چاوەڕوانی کورد لە فەڕەنسا

4 كاتژمێر لەمەوپێش



لەتیف فاتیح فەرەج

۱
فەڕەنسا لەناوخۆیدا لەئێستادا کەم کێشە نیە، لەلایەکەوە تەنگهەڵچنینەکانی لۆپێن و مەیلدارە نەتەوەییە توندئاژۆکان، بارو دۆخی ئابوری، شەڕی ئۆکرانیا، کێشەگەلی ناوخۆی ئەوروپا، لەمپەری ئەمەریکی لەدەرەوە، هەموو ئەمانە ئێستا سەریان ژەنیوەتە کۆشکی ئەلیزێ، لەگەڵ ئەوەشدا فەڕەنسا وڵاتێکی گەورەو خاوەن بڕیارە، کوردیش لەئێستادا ڕەنگە نزیکترین وڵات بۆی فەڕەنسا بێت، میراتی پەیوەندی دێرین لە شەریف پاشای خەندانەوە تا دانیاڵ میتران، هەروەها سەرکردەکانی دواتری فەڕەنسی، ئەمانەو پەیوەندی پتەوی ئاکاریانەی فەڕەنسا لەگەڵ گەلی باشوری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان، بەشێکن لەو کەسداریەی فەڕەنسا بۆ کورد، بۆیە کورد ئومێدی زۆری لەسەر ئەو وڵاتەو سیاسەتی ئاکاریانەی دوای شۆڕشی فەڕەنسی ئەو وڵاتەیە، ڕاستە ئەمەریکاش وەک دۆست خۆ دەنوێنێ ، لێ ئەمەریکا بۆ کورد زۆر جێی متمانە نیە،لانی کەم فەڕەنسا لەوەدا جیاوازە کەمرۆڤ لەپێش بەرژەوەندیەوەیە، کورد لەهەرکات زیاتر پێویستی بەوەیە هەر چیا نا وڵاتگەلی وەک فەڕەنساش هاوپشتی بن.
۲ 
کوردستان بە بارودۆخێکی دژوارو مەترسیداردا گوزەر دەکات، لەناوخۆیدا کێشەو ئاڕیشەی زۆری هەیە، لەباشور سوپایەکی یەکگرتوی نیە، تورکیا بەشێکی خاکەکەی داگیر کردوە، حزب ناهێڵێ پارلەمان لەسەر پێی خۆی بوەستێ، دوو ئیدارەیی زەق زەق دیارە، لەڕۆژئاوا لەلایەک ئەحمەد شەرع و لەلایەکی دیکەوە تورکیاو میلیشیاگەلی ئەو وڵاتە بۆی لەبۆسەدان، ڕۆژنیە شەڕی پێنەفرۆشن، ئەمە گەرچی بەشێکی ئەرکی کورد خۆیەتی چارەسەری بکات، بەشی هەرە زۆریشی پێویستی بەهاوپەیمان و دۆستگەلی وەک فەڕەنسایە، ئەوەتا تورکیا بەهەموو توانای خۆی پشتگیری شەرع و لەولاشەوە فەلەستین دەکات، کوردەکەش زۆر جار زۆر تەنیا دەبینرێت.
۳
کورد پێویستی بەهەموو دۆست و پشتیوانێکە، زیاتر لەهەزار ساڵە سەرکوت دەکرێ، خاکی داگیر دەکرێ، دەیەوێ ببێتە خاوەنی خۆی گەلە کۆمەی لێدەکرێت، هەمیشە لەناو ئەم جوگرافیا قەتیسەو ئەو مێژوە خوێناویەدا شمشێر خراوەتە گەردنی، لەبەر ئەوەی چوارچێوە و پشتیوانی نەبووە، ناسنامەی گۆڕیوە، گۆڕاوە، کراوە بەجاش ، خیانەتی پێکراوە، یەک یەک ئەمارەت و فۆڕم و دەسەڵاتدارێکانی وردو خاشکراوە، دوای هەزار ساڵ ئیدی کاتی ئەوەیە ئەم گەلەش لەسەر خاکی خۆی خۆخاوەنی بکات، بۆ ئەوەش چاوی لەدۆستایەتی فەڕەنسایە.
٤
من نایشارمەوە لەناو وڵاتانی ڕۆژئاوادا هەست دەکەم فەڕەنسا لەهەر وڵاتێکی تر بۆ کورد نزیکترە، ئەمەش خۆشەویستی منی بۆ ئەو وڵاتە زیاد کردوە، وەک چۆن ڕقی هەندێکیشی بۆ ئەو وڵاتە زیاد کردوە، هەر بۆخۆی کوشتنی ئازادیخوازانی کورد لەفەڕەنسا هەوڵی ئەو ڕقئەستورانەیە، بۆ تێکدانی ئەو پەیوەندیە ئاکاریەی لەنێوان کوردو فەڕەنسا هەیە، بەتایبەت ڕقی تورکیا کەزۆر بەڕونی دیارە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار