جیۆپۆلەتیکی چیبس

6 كاتژمێر لەمەوپێش



حسێن مەحمود

نەوت چیدی خوێنی شارستانیەتی نوێ نییە، بەڵکو ماددەیەکی زۆر وردو بچوک لەعەرشی خۆی دایبەزاندووەوجێگەی پێلێژکردووە،ئەویش سلیکۆنە، سلیکۆن تەنکۆڵەیەکی وردو بچوکی لێدروست دەکرێ بەناوی (chips )، کەقەبارەکەی لەچەند ملیمەترێک تێناپەڕێ،بەڵام لەهەناویدا وزەیەکی گەورەی کونتڕۆڵکردنی ئایندەی هەیە، ئەمڕۆ لەڕۆژکارێکداین ئەم تەنکۆڵە پایەیەکی گرینگی ئابوری جیهانەوکلیلی هێزە سیاسییە پێشکەوتوەکانە، لێرەوە گوزارەیەک لەجیۆپۆلەتیک دێتە ئاراوە بەناوی جیۆپۆلەتیکی چیبس واتا ململانێی جیۆسیاسی لەسەر ئەو مادە تەنکەی بە چیبس ناودەبرێ، بەڵام چیبسی پەتاتە نا، چیبسی سلیکۆن، چیبسی سلیکۆن بەکاردەهێنرێ لە تەکنەلۆجیای پێشکەوتوی زیرەکیی دەستکرد،لەبواری ئاراستەی موشەک ودرۆن وبواری پزیشکی وفڕۆکەو چەکی پێشکەوتوو تەکنەلۆجیای هەمەچەشن

سەروەری خاک یان سەروەری دیجیتاڵی؟

 ئەگەر جیۆپۆلەتیکی کلاسیک باس لەکۆنتڕۆڵکردنی زەوی بکات، ئەوا جیۆپۆلەتیکی مۆدێرن بەدوای پێناسەکردنەوەی هێزەوەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی فەزای دیجیتاڵی، ئێستا پرسیار ئەوەنییە کێ کۆنتڕۆڵی زەوی بەپیت وڕێڕەوە دەریاییەکان دەکات؟ بەڵکو پرسیار ئەوەیە کێ کۆنتڕۆڵی کارگەکانی چیبس دەکات،یاخود چ هێزێک دیزاینی ئاڵۆزتری چیبس دێنێتە ئاراوەو چ هێزو وڵاتێک باڵادەستی زیاتری هەیە لەم بوارەدا، لێرەوە دەتوانین گوزارەیەک لە (مارتن هایدگەر)ی فەیلەسوف بخوازین کە وتی: " تەکنەلۆژیای نوێ ئامێری بێلایەن نییە، بەڵکوهێزێکە جیهان کەشف دەکات وسەرلەنوێ پێناسەی (بوون) دەکاتەوە".بۆیە کۆنتڕۆڵکردنی ئەم تەنکۆڵەیە تەنیا زاڵبونێکی پیشەسازی نییە، بگرە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەیوەندی مرۆڤە بەجیهانەوە

تایوان دورگەیەکی بچوک بەڵام بەقورسایی ئیپمڕاتۆرێک

لەچوارچێوەی ئەم دیمەنانەدا تایوان  ئەو دورگەبچوکەی ئاسیا کەبەسەر زەریای ئارامدا دەڕوانێ ٩٠٪ ی چیبسی پێشکەوتوی جیهان بەرهەمدەهێنێ لەڕێگای کۆمپانیایTSMC، لەم گۆشەنیگایەوە تەنگەی تایوان تەنیا سنورێکی ئاوی نییە لەنێوان چین و ئەو دورگەسەرکێشەدا،بەڵکو شادەماری ئابوری جیهانە، بۆیە هەرگرژیەک لەم ناوچەیەدا مانای ئیفلیجبونی پیشەسازیی ئۆتۆمبیل و مۆبایل و چەک وچۆڵەی زیرەکە،بۆیە ململانێ لەسەر تایوان تەنیا ململانێی نەتەوەیی چین نییە، بەڵکو جەنگە لەپێناو ئایندەی سیستەمی نێودەوڵەتی

ئەمریکاو چین جەنگێکی ساردی تەکنەلۆجی

ئەمریکا دەزانێ کە بەردەوامبونی هەژمونی خۆی لەڕوی سەربازی و ئابورییەوە پەیوەندیدارە بەوەی کەلەم ڕوەشەوە پێشەنگ بێت،بۆیە لەڕێگەی هەردوو گەورەکۆمپانیای دیزاینی وەک کۆمپانیای( NVIDIA ) و (intel ) کۆنتڕۆڵی ئەم بوارەی کردووەو گەمارۆی خستۆتە سەرچین کەدەستی نەگات بەچیبسی پێشکەوتوو،لەبەرامبەریشدا چین لەوبڕوایەدایە کە ئاسایشی نەتەوەیی لەڕێگەی سەربەخۆیی دیجیتاڵییەوە مەیسەر دەبێت ولەم پێناوەشدا ملیارەها دۆلار سەرف دەکات تاپڕۆژەی لۆکاڵی خۆی هەبێت،لەهەمان کاتداهەوڵی ئەوەدەدات ئەگەر بەزەبری هێزیش بێت تایوان بخاتەوە سەرچین کەبەتاکەچارەسەری دادەنێ دژبە هەژمونی خۆرئاوا، ئەم ڕەنگ وڕیسە بۆچونەکانی (ئەلفین تۆفلەر)ی بیرمەندی ئەمریکی تۆخ دەکاتەوە کەلەکتێبی شۆکی ئایندە باسی دەکات ودەڵێت:  "ئەوەی مەعریفەی هەبێت هێزی هەیە" مەعریفەی ئەمڕۆ تەنیا لەتێکستەکاندا نییە،بەڵکو لەبینای سلیکۆندایە،لەگەردیلەی ئەو تەنکۆڵانەدایە کە حوکمی ئابوری و ژیانی مرۆڤ دەکات.

ئەوروپاو کۆریاو ژاپۆن وکێکی ئایندە

هەریەک لە ئەوروپا و کۆریای باشور و ژاپۆن، خوازیارن ڕۆڵ وپێگەی خۆیان هەبێت لەم بوارەدا و دەیانەوێ بەشێک لەم کێکە بۆخۆیان مسۆگەربکەن، ئەوروپا لەدوای قەیرانی تەنکۆڵەی سلیکۆن لەساڵی 2020 بۆی دەرکەوت کە چۆتە ناو گەمەی هێزە گەورەکانەوە و پڕۆژەی EU chips act ی جێبەجێ کرد تایبەت بەسەربەخۆیی تەکنەلۆجی، کۆریای باشور لەمیانی سامسۆنگ وژاپۆن بەهەوڵەبەردەوامەکانی بەشوێن ئەم پرسەوەن. لێرەوە تێزەکانی (هارتموت روزا)ی فەیلەسوف وکۆمەڵناسی هاوچەرخی ئەڵمانی و دیارترین خوێندکاری قوتابخانەی فرانکفۆرتی نوێ تەواو پایگوزاردەبێت سەبارەت بە مۆدێرنەو خێرایی، روزا پێی وایە کە ئەقڵانیەت و تەکنیک بەتەنیا ڕواڵەتی مۆدێرنە نین بەڵکو خێرایی سیمادیارەکەیەتی و ئەوەی لەم پێشبڕکێیەدا دوابکەوێت توشی بەجێمانی شارستانی دەبێت، ئەگەر خاوەنی هێزی تەقلیدی زۆریش بێت.

چیبس وەک چەکی بێدەنگ

چیبس تەنیابەرهەمێکی پیشەسازی نیە،بەڵکو چەکێکی نەبینراوە،ئەوەی خاوەنی بێت،دەتوانێ پیشەسازی نەیارەکانی بوەستێنێ وسوپاکەیان  دوابخات، چیبس هێزێکی نوێیە لەململانێی وبەرپەرچدانەوە چەمکی (سەرداریەتی )  لەسەدەی بیست ویەکدا پێناسە دەکاتەوە.


سەدەی سلیکۆن وپێکدادانی شارستانیەتەکان

جیۆپۆلەتیکی چیبس بازدانێکی گەورەیەلەمێژووی جیهاندا،پێوانەی هێز چیدی پانتایی جوگرافی ودەرامەتی سروشتی نییەوئیدی لەناوسەدەیەکدا دەژین بریتیە لەبەرهەمهێنانی سلیکۆن، چیبس تەنیا تەکنیک نیە،بەڵکو هێمایە بۆ ڕەمزی شارستانی، هەروەکو هایدگەر دەڵێ :  " مەترسی گەورەی تەکنەلۆجیا ئەوەنییە کە چیمان پێدەکا ،بەڵکو ئەوەیە کەناهێڵێ بیبینین" مەترسییەکانی سلیکۆنیش ئەوەیەکە سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی هێزەکان دەکات بەبێدەنگی،دەستپێکێکە بۆ ململانێی شارستانی نوێ کەپێدەچێ توندتربێت لە سەدەی ڕابردوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار