ڕانانی کتێب

کاتژمێرێک لەمەوپێش



ناوی کتێب: "بیرمەند و مێژوونووسی گەورەی کورد محەمەدئەمین زەکی بەگ ١٨٨٠-١٩٤٨"
نووسینی: د. صەباحی غالیب

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

"بیرمەند و مێژوونووسی گەورەی کورد محەمەدئەمین زەکی بەگ ١٨٨٠-١٩٤٨"، تازەترین بەرهەمی نووسەر و لێکۆڵەر د. صەباحی غالیبە، کە لە دووتوێی ٥٠٠ لاپەڕەدا نووسراوە و لە پێشەکی و نۆ بەش و ئەنجام و پێنج پاشکۆ پێکهاتووە و چاپی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥ لە هەولێر ئەنجام دراوە. نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەیدا نووسیویەتی: ئەم کتێبە لەبارەی جیهانبینی زانایەکە کە لەناو ڕووداوەکانی سەردەمی خۆیدا قاڵ بووەتەوە و هاوکات دەربارەی کەسایەتییەکیشە کە قسەکردن دەربارەی ژیانی ئەو ئاوێتەیە بە قسەکردن لەسەر مێژوو و سیاسەت و نەتەوەی کورد، وەک چۆن نووسینیشە دەربارەی زمان و ئەدەبی کوردی. جگە لەوەش د. سەباح وەک پاڵنەرێکی دیکە بۆ نووسینی توێژینەوەکەی دەربارەی ژیان و کار وبەرهەمەکانی ئەم مێژوونووسە ناودارە دەڵێت: ئەم کەسایەتییە بەناوبانگە شاهیدحاڵی سێ قۆناغی مێژوویی ناوچەکە و نەتەوەکەی بووە، ئەوانیش بریتین لە سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و حکومەتی کوردستان بە حوکمداریی شێخ مەحموود و قۆناغی فەرمانڕەوایی مەلەکییەتی عێراق و کارکردنی بۆ ماوەی ٢٤ ساڵ وەک کوردێکی هۆشیار وەک یەکێک لە کاربەدەستە سەرەکییەکانی ئەو دەوڵەتە.

هەرچی بەشی یەکەمی توێژینەوەکەیە، تەرخانکراوە بۆ گەشتی ژیانی محەمەدئەمین زەکی بەگ و بە وردی باسی لە دایکبوون و وێستگە جیاجیاکانی ژیانی ناوبراو هەر لە سەرەتای خوێندنییەوە تا سەرهەڵدانی بیری نەتەوەیی و ژیانی سەربازی و کارگێڕی و فرەڕەهەندیی ژیانی کۆمەڵایەتی و بەرواری مردن و کاریگەربوونی چەندین کەسایەتی و نووسەری هاوچەرخی دەکات، بۆ نموونە باس لە پیرەمێردی نەمر دەکات کە لەژێر کاریگەریی کۆستی مردنەکەیدا دەنووسێت:

چرای ڕووناکیی کورد کوژایەوە         تەختی سلێمانی، تەخت کرایەوە
تۆماری کوردیی تەئریخ هەڵپێچرا     پەردەی ڕەش بە ڕووی ئەدەبدا کێشرا
ئەمین زەکی بەگ، ڕۆژی ڕەمەزان      (هەوارگە)ی بردە (گردەکەی سەیوان)

لە بەشی دووەمی توێژینەوەکەیدا، د. سەباح دەربارەی میتۆد و شێوازی مێژوونووسینی محەمەدئەمین زەکی بەگ دەدوێت و پاشان باسی گرنگی کتێبەکەی "خۆلاصەیەکی مێژووی کورد و کوردستان"دەکات، کە چۆن بە شێوەیەکی کرۆنۆلۆجی ڕیزبەندی ڕووداوەکانی کردووە و هەروەها باسی گرنگیدان بە جوگرافیا دەکات وەک تایبەتمەندییەکی میتۆدی نووسینەوەی مێژوو لەسەدەی بیستەمدا و هەردوو کتێبی "مێژووی کورد و کوردستان" و "تەئریخی سلێمانی و وڵاتی"ی ئەمین زەکی بەگ بە نمونە دەهێنێتەوە و ڕای دەگەیەنێت کە ئەمین زەکی بەگ، پێش وێڵ دورانت و ئارێڵ دورانتی نووسەرانی کتێبی "مێژووی شارستانییەت" هەستی بە گرنگی و کاریگەری و ڕۆڵی جوگرافیا کردووە لەسەر مێژوو.

لە بەشی سێیەمدا نووسەر باسی ڕوانگەکانی ئەمین زەکی بەگ بۆ پرسی نەتەوە و دەوڵەتداریی دەخاتەڕوو، باسی واقیعبینی و گرنگی ڕوانگەکانی دەکات بۆ پرسی سەربەخۆیی کورد و داواکردنی ئۆتۆنۆمی بە پێی سیاقی مێژوویی و سیاسی سەردەمی کاربەدەستیی ئەو لە عێراقدا، بە داوایەکی ڕەوا و لۆژیکیانە دەبینێت. 

بەشی چوارەم تەرخانە بۆ باسی ئەو نامەیەی بۆ مەلیک فەیصەڵی دەنووسێت و پاشان باسی بارودۆخی سیاسی باشوور و بە تایبەت سلێمانی و ڕاپەڕینی ٦ی ئەیلولی ١٩٣٠ دەکات و ڕەخنەکانی د. کەمال مەزهەریش لە نامەکە بە لەنگ و ناڕەوا دەبینێت. هاوکات ناوەرۆکی ئەو نامەیەشی تێدا دەخرێتە بەرباس کە بۆ نوێنەری باڵای بەریتانیای ناردووە لە بەغداد. 
بەشی پێنجەم باسی گرنگی زمانی کوردی و هەوڵەکانی ئەمین زەکی بەگ بۆ جێگیرکردنی خوێندن بە زمانی کوردی دەخاتە بەرچاو و پاشان ڕوانگەکانی بۆ شیعر و ئەدەبیاتی کوردی هەڵدەسەنگێنێ و لێکدانەوەیان بۆ دەکات. پاشان ڕای شاعیرانی وەک پیرەمێرد و عەلی کەمال باپیرئاغا لەبارەی توانا شیعرییەکانی ئەمین زەکی بەگەوەوە بە نموونە دەهێنێتەوە.
لە بەشی شەشەمدا نووسەر باسی کاروچالاکییەکانی محەمەدئەمین زەکی بەگ دەکات لە پەرلەمانی سەردەمی پاشایەتییدا و هەروەها باسی دڵسۆزی و کارڕاپرەڕاندنەکانی دەکات وەک کەسایەتییەکی کاریگەر لە پۆستی وەزیریدا کە چەندین جار لە چەندین وەزارەتی جیاوازدا ئەو پۆستەی پێدراوە. 

هەرچی بەشی حەوتەمە تەرخانکراوە بۆ ناوی ئەو کتێب و بەرهەمانەی ئەمین زەکی بەگ کە لەماوەی ژیانیدا و دوای کۆچی دوایی ئەو بە زمانی کوردی و عەرەبی و تورکی بڵاو کراونەتەوە. لەگەڵ سەرجەم ئەو لێکۆڵینەوە زانستی و توێژینەوانەی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمەدا بۆخۆی بڵاوی کردوونەتەوە.

هەردوو بەشی هەشتەم و نۆیەمی کتێبەکەش تەرخانکراوە بۆ نامیلکە تاقانە و قەدەغەکراوکەی ئەمین زەکی بەگ"دوو تەقەلای بێ سود"، لە بەشی هەشتەمدا باسی سەرگوزشتەی هاتنە بەرهەم و لەناوچوون و سوتانی نامیلکەکە دەکات لە چاپخانەدا و پاشان باسی ئەو نوسخە ڕزگارکراوە دەکات کە بەهۆی سەردانێکی مێجەر ئەدمۆنسەوە بە ڕێکەوت بۆ چاپخانەکە ڕزگاری دەبێت و دوای تەواوبوونی ئەرکەکەی لە عێراق لەگەڵ خۆیدا دەیبات بۆ لەندەن. لە بەشی نۆیەمیشدا د. سەباح لەبەر گرنگیی ناوەرۆکی نامیلکەکە لەگەڵ وێنەی کۆپیکراوی نوسخە ئەسڵییەکەدا نامیلکەکەی خستووەتە سەر شێوازی ڕێنووسی نوێی کوردی و وەک خۆی باسی دەکات ئەم کارەشی وەک سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ لێکۆڵینەوە لەبواری ڕێنووس و زمانی کوردییدا ئەنجامداوە. تا ئەکادیمیست و نووسەران و لێکۆڵەرانی ئەو بوارە لێی سودمەند بن. 

لە کۆتاییدا نووسەر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی دەخاتەڕوو و دواتریش پێنج پاشکۆ بۆ لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی نووسەران و ڕووناکبیرانی کورد بۆ نامیلکەی "دوو تەقەلای بێ سود" و بۆچوونەکانی ئەمین زەکی بەگ تەرخان دەکات و پاشانیش بە نووسینی پوختەیەک دەربارەی توێژینەوەکەی بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی، کۆتایی بە توێژینەوەکەی دەهێنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار