەنگڕێژ دەکرێن بە تایبەتی لەلایەن هێزە راستڕەوەکان."هەژاری و دڵەڕاوکێ" دەبێتە خاکێکی بەپیت بۆ ئەوانەی بەڵێنی وەڵامی سادە دەدەن و "دوژمنێك"ی ئاشنات بۆ دادەتاشن، ڕەنگە دراوسێکەت هەڵبژێرن، تا هەموو مەینەتیەکان بخەنە سەر ئەستۆی ئەم دوژمنە داتاشراوە.

بۆ ئەوەی بتوانین زەمینەی ئابوری گرێبدەینەوە بە بەهێز بوونی ڕەهەندی ڕاستڕەوی لە بەریتانیا گرنگە ئەم داتا ئابوریانە لەبەرچاو بگرین، کە هەموویان داتای فەرمی حکومەتی بەریتانیا خۆیەتی:

• 3.9 تریلیۆن دۆلار - قەرزی گشتی حکومەت
• 4.7 تریلیۆن دۆلار - قەرزی کۆمپانیا و خێزانەکان.
• 250,000 - ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە مانگی یەکی ساڵی 2025ەوە تا نووسینی ئەم وتارە کاریان لە دەست داوە

• 14,500 - کۆمپانیا ئەمساڵ داخران
• 138,500 - ملیۆنێر کە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوو بەریتانیایان بەجێهێشتووە کە دەکاتە ڕێژەی(20 %) لەسەرجەم ملیۆنێرەکانی بەریتانیا

• 30 % – منداڵانی بەریتانیا لە هەژاریدا دەژین کە دەکاتە (4.3 ملیۆن)
لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵناسیەوە؛ ئەمە تەنها "قەیرانێکی ئابووری" نییە بەڵکو قەیرانێکی زەبەلاحی "کۆمەڵایەتی" و "دەروونیشە". بەشێکی زۆر لە خێزانەکان پشت بە وەرگرتنی بەشەخۆراک دەبەستن لە کاتێکدا چینێکی کۆمەڵایەتی بانتر ژیانیان بە دەست لێنەدراوی ماوتەوە. ئەم جۆرە ناکۆکیانە ئەو شتە بەئاگا دێننەوە لە هەستی کۆمەڵایەتی تووڕە کە جان جاك ڕۆسۆ بەو جۆرە لە "ئیرەیی" پۆلینی دەکرد کە لە نایەکسانی کۆمەڵایەتی لەدایك دەبێت .

هاوڵاتیان باوەڕیان بەو دامەزراوانە نامێنێت کە بە داگیرکراو لەلایەن نوخبەکانەوە دەزانن و پاشماوەی متمانەی نەبینراوی چەمك و پرەنسیبی "دیموکراسی" بەیەکجاری دەڕووخێت. ڕاستڕەوی توندڕەو هەنگاو دەنێتە ناو ئەم بۆشاییە و لەبری دڵنیایی" شوناس تاشین" و لەبری "چارەسەرەکان" دوژمنێك دیاری دەکات کە هەموو وێرانیەکان لە ئەستۆی ئەو باربکرێت، "کۆچبەریش" ئامانجێکی زۆر ئاسانە بۆ هەموو ئەم داڕمانە بخرێتە ئەستۆی ئەو، چونکە هەمیشە دەبێ لە بیرمان بێت لە سیاسەت کردن و لە پڕۆسەی لە قالب دانی ڕای گشتی بەرەو یەك ئامانج، تەکتیکی جێبەجێکردنی گوتاری "هەژاری" پێویستی بە "دوژمنە" ئاسانترین ڕیگایە بۆ کارکردن لە نێو ئەو بۆشاییە فراوانەی نێوان "هۆشیاری سیاسی" و " هەژاری" دروست دەبێت.

کورتەی دۆخی بەریتانیا خۆی بەدوای سیناریۆک هات؛ هەڵمەتی دەرچوون لە یەكێتی ئەوروپا کە لەلایەن نایجل فێراج بەڕێخرا مشتومڕێکی ئابووری گۆڕی بۆ "ڕیفراندۆمێك" لەسەر کۆچبەری و سەروەری ووڵات. ئەمڕۆ، فێراج کە بەهۆی پاڵپشتی و دەرکەوتنەکانی لە جی بی نیوز و بوونی فۆڵۆوەرێکی بەرفراوانی سۆشیال میدیاوە بەهێز بووە دیسانەوە ڕۆڵی هەمان تێکدەری "کاریزماتیک" دەبینێت. لێدوانەکانی سەبارەت بە "نەمانی پەیوەندی" سەرۆکوەزیران ڕیشی سوناک لەگەڵ "گەلی بەریتانیا" نموونەی ئەو چەمکانەن کە هانا ئارێنت بە "پوچگەرایی خراپەکاری" وەسفی کردووەو پێ ی وابوو ئەوە ئەو ساتانەیە کە" دەمارگیری کوێر" دەبێتە نۆڕمێکی ئاسایی دانپیانراو.

یەکێك لە سوودەکانی "فەلسەفەی سیاسی" ئەوەیە کە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی ڕوونی بکەینەوە کە بۆچی نایەکسانی، توندڕەوی دەچێنێت. وەک تۆماس پیکێتی و کەیت پیکێت دەڵێن" کاتێک سامان چڕ دەبێتەوە لە دەستێکی کەمینە، دەسەڵاتی سیاسیش چڕ دەبێتەوە. لە دۆخی وادا خەڵک بە هەستکردن بە بێهێزی خۆیان، هەوڵ دەدەن خۆیان لەم دۆخە دەربێنن". لە هەندێك لە تویژینەوەی نوێدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەر خاڵێك لە نایەکسانی کۆمەڵایەتی نەتەوەیەك زیادبوونی یەك خاڵ لەسەدا لە پشتیوانی ڕاستڕەوی توندڕەودا دروست دەکات. نایەکسانی بێمتمانەیی دروست دەکات، بێمتمانەیی دوژمن و "ئەوانی تر" دروست دەکات و زۆر ناباو ئەو سیستەمەی ووڵاتی لەسەر بنیاتنراوە "دیموکراسی" خۆی دەبێتە ئامانجێکی ئاسانی ڕاستڕەوی.

بە شێوەیەکی ناکۆك، پارتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان بە دەگمەن ئەو پێکهاتانە هەڵدەوەشێننەوە کە "نایەکسانی کۆمەڵایەتی" فراوان دەکەن. بەڵکو لە زۆربەی ئەزموونە کۆنە نوێیەکانی مێژودا ئەوان پاڵپشتی ئەو سیاسەتانە دەکەن چەشنی کەمکردنەوەی باج لەسەر دەوڵەمەندەکان و "پاراستنی کرێکاران" لاوازتر دەبێت، کە هەر ئەو نایەکسانییانە قووڵتر دەکەنەوە کە خۆیان گوتاری ئێستای خۆیان لەسەر دروست کردووە. 

ئێستا بەریتانیا لە لێواری قەیرانێکدا دەلەرزێت کە ساڵی ١٩٧٦ی بیردەخاتەوە، کاتێک ناچار بوو لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی قەرز بکات. کۆبوونەوەی"تیمەکانی ڕزگارکردن"ی ئابووری بە بێدەنگی کە حکومەت دایمەزراندووە، جەخت لەسەر ترسی کەوتنی "دارایی" دەکاتەوە. لەگەڵ داخستنی ڕۆژانەی کارگەکان و نەمانی مووچە بۆ ئەوانەی لەم کارگانە کاریان لە دەست دەچێت، گوتاری کە دەڵێت "کۆچبەران" تاوانباران زۆر بەرزتر دەبێت لە تاوانبارکردنی کەموکوڕیی ستراتیژی ئابووری. ئەمە دەروونناسیەکی دەگمەنە کە لێرەدا زۆر ڕاست دەردەچێت کە دەڵێت "کاتێک هۆش هەست بە مەترسی دەکات، عەقڵ بەدوای تاوانبارێکدا دەگەڕێت"

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار