بەداخەوە لەوێ نەبووم

3 كاتژمێر لەمەوپێش
هەورامان وریا قانع
دوای ٣٣ ساڵ خزمه‌تی مامۆستایی، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ئه‌یلولی ٢٠٢٥ بۆ یه‌كه‌مجاره، ده‌رگای ساڵی نوێی خوێندن ده‌كرێته‌وه و من له‌وێ نیم. قوتابیانی پۆله‌كانی دوو و سێ و چوار و پێنج و شه‌ش، دێنه ژووره‌وه و له ساحه‌ی ڕاوه‌ستانه‌كه من نابینن، له راره‌وه‌كان چاو ده‌گێڕن و من دیار نیم. له‌وێ نیم تاكو به كچ و كوڕیانه‌وه، بێن و له ده‌ورم كۆببنه‌وه و باسی یاریه‌كه‌ی دوێنی شه‌وی ریال و ئیسپانیۆل و یاری ئه‌م شه‌وی به‌رشلۆنه و خیتافی بكه‌ین.
قوتابیانی پۆلی یه‌ك كه تازه پێ ده‌خه‌نه حه‌وشه‌ی قوتابخانه و بۆ یه‌كه‌مجاریانه به دوو ریز راده‌وه‌ستن، مامۆستایه‌ك نابینن به نه‌رمی پێیان ده‌ڵێت: ئاده‌ی جانتاكانتان له شانتان بكه‌نه‌وه و بیخه‌نه به‌رده‌می خۆتان. ئه‌وه‌شی تاقه‌تی ئه‌و كاره‌ی نه‌بوو، من ده‌چووم و به ئه‌سپایی له شانیم داده‌گرت و پێم ده‌وت ئاوا بۆ پشتت باشتره.
ئه‌فسوس خانه‌نشین بووم و چیتر بۆم نییه، به‌یانیانی سێ شه‌ممه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چاودێری ئه‌و رۆژه بووم، پێش هاتنی مامۆستاكان و بڕێكی زۆری قوتابییه‌كان، خۆم بگه‌یه‌نمه قوتابخانه و گسك و خۆڵڕێژه‌كه‌ی حانوت ده‌ربهێنم، سه‌ره‌تا شۆسته و شه‌قامی به‌رده‌می قوتابخانه‌كه‌م پاكده‌كرده‌وه، چی ده‌به‌ی ئاو و بیبسی، ئاغزه جگه‌ره و زه‌رفی جپس و داری مۆته و مه‌ساسه و كارتۆنی دڕا و پارچه شوشه‌ی شكاوی ئه‌و ناوه بوو، هه‌ر هه‌مویم كۆده‌كرده‌وه و ده‌مخسته حاویه شینه گه‌وره‌كه‌ی به‌رده‌رگای مه‌كته‌ب.
له‌و كاتانه‌دا ورده ورده قوتابییه‌كان ده‌هاتن، هه‌ندێكیان سه‌لام و به‌یانی باشیان ده‌كرد و ده‌ڕۆشتن، هه‌ندێكی دیكه‌یان ده‌هاتن و ده‌یانوت مامۆستا با یارمه‌تیت بده‌ین و هه‌وڵیان ده‌دا گسك و خۆڵڕێژه‌یكه‌م لێ وه‌ربگرن. وه‌لێ من ڕێگه‌م به‌وه نه‌ده‌دا و پێم ده‌وتن ئێوه بڕۆن پۆله‌كانی خۆتان پاك بكه‌نه‌وه یان كه گه‌وره‌بوون و بوون به مامۆستا، هه‌مان ئه‌م كاره‌ی من بۆ قوتابخانه‌كه‌ی خۆتان بكه‌ن. سه‌روه‌ختێك له پاكردنه‌وه‌ی به‌رده‌رگای قوتابخانه ده‌بوومه‌وه و ده‌مبینی چه‌ند پاك و خاوێنه و هیچ خۆڵ و خاشاكێكی لێ نییه، كۆڵێك دڵخۆش ده‌بووم و چێژێكی زۆرم وه‌رده‌گرت.
دواتر به خۆم و گسك و خۆڵڕێژه‌كه‌وه، ده‌ڕۆشتمه گۆڕه‌پانی راوه‌ستانی قوتابییه‌كان، له‌وێدا و به به‌رچاوی ئه‌وانه‌ی تا ئه‌و كاته هاتبوون بۆ مه‌كته‌ب، ده‌ستم ده‌كرد به پاكردنه‌وه‌ی شوێنی ریزبوونی قوتابییه‌كان، سه‌ره‌تا له شوێنی ریزبوونی قوتابیانی پۆلی یه‌ك و دووه‌وه ده‌ستم پێده‌كرد، پاشان هێدی هێدی شوێنی راوه‌ستانی پۆله‌كانی دیكه‌شم جوان ده‌ماڵی. ئینجا ده‌ڕۆشتمه حه‌وشه‌ی خواره‌وه كه جێگای دوو گۆڵی و باسكه‌بوو، له‌وێشدا هه‌ر خۆڵ و خاشاكێك هه‌بوایه، هه‌ڵمده‌گرته‌وه و ده‌مخسته ناو یه‌كێك له ته‌نه‌كه‌ی خۆڵه‌كان.
دواجار گسك و خۆڵڕێژیكه‌م ده‌برده‌وه بۆ شوێنی خۆی و ده‌هاتمه لای ریزبووونی قوتابییه‌كان. له‌و كاته‌دا به‌ڕێوه‌به‌ر و مامۆستا به‌ڕێزه‌كان، هاتبوون و قسه‌ی دڵسۆزانه‌ی په‌روه‌رده‌یی و یاسا و رێنماییه‌كانی قوتابخانه‌یان، بۆ قوتابییه‌كان شه‌رح ده‌كرد، یان داوا له پۆله‌كان ده‌كرا، هه‌ر پۆله‌ی به جیا، سروده‌كانی نه‌ورۆز و ئه‌ی ره‌قب و خوایه وه‌ته‌ن ئاواكه‌ی بڵێنه‌وه. داوا ده‌كرا چ قوتابییه‌ك شیعرێك، گۆرانییه‌ك، په‌خشانێك، چالاكییه‌كی هه‌یه، فه‌رمو با بێته ده‌ره‌وه و بیڵێت.
كاتێكیش وه‌ختی چوونه ژووره‌وه بۆ پۆله‌كان ده‌هات، من ده‌ڕۆشتمه لای ئه‌و پۆله‌ی كه وانه‌ی یه‌كه‌م زانستیان هه‌بوو، له به‌رده‌میان راده‌وه‌ستام، ئینجا كه سه‌ره‌ی رۆشتنی ئێمه ده‌هات، له پێشیانه‌وه ده‌ڕۆشتم و ئه‌وانیش به‌دوامدا، سه‌روه‌ختێك ده‌گه‌شتینه به‌ر ده‌رگای پۆله‌كه، راده‌وه‌ستام و فه‌رموم له قوتابییه‌كان ده‌كرد بڕۆنه ژووره‌وه. پاش تۆزێك چاوه‌ڕوانی تا هه‌موان داده‌نیشتن و جانتاكانیان له شوێنی خۆی داده‌نا و ده‌فته‌ر و كتێبی زانستیان ده‌رده‌هێنا، ئینجا ده‌موت ئاده‌ی كاك ئه‌حمه‌د وانه‌ی چه‌نده‌مه؟ مامۆستا وانه‌ی یه‌كه‌مه. ئه‌ی هێڤین خان چیمان هه‌یه؟ مامۆستا زانست بۆ هه‌موان. له‌ولاوه یه‌كێك له شوێنی خۆیه‌وه ده‌یوت مامۆستا تو خوا بنووسه "زانسته حه‌یاته‌كه"، منیش ده‌موت باشه به‌سه‌رچاو وا ده‌نووسم "زانسته حه‌یاته‌كه". باشه به‌ڕێز مازیار ئه‌مڕۆ چه‌ندی مانگه؟ مامۆستا ٢١، مانگی چه‌نده؟ مامۆستا نۆ، ئه‌ی خاتو زینا ساڵی چه‌نده؟ مامۆستا ٢٠٢٤.
ئه‌فسوس هه‌نووكه خانه‌نشین بووم و چیتر بۆم نییه وانه‌ی زانسته حه‌یاته‌كه‌ی پۆلی چوار و پێنج و شه‌ش بڵێمه‌وه. ئه‌مه له كاتێكدا من ئێستا وزه و توانای وانه وتنه‌وه‌م زۆر زیاتره له هی ده ساڵ له‌مه‌وبه‌ر. ئێستا هه‌م زانیارییه‌كانم فراوانتره و هه‌م میتۆد و رێگای وانه وتنه‌وه‌ی نوێ باشتر ده‌زانم. ئاخر له سه‌ره‌تای مانگی نیسانی ئه‌م ساڵ، كتێبێكم به ناونیشانی ١٠١ ستراتیژی وانه وتنه‌وه‌ی چالاك، كرد به كوردی، له‌و كتێبه‌وه فێری چه‌ندین ستراتیژی نوێی وانه وتنه‌وه بووم كه زۆر به ئاسانی له پۆلدا جێبه‌جێ ده‌كرێت و دڵخۆشییه‌كی زۆر ده‌دات به قوتابییه‌كان و هه‌م وانه‌كه و هه‌م قوتابخانه و خوێندنیان لا خۆشه‌ویست ده‌كات. كه‌چی ئه‌وه‌تا خانه‌نشین بووم و نۆ مانگه له ماڵه‌وه دانیشتووم. خۆزگه به جۆرێك له جۆره‌كان، رێنماییه‌ك له وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه هه‌بوایه، ده‌رفه‌تی به‌و مامۆستایانه بدایه كه پاش خانه‌نشینبوون، حه‌زیان لێیه له پیشه‌كه‌یان بمێننه‌وه، به‌رده‌وامبن له‌سه‌ر وانه وتنه‌وه له قوتابخانه‌كه‌ی خۆیان یان هه‌ر قوتابخانه‌یه‌كی حكومی دیكه.
