بەرپرسانی کورد لە کەرکوک: ڕێژەی بەشداریی کورد لە دەنگدان کەمە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



لە کەرکووک رێژەی بەشداریی کورد لە دەنگدان کەمە و عەرەبیش بە چڕی بەشداری دەکەن، بەرپرسانی کورد هۆشداری دەدەن لەوەی ئەگەر کورد بۆ دەنگدان نەگەڕێنەوە ناوچەکانیان، کورسی لەدەست دەدەن.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بەربژێری پارتی لە کەرکووک دوای ئەوەی دەنگی دا، رایگەیاند، ''ئەگەر خەڵک نەگەڕێتەوە کەرکووک بۆ دەنگدان، کورد کورسییەک یان دوو کورسی لەدەست دەدات، جەختیشی کردەوە، دەنگدانی کورد لە کەرکووک هێندەی شەڕی داعش گرنگە.''

شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش کرد، ''بەشداریی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردن زۆر گرنگە، چونکە کەرکووک دۆخێکی جیاوازی هەیە و ململانێی نەتەوەیی هەیە، کوردیش دەتوانێت هاوسەنگیی هێز لە کەرکووک بپارێزێت.''

هاوکات جەنگی عیزەدین، لێپرسراوی پەیوەندییەکانی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک، بە رووداوی راگەیاند، ''پێشبینی دەکەن دوانیوەڕۆ رێژەی بەشداریی خەڵک لە دەنگدان زیاتر ببێت، بەتایبەت کە بڕیارە لە دەرەوەی شارەکان خەڵکی زیاتر بۆ دەنگدان بگەڕێنەوە.''

لێپرسراوی پەیوەندییەکانی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک جەختیکردەوە، ''بەشداریکردنی کورد لەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگە" و داوای کرد خەڵک بە چڕی بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

هەروەها هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند، رێژەی بەشداری کورد لە دەنگدان تاوەکو ئێستا زۆر کەمە، لە بەرامبەردا عەرەب بە چڕی بەشداری هەڵبژاردن دەکەن.

هاوکات خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق دوای دەنگدانی لە بنکەیەکی دەنگدان لە کەرکووک گوتی: "ئەمڕۆ رۆژێکی گرنگە لە مێژووی عێراق و کەرکووکدا بەتایبەتی. ئەمڕۆ خەڵکی نوێنەرانی خۆیان بۆ پەرلەمان هەڵدەبژێرن. پەرلەمانی عێراق گرنگی گەورەی هەیە، چونکە ئەوێ سەنگەری پێشەوەی مافەکانی خەڵکی کوردستانە و مافی خەڵکی عێراقە. بۆیە هەرچەندە هاووڵاتییانی ئێمە بەشێوەیەکی کارا و زۆر بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن، زیاتر دەتوانن نوێنەریان لەنێو ئەنجوومەنی نوێنەران هەبێ و لەوێوە بتوانن مافەکانیان بپارێزن و بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن". 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار