مەسرور بارزانی: ڕیفراندۆم بڕیارێکی بوێری گەلی کوردستان بوو

18 كاتژمێر لەمەوپێش



مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەشتەمین ساڵیادی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: ڕیفراندۆم بڕیارێکی بوێری گەلی کوردستان و ڕۆژی سەرکەوتنی ئیرادەی نەتەوەکەمانە.  

سەرۆک وەزیران ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2025، پەیامەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، بڵاوی کردەوە و نووسیویەتی: یادی ساڵڕۆژی ڕیفراندۆم، ڕۆژی بڕیاری بوێری گەلی کوردستان، ڕۆژی سەرکەوتنی ئیرادەی نەتەوەکەمان، ڕۆژی هیوا و ئومێد، لە سەرکردە و ڕابەر و پێشمەرگە سەرۆک بارزانی و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و گەلی نیشتیمانپەروەر و خۆڕاگری کوردستان پیرۆز بێت.

هەشت ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، لە 25ی ئەیلوولی 2017، گەلی کوردستان لە باشووری کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە جۆش و خرۆشەوە ڕوویان لە سندوقەکانی دەنگدان کرد بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیان لە ڕیفراندۆمێکی مێژووییدا. 

ڕۆژی حەوتی حوزەیرانی 2017، 25ـی ئه‌یلوول، وەک ڕۆژی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی گه‌لی كوردستان دەستنیشانكرا و ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرۆكایەتیی مەسعود بارزانی سەرۆکى ئەوکاتى هەرێم پێكهێنرا .

لە 23ـی 8ـی 2017 ئەنجوومەن چەند بڕیارێكی دا:

1- لەبارەی ڕیفراندۆم جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆ و دانوساندن لەگەڵ بەغدا كردەوە.

2- ڕێوشوێنە پڕاكتییەكانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم خێراتر بكرێت.

3- كۆبوونەوەكە پشتگیریی خۆی بۆ هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ چاكسازی دووپاتكردەوە.

4- ڕیفراندۆم هیچ كاریگەریی نەرێنی لەسەر شەڕی داعش نابێت.

5- كۆبوونەوەكە بڕوای تەواوی بە شەراكەتی ڕاستەقینەی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان هەیە و پشتگیریی هەموو جۆرە گەرەنتییەك دەكات بۆ دەستەبەركردنی مافەكانیان.

6- پێكهێنان و ناردنی شاندی دانوساندنكار بۆ وڵاتانی دراوسێ و جیهان.

لەو چوارچێوەیەدا؛ گەلی كوردستان بە سه‌ركردایه‌تیی سەرۆك بارزانی لە 25ی ئەیلوول، به‌ به‌ڵێ ده‌نگیان بۆ ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی دا، زیاتر لە 92% هاووڵاتییان لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بەشدارییان كرد و له‌ لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو بووه‌ ڕۆژێگی گرنگ و پڕشنگدار.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار