هەڵمەتی راگەیاندنی نێوان یەکییەتی وپارتی و بیرهێنانەوە تاڵەکان

8 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەبوبەکر کاروانی

لێپرسراوی دەزگای راگەیاندنی یەکێتی ڕایگەیاند لەگەڵ پارتی  رێکەوتوون،  بۆئەوەی  هەڵمەتی ڕاگەیاندنی نێوانیان رابگرن.  مرۆڤی پەرۆش بۆ وڵاتەکەی،  کاتێك دەستەواژەی هەڵمەتی ڕاگەیاندن دەبیستێت، کەناوبراو لەشوێنی خۆیدا بەکاری هێناوەو یەکسانە بە، بەکارهێنانی توانا راگەیاندنەکان بۆ یەکتر ناشیرینکردن، تۆمەت خستنە پاڵ یەکتر،  رووخاندنی مسداقییەتی هێزی بەرامبەر، نیشاندانی وەك هێزێکی دابراو لەمۆڕاڵ وهەست بەلێپرسراوێتی سیاسی وئەخلاقی ونیشتیمانیی، سەرودڵی دادەگیرسێت.

چونکە هەموومان دەزانین ئەم دەستەواژە بەشێکە لەزمانی دەربرینی شەری ناوخۆی نەگریس. بەڵگەیە لەسەرئەوەی دۆخی پەیوەندییەکانی ئێستای  نێوان ئەم دوو هێزە،  لەناوەرۆکدا، درێژەکێشانی شەری ناوخۆیە بەجۆرێکی تر، هەربۆیە ئاسەوارەکانی شەرەکەش، هەرلەبازگە سەرودڵ داگیرسێنەرەکانەوە بگرە، تازۆن وسنوری نفوزو هێزەکان و جۆری پەیوەندییەکان، بەهەندێ دەستکاری کەمەوە، وەکو خۆیان ماون!.

لەوەش ناخۆشتر، دەستەواژەکە بیرمان دەهێنێتەوە کە تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بیرۆکەی حکومەت و دەسەڵاتێکی ناوەندی و دامەزراوەی نیشتیمانیی سەروحیزبی ودەڤەریی راستەقینە، بەگوێرەی پێویست لەبیرکردنەوەی نوخبەی حوکمرانی حیزبیدا نەچەسپاوە!   خەیاڵدانی سیاسیشیی، توانای تێپەراندنی بەکردەوەی سنووری حیزب وزۆنی نییە. زمانە سیاسییەکەی بەدەست هەژارییەکی کوشندەوە دەناڵێنێت.

پرسیارە  دووبارەگەورەکەش لێرەدا ئەوەیە، داخۆ ئەم  دۆخە تاکوکەی بەردەوام دەبێت؟ کەنگێ کاتی ئەوە دێت، هەناسەو ئەخلاق و کەلتورو زمانی شەری ناوخۆ تێپەڕێنن و دەست بەقۆناغێکی راگوزەری دوای شەر، بەتایبەتمەندییە کوردستانییەکە بکەن؟ داخۆ ئەم دوو هێزە وێستگەیەك  دەبینن بچنە دوای ئەم قۆناغەوە؟ دەستەواژەی هەڵمەتی راگەیاندن وکۆی زمان وهەناسەی شەری ناوخۆ  بکەن بەبەشێ لەرابردوو،  بەحوکمی ئەوەی کە ئاماژەیە بە  بوونی ململانێیەکی نائامانجمەند، لەکۆمەڵگەیەکی نارێکخراوی سیاسی نیمچە هەڵوەشاوەدا.

لەکاتێکدا هەردووکیان  بەرواڵەت  لەحکومەتدان و دەسەڵاتی هاوبەشی هەرێم پێکدەهێنن؟  بریاردەدەن لەناکۆکی وململانێوە بگوازنەوە بۆ کێبرکێی سیاسی بەوجۆرەی دیموکراسی ونیشتیمانسازی وناسیۆنالیزمی مەدەنی دەیخوازێت؟ تێبگەن لەوەی نیشتیمان و گەل و دەسەڵاتسازیی مۆدێرن،  دژبەیەکیی جەوهەرییان لەگەڵ زمانی سووکایەتیپێکردن، دیاریکردنی دوژمن لەنێو ماڵی نەتەوەیی و تۆڵەکردنەوە و کینەی سیاسیدا هەیە؟

کەی دەگەنە ئەو قەناعەتەی ئەودەیان وسەدان  پەیجە سێبەرە  دابخەن، کەشەوورۆژ لەرێی ئەوانەوە تەنانەت لەکاتی دانیشتن وگفتوگۆکانیشدا  قسەی نزم و وسووکایەتی نامێنێت بە یەکتری نەڵێن ونەکەن؟  بریاردەدەن دان بەحکومەتی هەرێمدا بنێن وهێزەکانیانی رادەستبکەن؟ دەستورێك بۆ هەرێمەکە پەسند بکەن. 

هەر لەئێستاوە بازگەکانی شەری ناوخۆ هەڵبگرن، وێنەی شەهیدەحیزبییەکانی ئەو شەرە لابەرن و یادەحیزبییەکانی پەیوەست بەوکۆتاییپێبهێنن…هتد یاخود، بەپێچەوانەی ئەرکەکانیانەوە، هاوشێوەی ئێستا لەبازنەیەکی داخراودا دێن ودەچن، تەنها ئیدارەیەکی ناکارای ململانێکانیان دەکەن و ناکۆکییەکانیان لەسەرحسابی هاوڵاتی، قەوارەی هەرێم، گەلی کوردستان ودۆزەکەی، بەردەوامی  پێ دەدەن وهەرگیز ناهێڵن قۆناغ ببرین، لەکاتێکدا هەروەك پێشتریش نوسیومانە خۆمان وئایندەو دۆزو چارەنووسمان لەبەردەم پێناسەکردنەوەیەکی نوێدایە؟.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار