ڕیسوایی نەتەنیاهۆ، شەقاوەچێتی ترامپ!

2 ڕۆژ لەمەوپێش



موحسین کەریم

کۆبونەوەی گشتی ساڵانەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، لە رۆژی سێشەممە ٢٣ی ئەیلول، نمایشێکی جیاوازی نیشانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دا؛ بەفەرمی ناسینی دەوڵەتی فەلەستین و ریسوابوونی نەتەنیاهۆ و حکومەتەکەی و شەقاوەچێتی ترامپ لەبەردەم دەیان سەرکردە و دیپلۆماتکاری وولاتاندا لەناو دەزگایەکی جیهانیدا کەملیۆنەها کەس لەسەراسەری دینادا بینەری بوون!

لەکۆی ١٩٣ ووڵاتی ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، ١٥٧ ووڵات کە دەکاتە ٨١٪ ، بە فەرمی دانیان نا بە دەوڵەتی فەلەستیندا. بێگومان ئەوەی گرنگ بوو لەم روداوەدا ئەوەبوو کە ژمارەیەك لەو دەوڵەتانەی تائێستا ئامادەنەبوون دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێن و ڕاستەوخۆ پشتیوانیان لە ئیسرائیل دەکرد، بەریزی ئەو دەوڵەتانەوە پەیوەست بوون کە پێشتر دەوڵەتی فەلەستینیان بەرەسمی ناسیبوو.

ئەگەرچی ئەم بەفەرمی ناسینە دەتوانێ سەرکەوتنێکی رەمزی بێت بۆ پرسی فەلەستین و دروستبوونی بەکردەوەی دەوڵەتی فەلەستین پرۆسەیەکی ئاڵۆزتربێت، بەهۆی بەردەوامی داگیرکاری و سیاسەتی نیشتەجێکردنی جولەکە لە کەنارەی رۆژاوا و پیلانی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی تەواوەتی غەزەو ئاوارەکردنی دانیشتوانەکەی، بەڵام ئەم روداوە تازە مەسەلەی فەلەستین و پێگەی جیهانیی ئیسرائیل بەوجۆرەی تائێستای ناهێڵێتەوە. 

ئەو چەند دەوڵەتە ئەوروپیەی کە لەم دواییانەدا لەژێر فشاری رای گشتی ووڵاتەکانیاندا و دوای نزیکەی دووساڵ کۆمەڵکوژی فەلەستینیەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە، ناچاربوون بەفەرمی دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێن، ناتوانن وەکو جاران مامەڵەی بازرگانی و سیاسی و سەربازی لەگەڵ ئیسرائیلدا بکەن. دەوڵەتەکانی وەکو فەرەنساو بەریتانیا و ئوسترالیا و کەنەدا و.... بەخۆشی خۆیان ئەوکارەیان نەکردوە، بەڵکو فشاری جەماوەری مرۆڤدۆستی ئەو ووڵاتانە، کە یەکێتی و سەندیکاو رێکخراوە کرێکاری و چەپ و سۆشیالیستەکان رۆڵی گرنگیان تێداگێڕاوە، دەیان خۆپیشاندانیان بەڕێخستوە بۆ بەرگری لە فەلەستین و دژی جینۆسایدی فەلەستینیەکان لە غەززە، کرێکارانی بەندەرەکان دەیانجار خۆپارێزیان کردوە لەبارکردن و داگرتنی ئەو کەشتیانەی کە کەرەستەی جەنگی بۆ ئیسرائیل دەگوێزنەوە و تاد... ئەوانی ناچارکردوە دان بە جەرگی خۆیاندا بنێن و ئەو بڕیارە پەسەند بکەن. دوای ئەوەش لەژێرچاودێری هەر ئەوە جەماوەردا دەمێننەوە. مانگرتنی گشتی لە ئیتاڵیا دژی حکومەتی ڕاستڕەوی جۆرجیا میلۆنی لەپای دان نەنانی بە دەوڵەتی فەلەستیندا، نمونەیەکی شایستەی ئەمجۆرە کاردانەوانەی جەماوەری ئینساندۆستی ئەوروپیە لەسەر پرسی فەلەستین و پرسەکانی پەیوەند بە مافی مرۆڤەوە. 

ئەم وەرچەرخانە لە هەڵوێستی زۆرینەی وولاتانی ئەندامی رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان و لەناویاندا چەند ووڵاتی گرنگی ئەوروپی و ئوسترالیاو کەنەدای دۆستی ئیسرائیل، کەلەپاڵ ئەمریکادا بەرگریکاری سەرسەختی سیاسەتی کۆمەڵکوژی ئیسرائیل بوون بەناوی مافی بەرگریکردن لەخۆ، پرۆسەی تەریککەوتنەوەی دیپلۆماسی و سیاسیی ئیسرائیلی بەئاستێکی بەرز گەیاند. ئەو روداوە ئاستی ریسوابوونی نەتەنیاهۆی وەکو سەرکردەی دەوڵەتێك نمایش کرد کە بێ حسابکردن بۆ هیچ یاساو رێسایەکی جیهانی و هیچ بنەماو بەهایەکی ئینسانی، خوینساردانە کۆمەڵکوژی بەڕێوەدەبات و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات! لیژنەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان لەرۆژی ١٦ ی ئەیلولی ئەمساڵدا ئەو وەحشیەتەی حکومەتەکی نەتەنیاهۆو دەوڵەتی ئیسرائیل پشتڕاست دەکاتەوە. لیژنەکە رایگەیاند:" حکومەت و هێزەکانی ئاسایشی ئیسرائیل هەستاون بە ئەنجامدانی چوار کردەوە لەو پێنچ کردەوەیەی بەپێی "رێکەوتنامەی رێگرتن لە تاوانی کۆمەڵکوژی و سزادانی ئەنجامدەرانی ساڵی ١٩٤٨" بەکۆمەڵکوژی هەژماردەکرێن لەوانە: " کوشتن، ئازاردانی جەستەیی و دەرونی، سەپاندنی بە ئەنقەستی دۆخێکی گوزەران کە ئامانج لێی وێرانکردنی فەلەستینیەکانە بەشێوەی گشتی یان جوزئی و سەپاندنی هەندێ رێکار بە ئامانجی نەزۆكکردن"!

دیوێکی دیکەی روادوەکانی رۆژی سێشەممە، تەنگەتاوبوونی ترامپ بوو بەرامبەر بە بڕیاری بەفەرمی ناسینی دەوڵەتی فەلەستین. ئەو بێجگە لەوەی بڕیارەکەی بە بێبایەخ ناوزەد کرد، هاوکات وەکو شەقاوەیەك لەپێگەی خۆبەزلزانی و باڵادەستیی سەربازیەوە، سوکایەتی بە پێگەی رێکخراوەکە دەکرد لە پەیوەند بە پرسە سیاسیە جیهانیەکانەوە! توڕەیی ترامپ لە دەوڵەتە ئەوروپیە دۆستەکانی وەکو فەرەنساو بەریتانیا، کە بەپێچەوانەی خواستی ئەوەوە دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا، بەجۆرێك بوو وەکو براگەورە ئامۆژگاری فاشیستانەیان بکات بۆ دژایەتیکردنی پەنابەران، ئەگەرنا رووبەرووی دۆزەخ دەبنەوە!

بەڵام سەرباری ئەم نیشاندانی بێمنیەتیە بەرامبەر بە پرسی دەوڵەتی فەلەستین، ترامپ بەهەڵەداوان لەگەڵ سەرۆکەکانی ووڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا کۆبووەو تا بەڵێنی ئەوەیان پێبدات کە رێگا نادات نەتەنیاهۆ کەنارەی رۆژاوا داگیربکات و شەڕی غەزە دەوەستێت و ئیسرائیل دەکشێتەوە بەمەرجی ئازادکردنی دیلەکان و رادەستکردنی تەرمەکان. ئەمەش پەلەقاژەی ترامپە تا کاریگەری ئەو تەریککەوتنەوەیە کەمکاتەوە کە بەهۆی جینۆسایدی غەزەوە رووبەرووی ئەمریکاو ئیسرائیل بووەتەوە و نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەکەیان لێتێکدەدات و پێگەی ئەمریکاش لەناوچەکەدا بەرامبەر بە نەیارە جیهانیەکانی لەرزۆك دەکات

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار