سەنتەرى میترۆ: داوا دەکەین هەڵمەتی سووکایەتیکردن بە خاوەن ئیمیتیازی هاوڵاتی کۆتایی پێبهێنرێت

58 خولەک لەمەوپێش



 سەنتەری میترۆ لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، لەدوای پەیوەندییە تەلەفونییەکەی نێوان قادر نادر و تاریق فاتیح، خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەری هاوڵاتی، هەڵمەتێکی سووکایەتی دژی تاریق فاتیح دەستیپێکردووە.

سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوە داوە، نیگەرانن لەو هەڵمەتە و داوا دەکەن کۆتایی پێبهێنرێت، چونکە جیاوازی بیروڕا لە هەر كۆمەڵگەیەكی زیندوودا دیاردەیەكی تەندروستە.

سەنتەری میترۆ: رەخنە و گفتوگۆی دیموكراسیانە پێشوازی لێ كراوە، بەڵام ناوزڕاندن، جنێودان، زمانی سووكایەتیكردن و هەڕەشە رەتدەكەینەوە.

دەقی بەیاننامەکەی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان:
ڕێز لە كەرامەتی ئینسانیی كەسی جیاواز بگرن

4ی كانونی یەكەمی 2025: سەنتەری میترۆ نیگەرانە لەو هەڵمەتەی بەرانبەر تاریق فاتیح، خاوەن ئیمتیازی رۆژنامەی هاوڵاتی برەوی پێدەدرێت و دەیكاتە ئامانج بەهۆی بیروڕای خۆی، دەبێت جیاوازیی بنەڕەتی نێوان ڕەخنەی ڕەوا و ناوزڕاندن و بوختان و جوێندان و هەڕەشەکردن جیابكرێتەوە.

دوای بڵاوكردنەوەی دیدارێكی دەنگی نێوان رۆژنامەنووس قادر نادر و خاوەن ئیمتیازی رۆژنامەی هاووڵاتی، بە نامە و كۆمێنت و پەیوەندیكردن بە ژمارەی نەناسراو، سوكایەتی بە كەسایەتی و كەرامەتی مرۆیی خاوەن ئیمتیازی رۆژنامەی هاوڵاتی دەكرێت.

دیدارەكەی كە رۆژنامەنووس قادر نادر لە تۆڕی كۆمەڵایەتی بڵاویكردەوە، بە رەزامەندی تەواوی خاوەن ئیمتیازی رۆژنامەی هاوڵاتی بڵاوكراوەتەوە، هەر خۆیشی لە لاپەڕەی هاوڵاتی شەیری كردووەتەوە، قسەی لەسەر ناكەین.

رۆژنامەی هاوڵاتی كە بەشێكە لە مێژووی رۆژنامەگەری كوردستان و كۆمەڵێكی زۆر رۆژنامەنووسی دیار و بەتوانا و خاوەن رابردووی پاك كاریان تێدا كردووە، بە بەشێكی مێژووی خۆیانی دەزانن، هەندێكیان بە رەخنە و سەرزەنشت بابەتی رەخنەییان بڵاوكردووەتەوە مافی خۆیانە و رەوایەتی تێدایە هەڵوێستەكانی خاوەن ئیمتیازی رۆژنامەی هاوڵاتی رەتبكەنەوە.
سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت، ئێمە لەگەڵ دیالۆگی دیمۆكراتیانەین بۆ ئەم جۆرە بابەتانە، بەڵام دەبێت ڕێز لە كەرامەتی ئینسانیی كەسی جیاواز بگیرێت (تاریق فاتیح ) نەك ناوزڕاندن و جنێودان و زمانی سووكایەتیكردن كە بووە بە كەلتوور لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان و هێرش دەكاتە سەر كەسەكە نەك بیرۆكەكانی.

بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ، و بە تایبەتیش مادەی19 جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ: هەركەسێك مافی ئازادی بیروڕا و ڕادەربڕینی هەیە. مادەی19 پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەكانیش مافی هەموو كەسێكی داوە كە بەبێ دەستوەردان بیروڕای هەبێت.
جیاوازی بیروڕا لە هەر كۆمەڵگەیەكی زیندوودا دیاردەیەكی تەندروستە، جیاوازبن لەگەڵ تاریق فاتیح سەنوسەری رۆژنامەی هاوڵاتی مافی خۆتانە، بەڵام ڕێز لە كەرامەتی ئینسانیی كەسی جیاواز بگرن.
 داوای كۆتایی هێنان بەو هەڵمەتی سووكایەتی پێكردنە دەكەین كە دژی هاوپیشەكەمان دەكرێت،  جەخت دەكەینەوە كە ڕەخنە و گفتوگۆی دێمۆكراسیانە پێشوازی لێ كراوە، بەڵام ناوزڕاندن و جنێودان و زمانی سووكایەتیكردن و هەڕەشە، رەتدەكەینەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار