پارتی و یەکێتی؛ لە ڕێککەوتنی ستراتیژییەوە بۆ لێواری ماڵجیایی
2 كاتژمێر لەمەوپێش
دڵشاد ئەنوەر
ساڵێک و 37 ڕۆژ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕ دەبێت، بەڵام دۆخی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی هێشتا قۆناغی سەردەمی بانگەشەی تێنەپەڕاندووە.
چارەنوسی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی بەستراوەتەوە بە کێبڕکێی نێوانیانەوە لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، چارەنوسی ئەو پۆستە دۆخەکە بە ئاراستەی ئاڵۆزبونی زیاتر یان بەرەو ڕێککەوتن دەبات.
پۆستەکانی هەرێم؛ پێداگیری پارتی و ملنەدانی یەکێتی
هێشتا یەکێتی و پارتی گرێ کوێرەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمیان بۆ نەکراوەتەوە، یەکێتی داوای شەراکەت و باڵانس دەکات و پارتیش داواکارییەکانی ڕەتدەکاتەوە.
پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی هێندە ساردوسڕە، بەشداربوانی کردنەوەی باڵیۆزخانەی نوێی ئەمەریکا لە هەولێر شایەتحاڵی شۆڕ بونەوەی ناکۆکییەکان بون لە ناکۆکی حزبییەوە بۆ ناکۆکی نێوان بەرپرسانی هەردوولا.
پۆستی سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت، دوو ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەکۆی سێ ئەندام بەلای پارتییەوە تا ڕادەیەک هێڵی سورن، ئەمەش بە واتای بردنی هەرسێ سەرۆکایەتییەکە لەلایەن یەکێتییەوە لێکدەدرێتەوە، بەوپێیەی دەتوانرێت لەڕێگەی دوو ئەندامەکەی ترەوە سەرۆکی پەرلەمان دەست بەست بکرێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان هێڵی سوری لە سەر پۆستە ئەمنییەکانی هاوشێوەی وەزارەتی ناوخۆ و راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشیش داناوە، ئەمەش مایەی ناڕەزایەتی یەکێتی ڕکابەریەتی، چونکە پێیوایە وەزارەتی پێشمەرگە لەژێر چەتری سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتدایە و سودی لێنابینرێت.
وەزارەتە گرنگەکانی سامانە سروشتییەکان، کارەبا، شارەوانی و تەندروستی پارتی بۆ خۆی دایناون و ئەمەش دیوێکی تری ململانێکانە، بەوپێیەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دۆسیەی نەوت و گاز و وەزارەتی کارەباش دۆسیەی فرۆشتنی غاز بە عێراق و کارەبای 24 کاتژمێری پڕ لە داهاتی لەژێر کۆنترۆڵدایە.
لەکاتێکدا پارتی ئەو پۆستانەی بۆ خۆی داناوە، یەکێتی داوای هاوسەنگی و شەراکەت و بەشێک لەو پۆستانە دەکات، ئەمەش وایکردووە هەردوولا تا ڕادەیەک دەست لە گفتووگۆکانیان بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم هەڵبگرن.
پشت لە هەرێم و ڕوو لە بەغدا
هاوکات لەگەڵ پشتگوێخستنی دانوستانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم بەهۆی دووری نێوانیانەوە، چاوەڕوان دەکرێت لەمەودوا یەکێتی و پارتی گەڕێکی تری ململانێ لەسەر پۆستەکانی بەغدا دەست پێبکەن.
پارتی چاوی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمارە و یەکێتیش شەڕی بەدەستهێنانەوەی دەکات، بۆیە ئەو پۆستە دۆخی هەرێمی کوردستان دەخاتە بەردەم دوو ئەگەرەوە، ئەگەری ئاڵۆزبوونی زیاتر یاخود پەلکێشکردنی هەردوو حزبەکە بۆ ڕێککەوتن.
ئەگەر یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار ڕێکبکەون و دانوستان لەنێوانیان ڕووبدات، دۆخەکە بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم لە قۆناغی دواتردا ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام یەکلاییکردنەوەی پۆستەکە لەڕێگەی کێشمەکێش و مشتومڕەوە دۆخەکە بە ئاقاری ئاڵۆزبوندا دەبات.
بۆیە پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی تا ئەم چرکە ساتە ئاڵۆزە و جۆرێک لە دابڕان لەنێوان ڕوویداوە، بەڵام فشاری ئەمەریکا و ناچارکردنیان بۆ سەر مێزی گفتووگۆ هەموو ساتێک ئەگەری ڕوودانی هەیە.
نێوان یەکێتی و پارتی ؛ ئایا دەگاتە ماڵجیایی؟
تا ئێستا یەکێتی سەرجەم پێشنیارەکانی پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم ڕەتدەکاتەوە، پارتیش سورە لەسەر خواستەکانی و هیچ نەرمییەکی بەرامبەر یەکێتی نەنواندووە.
سەرباری دابڕانی یەکێتی و پارتی لەیەکتری، بەڵام گفتووگۆی لابەلا و ناردنی پەیام بۆ یەکتری هێشتا بونی هەیە، ئەگەرچی پەیوەندی نێوانیان بەرەو پێشچوونی بەخۆوە نەبینیوە.
یەکێتی پێیوایە چوونە نێو حکومەت بەو پلانەی پارتی دایناوە دەبێتە هۆی لاوازتربونی پێگەی، پارتیش دەڵێت خواستەکانی یەکێتی زۆر زیاترە لە پێگە سیاسییەکەی.
لەنێوخۆی یەکێتیدا بە چەند ئاراستەیەک گفتووگۆ دەکرێت، مل نەدان بە پارتی و ڕێگریکردن لە پێکهێنانی حکومەت، یاخود ئەنجامدانی دانوستان و دوو ئیدارەیی لەژێر چەتری یەک حکومەت دا، یان دوو ئیدارەیی تەواو.
رایەکی تریش لەنێو یەکێتیدا هەیە ئەگەر پارتی نەرم بو بەرامبەر بە یەکێتی لەو پۆستانەی بەرکەوتەی کوردن لەبەغدا، ئەمە بکرێتە دەروازەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی گفتووگۆی پێکهێنانی حکومەت.
یەکێتی و پارتی هەرچەندە دابڕاون، بەڵام قۆناغی ئێستای ناوچەکە و فشارە دەرەکییەکان ڕێگە بەوەنادات هەرێم بەرەو قۆناغی ئاڵۆزی زیاتر بەرن، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت دوای پێکهێنانی حکومەتی عێراق ناکۆکییەکان بەلایەکدا بخرێن.
