"عادل نوری وه‌ڵامی پرسیاره‌کانى لیژنەی فەتوای له‌سه‌ر وه‌نکۆین نه‌دایه‌وه‌"

7 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

ئەندامێکى لیژنەى فەتوای هەرێمى کوردستان رایدەگەیەنێت، چوار مانگ چاوەڕێی عادل نورییان کردوە زانیارییان پێبدات لەسەر مامەڵەکردن بە دراوی ئەلیکترۆنى وەنکۆین، بەڵام هیچ وەڵامێکى لیژنەکەى نەداوەتەوە.

دوو هەفتە لەمەوپێش لیژنەى فەتواى هەرێمى کوردستان رایگەیاند کە مامەڵەکردن بە دراوی وەنکۆینەوە حەرامە، پەرلەمانتار عادل نوری کە یەکێکە لە کەسە دیارەکانى نێو دراوى وەنکۆینن و لە رابردوودا مارکێتینگێکى زۆری بۆ کردوە،  لە ژمارەى پیشووى هاوڵاتیدا وتى ئەوانەى فەتوایان داوە «ئەهلی بوارەکە« نین و تۆمەتباریان دەکات بەوەى لە پشت «قاچاخچیەکانی بتکۆینن». هەروەها وتبووی بۆ ئەو فەتوایە قسە لەگەڵ ئەوان نەکراوە.

لەمباریەوە ئەحمەد شافیعی،  ئەندامی لیژنەى باڵاى فەتوا لە هەرێمى کوردستان بە هاوڵاتى وت «من پێش پێنج مانگ بەر لە ئێستا بە ئەو برادەرەم وتووە حەزدەکەى سێ مانگ چوار مانگ چاوەڕێى ئێوە دەکەین وەرە بە تێر و تەسەلی بۆ باسبکە، گفتوگۆمان لەگەڵ بکە یان بۆمان بنوسن، بەڵام ئەوان نهەاتنە لاى ئێمە نە هیچ شتێکیشیان بۆنوسین واتە پێش دەرچوونى فتواکە پەیوەندى پێوە کراوە، تەنانەت لە ماڵى خۆشیاندا پێى وتراوە.

لیژنەى باڵاى فەتوا لە هەرێمى کوردستان لە 5/4/2018 راگەیەنراوێکى بڵاوکردەوە کە تێیدا دەڵێت «بڕیارماندا بە مامەڵەکردن بەو دراوە ئەلیکترۆنیە و هاوشێوەکانى  لە روانگەى فیقەى ئیسلامى  ئاڵۆز و یاساغ و نادروستە و دراوێکى گریمانەییە، شەریعەتى ئیسلامیش مامەڵەکردن بە دراوى گریمانەیى  پێدروست نییە«.

وەن کۆین و بتکۆین دوو دراوی ئەلیکترۆنین، خەڵکانێک لە کوردستان مامەڵەو کڕین و فرۆشتنى پێوەدەکەن بە مەبەستى قازانج، زۆرینەى بەکارهێنەرانى ئەم دوو دراوە بەوە ناسراون کە لە ئیسلامیەکانن.

عادل نورى، بە وت »ناوەڕۆکى فەتواکە تەناقوزات و دژبەیەکى زۆرى تێدایە، ئەم پرسە هى ئەوە نییە لیژنەى فەتوا بەبێ ئەوەى گوێ بگرن لە لایەنى بەرانبەر فەتوایەک دەربکەیت، دەبوو ئەوانەى ئهەلى ئەو بوارەن قسەیان بکردایە«.

بەڵام ئەحمەد شافیعی دەڵێت «ئەو لیژنەیە چەندین کەسى پسپۆڕ و دکتۆری تێدایە لە بوارێک لە بوارەکان، ئێمە پێشتر ئەوەى لێکۆڵینەوەیەکى وردمان کردو گەیشتینە ئەو قەناعەتەى ئەو جۆرە مامەڵەیە حەرامە و رێگە پێدراو نیە، چونکە زیان بە ئایندەى ئەم نەتەوەیەمان دەگەیەنێت و کۆمەڵێک کەس بەهۆى ئەو مامەڵەیەوە پارەکانیان دەڕوات و مایە سفر دەبن، کۆمەڵێکى تر قازانجێکى زۆر دەکات».

ئیسلامییەکانى کوردستان مامەڵەیەکى زۆر بە بیتکۆین و وەنکۆینەوە دەکەن، ئەوانەى کە سەر بە یەکگرتووى ئیسلامی و سەلەفیەکانن زیاتر مامەڵە بە دراوی وەنکۆینەوە دەکەن، هەروەها ئەوانەشی کە مامەڵە بە بیتکۆینەوە دەکەن زیاتر سەر بە کۆمەڵى ئیسلامین.

ئەوەى زیاتر مارکێتینگى بۆ دەکرێت دراوی وەنکۆینەوە کە هێشتا لە هیچ بۆرسەیەکدا بوونى نیە، بەڵکو دەستاودەست لەگەڵ کڕیاردا رێکدەکەون و پێیان دەڵین کە کۆتایی ئەمساڵ دراوەکە دەچێتە بۆرسەوەو دواتر ئەکاونتیان بۆ دروستدەکرێت، بەڵام بتکۆین جیاوازەو لە بۆرسەکانى ئاڵوگۆڕی دراودا هەیەو رۆژانە زیاتر ملیارەها دۆلار مامەڵەى پێوەدەکرێت و ئەو کەسەى مامەڵەى پێوەدەکات ئاگاداری وردەکاری حسابی خۆیەتى.

بەڵام ئەوانەى لە ناو کۆمەڵى ئیسلامی مامەڵە بەم دراوەوە دەکەن، رێکدەکەون لەگەڵ کڕیاردا کە دراوەکەى بۆ بکڕن بەو پێیەى کەسێک لە سەرەتادا مامەمەڵە بەم دراوەوە بکات پێویستى بە شارەزایی هەیە، واتە ئەوان تەنها بۆیان دەکڕن و پارەیەکى زیاتریان لێوەردەگرن.

بەڵام مامەڵەکردن بە دراوى وەنکۆین جیاوازە، ئەو کەسەى کە مارکێتینگی بۆ دەکات کۆمپانیاکە بەشێک قازانجى پێدەدات لەو مامەڵەیەدا.

سەبارەت بە حەرامکردنى وەنکۆین لە لایەن لیژنەى فەتواوە، عادل نورى دەڵێت «دەیەها کەسى مەکتەبى سیاسى لایەنە ئیسلامییەکان ئەهلى نوێژو تاعەتن لەسەدا 99ى ئەوانەى ئەم ئیشە دەکەن ئەهلى حەرام و حەڵاڵن، بەتەنگى دیندارى خۆیانەوە دێن و خۆیان دەپارێزن لە حەرام و بەرچاوڕۆشنن».بە پێی لێدوانى عادل نوری بۆ هاوڵاتى کە هەفتەى پێشوو بڵاوبوویەوە، عادل نوری ئەوانەى لە پشتى فەتواکەوەن ئەو کەسانەن کە نەیاری کارەکەى ئەوانن، وتى «هیچ رەبتێک نییە وەنکۆین حەرامە یان حەڵاڵە، ئەوانەى دەڵێنن حەرامە، ئەوانە لەپشتى قاچاغچییەکانى بت کۆیینن».

بەڵام ئەحمەدشافیعی دەڵێت «لیژنەى باڵاى فتوا بەکۆى دەنگ پێى وابوو ئەو مامەڵانە حەرامە و نادرووستە، ئیتر فڵان پەرلەمانتار و فڵان کەس چۆن بیردەکاتەوە ئەوە بیر و بۆچونى خۆیەتى».

سەبارەت بەوەش کە عادل نوری دەڵێت ئەوانە لە پشت قاچییەکانى پیتکۆینن، ئەحمەد شافعی وتى «ئەو دەنگۆیانە هیچ راست نین».

ئەوانەى کە مارکێتینگ بۆ وەنکۆین دەکەن و کڕیاری بۆ دەدۆزنەوە بە کڕیار دەڵێن کە ئەم دراوە نرخەکەى لە داهاتوویەکى نزیکدا بەرزدەبێتەوە، بەو پێیەى پێشتر دراوى بتکۆین بەرزبۆتەوە.

بیتکۆین لەساڵى 2009 لەلایەن کەسێکەوە بەناوى ساتۆشى ناکۆمۆتۆ دروستکرا، سەرەتا نرخى هەر بیتکۆینێک تەنیا 0.003 دۆلار بوو، بەڵام ساڵى رابردوو نرخى هەر بیتکۆینێک گەیشتە 20 هەزار دۆلارو دواتر دابەزییەوە بۆ خوار 10 هەزار دۆلار. بەڵام وەنکۆین لەلایەن ئافرەتێکەوە بەناوى د.رۆجا ئیگنەتۆڤا دروستکراوەو نرخى راستەقینەى ئەم دراوە دیار نییە بەوپێیەى لە بۆرسەدا نییە، تەنها کۆمپانیاکە خۆى نرخێکى بۆ داناوەو ناوە بەناوە نرخەکان بەرزدەکاتەوە، تا ئێستا کەسی کڕیار ناتوانێت دراوەکەى بفرۆشێتەوە، بەڵام کڕیاری بتکۆین دەتوانێت بیفرۆشێتەوە.

ماوەى دوو ساڵە مامەڵەکردن بەو دراوانە لەنێو ئیسلامییەکانى کوردستان بەتایبەتى یەکگرتووى ئیسلامى و کۆمەڵى ئیسلامى رەواجى زۆرى پەیدا کردووە، لایەنگرانى هەردوولاش بەسەر دراوەکاندا دابەشبوون و خۆیان بە ڕکابەری یەکتری دەزانن، لەکاتێکدا ئەو دوو کۆمپانیایە خۆیان رکابەری لە نێویانیادا نییە، بەو پێیەى شێوازی ئیشیان جیاوازە.

ئەمیندارى یەکگرتوو لەڕوونکردنەوەیەکدا کە رۆژى 2/1/2018 بڵاویکردەوە، رایگەیاند «ماوەیەکە گفتوگۆ لەسەر بابەتى (بیتکۆین) و (وەنکۆین) دەکرێت، کە گوایە کاسپییەکە لەناو یەکگرتووەکاندا رەواجى پێدەدرێ. راشکاوانە رایدەگەیەنین، بەهیچ جۆرێک دوور و نزیک ئەم بازرگانییە وەهمىو ناڕوونە، پەیوەندى بەحزبەوە نییە، ئێمەش لەزارى خەڵکەوە بیستوومانە کە کەسانێک تووشبوون و مومارەسەى دەکەن و، بازاڕى بۆ گەرمدەکەن».

ئەمیندارى یەکگرتوو ئامۆژگارى ئەندامانى حزبەکەى کردبوو کە

خۆیان »بەم کاسبییە وەهمییەوە خەریک نەکەن».

سە‌بارە‌ت بە‌ نکۆڵیکردن عادل نوری لە‌ دراوى لە‌وە‌ى کە‌ بۆ فە‌تواکە‌ قسە‌ لە‌گە‌ڵ ئە‌وان نە‌کراوە‌، ئە‌حمە‌د شافعی دەڵێت «پێشتر گفتو‌گۆمان بووە‌و قسە‌ى لە‌گە‌ڵم کردووە‌و وتومە‌ وە‌کو خۆم هیچ قسە‌یە‌ک ناکە‌م هە‌تا لە‌ لیژنە‌ى فتوا لێى نە‌کۆڵینە‌وە‌و دیراسە‌ى نە‌کە‌ین من لە‌ خۆمە‌وە‌ هیچ ناڵێم، لە‌بە‌ر ئە‌وە‌ پێمباشە‌ ئە‌م شتە‌ بە‌ تە‌فسیل بۆمان بنوسن، ژمارە‌ى خۆم و ناونیشانى سایتى زانایانم پێدان کە‌ بۆمان بنێرن، بە‌ڵام ئە‌وان هیچ وە‌ڵامێکیان نە‌بوو».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار