سەرۆک وەزیرانی هەرێم پشتگیریی دارایی یانەی وەرزشیی نەورۆز دەکات
10 كاتژمێر لەمەوپێش
دوای ئەوەی لە چەند مانگی ڕابردوودا یانەی وەرزشیی نەورۆز گیرۆدەی دۆخێکی نالەبار بوو؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومـەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی نووسینگەکەیەوە بڕی 450 ملیۆن دینار بە یانەی نەورۆز دەبەخشێت.
ئەو هاوکاری و پشتگیرییەی سەرۆکی حکـوومەت، بۆ پشتیوانیی وەرزش و وەرزشوانانی هەرێمە تا بتوانن بە ئاستێکی بەرزەوە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان بکەن.
یانەی وەرزشیی نەورۆز، نوێنەری شاری سلێمانی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە ماوەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە و بارودۆخی خراپ بووەتەوە کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاست و چارەنووسی یانەکە داناوە.
یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی یانەی نەورۆز، قەیرانێکی دارایی قووڵ و درێژخایەنە. یانەکە بۆ ماوەی چەندین مانگ نەیتوانیوە مووچەی یاریزانان و ستافی هونەری دابین بکات، کە لە هەندێک کاتدا گەیشتووەتە 50 ڕۆژ یان دوو مانگ.
ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی سەرۆکی دەستەی هاندەرانی یانەکە بەچاوی پڕ فرمێسکەوە داوای هاوکاری بکات، کە کاردانەوەی لێکەوتەوە و کەسایەتی سیاسی، هونەرمەند و بازرگانەکان هەڵمەتی کۆکردنەوەی یارمەتییان بۆ ڕاگەیاند.
