عیراق لەفـریـوی ڕێـوی زێـرڕەنـگەوە بـەرەو داوی گـورگـەبـۆر
5 كاتژمێر لەمەوپێش
ئاری قەرەداخی
پـێشـەکـی: تورکیا دەیەوێت ئاستی ساڵانەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەتەک عیراقدا بگەێنێتە بڕی 30 ملیارد دۆلار. ئەم ویستە لەڕێگای پرۆسەکانی(تەقلیدی) فرۆشتنوکڕینەوەی کاڵا لەنێوانیاندا ناێتەدی. بەڵکو، ئامرازی پاڵەپەستۆی (ناتەقلیدی) گەرەکە. لەوەدەچێت، ئێستا تورکیا ئامادەی ئەوجۆرە گەمەیە بێت..!
لە2025-11-02دا، لەئاکاری دەیان ساڵ بێنەوبەرەی پەیوەندێکانی نێوان عێراق وتورکیادا، وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات لەبەغا بەئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عیراق، ڕێککەوتنێکیان لەمەڕ ئاو واژۆکرد.
میکانیزمی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لێکدانەوەی بەدوای خۆدا هێناوە سەبارەت سروشتی بڕگە کاریگەرێکانی بۆسەر ئاسایشی ئاوی عێراق وهــتد. حکومەتی عیراق جەخت دەکاتەوە کەلەبەرژەوەندیدایە. بەڵام، شارەزایان تورکیا بەژێردەستەکردنی ئاوی عیراق دەبینن، چونکە کاراکردنی بەرچاوی سەرچاوە ئاوییەکانی پێبەخشراوە.
نــاوەڕۆک:
وتەبێژەکەی حکومەتی عیراق رێککەوتنەکە بەبەرجەستەکردنی دووانی پێشووتر راگەیاند: یەکەمیان یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی ساڵی 2014 تایبەت بەئاو واژۆ کراوە، دووەمیان ڕێککەوتنی ساڵی 2024 لەسەردانەکەی (ڕەجەب تەیب ئەردۆگان)دا بۆعیراق وکوردستان واژۆکراوە. وتەبێژەکە جەختیشی کردەوە؛ دەستبەرداربوونی عێراق لەقەرزەکانی سەرتورکیا ناگرێتەوە.! گوتیشی: حکومەتی تورکیا پێشینەێکی سەرکەوتوی لەبەڕێوەبردنی ئاودا هەیە، ئەم ئەزمونەیش پێویستیێکی حەتمیە بۆمان ولیژنەهاوبەشەکانی ڕاوێژکاری هەردوولا پڕۆژە پێویستەکان دەستنیشاندەکەن بۆهاریکاری چارەسەرێکی بەردەوام لەبەڕێوەبردنی ئاودا.
نێردەکەی (ترامپ، ساڤایا) ڕۆژی دواتر، لە 11/3لەپۆستێکی(X)دا، گورج نوسی: پیرۆزبێت لەکۆمارەکانی عێراق وتورکیا، ڕێککەوتنیان واژۆ کردووە بۆچارەسەرکردنی کێشەی بەردەوامی بەڕێوەبردنی ئاو، کەخاڵە سەرەکێکانی بریتین لە: تورکیا بڕێکی دیاریکراو ئاو ئازاددەکات، عیراقیش؛ ڕێگە بەکۆمپانیا تورکێکان دەدات بەدروستکردنی بەنداو وپڕۆژەکانی بەڕێوەبردنی ئاو، هەروەها نوسیوێتی؛ ڕێککەوتنەکە هەنگاوی گرنگە بەرەو بەهێزکردنی هاوکارێکان لەناوچەکە وبەرجەستەکردنی بەردەوامیی سەرچاوە گرنگەکانی ئاو بۆ ملیۆنان عێراقی زەرەرمەندی وشکەساڵی وکەمئاوی. ئەم لێدوانە سرنجڕاکێشە! لایەنگیری تورکیای بەئاشکرا لێدەبارێت..!
لەدوو ڕێککەوتنەکەی پێشوتردا؛ ڕێگا بۆتورکیا تەختە کاربەشی سەرەکی عێراق بێت لەدروستکردنی بەنداوی بچوک ومامناوەنددا بۆپەرەپێدانی تەکنۆلۆژیای کۆکردنەوە، ڕوپۆشکردنی ڕوبار وکۆگاکردنی ئاوی باران.
لەسرنجێکی ورددا تێدەگەین ناواخنی ڕێککەوتنەکە رادەستکردنی گەلەمافێکی ئاوی عیراقە بەتورکیا، بەبێ گوێدانە سەروەرێتی عیراق، ئەمە؛ لەبەستنەوی پرۆژەکانی بەپڕۆژەکانی گەشەپێدانی تورکیا. کەواتا ئاوی نیشتیمان بەشێوەیەکی کاریگەر دەلکێتە بەشێکی پرۆژەکانی حەوزی ڕوباری فورات لەناو خاکی تورکیادا. ڕێککەوتنەکە رەواڵەتێکی مەترسیداری کۆلۆنیالیزمکردنی ئاوە، دەرئەنجامی نەرێنی دوورمەودا لەخۆدەگرێت، چونکە؛ تورکیا دەستی دەگاتە وردودرشتی داتای پەیوەست بەزەوی وسامانی عێراق، لەوانە: زانیاری دیمۆگرافی، بەمەیش کۆنتڕۆڵی بەسەر ئاسایشی ئاو وخۆراکی عیراقدا مەحکەم وبەهێزتر دەبێت.!
بەپێچەوانەی وتاری وتەبێژەکەی حکومەت، عیراق قازانجی ئاستەمی بەردەکەوێت وپاشەکشەی پراکتیکی لەبەشێکی گرنگی سیاسەتی ئابوری بۆ تورکیا دەکات؛ کۆمپانیاکانیان دەتوانن وەبەرهێنانی فرە، بەبڕە پارەی مفت بەدەستبێنن، بەرامبەر بەڕاپەڕاندنی پڕۆژەگەلێکی سادە کەپێویستیان بەهیچ پسپۆریێکی گرنگ نییە.
ڕێککەوتنەکە بەهیچجۆرێک چارەسەری قەیرانی ئاوی عیراق ناکات، چونکە ئەوەی جاڕدراوە؛ تورکیا، بڕی یەک ملیار مەتر سێجا ئاو بۆعێراق بەردەداتەوە.! ئەمە، بەشی لەباربردنی کەمئاوی ناکات، بەڵکو یاریدەدەرێک دەبێت بۆجوڵاندنەوەێکی ئاستەمی ئاوی ڕوبارە قەتیسماوەکان لەپێناوی بەرئاوکردنێکی کەم.!
گەیشتن بەچاودێریکردنی ئاوی عیراق بۆماوەی پێنج ساڵی دواتر پێشهاتێکی ناکاو نییە، دەمێکە تورکیا هەوڵی بۆدەدات ولەم هەلەستراتیجییە دەگەڕێت.! کەدەبینین بڕێکی ئێجگارزۆر ئاوی کۆگاکراوی بەنداوەکان وڵاتەکەی لەهاویندا بۆکشتوکاڵی خۆیان بەگەردەخرێن، لەکاتێکدا عیراق چواروەرزی ساڵ کەمئاوە! ئەمەجێی مەترسییە، لەبەرئەوەی، تورکیا بەپێی ڕێککەوتنەکە دەتوانێت سەرچاوەکانی ئاوی عیراق بەئازادی (لەژێر پەردەی ڕێکخستنی بەرێوەبردنی ئاوەکان) بەکاربهێنێت.!
پرۆژەکان لەڕێگای فرۆشتنی نەوتەوە پارەداردەکرێن، ئەمە، ترس لەسەر پیادەکردنی میکانیزمەکە بەهۆی کاریگەری هەڵاوسانی ئابوری وبزوتنی ڕۆژانەی نرخەوە دروستدەکات، پشتبەستن بەم شێوازە لەسەوداکردن لەئەگەری دابەزینی نرخی نەوت وگۆڕڕان لەبازاڕی دراودا، دژواری سیاسی وئابوری جددی بۆعیراق دەکاێنێت.! کەچی وتەبێژەکەی حکومەت بڕگەی بەپارەکردنەکە بەدەستکەوت خستەڕوو، گوایا؛ کاریگەری لەسەر گەنجینەی عێراق نابێت، بەڵام، لەچرکە بیرکردنەوەێکدا، دەزانرێت پارەدارکردن لەڕێگەی بودجەوە یان جوداتر، پارەدارکردنە، لەبەرئەوەی ئابوری عیراق بەندە بەتاکەداهاتی نەوتەوە!
جێی ڕامانە؛ بڕگەکانی پەیوەست بە کۆکردنەوەی ئاو تەنها ناوچەی بیابانی ڕۆژئاوا(عەرەبستانی عێراق) لەدروستکردنی بەنداوی بچووکدا دەگرێتەوە، کەبەپێی بۆچونی شارەزایان؛ هەرگیز لەئێستادا چارەسەر نییە بۆقەیرانی ئاودێری ناوچە کشتوکاڵیە هشکبووەکان، بەڵکو تەنها ئاستی گلدانەوەی ئاوی ژێرزەوی لەوێدا بەرزتر دەکاتەوە.
ئەبوایە وەزارەتی دەرەوەی عیڕاق وریا بوایە لەداڕشتنی وردەکارێکان وپەلەنەبوایە لەواژۆکردنی، بەسادەیی بەسەریدا تێنەپەڕیابا، ڕێکەوتنەکە دوورە لەبەشداری(وەزارەتی سەرچاوە ئاوێکان) کەدامەزراوەی پەیوەندداری دەرجە یەکە لەبابەتەکەدا، هەروەها رووتە لەگفتوگۆی پەڕلەمانی.! پێویست بوو؛ لێکۆڵینەوەی تۆکمەی پسپۆراوی لەتێکڕای بەند وبڕگەکان بکرایە لەپێناو دڵنییاکردنی ڕای گشتی عێراق وپاراستنی شەفافیەت وپاراستنی بەرژەوەندی هەمەلایەن.
دەرئەنجام:
بەکوردی وبەکورتی: بۆن وبەرامی لایەنگیری ئەمریکا چیژێکی بەلەززەتی بەخشیوەتە تورکیا بۆ(5)ساڵی دادێت. عێڕاق بیەوێت/نەیەوێت هەنگاوبەهەنگاو لەئێران دووردەخرێتەوە ودەستەمۆی تورکیا دەکرێت..! لێرەدا، باببینین؛ ئیدی زماندرێژی ئیرادەی سەربەخۆخواز وڵاتپارێزانی سەرانسەری عیراقی فیدڕاڵ سەبارەت بەحەتمییەتی قۆناخی ڕاگوزاری؛ چجۆرە وتار، چجۆرە رفتار وچجۆرە هەڵوێسێکی کارا لەمەڕ سەربەخۆیی سەروەری ئەم عیراقی شیواودا دەبێت.!؟
ئێمەیش؛ لەکوردبوونمانەوە، هەقمانە، گریمانەی سیناریۆی گوماناوی لەهەناوی ڕێککەوتنەکەدا بخوێنینەوە، دەشێت؛ ئامرازی دژەکوردی لەخۆگرتبێت.! چونکە، سەرەتاو کۆتا؛ دەستەڵاتی تورکی دژەسەرسەختی مافەکانمانە لەسەر ئەم هەسارەیەدا، ڕەنگە لەوڕوانگەیەوە تورکیا (بەچاولێپۆشینی عیراق) بەتەمابێت لەداتاشینی ناواخنی بەندوبڕگەکاندا پاڵەپەستۆی سیاسی بسەپێنێت.! لەبەرئەوەی بەئاسانی دەتوانێت ئاو لەپێناو بەرژەوەندی ئابوریدا وەک چەکێکی فشار بڕەخسێنێت بۆئەوەی هێزە سەربازێکەی لەخاکی کوردستاندا لەژێرچەند بیانوێکی هەزەلی وپڕوپوچی وەک؛ پاراستنی سەلامەتی پرۆژەکان بهێڵێتەوە..! بەدیوێکی تردا، دوور نییە ڕۆژژمێری سیاسەتی تورکیا تێیدابێت؛ (PKK) بۆلەباربردنی خواستەڕەواکانی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنێت.! لەکاتێکدا ئاشی پرۆسەی ئاشتی لەوێدا بەرامبەر باکورد بەگەرموگوڕی دەگەڕێت وهیچجۆرە ترسێک نەماوە..!
کۆتاووشە:
هەققە، دوورلەسۆز، بابەتیانە؛ هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدروستکردنی چەند بەنداوێکی بچوکبچوک وگلدەرەوەی ئاودا هەڵبسەنگێندرێن، کەئاماژەی بیرکردنەوەێکی ستراتیجی نیشتمانیین. ئەو پرۆژانە بەتوانای سنورداری خۆماڵی دەبەرهەمێندرێن، بەبێئەوەی هیچ تەنازولێک بۆهیچ لایەنێکی دەرەکی پێویست بوبێت، لەکاتێکدا لەهەموو ئاستێکدا ئاڵەنگاری زۆر بەرۆکی هەرێمی کوردستان وگەلەکەی گرتووە.!
پڕشکی لایەنەکانی ئـەرێنی ئەم پرۆژە سادە وخاکییانە بۆهەموو هاوڵاتیانی کوردستانی عیڕاقە. لەسایەیاندا قەوارەی هەرێمەکەمانیش لەکاریگەری نـەرێنی تەڵەی سیاسی، نیفاق وقەیرانی کەمئاوی دووردەخێنرێن.
کـورد لەخــۆڕا ناڵـێت: ئــاو و ئــاوەدانــی.
