ڕوونکردنەوەیەک لە حکوومەتی هەرێمەوە سەبارەت بە سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرێ
2 كاتژمێر لەمەوپێش
سەردانی مێژوویی سەرۆک بارزانی بۆ پارێزگەی شڕناخ و دەڤەری جزیرێ و بەشداریکردنی لە سیمپوزیومی مەلایێ جزیری و دەربڕینی پشتیوانی خۆیان بۆ پرۆسەی ئاشتی و ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لە لایەن دامودەزگا فەرمییەکانی حکومەت و خەڵکی ناوچەکە لە بەڕێزیان کرا، جێگەی سوپاس و پێزانینە.
بەڵام دواتر لێکدانەوە و خوێندنەوەی جیاواز و نەخوازراو و دوور لە مەبەست هاتنە ئاراوە، کە دڵگرانیی لێکەوتەوە.
ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە کە سەردەمێکی ناوازە لە پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری تورکیا و هەرێمی کوردستان لە ئارادایە.
پرۆسەی ئاشتیش هەنگاوێکی دروستە لە چارەسەرکردنی پرسێکی گرنگ و هەستیار و دەستخۆشی لە حکومەت و حزبە دەسەڵاتدارەکانی تورکیا و هەموو لایەک دەکەین کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەرەوپێشبردنی ئاشتی وسەقامگیری لە تورکیا و ناوچەکەدا.
بە پێویستی دەزانین هەموو لایەکمان بە هاوکاریی یەکتر ، هەوڵی ڕەواندنەوەی نیگەرانیەکان بدەین و جەخت لە قووڵترکردنی پەیوەندییەکان و بەدیهێنانی ئاشتەوایی و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان و سەقامگیری ناوچەکە بکەین.
حکومەتی هەرێمی کوردستان
