ئیسلامی سیاسی و كولتووری ڕق

2 كاتژمێر لەمەوپێش
محەمەد سەعید عەشماوی
شوان ئەحمەد کردوویەتی بە کوردی
لە پای شۆڕشی میسریەكان دژ بە كۆلۆنیالیزمی بەریتانی (ساڵی 1919)، سەعد زەغلولی سەركردەی حیزبی وەفد، دەستیكرد بە دروستكردنی دەزگایەكی نهێنی، ئەم دەزگا نهێنیە خۆی سەرپەرشتی دەكرد و ئەركیشی تیرۆركردنی بەریتانیە داگیركەرەكان بوو..
ئەگەرچی ئەم دەزگایە لێكۆڵینەوەی زانستی پێویستی لە بارەوە نەكراوە، بەڵام وەكو باسدەكرێت پسپۆڕانی ئەڵەمانی دەستیان لە دروستكردنیدا هەبووە، بەو مەبەستەی هاریكاری میسریەكانی پێیبكەن بۆ ڕزگاربوون لە دەست كۆلۆنیالیزمی بەریتانی.
ساڵی 1929 لە ئیتاڵیا فاشیزم بە ڕابەرایەتی مۆسۆلۆنی هاتنە سەر حوكم، لە ژێر كاریگەری ئەواندا ئەدۆلف هتلەر حیزبی نازی دروستكرد و كاتێكیش لە ساڵی 1932 دەسەڵاتی وڵاتی گرتە دەست، گروهێكی سەربازی دروستكرد كە تایبەت بوو بە حیزب بە ناوی گستاپۆ. بۆ پاراستنی خۆیان
لە سیەكانی سەدەی ڕابردودا، زۆرێك لە ڕەفتار و هەڵسوكەوتی فاشیزم و نازیزم لە میسردا بڵاوبوونەوە و لەم سەروبەندەشدا حەسەن بەننای ڕابەری ڕێكخراوی ئیخوان موسلمین، دەستیكرد بە دروستكردنی تیمە گەڕۆكەكان.
شایەنی باسە حیزبی وەفد (كە حیزبێكی لیبرال بوو)، تیمی چاكەت شینەكانی هەبوو. هەرچی چاكەت سەوزەكان بوو، سەر بە حیزبی میسری لاوبوون. ئەم دوو تاقمە بە پێی یاسای قەدەغەكردنی دروستكردنی میلیشیای سەربازی هەڵوەشێنرانەوە، بەڵام حەسەن بەننا توانی لەو بڕیارە خۆی بدزێتەوە، لەبەرئەوەی لافی ئەوەی لێدەدا كە گروهەكەی ئەو گروهێكی ئایینیە و بانگەشە بۆ كاری چاكە و ئەخلاق دەكات و تیمە گەڕۆكەكانیشی، خەسڵەتی سەربازیان نییە و لە خزمەت پادشای پیاو چاك (شا فاروق)دان.
فاروق ترسی لە چاكەت شین و چاكەت سەوزەكان بوو، لەبەرئەوەی ئەوانە سەر بەو حیزبە سیاسیانەبوون كە پشتیوانیان لە پادشا نەدەكرد و لافی ئەوەشیان لێنەدەدا.
حەسەن بەننا بۆ ئەوەی دەزگا نهێنیەكەی بە ئاسانی چنگ پیاوانی حكومەت نەكەوێت( گەر ویستی كارێكی لەوجۆرەیان هەبێت)، بە نهێنی كەوتە سازدانیان و وەكو هەموو ڕێكخراوێكی فاشیش، ئەو دەزگایەی بەخۆیەوە گرێدا و كردنی بە چەند پۆلێكەوە. بۆ ئەوەی ئەگەر ئەندامانی دەستەیەك تێكەوتن و گیران، نەتوانن زانیاری لەسەر ئەوانی دیكە بدەن، بەو پێیەی نایانناسن و پەیوەندیان پێیانەوە نییە.
بەهۆی ئەو شێوازە هەواڵگریەی لە ساڵانی سیەكاندا لە میسردا هەبوو، لەگەڵ ئەزمونی فاشیزم بە گشتی و نازیزم بە تایبەتی، هەروەها لە پەیوەندیگرتن لەگەڵ دەزگای هەواڵگری بەریتانی و فەرەنسی، ئیخوانەكان توانیان توانایەكی ڕێكخستنی حیزبی تۆكمە پەیدا بكەن، ئەم شتانە لای سعودیەكان نەبوو، بۆیە زۆر پێیان سەرسامبوون.
پاشان ئیخوانیان داوەتكرد بۆ ئەوەی چالاكی زۆر لە وڵاتەكەیاندا ساز بكەن، بە تایبەتی لە بواری پەروەردە و فێركردن و ڕاگەیاندندا. سعودیەكان بێبێئاگا بوون لەوەی ئەوەی ڕێكخستنێك دروست دەكات، بەو مەبەستانە بارگاوی دەكات كە خۆی دەیەوێت و بەو ئاڕاستەیەشیدا دەبات كە خزمەت بە ئامانجەكانی دەكات.
بیروباوەڕی ئایینی، هەڵگری سۆز و بەزەیی و خۆشەویستی و لێبوردەی و فەزیلەتە، بەڵام بیروباوەڕی سیاسی (ئایدیۆلۆژیا)، هەڵگری توندوتیژی و پاكتاوكردن و ئافەرۆزكردنی ئەوی دی و بڵاوكردنەوەی کولتووری ڕقە.
لێرەوە بیروباوەڕی سیاسی، پێویستی بە دوژمنی یەك لە دوایەك هەیە تا بتوانێت مومارەسەی شەڕانگێزی خۆی بكات و ئەمەش تۆكمەتر و بەهێزتری دەكات. ئەم پرۆسەیەش وەكو پەتا وایە و تەواوی ئەندامانی ئەو هێزە دەگرێتەوە، كەوا دەكات ئەقڵ و بیركردنەوە تێیاندا لاوازبێت و لە بەرامبەردا حەماسەت و شمشێر و كولتووری ڕق تێیاندا بەهێز بێت.
دەتوانین هەموو ئەمانە لە گوفتار و ڕەفتاری ئیسلامی سیاسیدا ببینین. لەسەر ئەم بنەمایانەش ئەو هێزانە لە قوتابخانەدا منداڵان پەروەردە دەكەن و سەركردەكانیشیان لە ڕێی ڕاگەیاندنەوە بە خەڵكی دەگەیەنن، چاكترین نمونەش بۆ ئەمە چەمكی حاكمیەت و دژایەتیكردنی ئەوی دیە لەسەر بنەمای ڕەگەز.
چەمكی حاكمیەت سەرەتا لە كتێبەكانی ئەبو ئەعلای مەودودیدا هاتەبەر باس، پاشان سەید قوتب وەریدەگرێت و فۆرمەلەی دەكات و لە نوسینەكانیدا شەرعیەتی زیاتری دەداتێ. مەبەستی سەید لە حاكمیەت ئەوەیە، حوكمڕانی تەواوی گەردون تەنها هەر بۆ یەزدانە و هەركەسێكیش نەڵێت (لا الە الا الله) و پابەندی ماناكەی نەبێت، ئەوا ئەو كەسە لەسەردەمی جاهلیەتی بەر لە ئیسلامدا دەژی.
لێرەوە سەرجەم خەڵكی ئەم جیهانە و موسڵمانانیش لەگەڵیاندا، نوقمی ناو ئەم جاهلیەتەن. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت كە بانگەوازی ئیسلامی سیاسی، ئیسلامی ڕاستەقینەیە و لەویش بەدەر هەرچیەك هەیە، كوفر و بێباوەڕییە.
ئەم بۆچونە قسەی زۆر هەڵدەگرێت، لەبەرئەوەی حوكمڕانی تەواوی گەردون دەداتە پاڵ یەزدان. ئەمە ڕاستە، بەڵام بێئاگایە لەوەی هەڵسوكەوتی خەڵك بە گشتی و حوكمڕانەكانیان بە تایبەتی، پەیوەستە بە خۆیانەوە نەك بە یەزدان. گەر وا نەبێت ئەوا سیستەمی ئەخلاقی لە ئاییندا بە گشتی و پرانسیپی لێپرسینەوە لە دنیا و قیامەت و سیستەمی پاداشتی چاكە و سزای خراپە و چەمكی بەهەشت و جەهەنەم، بۆچی باشە و پێویستی بونیان چییە. ئەگەر خوا خۆی بكەری هەموو كردارێك و بگۆی هەموو وتراوێك بێت، ئیتر بۆچی سزای كەسێك دەدات كە هیچی نەكردووە.
لە ڕاستیدا چەمكی حاكمیەت، مەبەست لێی كۆكردنەوەی دەسەڵات و سامانە لە دەستی میر یان ڕابەر یاخود سەرۆك یان كەسی فەرمانڕەواداو، ڕێگرتنە لەوەی لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت و لێی بپێچرێتەوە.
بۆ تەئكیدكردنەوەی ئەم قسەیە، حەسەن بەننا دەڵێت: (ئەوەی گوێڕایەڵی من بكات وەك ئەوە وایە گوێرایەڵی پێغەمبەری كردبێت، هەر كەسێكیش گوێڕایەڵی پێغەمبەر بكات واتە گوێرایەڵی خوای گەورەی كردووە).
ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە حوكمی یەزدان كورتدەكرێتەوە بۆ دەسەڵاتی ڕابەر و قسەی خوداش دەبێتە قسەی میر. بە مجۆرە جاهلیەت دێتە ئاراو بتپەرستی پەردەستێنێ، ئەویش بە پەرستن و ستایشكردنی كەسی سەركردە..
چونكە وەهای نیشان دەدەن كە سەركردە و ڕابەر، گوزارشت لە ئیرادەی خوا دەكەن و هەر كەسێكیش گوێڕایەڵییان بكات وەك ئەوە وایە گوێڕایەڵی خوای گەورەی كردبێت و ئەوەشی ملیان نەداتێ و سەرەڕۆیی بكات، واتە لە ئیمان لایداوە.
ئەم بتپەرستیە ڕوون و ئاشكرایەی لەگەڵ چەمكی حاكمیەتدا دێتە ئارا، دواتر دەبێتە چەكێك بۆ تەكفیركردنی تەواوی مرۆڤایەتی. هەروەها دەبێتە مایەی بڵاوكردنەوەی كولتووری ڕق، دژی هەر كەسێك نەچێتە ژێر سایەی ئیسلامی سیاسی.
ئەم كارەش بۆ ئەوە دەكەن تا خەڵكی بتە تازەكانیان (میر و سەركردە و ڕابەرەكانیان) بپەرستن و دروشمە نا ڕاستەكانیان بڵێنەوە، بەمجۆرە ئایین دەبێتە هات و هاوار و شەڕانگێزیەكی بێ سنور.
سەبارەت بە ڕاسیزم و بوغزاندنی ڕەگەزەكانی دی، دەتوانین لە بەرهەمەکەی سەید قوتب دا (ئەمریكام چۆن بینی)، بەدی بكەین. ئەم كتێبە بریتییە لە كۆمەڵە وتارێك كە پاش گەڕانەوەی لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا (1948 -1950)، نوسیویەتی و ساڵی 1985 لە شاری جدەی عەرەبستانی سعودیە لە دوو توێی كتێبێكدا چاپكراوە.
لەم كتێبەدا كە لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا وەك وانەیەك بە قوتابیانی قۆناغی ئامادەیی لە عەرەبستانی سعودیە دەوترایەوە، هاتووە: (وڵاتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا لە هەژاریەكی فیكریدا دەژی، وەكو جاهلیەتی سەرەتا - لاپەڕە 49 -. هەروەها شارستانیەتی خۆرئاوا شارستانیەتێكی ساختەیە و هیچ زادێكی ڕۆحی پێشكەش بە مرۆڤایەتی نەكردووە و نەیتوانیووە ئینسانیەت، لە یاسای جەنگەڵ قوتار بكات - لاپەڕە 127 -).
هەر لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: (چەندە ڕقم لەو خۆرئاواییانەیە و چۆن بێ جیاوازی هەموویان وەك یەك بە سوك سەیری دەكەم - لاپەڕە 125 -، هەروەها دەڵێت: دوژمنی سەرەكیمان پیاوی سپییە، ئیتر لە ئەمریكا بێت یان لە ئەوروپا. پێویستە ئەمە یەكەمین شت بێت لە قوتابخانە منداڵەكانمانی پێیگۆش بكەین، دەبێت فێریان بكەین چۆن ڕقیان لە پیاوی سپی بێت - لاپەڕە 135 -).
دادوەری بە ویژدان و مرۆڤی سەنگین، لە هەر شت و كەس و شارستانیەتێكدا زیاد لە ڕوویەك دەبینێت و لە هەموو ئەوانەشدا لایەنی چاكە و لایەنی خراپە هەیە، بەڵام كەسێك بوغز ئەقڵی تەنیبێت و فیكری سەرشار بێت بە شەڕانگێزی و ڕەگەزپەرستی بەرچاو گرتبێ و جاهلیەت ویردی سەر زمانی بێت، ئەوا بێگومان هەر خراپەكاری دەبینێت و تەنها لە بەدكاری تێدەگات و جگە لە ڕك و بوغز و كینە، شتێكی تر بە زاریدا نایەت.
دۆخی كارەکتەرێکی وەك سەید قوتبیش، حاڵەتێكی نەخۆش و بیمارە و دەبوو خاوەنەكەی چارەسەر بكرایە تا چاك دەبووەوە، بەڵام كەسێكی وا بێت و وانە بە خوێندكاران بڵێت، ئەوا ناخی ئەو گەنجانە پڕ دەكات لە بوغز و شەڕانگێزی.
ئەم پرۆسەیەش لای ئێمە ڕویدا، تا كار گەیشتە دژایەتیكردنی سەرجەم ڕەگەزی مرۆڤایەتی، كارێك كە بووە مایەی ئەوەی لە ڕابردو و ئێستا و داهاتوودا، پێكدادانی ترسناك و بەردەوام لە نێوان موسڵمانان و تەواوی مرۆڤایەتی، لە سەرتاسەری جیهاندا ڕووبدات.
