ئەمریکایەکی تر: خوێندنەوەی ستراتیژی نیشتمانی تڕەمپ

5 كاتژمێر لەمەوپێش



د سەردار عەزیز

ستراتیژی نیشتمانی ئەم ئیدارەیە، بە تەواوی جیاوازە لە ستراتیژەکانی تر. بە جۆرێک ناتوانرێت ناوی لێبنرێت ستراتیژی نیشتمانی هێندەی پڕوپاگەندەی سیاسی و ئامرازێکە بۆ پاڵپشتی فاشیزم لە دونیادا. یەکێک لەو دیدە سەرەکییانە کە بە سەر ستراتیژەکەدا زاڵە کەلتورە. ئەمە بە زەقی لە گەڵ ئەوروپادا زەق دەبێتەوە. ئیدرارەی ترەمپ بە ڕونی و بە توندی پشتیوانی هێزە فاشیستەکانی ئەوروپا دەکات. بە ڕەوانی ڕایدەگەیەنێت کە هەولدەدات ڕێگریی لە هێزەکانی تر بکات لە پێناو سەرکەوتنی پارتە فاشیستەکاندا.

لەم پێناوەدا دژایەتی زۆری پەنابەران و بە تایبەتی موسوڵمانان دەکات. دۆکیومێنتەکە دیدی تیورەی جێگرەوەی گەورە تەبەنی دەکات. بەپێی ئەم تیورەیە پەنابەران بە تایبەتی موسوڵمانان بۆ ئەوە نەهاتوون هەتا لە هەناو کەلتوری ئەوروپادا بتوێنەوە و ببنە هەڵگری ئەو کەلتورە، بەڵکو دەیانەوێت کەلتور و باوەڕەکەیان ببێتە جێگرەوەی کەلتوری ئەوروپا. ئەم تیورەیە لە لایەن کەسێکی فەرەنسییەوە داڕێژراوە بە ناوی کامۆ، ئێستا دیدی سەرەکی فاشیزمە لە ئەمریکا و ئەوروپا. 

ئەمە لە ئەمریکاش ڕەنگدەداتەوە کاتێک پەنابەر وەک کۆچبەر یان کەسێک نابینێت کە بە دوای ژیانێکی تردا دەگەڕێت بەڵکو زیاتر وەک تاوانبار و تێکدەر دەبینێت کە دەبێت ڕێگریی لێبکرێت. ئەم دیدە دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە پەنابەری بە گشتی لاواز بێت یان بەرەوە کۆتایی بروات وەک پرۆسەیەک لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. کۆتایی پەنابەری، بە مانای کۆتایی کۆچ یان سەفەری مرۆڤەکان نیە، بەڵکو وەک لیا یپی دەڵێت، لەمەودوا  کۆچ بۆ پارەدارانە. ئەوەی ڕێگریی لێدەکرێت بە گشتی کۆچی هەژارانە.

لە ڕاستیدا پرسی کۆچبەر، پەیوەستە بە دۆخی هەژارانی سپی لە هەناو ئەوروپا و ئەمریکا. بێگومان پەنابەری خراپ هەیە، بەڵام پرسەکە ئەوەنیە. پرسەکە لە هەژاربونی خەڵکی ئەمریکی و ئەوروپییە بە هۆی ژیری دەستکرد و جیهانگیریی و هەڵکشانی چین و لاوازی دیموگرافیی، و نایەکسانی قوڵی کۆمەڵگاکان.

کە دێتە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دیسانەوە کەلتور ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت. ئەم ئیدارەیە وەها دەبینێت مۆدێلی دیموکراسی و ڕۆژئاوایی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابێت، بۆیە دەبێت خەڵکی ئەو ناوچەیە ڕێگەیان بدرێت لە لایەن دەسەڵاتە تەقلیدییەکانی ناوجەکەوە حوکم بکرێن. دیارە ئەم لە ژێر کاریگەری مۆدێلی کەنداودا نوسراوە، کە وەها دەبینێت بونی کەسانی وەک میرەکانی کەنداو نمونە گونجاوە بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە.

ئەمە لە پەرچەکرداری دوو فاکتەرە، یەکەم، ئەزمونی شکستی ئەمریکا لە ئەفغانستان و عێراق، لە گەڵ دژایەتی ئەم نوخبەی ئەمریکا بۆ پارێزەرە-نوێکان و پرۆژەی دیموکراتیزەکردنی دونیا.

دیارە ئەم دیدە سوکایەتییە، کە وەها دابنێنین خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناتوانن حوکمی خۆیان بکەن، دەبێت کوێخایەکی هەمیشەییان هەبێت. دیارە دیدی سەرۆکی هەمیشەیی زۆر بە دڵی ترەمپە، کە ستراتیژی بە ناو نیشتمانییەکەی زیاتر پیاهەڵدانە بە سەر ئەودا نەک ئەمریکا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار