مەزڵووم عەبدی: گفتوگۆ لە نێوان هەردوو لایەن لە دیمەشق بەردەوامە

2 كاتژمێر لەمەوپێش
فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند، لەسەر میکانیزمی تێکەڵکردنی هێزەکانیان بە دامەزراوەکانی حکوومەت گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی سەرەتایی.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حکوومەتی سووریا گەیشتوونەتە 'ڕیککەوتنی سەرەتایی' دەربارەی میکانیزمی تیکەڵکردنی هێزەکانیان بەوەزارەتی بەرگریی سووریا و ناوخۆ، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆکان لەنێوان هەردوولا لە دیمەشق بەردەوامە.
مەزڵووم عەبدی گوتیشی: "ئەوەی نوێیە لە گفتوگۆکانی ئەم دواییەمان لە دیمەشق، ئیرادەی هاوبەش و بەهێز هەیە بۆ خێراکردنی جێبەجێکردنی مەرجەکان"ـی ڕێککەوتنەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، گرنگترین خاڵ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی سەرەتاییە سەبارەت بە میکانیزمی یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی 'کورد' لە چوارچێوەی وەزارەتەکانی بەرگریی و ناوخۆدا.
بە گوتەی عەبدی، شاندە سەربازیی و ئەمنییەکانی هەسەدە ئێستا لە دیمەشقن بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمی یەکگرتنیان لەگەڵ وەزارەتەکانی بەرگریی و ناوخۆ.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ڕۆڵی تورکیا، فەرماندەی هەسەدە گوتی: "هەر سەرکەوتنێکی دانوستانەکان بە دڵنیاییەوە پەیوەستە بە ڕۆڵی تورکیاوە"، بەو هیوایەی "ڕۆڵی پاڵپشتیکار و بەشداربوو لە پرۆسەی دانوستانە بەردەوامەکاندا بگێڕێت."
مەزڵووم عەبدی باسی لەوەشکرد، ئێمە داوای سیستەمێکی لامەرکەزی لە سووریا دەکەین، ئەمەش هێشتا قبوڵ نەکراوە چونکە لەسەری ڕێکنەکەوتوین، ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا گفتوگۆ لەسەر دیدگا هاوبەشەکان دەکەین کە بۆ هەمووان قبوڵکراو بێت.
جەختیشی کردەوە " خاڵە هاوبەشەکانمان لە خاڵە ناکۆکەکان زیاترە"، ڕوونیشیکردەوە، "ئێمە لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریا، یەکگرتوویی نەتەوەیی، سەربەخۆیی بڕیاردانی سیاسی و شەڕی دژی تیرۆر هاوڕاین."
ڕۆژی چوارشەممە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا داوای لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کرد "پابەندبن بە بەڵێنەکانیان و یەکخستنی خۆیان لەگەڵ دامەزراوەکانی حکوومەت تەواو بکەن.
ژمارەی هێزە چەکدارەکان و ئەمنییەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر نزیکەی 100 هەزار کەسە.
مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا لە 10ـی ئاداردا ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد، کە چەند بڕگەیەکی لەخۆگرتبوو، دیارترینیان یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی سەر بە بەرێوەبەرایەتی خۆسەر بوو بە دامەزراوە نیشتمانییەکان، بەڵام بۆچوونە جیاوازەکانی نێوان هەردوولا ڕێگری لە پێشکەوتن و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەدا کردووە.
