بلاک بلۆک

دوێنێ
نازەنین عوسمان
ئەو ناوە، بەو کۆمەڵە کەسانە دەگووترێت کە سەرتاپا جلوبەرگیان رەشە، کڵاو و دەمامکی رەشیان بەستووە، ناناسرێنەوە و نازانرێت کێ کێیە. وەک دیواری بە بلۆک دروستکراو لە هەندێک خۆپیشاندانەکاندا دەبینرێن، گرنگی بە پشتبەستن بەیەکتری دەدەن و هاوکاریی یەکتر دەکەن، وەک لادیوار پاڵ بەیەکەوە دەدەن و زۆربەی کات لە هێڵەکانی پێشەوەی خۆپیشاندانەکاندان. بوونی ئەم بلاک بلۆکانە لەنێو خۆپیشاندانەکاندا، ترس دەخاتە نێو پۆلیس و پێشوەخت دەزانن ئەو خۆپیشاندانە بە سەلامەتی و ئاشتی تەواو نابێت.
سەرەتای پەیدابوونی ئەم جۆرە نمایشانە، لە خۆپیشاندانەکانی ئەڵمانیا لە ساڵانی هەشتاکاندا دەستی پێ کرد؛ ئەو خۆپیشاندانانەی دژ بە گەشەکردنی بزووتنەوەی فاشیستەکان دەکران، لە پاشان خۆپیشاندانەکانی دژ بە گەشەکردنی سیستمی جیهانگیری سەرمایەداری لە ساڵانی نەوەدەکان تاکوو ئێستا. لە ئەوروپا، ئەمەریکا، ئەمەریکای لاتین و لە هەموو وڵاتانی تر بە بەردەوامی دەبینرێن لەو خۆپیشاندانانەی دەکرێن دژ بە فاشیزم، دژ بە سەرمایەداری، دژ بە چەک و وزەی ئەتۆمی، دژ بە کۆمپانیا زەبەلاحەکان و بۆ پشتگیری لە ژینگە... ئەم خۆپیشاندەرانە لە دژی هەموو کۆبوونەوە و کۆڕبەندێکی سەرمایەدارە گەورەکانی جیهان دەبینرێن، زۆربەی کات لە وڵاتانی تریشەوە بۆی دەچن.
جموجووڵی بلاک بلۆک بەپێی کات و شوێن دەگۆڕێت؛ لەو کاتانەی نائارامیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کێشەی ئابووری لە کۆمەڵگەیەکدا زۆرە، جموجووڵی ئەمانیش زۆر دەبێت. هەروەها لەو کۆمەڵگەیانەی کولتووری خۆپیشاندانیان هەیە بۆ داوای مافەکانیان و سەندیکاکانیان بەهێزن، بوونی ئەمانە زۆرترە.
بوونی کەسانێک بە جلی رەش و دەمامکەوە لە نێو خۆپیشاندانەکاندا، مانای وا نییە هەردەم توندوتیژن، زۆر جار تەنیا بۆ خۆشاردنەوەیانە لە چاوی پۆلیس و کەسانی شوێنی کارکردنیان یاخود دەروبەریان.
بلاک بلۆکەکان رێکخراوێکی سیاسیی دیاریکراو نین، ئەندامی حزب و لایەن نین، خاوەنی سەرکردە نین، ئەندامی سەندیکاکان نین... زۆربەیان لە بیروباوەڕی چەپڕەوییەوە هاتوون، کەسانی ئەنارشیستن، دژ بە سیستم و سیاسەتی سەرمایەدارین، هەرچی سەر بە دەوڵەت بێت رەتی دەکەنەوە. زۆربەیان خاوەنی بڕوانامەی دیپلۆمن و بێکار نین، زیاتر لە چینی مامناوەندن، لە ژینگەیەکی خێزانیی چەپدا گەورە بوون. هەندێکیان مارکسی، لینینی و فێمینزمن، خوێندەوار و خاوەنی دیدی سیاسین. بڕوایان وایە و دەڵێن "ئاشتی لەنێوان چینەکاندا نییە".
تەمەنیان لە دەوروبەری بیست بۆ سی ساڵیدایە و یەک لەسەر سێیان مێیینەن. بڕوایان بە یەکسانیی رەها هەیە و دژ بە هەموو سنبول و دامودەزگایەکن لە خزمەتی سەرمایەداریدا بێت، وەک: دامەزراوە حکومییەکان، پۆلیس، بانک، مۆڵ، مەکدۆناڵ و کارگەی دروستکردنی چەک، بەتایبەتی ئەتۆمی و راماڵینی دارستانەکان و گۆڕینی بە شوێنێک کە لە خزمەتی سەرمایەداریدا بێت، دژ بە راکێشانی رێگەوبان و هێڵی شەمەندەفەرن بەو شوێنانەدا کە ژینگەی پارێزراون.
بلاک بلۆکەکان خۆیان بە دوور دەگرن لە میدیاکان، تا نەبنە جێی سەرنجی پۆلیس و دادگا. لەگەڵ ئەوەش، هەندێک کەسی خۆیان هەیە کاری میدیاییان بۆ دەکات، تا وەک پروپاگەندە لە خزمەت بزووتنەوەکەیاندا بێت و خراپیی رەفتاری سەرمایەداری نیشان بدات و ئاگاداری ئەو شوێنانە بن کە پێویستە لێی ئامادە بن.
لە کاتی هێرشکردنە سەر ناوەندە سەرمایەدارییەکان، یان شەڕکردنیان لەگەڵ پۆلیس، تەکنیکی گەریلا بەکار دەهێنن، هەندێک چەک بەکار دەهێنن وەک نارنجۆکی مۆلۆتۆڤ، قۆچەقانی، فیشەکەشێتە، دارلاستیک، چەکوش و دار... لە خۆپیشاندانەکاندا هاوکاریی یەکترن بۆ رزگارکردنی هاوڕێکانیان لە چنگی پۆلیس، یاخود چارەسەری برینەکانیان. هەرچی پۆلیسیشە پشت بە گوللـەی پلاستیکی، گازی فرمێسکڕێژ، رەشاشی ئاو، دار و گرتن و زیندانکردنیان دەبەستن.
هەندێک لەو بلاک بلۆکانە ئێستا لە رۆژئاڤان و لەگەڵ شەڕڤانانی سووریا کار دەکەن، لە شەڕەکانیاندا بەشداریی دەکەن و هەوڵی بردنی کەسانی تریش دەدەن بۆ رۆژئاڤا، ئەویش لەو روانگەیەوە کە کورد میللەتێکی زوڵملێکراوە و قوربانیی سەرمایەدارییە و دژ بە تورکی فاشیزم و داعش دەجەنگن.
زۆر جار کە باسی بلاک بلۆک دەکرێت، تێکەڵ دەکرێن لەگەڵ ئەو کەسانەی (ئاژاوەچییەکان) سوود لە خۆپیشاندان وەردەگرن و دەکەونە تێکدان و دزیکردن. ئەمانە بێ ئایدیان، تەنیا بەدوای ئاژاوەنانەوەدان و هیچ ئامانجێکی فکری و ستراتیژییان نییە، مرۆڤی ئۆپۆرتینست و هەلپەرستن، سوود لە گێژاوەکە وەردەگرن بۆ دزی و شکاندن. ئەمانە هیچ پەیوەندییەکیان بە خۆپیشاندانەکە و ئامانجی خۆپیشاندانەکەوە نییە، درێخی ناکەن لە ئازاردانی کەسانی ئاسایی و بەلایانەوە گرنگ نییە کێ تووش دەکەن، تەنیا هێز و شەڕەنگێزی ئامانجیانە. ئەمانە لە هەموو چینەکانەوە دێن، بەگشتی تەمەنیان بچووکترە و ژیان ستەمی لێ کردوون بەبێ ئەوەی ئەو ستەمە بەسترابێتەوە بەو هۆکارە سیاسییەی کە خۆپیشاندانەکەی بۆ دەکرێت.
کاتێک هەردوولا لە خۆپیشاندانەکاندا بەشدار دەبن، بۆ پۆلیس جیاوازییان نییە و بە یەک چاو سەیری جلڕەشەکان دەکەن، جا لە گرووپی بلاک بلۆک بن یاخود ئاژاوەچییەکان، هەردوولا مەترسین بۆیان. بلاک بلۆک کاتێک بانکێک، یان شوێنی کۆڕبەندی زلهێزەکان بەردباران دەکەن، یان ئاژاوەچییەک دوکانێکی بچووک دەشکێنێت و شت دەدزێت، بۆ پۆلیس جیاوازییان نییە و لەسەر پۆلیسە ئارامیی رابگرێت.
زۆربەی ئەم بلاک بلۆکانە دوای هەڵکشانی تەمەن و لە دەروبەری چل ساڵیدا، واز لە بەشداریکردنی خۆپیشاندانەکان دەهێنن وەک بلاک بلۆک و وەک تاکێکی ئاسایی بەشداریی دەکەن
