وردەکارى ژیانى لاهور و پۆلاد شێخ جەنگی لەزیندان

4 كاتژمێر لەمەوپێش



 دەستەی مافی مرۆڤ چوار دانیشتنیان لەگەڵ زیندانیان لالەزار کردووە و زانیارییان لەسەر چۆنیەتى ژیانیان خستوەتەڕوو دەڵێن ئێستا لە زیندانن دەڵین دۆخیان باشە و بەیانین ماست و قەیماخیان بۆ دەچێت

لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و دەستگیرکراوانی دیکەی لالەزار لە زیندانی کانی گۆمەی ئاسایشی سلێمانی دەمێننەوە، دەستەی مافی مرۆڤ سەردانی کردوون و دەڵێت، لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی ژیانیان و رەفتاری ناو زیندانییەکان بوون. 
 
تیمەکە سەرەتا سەردانی بازنەی یەکەمی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی کرد، ژمارەیان لە نێوان 8 بۆ 9 کەس دەبوو، لەوانە: یاسین بەرزنجی، بەرپرسی دەستی ئەمنی، ئەحمەد فاتیح، بەڕێوەبەری نووسینگە، موحسین خۆشناو، پاسەوانی تایبەتی لاهوور شێخ جەنگی و رێبوار حامید حاجی غالی. 
 
دەستەکە ئەوانەی هەموو پێکەوە بینیوە، جلوبەرگی ئاساییان لەبەربووە، هەموویان جلی رەشیان لەبەر بوو، سەرۆکی دەستە لەبەرئەوەی پیشتر نەیناسیون سەرەتا وایزانیوە زیندانی نین، تاوەکو پێیان ناساندبوون، دەڵێن: ئەو کۆمەڵە ریشیان تاشراو و خاوێن بوون، رەنگ و روویان لە زیندانیی نەدەچوو.
 
شاندەکەی دەستی مافی مرۆڤ ماوەیەک لەگەڵیان دانیشتوون و گفتوگۆیان کردووە، لە میانەی قسەکانیان، موحسین خۆشناو رایگەیاندووە: دۆخیان باشە، کێشەیان نییە، لە چەند رۆژی رابردوو منداڵەکانی بینیوە. رێبوار حامید حاجی غالی، فەرماندەی هێزی دووپشک گوتوویەتی بریندار نییە و خواردنیشیان "خۆشە".
 
ئەحمەد فاتیحیش بە هەمان شێوە باسی خۆشیی خواردنەکانی کردووە و ئاماژەی بەوەداوە کە ماست و قەیماغیشیان بۆ دەبەن. هیچ کام لە نێوبراوان باسی لێدان یان ئازاردانیان نەکردووە لە زینداندا، بەڵکو ستایشی هەڵسوکەوت و رەفتاری کارمەندانی زیندان و ئاسایشیان کردووە. هەروەها، هەموویان رایانگەیاندووە پێویستیان بە پارێزەر نییە و چاوەڕێی دادگە دەکەن تاوەکو لێکۆڵینەوەکان تەواو ببن.
 
بەرپرسانی ئاسایش بۆ دەستەی مافی مرۆڤیان روون کردووەتەوە کە داواکاری گشتی و دادوەر سەردانی دەستگیرکراوانیان کردووە و هەر کەسێکیش داوای پارێزەری کردبێت، بۆیان دابین کراوە.
 
لە قۆناخی دووەمدا، دەستەکە داوای بینینی لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی کردووە. بەر لەوەی دەستەکە ببەنە لایان، بەرپرسانی ئاسایش رەخنەیان لە دەستەی مافی مرۆڤ گرتووە بەهۆی دەرکردنی بەیاننامە کە رێگەیان لێگیرابێت سەردانی زیندانەکان بکەن و پێیان گوتوون، سەرەڕای هاوکاری و رێگەپێدان راگەیێندراوتان لە دژ دەرکردووین، ئێستا دەچنە لای هەمووان و دوایی کۆنفراسێکی رۆژنامەڤانی بکەن. سەرۆکی دەستە گوتوویەتی بە مەرج کار ناکات، خۆیان بڕیار دەدەن چی دەکەن. 
 
دواتر، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگییان لە ژووری تایبەت و جیاواز بینیوە. هەردووکیان تەلەڤزیۆن، کتێب و خواردنی جۆراوجۆر، لەگەڵ چەرەساتیان لابووە.
 
لاهوور شێخ جەنگی بە دەستەی مافی مرۆڤی گوتووە، چاوەڕێی دادگە دەکات و هێشتا لێکۆڵینەوەکان تەواو نەبوون. ناوبراو نیگەرانیی خۆی لە درێژبوونەوەی ماوەی لێکۆڵینەوەکان دەربڕیوە و گوتوویەتی: دەمەوێت لەنێو خەڵک بم.
 
ژوورەکەی لاهوور شێخ جەنگی نزیکەی نۆ مەتر چوارگۆشە بووە، ژورێکی باش، سپلیت، تەلەڤزیۆن و راخەر و سیسەمی خەوتنی تێدابووە. 
 
دواتر دەستەی مافی مرۆڤ چوونە لای پۆڵاد شێخ جەنگی، ئەویش ئاماژەی بەوەداوە کە دکتۆر سەردانی دەکات و کتێب دەخوێنێتەوە و سەیری یارییەکانی تۆپی پێ دەکات. 
 
ژوورەکەی ئەویش وەک هی لاهوور بووە و گوتوویەتی هیچ کێشەی نییە. دۆخی برینەکەی پۆڵاد بەرەو باشبوونەوە دەچوو. هیچ کام لە لاهوور و پۆڵاد مۆبایلیان پێنەبووە، بەڵام کاتی تەلەفۆنکردنیان دیاریکراو بووە و بە بەرنامە تەلەفۆنیان کردووە.
 
لە کۆتایی سەردانەکەدا، ئاسایش بە تیمەکەی گوتووە کوێی دیکەتان دەوێت، ئەوانیش گوتوویانە ئەو کۆمەڵەی لەگەڵ ئەوان دەستگیر کراون، دەستگیرکراوان زیاتر لە 200 کەسن، بەسەر چەند هۆڵێک دابەشکراون، دەستەی مافی مرۆڤ بەدڵی خۆیان هۆڵێکیان هەڵبژاردووە نزیکەی 50 کەسی تێدابووە. ئەم هۆڵە سپلیت و تەلەڤزیۆنی تێدابووە.
 
دەستگیرکراوان لەو هۆڵەدا رایانگەیاندووە، هیچ پارێزەرێکیان نییە و داوایشیان نەکردووە، ئەوانەی لە هۆڵەکەبوون هەندێکیان خۆیان بە "قوربانی" وەسف کردووە، هەریەکێکیان شتێکی گوتووە، بەشێکیان گوتوویانە هیچ پەیوەندییان بە حیزبایەتی نەبووە و تەنیا بۆ کارکردن لەوێ بوون، هەیان بووە گوتوویەتی بە میوانی چووە و دەستگیرکراوە.
 
بەرپرسانی ئاسایش دووپاتیان کردووەتەوە کەسوکاری دەستگیرکراوان بە بەردەوامی و تەنانەت لە رۆژانی جگە لە کاتی سەردانیشدا، سەردانی دەستگیرکراوانیان کردووە.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار