کەمکردنەوەی ڕێژەی سوودی ئەمریکا؛ سیگناڵەکانی دەگاتە هەرێم

4 كاتژمێر لەمەوپێش



د. پیرۆت محەممەد ئەمین

بانکی فیدراڵی ئەمریکا هەنگاوێکی بەرچاوی ناوە بە کەمکردنەوەی ڕێژەی سوود بۆ یەکەمجار لەمساڵدا، ئەمەش نیشانەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی نیگەرانییەکان سەبارەت بە خاوبوونەوەی بازاڕی کار لە پێشەنگی نیگەرانییەکانی هەڵاوسانە كە لە بەردەوامدایە. بڕیارەکە لەگەڵ چاوەڕوانییەکاندا بوو، چونکە داڕێژەرانی سیاسەت ڕێژەی سوودی بە چارەکێک لەسەدا دابەزاند.كەئەمەش هاوتەریب بوو لەگەڵ چاوەڕوانییەکان. بەوەی كە لەئێستادا ڕێژەی سوود لە نێوان 4% بۆ 4.25% دانراوە.

بڕیارەکەی بانکی فیدراڵی بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی سوود بە مەبەستی بەهێزکردنی ئابووری بوو لە بەرامبەر دابەزینی گەشەکردن و گێژاوی جیهانیدا. ئەم گۆڕانکارییە کاریگەری لەسەر زۆرێک لە کەرت و وڵاتان دەبێت. بۆیە دەبێت حکومەتەکان و بازرگانەکان بە وردی لەگەڵ ئەم  ژینگە نوێیە مامەڵە بكەن.

بەكاربەران، دەرفەتی زیاتریان دەبێت بۆ سوودمەندبوون لە کەمکردنەوەی ڕێژەی سوود. چونكە دەبێتە هۆی دابەزینی تێچووی قەرز كەتوانای کڕینی سەرەکی وەک ماڵ وموڵك و ئۆتۆمبێل زیاد دەکات. بە پێچەوانەوە، ڕەنگە پاشەکەوتکەران تووشی داهاتی کەمتر بن لەسەر ئەکاونتەکانیان، ئەمەش وا دەکات زۆرێکیان بەدوای بەدیلێکی وەبەرهێنانی بژاردەیی زیاتردا بگەڕێن، جا چ لە ڕێگەی بازاڕی بۆرسەوە یان  لەڕیگەی کۆمپانیاكانی دیکەوە بێت.

ئەم ڕێوشوێنە نەک تەنها کاریگەری لەسەر تاکەکان بەڵکو لەسەر کۆمپانیا گەورەکانیش هەیە. بۆ نموونە لە کەرتی ئۆتۆمبێلدا، ڕەنگە فرۆشتن بازدانێکی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت، چونکە کڕینی ئۆتۆمبێلی نوێ دەبێتە بژاردەیەکی سەرنجڕاکێش بەهۆی کەمبوونەوەی تێچووی داراییەوە. لەگەڵ زیادبوونی خواست، دەرگا بەڕووی قەرزی گونجاودا دەکرێتەوە، بەرهەمهێنان بەرز دەکاتەوە و هەلی کاری نوێ دەڕەخسێنێت. ئەم جۆرە بەرزبوونەوەیە لە دامەزراندنی کارمەند و  بەرهەمهێناندا دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی لەسەر تەواوی ئابووری هەبێت.

کەمبوونەوەی ڕێژەی سوود لەلایەكی دیكەوە دەگۆڕێت بۆ بەرزبوونەوەی نرخی پشکەکان، چونکە کۆمپانیاکان سوودمەند دەبن لە کەمبوونەوەی تێچووی قەرزکردن، ئەمەش قازانجەكان بەرز دەکاتەوە. كەبازرگانان ڕادەکێشێت کە بە خێرایی دەرفەتەکان بقۆزنەوە لەگەڵ هەر کەمکردنەوەی نرخێکی نوێ.

کەرتەکانی وەک تەکنەلۆژیا و کاڵای بەکاربەر سوودمەندی سەرەکی دەبن لە کەمبوونەوەی تێچووی قەرزکردن، ئەمەش وایکردووە کۆمپانیاکانیان سەرنجڕاکێش بن بۆ ئەوەی وەبەرهێنەرانی لێبکەن.

کەمکردنەوەی ڕێژەی سوودی ئەمریکا کاردانەوەی تەواوی دەبێت لە دەرەوەی سنوورەکانی، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندییەکی نزیکیان بە ئابووری ئەمریکاوە هەیە كاتێك  كەمكردنەوەكە  دەبێتە هۆی لەدەستدانی ڕیژەیەكی كەم لەبەهای دۆلار  .بۆ نمونە  گۆڕانکاری لە بەهای یوان بەرامبەر بە دۆلار ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر هەناردەی چینی هەیە، چونکە دابەزینی بەهای ڕەنگە کەلوپەلی چینی لە بازاڕی ئەمەریکا گرانتر بکات. 

ئابووریی وڵاتانی ئەوروپاش بە هەمان ئاراستەدا دەڕۆن، چونکە کەمکردنەوەی ڕێژەی سوودی بانکی ناوەندی ئەوروپاش ڕەنگدانەوەی پەرۆشی وڵاتانی پێشکەوتوو بۆ هەماهەنگی هەوڵەکانە بۆ پشتیوانیکردن لە گەشەکردن. ئەم ڕەوتە دەتوانێت ڕێگە بۆ زیادبوونی وەبەرهێنان لەم وڵاتانەدا بکاتەوە. هەروەها کۆمپانیاکان سوودمەند دەبن لە بارودۆخی دارایی لەبار بۆ جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییەکانی فراوانکردن و داهێنان، ئەمەش توانای کێبڕکێیان لە بازاڕە جیهانییەکان بەرز دەکاتەوە.

سیاسەتەکانی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا هەروەها كاریگەری  لەسەر ئابوورییە تازەپێگەیشتوەکان دروست دەكات. کەمکردنەوەی پێدانی سوود، دەتوانێت یارمەتی ئەو وڵاتانە بدات کە قەرزی دۆلاری ئەمریکی زۆریان هەیە، فشارەکان لەسەر  بودجەکانیان کەم بکاتەوە و بتوان خەرجی زیاتریان بۆ چاودێری کۆمەڵایەتی و ژێرخانی ئابووری بکەن.

ئابووریناسان ئاماژە بەوە دەکەن کە بارودۆخی تایبەت هەیە، کە ڕەنگە هەڵگرتنی هەندێک سەروەت و سامان گونجاوتر بێت لەم كاتەدا.. بە شێوەیەکی بەرفراوان پێشبینی دەکرێت نرخی زێڕ و کانزا بەنرخەکان و پشکەکان بەرزبێتەوە، چونکە پارەی زیاتر لە وەبەرهێنانەکان دەکێشرێتەوە وزباترلە ئامرازەکانی دیكەی وەبەرهێنان دەکرێت، ئەمەش خواست لەسەریان زیاد دەکات و نرخەکانیان بەرز دەبێتەوە.

سەبارەت بە هەرێمی کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی وابەستەیی نزیکەی تەواوی بە هەناردەی نەوت و داهاتی دۆلار. دابەزاندنی ڕێژەی سوودی ئەمریکا بە شێوەیەکی ئاسایی خواست لەسەر نەوت زیاد دەکات، ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر نرخەکان لەسەر بازاڕە جیهانییەکان دەبێت. ئه م پێشهاته ده توانێت هەرێم  له نێو قەیرانەكانی لەگەل حكومەتی فیدڕاڵیدا له سەر پشکی   بودجه و مووچەی فەرمانبەران و زیادبوونی قەرزەکان، و سنووردارکردنی هەناردەکردنی نەوت،  سوودێكی دارایی بۆ هەرێم دابین بکات.

ئابوری ناوخۆیی هەرێم ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەرە بەهۆی جوڵەی نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر دیناری عێراقی. لەگەڵ دابەزینی بەهای دۆلار لەسەر ئاستی جیهان بەهۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی سوودەوە، ڕەنگە بازاڕ تووشی شەپۆلێکی ناجێگیری بێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر نرخی کاڵا هاوردەکراوەکان دەبێت کە بەشێکی زۆر لە پێداویستییەکانی هاووڵاتیان دەگرێتەوە. ئەمەش تەحەدایەک بۆ هەرێم دروست دەکات، کە بنکەیەکی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بەهێزی نییە بۆ قەرەبووکردنەوە و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانیان. 

کەمکردنەوەی ڕێژەی سوودی ئەمریکا پاڵ بە بەشێک لە وەبەرهێنەرانەوە دەنێت کە بەدوای داهاتی زیاتر لە بازاڕەکانی دیکەدا بگەڕێن. ئەگەر هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئاستەنگە سیاسی و داراییەکانی، بتوانێت ژینگەیەکی تاڕادەیەک سەلامەت دروست بکات، لەوانەیە بەشێک لەو وەبەرهێنانانە بە تایبەتی لە کەرتەکانی وزە و ژێرخان و خانووبەرەدا ڕابکێشێت. 

کەمکردنەوەی ڕێژەی سوودی ئەمریکا هەم دەرفەتێکە و هەم تەحەدایە بۆ هەرێمی کوردستان. لەلایەک ڕەنگە بەشداربێت لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و باشتربوونی داهات، لەلایەکی دیکەشەوە هەڕەشەی زیادبوونی ناجێگیری بازاڕی ناوخۆیی و لاوازکردنی توانای کڕینی هاووڵاتیان دەکات. لە نێوان ئەو دووانەدا، چارەنووسی ئابووری هەرێم بەندە بە توانای بۆ بنیاتنانی بنکەیەکی ئابووری هەمەچەشنتر و سەقامگیرتر. بەرامبەر پێشهاتە جیهانییانە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار