ساڵح موسلیم: ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدا دەمێنێتەوە

3 كاتژمێر لەمەوپێش
ساڵح موسلیم ڕایگەیاند، ڕووداوەکانی سووریا هیچ پەیوەندییەکیان نییە بە پرۆسەی چارەسەرییەوە لە تورکیا، قەسەدە بە شێوەیەکی سەربەخۆی لەناو سوپای سووریای نوێدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت و ئاماژەی بەوەش کرد، کە تورکیا لەناو ئەم هاوکێشەیەدا نییە.
ئەندامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە، ساڵح موسلیم لە سەرەتادا باسی ڕاگەیاندراوەکانی فەرماندەی گشتیی قەسەدە مەزڵوم عەبدی سەبارەت بە مژاری ئەنتێگراسیۆنیت سەربازی و دوایین پێشهاتەکانی سووریای کرد.
'لەگەڵ بارودۆخێکی نوێدا ڕووبەڕووین'
ساڵح موسلیم ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەوان لەگەڵ بارودۆخێکی نوێدا ڕووبەڕوون و وتی، "لەبەرئەوەی هێشتا دیدارمان لەگەڵ جەنەڕاڵدا نەکردووە، زۆر لەبارەی وردەکارییەکانەوە نازانین. بەڵام هەوڵدەدەم شرۆڤەی بکەم و ئەوەی دەیزانم بیڵێم.
ئەو شتانەی جەنەڕاڵ وتی، بۆ ئێمە خراپ نییە. ئێوەش دەزانن، ڕێکەوتننامەی ١٠ـی ئادار ڕوویدا؛ یەکێک لە خاڵەکانی ڕێکەتننامەکە لەسەر ئەنتێگراسیۆن بوو. پرسی ئەنتێگراسیۆن هەم لە ڕووی سەربازییەوە، هەم لە ڕووی مەدەنییەوە، هەموو ئیدارەکە دەگرێتەوە. بەڵام حکومەتی دیمەشق پشتبەستوو بەو هێزانەی پشتی دەگرن، ڕێکەوتننامەکە بەجددی نابینێت و هەوڵدەدات لێی ڕابکات. لەبەرئەوە ئەم پرسی ئەنتێگراسیۆنە دواکەوت و وەستا. پەیوەندی و دیدارێک لەنێوان حکومەتی شام و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدا هەبوو، بەڵام نەدەچووە سەر.
ئێوە دەزانن، لەم دواییانەدا باڵیۆزی باڵای ئەمریکا لە تورکیا و نوێنەری تایبەتی سووریا تۆم باراک لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) ئەمیراڵ براد کوپەر سەردانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییان کرد. ئەم سەردانە جددیبوونێکی خستە بەر چاو. لەبەرئەوەی کاتێک ڕێکەوتننامەی ١٠ـی ئادار واژۆکرا، ئەوان خۆشیان وەک چاودێر لە پرۆسەکەدابوون. لە دۆخی هەنووکەییدا دەزانن کە بەجێنەهاتنی ئەم ڕێکەوتننامەیە لەبەر ئێمە نییە، لەبەر هەڵوێستی لایەنی بەرامبەرە.
هەربۆیە ماوەیکی کەم لەمەوبەر شاندێک لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و قەسەدە چوونە دیمەشق و لەگەڵ حکومەتی ڕاگوزەری دیمەشقدا کۆبوونەوە. بەرپرسانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و حکومەت لەژێر چاودێریی ئەو شاندەدا هەندێک مژاریان هەڵسەنگاند.
'ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەژێر کۆنترۆڵی قەسەدەدا دەمێنێتەوە'
لەناو ئەو بابەتانەدا کە قسەیان لەسەر کرا، پرسی ئەنتێگراسیۆنی سەربازیش هەبوو. ئەوەی جەنەڕاڵ مەزڵوم گوتی، دەرئەنجامێک بوو لە کۆبوونەوەی کۆتایی. دوو لایەنی پرسی ئەنتێگراسیۆنی سەربازی هەیە. واتا لە ماوەیەکی نزیکدا شاندێک دەچێتە دیمەشق و لەسەر ڕێ و ڕێبازەکانی ئەنتێگراسیۆنی سەربازی قسەدەکات. ئێمە زانیارییەکمان لەسەری نییە، لەبەرئەوەی هێشتا سەبارەت بەمە هێشتا دەرئەنجامێک بەدەستنەهاتووە. بەڵام دیارە، کە هەندێک لە یەکینەکانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) ئەنتێگرەی پێکهاتەی سەربازیی نوێ دەبێت. واتا ناوچەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەژێر کۆنترۆڵی قەسەدەدا دەمێننەوە. پێشبینی و داخوازی لەسەر دۆخێکی لەم شێوەیە هەیە. لە پاراستن و ئاساییشی هەندێک ناوچەدا لەوانەیە هاوکارییەکی بچووک بەیەکەوە دروستببێت. سەرەتا بەم شێوەیەیە.
'یەکینەی هاوبەش دژی تیرۆر دادەمەزرێن'
دووەم شت پرسی یەکینەکانی دژە تیرۆر (یات)ـە. ئەمەش لەژێر ناوی تێکۆشانی هاوبەش لەدژی تیرۆریزم پێکدێت. وەکو ئاشکرایە لە ساڵی ٢٠١٥ـدا سەرەتا لەنێوان هێزە هاوپەیمانەکان و یەپەگە، دواتر لەنێوان هێزە هاوپەیمانەکان و قەسەدەدا، بۆ تێکۆشان دژی تیرۆر ڕێکەوتننامەیەک واژۆکرابوو. لەو کاتەوە لەنێوان هێزە هاوپەیمانەکان و قەسەدەدا متمانەیەکی گەورە دروستبوو و تێکۆشانێکی هاوبەش درێژەی پێ درا. لە ١٠ـی ئادارەوە بەیەکەوە کاردەکەن. لە زۆرێک لە ناوچەکانی سووریا و لەنێویاندا ڕۆژئاواش، دژی داعش چالاکی ئەنجامدراون. ئەم چالاکییانە هەموویان بە هەماهەنگی لەنێوان هەردوو هێزدا ئەنجامدەدران.
ماوەی ڕابردوو لە زۆرێک لە ناوچەکان کاریگەریی داعش دەستیپێکردووە، زۆرتر بووە و هەوڵدەدات لە هەندێک ناوچە چالاکی بکات. بە تایبەتی لەو ناوچانەی کە بە کشانەوەی ڕووسەکان چۆڵبوون، داعش خۆی جێگیرکرد، بەرفراوان بوو. هەروەها دزە دەکەنە ناو ناوچەکانی ئێمەش. بە گوێرەی دوایین ئەو زانیارییانەی پێمان گەیشتووە، دەستیانکردووە بە دزەکردنە ناو شارە گەورەکانەوە. هێزەکانیان تاوەکو دەوروبەری دیمەشق فراوانکردووە. هەربۆیە هاوپەیمانەکان لەگەڵ یەکینەکانی دژەتیرۆر (یات)ـدا دەیانەوێت گۆڕەپانەکانی تێکۆشان دژی داعش بەرفراوان بکەن. یەکێک لەو مەرجانەی کە هاوپەیمانان پێشکەشی حکومەتی نوێی دیمەشقیان کردووە، ئەوەیە کە ئەوانیش بەشداری تێکۆشان دژی داعش ببن. لە کۆبوونەوەکەدا دەستنیشانکرا کە ئەم تێکۆشانە بە هاوکاریی یەکینەکانی دژە تیرۆر (یات)، هێزە هاوپەیمانەکان و یەکینە تایبەتەکانی حکومەتی نوێ ئەنجامدەدرێت. قسەکانی جەنەڕاڵ مەزڵوم لەم چوارچێوەیەدا دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە. واتا هێزەکانمان، یەکینە تایبەتەکانی دیمەشق و هێزە هاوپەیمانە نێونەتەوەییەکان لە سەرانسەری سووریا دژی داعش تێدەکۆشن. لە چەند ڕۆژی داهاتوودا زانیاری و ئەنجامەکانی ئاشکرادەکەین.
'قەسەدە دەبێتە هێزی سەرەکی'
پەیوەست بە شێوەی ئەنتێگراسیۆن لە سوپای سووریای نوێ ساڵح موسلیم ڕایگەیاند، "ئەو شاندەی دەچێتە دیمەشق قسە لەسەر هەموو لایەنەکانی ئەنتێگراسیۆن دەکات. سوپای نوێی سووریا دادەمەزرێت و هێزەکانی سووریای دیموکراتیکیش دەبێتە بەشێکی گەورە لێی. واتا ئەوەی ئێمە دەبێتە 'دەنکە' هێزی سەرەکیی سوپای سووریا.
ئەمە لەبری تێکۆشانە هاوبەشەکان دژی تیرۆریزم دادەمەزرێت."
'کۆمیتە هاوبەشەکان سەرلەنوێ دادەمەزرێن'
سەبارەت بە ئەنتێگراسیۆنی مەدەنی ساڵح موسلیم ڕایگەیاند: "هێشتا زانیاریمان سەبارەت بە وردەکارییەکانی نییە. بەڵام لە کۆبوونەوەکانی دواییدا سەبارەت بە ڕێ و ڕێبازەکانی بەشێوەیکی زارەکی قسە لەسەر هەندێک مژار کراوە. لە پراکتیکدا کۆمیتە دادەمەزرێن؛ هەرخۆی پێشتریش دامەزرابوو. ئەو کۆمیتانە کۆدەبنەوە و هەوڵدەدەن لە ڕێی گفتوگۆوە چارەسەری بهێننەدی. بەڵام هێشتا زووە بۆ ئەنجامگیری. پرۆسەیەکی لەم شێوەیە پێویستی بە کاتە. ئەگەر کۆمیتەکانمان ئامادەش بن، کۆمیتەی لایەنەکانی تر هێشتا ئامادە نین. دوای دامەزرانیان کۆمیتەی هاوبەشیش دادەمەزرێن و پرۆسەی گفتوگۆ دەستپێدەکات."
'دۆخی ئێستا پەیوەندی بە پڕۆسەی چارەسەرییەوە نییە'
بۆ پرسیاری "ئایا پرسی ئەنتێگراسیۆن پەیوەندی بە پڕۆسەی چارەسەری بە پێشەنگایەتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە هەیە؟" ساڵح موسلیم گوتی: "نەخێر، دۆخەکە پەیوەندی بەم پرۆسەیەوە نییە، بەڵام سوود لەم پرۆسەیە وەردەگرین. ڕاگەیاندراوەکانی ڕێبەرێتی لەبەرچاو دەگرین، بەڵام هیچ دۆخێک نییە پەیوەندی بەوەوە هەبێت، لە لایەکی دیکەوە ڕێبەرێتی بە تێڕوانینەکانی ئەم دواییەی خۆی کاریگەریی لەسەر هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین داناوە".
ئێوەش دەزانن هەمیشە پەیوەندیمان بە پەکەکەوە هەبووە، بەڵام بە ڕاستی وانەبوو؛ بڕیاری خۆمان، خۆمان دەیدەین. بێگومان ڕێز لە فەلسەفە و قسەکانی ڕێبەرێتی دەگرین و خۆمان بەوپێیە دەگونجێنین، بەڵام بڕیارەکانمان لە دەستی خۆماندایە. وەک وتم سوود لەم پرۆسەیە وەردەگرین.
واتە مەبەستم ئەوەیە؛ لێرەدا بڕیاری خۆمان دەدەین بەڵام سوود لە بیرۆکەکانی ڕێبەرێتی وەردەگرین. نەک هەر ئێمە، زۆر کەس دەیانەوێت سوود لەم شتە وەربگرن. چونکە قسەکانی ڕێبەرێتی ڕێگە بە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین نیشان دەدات."
'تورکیا لە نێو ئەم پڕۆسەیەدا نییە'
ساڵح موسلیم لەسەر 'شوێنی تورکیا لەم پرۆسەیەدا' ئەم هەڵسەنگاندنەی کرد: "تورکیا هێشتا لەم پرۆسەیەدا نییە. بێگومان تورکیا پرۆسەیەکی بەم شێوەیەی ناوێت. ڕووداوەکانی ئەم دواییەی هەرێمەکەش ئەم بیرۆکەیە پشتڕاست دەکەنەوە. لە ڕووداوەکانی حەلەب وەک ئاژاوەگێڕی تێگەیشتین. هاتنی نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا و مرۆڤ ڕووداوەکانی ئەم دواییە لەبەرچاو بگیرێت، وەک ئاژاوەگێڕی دەبینرێت."
'هەڵوێستی ڕێبەرێتی لەم پڕۆسەیە ڕوونە'
سەبارەت بە هەوڵی بەشێک لە بەرپرسانی دەوڵەتی تورک کە دەیەویانەوێت وەهای نیشان بدەن کە "لە نێوان ڕێبەر ئاپۆ و هێزەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییدا بیرکردنەوەی جیاواز هەیە"، ساڵح موسلیم گوتی: "بێگومان هیچ شتێکی وەها بوونی نییە. هیچ شتێک نییە ڕاستەوخۆ پێمان گوترابێت. هیچ بەشێک لە قسەکانی ڕێبەرێتی پێچەوانەی بۆچوونی ئێمە نییە. هەروەها ئێمەش هیچ شتێکمان نییە پێچەوانەی بیرۆکەکانی وی بێت.
تورکیا هەوڵ دەدات بە هەندێک ڕێ و ڕێباز ئەمە لەناوببات. بە گوتنی 'گوێ لەیەکتر ناگرن، کۆنابینەوە'. بەڵام حەقیقەتێکی بەو شێوەیە نییە. تورکیا چی دەویست؟ ویستیان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، بەشێوەی تاکەکەسی بڕۆن و بچنە ناو سوپای سووریا. ئەمە ڕەتدەکەینەوە. هەڵوێستی ڕێبەرێتی لەسەر ئەم پرسە ڕوونە. خۆی دەڵێت ئەگەر دەست لە چەک هەڵبگرین لە شەوێکدا لەناومان دەبەن. ڕێبەرێتی دۆخێکی بەم شێوەیە هەرگیز قبوڵ ناکات."
'لە نێوان تورکیا و هێزە هەژموونگەراکان نیگەرانی و ناکۆکی هەیە'
لە بەردەوامی قسەکانییدا ساڵح موسلیم ئاماژەی بەوەدا ئیدی لە نێوان تورکیا و هێزەکانی ڕۆژئاوا، واتە هێزە هەژموونخوازەکان جیاوازی و ناکۆکی ڕوون هەیە و گوتی: "ئەوانەی ئیدارەی دیمەشقیان هێنایە سەر دەسەڵات خۆیان ئەو هێزانەن. ئیدی جیاوازی لە نێوان ئەم هێزانە و تورکیادا هەیە. ئەوەی تورکیا دەیەوێت بە دی نایەت. بێگومان نازانم کەی ئەو ناکۆکی و تێڕوانینە جیاوازانە کۆتایی دێت. لە داهاتوودا ڕوون دەبێتەوە. هەموو ئەو هێزانەی پەیوەندییان بە سووریاوە هەیە، بەپێی بەرژەوەندییەکانیان سەقامگیری سووریا دەبینن. بە شێوەیەکی جدی دەیانەوێت ئاشتی لە سووریا بە دی بهێنرێت. ئەم ئاشتییە چۆن بە دی دێت؟ لێرەدا ئاشتییەکی دادپەروەرمان دەوێت. ئەگەر ئاشتییەکی دادپەروەرانە بە دی بهێنرێت، ئەوا هەمیشەیی دەبێت. جیاوازی نێوان ئێمە و ئەم هێزانە ئەمەیە. بۆ نموونە نێردەی ئەمریکا تۆما باراک پێشتر هەندێک شتی وتبوو، بەڵام دوای ماوەیەک ئەم قسانەی گۆڕا. پاشان خۆی هاتە ئێرە، پشتگیری لە بیرۆکەکانمان کرد و ویستی دۆخێکی لەم شێوەیە بە دی بهێنرێت."
'لەگەڵ تورکیا کۆبوونەوە هەیە'
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و تورکیا ساڵح موسیلم گوتی: "بە دڵنیاییەوە نازانم. هەندێک پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییدا هەیە. ئەم کۆبوونەوانە لە پشت پەردەوە ئەنجام دەدرێن. واتە بۆ ڕای گشتی کراوە نین. هەرچەندە نازانم لە چ ئاستێکدان، بەڵام کۆبوونەوە ئەنجام دەدرێت."
'هەمووکەس لەگەڵ بۆچوونەکانمان هاوڕایە'
بۆ پرسیاری "ئایا لەسەر پرسی داننان بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، سووریایەکی ناناوەندی یان فیدراڵی بۆچوونێکی هاوبەش هەیە؟" ساڵح موسلیم گوتی: "ئەمە هێواش هێواش پەرە دەسێنێت. پێشتر هەمووکەسێک خواستەکانی تورکیا یان قسەکانی ئەوانیان دەردەبڕی، حکومەتی ڕاگوزەری دیمەشقیش هەمان شت دووبارە دەکردەوە. دوای ئەوەی پێداگریمان کرد، هەندێک هێز، هەروەها هەمووکەسێک تێگەیشتن دەبێت پێکهاتەیەکی ناناوەندی هەبێت."
