کەشناسی: شەپۆلێکی بەهێزی باران بەڕێوەیە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان راپۆرتی پێشبینییەکانی بۆ رۆژانی 7 تاوەکو 11ی ئەم مانگە بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، بەهۆی کاریگەریی دوو نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست، کەشوهەوای هەرێمی کوردستان گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا دێت و هۆشداری دروستبوونی لافاو دەدات.

کەشناسی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "پلەی گەرما لە سەنتەری شارەکان 5 بۆ 8 پلە و لە ناوچە شاخاوییەکان 5 بۆ 12 پلە دادەبەزێ و ئەو ناوچە شاخاوییە سنوورییانەی کە بەرزییان لە 2500 مەتر زیاترە، بەفر دەبارێ."
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، "رۆژی یەکشەممە 7ی مانگ، شەپۆلی بارانبارینەکە لە رۆژئاواوە دەستپێدەکات. بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی پێشبینی دەکات لە رۆژی یەکەمدا، زۆرترین بڕی باران لە ئیدارەی سۆران ببارێت کە بڕەکەی 20 بۆ 30 میلیمەتر دەبێت."

کەشناسی دەڵێ: "رۆژی دووشەممە بارانبارین بەردەوام دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر و دهۆک باران بە لێزمە دەبارێت کە ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە لەو ناوچانەی بارانی زۆریان تێدا دەبارێت."

بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشداری لە بارانبارینی رۆژی رۆژی سێشەممە دەدات و ئاماژە بەوە دەکات: "لە نیوەڕۆوە تا درەنگی شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە، بارانی بەخوڕ و بەلێزمە دەبارێ و هۆشداری لە دروستبوونی لافاو لە ناوچە جیاوازەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان دەدرێت."

پێشبینییەکە بەوجۆرەیە کە رۆژی سێشەممە، لە گەرمیان 50 میلیمەتر، سلێمانی 40 میلیمەتر و لە کەرکووکیش 35 میلیمەتر باران ببارێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار