ئەمریکا و سعودیە کاردەکەن بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت و سزادانى ئێران
7 ساڵ لەمەوپێش
هەرێم جەعفەر
سعودیە دەیەوێت نرخی نەوت بگەیەنێتە ١٠٠ دۆلار و پێش دەچێت دۆناڵد تڕەمپ یارمەتییان بدات بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە.
لە پشت پەردەوە، سعودیە هەوڵی ئەوە دەدات، نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ ١٠٠ دۆلار بەرزبکاتەوە، ئەمەش بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی خەرجی حکوومەتەکەی و بەرزکردنەوەی بەهای کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆی سعودیە.
پێشتر کۆمپانیای شێڵی ئەمریکی بەڵێنی دابوو کە نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەردەوام لە نرخێکی کەمدا بهێڵێتەوە، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ماوەکانی ڕابردوودا پێچەوانەی ئەو بەڵێنە بووە.
ئۆپیک بەردەوامە لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمێنانی نەوت، لە کاتێکدا داوا لەسەر نەوت ڕوو لە زیاد بوونە، ئەمەش بۆ دروستکردنی بازاڕێکی تووندڕە بۆ ئەو کاڵایەی پێی دەوترێت زێڕی ڕەش.
ئاماژەکان وادەردەکەون کە تڕەمپ پێچەوانەی قسەکانی، هەوڵی بەرزکردنەوەی نرخی نەوت بدات. لە ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی یو ئێس ئەی تودەی هاتووە، ئەمریکا نیازی هەیە لە ماوەی سێ هەفتەی داهاتوو پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران بکات کە مەبەست لێی گەڕانەوەی سزاکانی سەر ئێرانە. تڕەمپ ئەمەی بە کردەوە کردووە و کابینەکەی بەو کەسانە پڕکردۆتەوە کە دژی ئێرانن.
بە گەڕانەوەی سزاکانى سەر ئێران، هەناردەی نەوتی ئێران بۆ بازاڕەکانی جیهان دەوەستێت ئەمەش کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر بەرزکردنەوەی نرخی نەوت.
ڕۆژنامەی جیهانی بلوومبێرگ ڕاپرسیەکی لە نێوان ١٧ گەورە کۆمپانیای نەوت کردوە و تیایدا پرسیویەتی کە ئایا سزاکانی سەر ئێران دەگەڕێنەوە بۆ ئەو وڵاتە، لەسەدا٥٠ی ئەو کۆمپانیا نەوتیانە پێیان وایە کە ئەمریکا بەم نزیکانە سزاکان بۆ ئێران دەگەڕێنێتەوە، ئەمەش بەوەی جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەی ئەمریکا و مایک پۆمپیۆ چیرپینگ، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری سی ئای ئەی کە دیاریکراوە بۆ وەزیری دەرەوە، بەردەوام دژی ئێران بە گوێی تڕەمپدا دەچرپێن.
«ئەگەر بە بۆڵت بێت، سزاکان زیاد لە گەڕانەوەی ئابڵووقەکان دەبێت، ڕەنگە بیر لە گۆڕینی ڕژێمی ئێران بکاتەوە»هێلیما کرۆفت، سەرۆکی کۆمپانیای وەبەرهێنی ئەمریکی ئاڕ بی سی کاپیتاڵ مارکێت، بە بلوومبێرگی وت.
پڕسیارە گەورەکە لێرە ئەوەیە، ئایا گەڕانەوەی سزاکانی سەر ئێران چی بەسەر هەناردەی نەوتی ئێران دەهێنێت؟
ئێران ١.٢ ملیۆن بەرمیل هەناردەی دەرەوە دەکات لە ڕۆژێکدا، کەمکردن یان وەستاندنی ئەم بڕە، کاریگەری ڕاستەوخۆ دەکاتە سەر بازاڕی نەوت. بەڵام لە لایەکی ترەوە هەندێک بڕوایان وایە کە تڕەمپ ناتوانێت ئەو سزایانە بە تەواوی بچەسپێنێت، چونکە ئەو وەک ئۆباما خاوەنی پەیوەندییەکی بەهێز نیە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی کە توانیان هەناردەی نەوتی ئێران بۆ یەک ملیۆن بەرمیل کەم بکەنەوە.
لە ڕوویەکی دیکەوە تەماشای بکەین، ئەمریکا تەنها مەبەستی ئەوەی نیە کە کڕینی نەوتی ئێران قەدەغەبکات، بەڵکو دەیەوێت مامەڵەی ئەو کۆمپانیایانە لەگەڵ ئەمریکا قەدەغەبکات کە بەردەوام دەبن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو وڵاتە.
ئەمەش بۆ نموونە بۆ ئەوروپا و هیندستان بارودۆخێکی دژوار دروستدەکات کە دژی واشنت بوەستنەوە. بە واتایەکی دیکە، تەنانەت بە بێ هاوپەیمانەکانی، ئەمریکا دەتوانێت کاڵای ئێرانی بخاتە مەترسیەوە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پێشبینیکردنی سیاسەتی تڕەمپ کارێکی ئاسان نیە، چونکە بڕیاری سزاکانی سەر ڕوزال، کۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئەلەمنیۆمی ڕووسی، پێشبینی نەکراوبوو بەڵام ئاسانکاریی دەکات بۆ زیادکردنی تەنگەژەکانی بازاڕی نەوت.
تەنانەت لە هەندێک بڕیاری تڕەمپدا دەردەکەوێت کە ئەو سەرۆکەی ئەمریکا گوێناداتە لێکەوتەی بڕیارەکانی. بۆ نموونە زیادکردنی باج لەسەر چەند بەرهەمێکی چینی کاردانەوەی وڵاتی چینی لێکەوتەوەو ئەوانیش باجیان خستە سەر گەنمەشامی و گۆشتی بەرازی ئەمریکا. لەکاتێکدا، کەرتی کشتووکاڵی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٦،پشتگیری بەردەوامی دۆناڵد تڕەمپ بوون لە کاتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، ئەگەر تڕەمپ بتوانێت بازاڕی کشتووکاڵ بەوجۆرە یاری پێبکات، ئەوا یاری کردن بە بازاڕی نەوت ئاسانترە بۆی، چونکە دواجار بەرزی نرخی نەوت لە بەرژەوەندی ئەمریکاشە بە کورتی وەک ئەوەی یو ئێس ئەی تودەی نووسیویەتی، لە چەند هەفتەی داهاتوو، ئەمریکا سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت و بەمەش کاریگەری زۆر لەسەر نرخی نەوت دروست دەبێت، ئەمەش هەنگاوێکە کە سعودیە دڵخۆش دەکات بەوەی نەوتەکەی جارێکی دیکە لە ١٠٠ دۆلار نزیک دەبێتەوە، لە وەڵامی ئەم هەواڵانەی ئەمریکادا، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، حەسەن ڕۆحانی، وەک ئەوەی لە تاران نیوز هاتووە، ڕایگەیاند «کە ئەوان خۆیان بۆ هەموو پێشهاتێک سەبارەت بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە ئامادەکردوەو ناهێڵن کاریگەری بکاتە سەر خەڵکی ئێران.»