خوێندنەوەی دیوی شاراوەی دانپێدانانی بەریتانیا، فەرەنسا و کەنەدا بە فەڵەستین

دوێنێ
شاهۆ پاڵانی
لە سەروبەندی نزیکبوونەوە لە حەوتی ئۆکتۆبەر و لە گەرمەی هێرشە چڕەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، بە نیازی داگیرکردنی تەواوەتی و لەناوبردنی حەماس و تەنانەت هەوڵدان بۆ ڕاماڵینی غەززەییەکان بۆ دەرەوەی غەززە، بەریتانیا، فەرەنسا، کەنەدا، ئوسترالیا و هەندێ وڵاتی تریش جارێکی تر پرەنسیپی دوو دەوڵەتی بۆ چارەسەر دەهێننەوە ناو هاوکێشەکان و دان بە دەوڵەتی فەڵەستینیش دا دەنێن.
بەرلەوەی خوێندنەوەو شیکاری بۆ ئەمە بکەین، پێویستە ئەو ڕاستیە لەبەرچاو بگرین، کە ئەمریکا و ئیسرائیل هەموو شتێکیان لە پشتی پەردەوە سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە دۆسیەی غەززە بڕاندۆتەوە، بڕیاریان لێیداوەو و چرای کەسکیش بۆ ئیسرائیل لە لایەن ئەمریکاوە هەڵکراوە. بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم ڕاستیەش، لە ١٨ ی سێپتێمبەر واتا ئەم مانگە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ ڕاگرتنی جەنگی غەززە، بینیمان ئەمریکا لەدژی وەستانی جەنگ چۆن ڤیتۆی بەکارهێنا!
ئیسرائیل نزیکترین و متمانەپێکراوترین هاوپەیمانی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، کە ئەمە بابەتێکی نوێ نیەو پێشینەی مێژوویی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لەم گۆشەیەی جیهاندا تەواوی بەرژەوەندیەکانیان پێکەوە گرێدراو و هەمئاهەنگن. جگە لەوەش لۆبی جولەکە لە ئەمریکا یەکجار بەهێزەو ڕەگ و ڕێشەی قوڵی هەیە. ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی هەشتا ساڵ بەر لە ئێستاو سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل بدەینەوە، بەڕوونی ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە چۆن ئەوکاتیش لۆبی جولەکە بەهەموو توانایەوە لە هاوکاری دارایی و کۆکردنەوەی فەند بۆ دەوڵەتە تازەکەی ئیسرائیل درێغی نەکردووە.
لەسەردەمی ئێستاشدا لۆبی جولەکە نەک هەر لە ئەمریکا بەڵکو لەئەوروپا و تەواوی دنیای خۆرئاوادا لەوپەڕی بەهێزیدایەو و بەجۆرێک خۆیان ڕێکخستوە، کە لە کایەی ئابووری و تەنانەت سیاسیشدا ڕۆڵی کاریگەریان هەیە و هەرکاتێک پێویست بکات، توانای گۆڕینی ئاڕاستە سیاسیەکانیان لە بەرژەوەندی دەوڵەتی ئیسرائیل دا هەیە.
گۆڵدا مایەر لە کتێبی ( ژیانی من ) دا باس لەوە دەکات، چۆن لە کاتە سەختەکاندا داوود بنگۆریۆن یەکەم سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕایسپاردوە بچێت بۆ ئەمریکا بۆ کۆکردنەوەی فەند و کۆمەک لە نێو جالیەی جولەکەدا لە ئەمریکا، زۆر جار دوو ئەوەندەو زیاتریش پارە کۆدەکرایەوە لەو بڕەی کە خۆیان پێشبینیان کردبوو، شایانی ووتنە دواتر گۆڵدا مایەر لە ساڵی ١٩٦٩ تا ١٩٧٤ بوو بە یەکەم سەرۆک وەزیرانی ژن لە ئیسرائیل.
بۆیە وا دەردەکەوێ لە قۆناغی یەکەمدا پلان و بەرنامەی ئەمریکاو ئیسرائیل کۆتاییهێنان بێ بە دۆسیەی غەززە، نرخ و بەهای جێبەجێکردنی ئەم پلانەش هەرچیەک بێ، بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا گرنگ نیە. هەرچی حەماسە هیچ کارتێکی بەدەستەوە نەماوە بەکاری بهێنێت، هەرچەندە باس لە ئازادکردنی بارمتەکانیش دەکرێت، بەڵام پێموانیە ئیتر گرنگیەکی ئەوتۆی مابێ، لەبەرئەوەی جگە لەو بارمتانەی کە ئاڵوگۆڕیان پێکرا و ئازادکران، ئەوانەی ئێستا لای حەماس ماون بەشی زۆریان لە ژیاندا نەماون، ڕەنگە لە ئێستادا بیست دانەیەکیان بە زیندوویی لای حەماس مابن، بۆیە بۆ حەماسیش ئیتر ئەو کارتە بەهێزە نەماوەو ئیسرائیلیش لەبەر خاتری بیست بارمتەی زیندوو، سڵ لە جێبەجێکردنی پڕۆژە گەورەکەی خۆی ناکاتەوە و وەک قوربانی بۆ دەسکەوتە گەورەکەی ئیسرائیل لێی دەڕوانێ و ڕەنگە دواتر مۆنۆمێنتێکیشان لە تەلئەبیب بۆ دروست بکەن.
کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی و ئیسلامیی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر خوێندنەوەی جیاوازی بۆ کرا، کە تێیدا باس لە پێکهێنانی هاوپەیمانێتیەکی عەرەبی ئیسلامی هاوشێوەی ناتۆ کرا لە دژی جموجۆڵ و پلان و هەڕەشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل لەسەر وڵاتانی ناوچەکە. بەڵام لە کۆتاییدا لە مانۆڕێکی سیاسی و هەڵوێست نیشاندان شتێکی تری لێ نەهاتە بەرهەم، سەرەنجام بەڕۆشنی دەرکەوت کە هەموو دەنگە بەرهەڵستکارەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە، دەنگی بێ هێز و بێ کاریگەرن، ئەمەش بۆ ئیسرائیل و ئەمریکاش نوێ نیە و هەر لە دوای دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل وڵاتانی دژە جولەکە، بەتایبەتیش وڵاتانی عەرەبی هەر بەو ڕیتمە ڕێبازی بەرهەڵستکاریان گەیاندۆتە ئەمڕۆ.
لە حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ش ڕێکخراوی حەماس باشترین بیانووی دابەدەستەوە و دەستی ئیسرائیلی بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی عەززە بەتەواوی کردەوە، بۆیە جگە لە هێرشی سەربازی بۆ سەر غەززە، کوشتنی ئیسماعیل هەنیە لەناو جەرگەی پایتەختی ئێران و دواتر لەناوبردنی سینوار و سەرکردەکانی تری حەماس، کوشتنی نەسروڵای سەرۆکی حزبوڵا و لێدانی حوسیەکانیشی لێکەوتەو دەرئەنجامی ئەمە بوون.
بێمەوە سەر کرۆکی بابەتەکە، کە دانپێدانانی ئەو ووڵاتانەیە بەدەوڵەتی فەڵەستین و هێنانەوەی پرەنسیپی چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ سەرمێز لە دوو هەفتەی ڕابردوو. ناکرێ ئەم بابەتە بە چاوێکی ڕۆمانسیانە و دوور لە واقیعی حاڵ و لێکدانەوەی هاوکێشە سیاسیەکان سەیر بکرێت.
پێش هەرشتێک پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێ کە زۆرینەی وڵاتانی ڕۆژئاوا هاوپەیمانی ئیسرائیلن و لە سەروی هەمووشیانەوە ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و زۆرێک لە وڵاتانی تری ئەوروپا. لە سەرەوەش ئاماژەم پێدا چۆن پێکهاتەی جولەکە کاریگەری سیاسیی و ئابوریی و دیپلۆماسیی بەسەر زۆرینەی وڵاتانی بەشی خۆرئاوای جیهاندا هەیە، بۆیە هەموو ئەم وڵاتانە و بەتایبەتیش فەرەنسا و کەنەدا و بەریتانیا لەو ڕاستیە زۆر بەئاگان، کە بڕیاری کۆتایی دراوە سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە دۆسیەی غەززە، وە لە لایەن ئیسرائیلەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە بە پاڵپشتی تەواوی ئەمریکا.
نەتانیاهۆش لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەو ڕاستیەی درکاند، کە زۆرینەی ئەو وڵاتانەی کە لەسەرەوە نیگەرانی سەبارەت بە جەنگی غەززە دەردەبڕن، لە ژێر مێزدا دەستخۆشیان لێدەکەن. هەموو ئەمانەو پاڵپشتی تەواوی ئەمریکاش وای لە ئیسرائیل کردووە، بێباکانەو بە تەواوی بڕوا بەخۆبوونەوە لە ماوەیێکی کورتی زەمەنیدا سەرەڕای بەردەوامی جەنگی غەززە، گورز لە سوریا، لوبنان، یەمەن بوەشێنێ و جەنگی دوازدە ڕۆژەش لەگەڵ ئێران بەڕێوەببات و دواجاریش هێرش بکاتە سەر دەوحەی پایتەختی قەتەر بۆ کوشتنی سەرکردەکانی حەماس، جارجارەش لەگەڵ تورکیا ئاڵوگۆڕی هەڕەشەو چاوسوورکردنەوەش بکات، لە نەتەوە یەکگرتوەکانیش پەیامی بۆ میلیشیای حەشدی شەعبی عێراقیش نارد، لە بچوکترین جولەی دژ بە ئیسرائیل لەناویان دەبات.
بۆیە ڕەنگە داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین لە لایەن ئەم وڵاتانەی ڕۆژئاوا مەبەست لە دەوڵەتی فەڵەستین بێت لە کەرتی ڕۆژئاوا، کە ئەویشیان هەر ناکرێ و خۆشیان ئەمە باش دەزانن، چونکە ئەگەر کۆدەنگی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیش هەبێ بۆ ئەمە، ئەوا نە عەرەب و فەڵەستینیەکان بەم سنوورانەی ئێستا ڕەزامەند دەبن و نە ئیسرائیلیش بە سنورەکانی پێش ساڵی ١٩٧٣ . بۆیە نیاز لەو داننانە یەکەم: وەک نیشاندانی هەڵوێستێکە بۆ ڕای گشتی جیهانی عەرەبی و دووەمیش بۆ چاوبەستی سیاسی و لادانی فۆکۆسە لەسەر کۆتاییهێنان بە غەززە.
