گۆڕەکانی هەرمۆتە بۆ تێکدەدەن

7 كاتژمێر لەمەوپێش



برزو ئیسماعیل مەنسور

تێکدانی گۆڕەکانی گۆڕستانی هەرمۆتە، کارێكی زۆر نامۆیە لە کۆیە،  لەمێژووی دورو نزیکی کۆیە شتی وا رووی نەداوە. ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە، دەبێت بدۆزرێنەوە و سزای خۆیان وەرگرن، لەسەر هەموومانیش پێویستە، ئیدانە و شەرمەزاریان بکەین.

(هەرمۆتە) تاقە گوند بووە لەدەڤەری کۆیە کە لە دێرزەمانەوە زۆربەی خەڵکەکەی لەسەر ئاینی مەسیحین. 
بەگوێرەی گێرانەوەکانی مێژوو، کاتی هاتنی لەشکری ئیسلام بۆ داگیرکردنیان، شەڕێکی گەورە لەو ناوچەیە روویداوە.

گوندی (شیلە) خەڵکەکەی زەردەشتی بوون هەر وەک خەڵكی ئەوکاتەی کۆیە،گوندی شیلە هاوتخوبی هەرمۆتەیە، شەڕێکی قارەمانانەیان لەگەڵ عەرەبەکان کردوە لەو ناوچەیە. 

ئارکۆلۆجی ناوچەی شیلە دەریدەخات، کە شوێنەواری گەورەترین ئاتەشگەدە و شوێنی خوا پەرستی زەردەشتیەکان لەناوچەکە لەو گوندە بووە.

دوای ئەوەی کوردەکان لەشەڕەکان دەشکێن و عەرەبەکان ژن و منداڵیان دەکەنە سەبایە و ماڵ و موڵکیان داگیر دەکەن. خەڵكی هەرمۆتە لەسەر دینی خۆیان دەمێننەوە، بەڵام جزیە بە موسڵمانەکان دەدەن. (بە گوێرەی شەریعەتی ئیسلامی ئەگەر نەتەوێت ببیە موسڵمان، دەبێ بەزۆر جزیە ( خاوە) بدەیت بۆ ئەوەی بهێڵێن لەسەر دینەکەی خۆت بمێنیەوە). ئەو خەڵکە بێدەرەتانەی هەرمۆتە ئامادە بوون جزیە بدەن، بەڵام بیروباوەڕ و دینی خۆیان نەگۆڕن.

موسڵمانەکان و دیانەکان و جولەکەکان لەکۆیە بۆ هەزاران ساڵ پێکەوە ژیاون، کێشەی دینی و باوەڕداریان نەبووە. 
کەچی بەم دواییانە، بەهۆی توندڕەوی ئیسلامی سیاسی و هاندانی دەوڵەتانی بێگانە، خەریکە ئەو نەسیجە کۆمەڵایەتیە تێک بدەن. بەدەستی نەزان و کەم ئەقڵەکانی خۆمان، ئاشتی کۆمەڵایەتی دەخەنە مەترسیەوە.

مەسیحیەکان و جولەکەکان لەناو کۆیە گەرەکی تایبەت بە خۆیان هەبووە، ئیستاش ئەو گەرەکانە ماون، زۆربەی خەڵك بەو ناوە دەیانناسنەوە. سنوری هەرمۆتە ئێستا لەگەڵ کۆیە تێکەڵاو بۆتەوە و وەک گەرەکێکی کۆیەی لێهاتووە .

ئەو پرسیارەی سەر هەڵدەدات، بۆ لەو کات و ساتە گۆڕەکانی گوندی هەرمۆتە تێکدەدەن؟ کە پێشتر شتی وا رووینەداوە.
بەمەزەندەی خۆم دوو بۆچوون هەیە: 

یەکەم: هەندێك هەرزەکار و مێشك شۆراوە بە فیتی هەندێ توندڕەوی ئیسلامی یان سەربەخۆ ئەو کارەیان کردوە کە دەبێت بدۆزرێنەوە، ئەگینا کاری خراپتر دەکەن. 

دووەم: لەوانەیە پەیوەندی بەو گۆڕانکاری و بەرەو پێشچوونەی ناوچەکە هەبێت کە روودەدات و ئەمریکا سەرپەرشتی دەکات. 

ترامپ نوێنەرێکی مەسیحی کلدانی وەک نوێنەری خۆی دیاری کردوە بۆ عێراق (مارك ساڤایە). ئەوە بەرژەوەندی هەندێ لە دەوڵەتەکانی ناوچەکە و هەندێک ئەحزابی عیراق دەخاتە مەترسیەوە. بۆیە بە حسابی خۆیان دەبوو کارێك بکەن کێشەی نێوان موسڵمانەکان و مەسیحیەکان دروست بکەن، کە ئەوە زۆر دورە لە سروشتی پێکەوەژیانی خەڵكی کۆیە. 

ئەوان پێیان وایە ئەگەر بێت و لەگەل مەسیحیەکانی عیراق، بەتایبەتی کوردستان کێشە دروست بکەن، کاریگەری لەسەر نوێنەرەکەی ترامپ دەبێت و کێشەکە گەورەتر دەکەن، ئەوکاتە  ئەمریکا چاو بە نوێنەرەکەی خۆی دەخشێنێتەوەو عەمامە بەسەرێک دەکاتە نوێنەری خۆی. 

ئەوانەی کە دەستیان هەبوو لە کێشەکانی کۆرمۆر و گوندی لاجان، بە ئیعازی ئەوان ئەو کێلانەی قەبرستان شکێنراون، راستە بەدەستی هەندێ هیچ نەزانی مێشك شۆراوە و بەکرێگیراوی ناوخۆ بووە، بەڵام بەرنامەکە و پیلانەکە لای ئەوان هاتووە. دوا رۆژ هەندێ راستی دەردەخات.

بە دڵنیایی ئەوانە لەئاوی لێڵدا مەلە دەکەن، هەرگیز ئەو خەونەیان نایەتە دی. چونکە تێکەڵاوی مەسیحیەکان و خەڵكی کۆیە، تەنانەت لە ناوچەکانی  تریش زۆر لەوە گەورەترە بە کێشەیەکی ئاوا تێكبچێت، مەسیحیەکانی کوردستان لە شۆڕشەکانی کورد، شان بەشانی موسڵمانەکان لە ریزی پێشەوە بوون، خەبات و قوربانیدانی  ئەوان شاهێدە کە نە درەنگ هاتوون و نە کەمیان کردوە، دەیان ژن و پیاوی خەباتگێر و شۆڕگێری وەک شەهیدمامۆستا سەلیم و شەهید سۆران و شەهید مارگرێت و ..... دەیانی تریان هەیە. کە نمونەی بەرزی بەرخۆدانی مەسیحیەکان بووە دژی داگیرکەران.

بۆیە دەبێت چاوکراوە و وریا  بین، نەکەوینە داوی ئەو  تەڵەکە بازانەی دەیانەوێت  هەرێمەکەمان بگەڕێنەوە دواوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار