ساڵح موسلیم: دیمەشق هەماهەنگی داعش دەکات و هەمان ئایدۆلۆژیایان هەیە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ساڵح موسلیم، تورکیا تۆمەتبار دەکات بە رێگریی کردن لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئادار و گروپە چەکدارەکانیش هان دەدات دژی هەسەدە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی، دیمەشقیش هەماهەنگی داعش دەکات. پێیوایە حکومەتی نوێی سوریا بە تەواوەتی لە ژێر کاریگەریی ئەنقەرەدایە. ئەحمەد شەرع و ئەسعەد شەیبانی لە دەرەوە ئاراستە دەکرێن و نایانەوێت کێشەی کورد لە سوریا چارەسەر بکرێت.

ساڵح موسلیم ئەندامی ئەنجومەنی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە)، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا رایگەیاندووە: پێشئەوەی بچێتە واشنتن، ئەحمەد شەرع لەگەڵ شاندی دانوستانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی کۆبوەوە و لیژنە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی 10ـی ئادار درووستکرا، بۆ ئەوەی نیشانی بدات نەرمی نیشانداوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ هەسەدە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، ئەمەریکاش دەیەوێت کێشەکان چارەسەر بکرێن، باسی رێککەوتنی سوریا و ئیسرائیل هاتە ئاراوە، بەڵام دواتر هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنران.

ساڵح موسلیم، رەخنە لە بەرپرسانی تورکیا دەگرێت بەوەی بەردەوام جەخت لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار دەکەنەوە، بەڵام لە پشت پەردەوە سیاسەتی دژی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا پەیڕەو دەکەن، دیمەشق بە تەواوەتی لەژێر کاریگەری تورکیادایە، هەرچی تورکیا بیەوێت دەیکات، گروپەکانی سەر بە تورکیا هەندێکجار هێرش دەکەنە سەر سنوورەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، ئەوان دەیانەوێت شەڕ لە دێرەزوور و شێخ مەقسود و ئەشرەفیە بکەن. ئەو گروپانە تا ئەمڕۆش پشتیوانی لە تورکیا وەردەگرن و هەوڵی درووستکردنی ئاستەنگ دەدەن.

ساڵح موسلیم ئەوەی خستووەتەڕو، هەندێک گروپ هەن لەناو تورکیا کێشەکانی سوریا بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنن و دەیانەوێت پشێوی دروست بکەن و پرۆسەکە پەکبخەن، کەسانێک هەن لەناو تورکیادا نایانەوێت دانوستانەکان بەردەوام بێت، ئەوەندەی دەبینین لە ئێستادا پرۆسەکە لەلایەن تاکەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، یەکێکیان شەرعە و ئەوی دیکەیان شەیبانییە. ئەوان پەیوەندی دەرەکییان هەیە و نایانەوێت کێشەکان چارەسەر بکەن.

ئەندامەکەی سەرۆکایەتی پەیەدە، ئاماژەی بەوەکردووە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دەیەوێت سنورەکانی لەگەڵ تورکیادا بکرێنەوە و هاوڵاتیان بە ئازادی هاتووچۆ بکەن، بەڵام تائێستا حکومەتی سوریا داواکارییەکی لەو شێوەیەی نەکردووە.

سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی حکومەتی دیمەشق دژی عەلەوییەکان و دروزەکان، موسلیم دەڵێت: رێککەوتنی 10ـی ئادار بۆ هەموو سوریا بوو، مادەی 1 و 2 بۆ هەموو نەتەوەکانی سوریا بوو. ئەو رێککەوتنە لە کاتی کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان ئەنجامدرا، بۆ راگرتنی کۆمەڵکوژییەکان کراوە. پێدەچێت ئێستا بۆچوونی حکومەتی کاتی سوریا لەگەڵ ئەمەدا نەگونجێت، چونکە یەک هێزی حوکمڕانی دەوێت. بۆیە دووژمنایەتی درووز و عەلەوی و کورد دەکات. ئەوانیش بەرگری لە خۆیان دەکەن.

سەبارەت بە هاوکاری نێوان حکومەتی دیمەشق و داعش ساڵح موسلیم وتوویەتی: "کاتێک داعش شەڕی ئێمەی دەکرد، ئەوان چوونە ئیدلب و ناو و جلوبەرگیان گۆڕی، ئەوەی ڕوویدا شانۆیەکی نهێنی بوو، کاتێک حکومەتی تەحریر شام هاتە سەر دەسەڵات و رژێمی سوریا رووخا، ئەوان لە ئیدلەب مابوونەوە. شانە نووستوەکان بەئاگاهاتنەوە گروپێکی زۆریان چەکیان هەڵگرت. بۆیە ناتوانین بڵێین حکومەت شەڕی داعش دەکات. ئەوان لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە یەکگرتوون، هێزە نێودەوڵەتییەکانیش لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەسەر ئەو پرسە دەکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار