رزگار ئه‌ژى کاندیدى پارتى لە سلێمانى: داکۆکى له‌و مافانه ده‌که‌ین که په‌یوه‌ندییان به‌قوتى خه‌ڵکەوە هەیە
7 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
رزگار ئه‌ژى کاندیدى ژماره یه‌ک له لیستى پارتى دیموکراتى کوردستان پارێزگاى سلێمانى، له چاوپێکه‌وتنێکى دا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ى هاوڵاتى، رایده‌گه‌یه‌نێت هه‌موو هه‌وڵێک ده‌دات تا کورد له به‌غدا زیاتر یه‌کگرتوو بن، سه‌باره‌ت به‌وه‌ى گه‌ر ده‌ربچن چى بۆ خه‌ڵکى ده‌که‌ن ده‌ڵێت ناتوانین بڵێن جاده بۆ خه‌ڵک قیر ده‌که‌ین، به‌ڵام داکۆکى له‌و مافانه ده‌که‌ین که راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندى به‌قوتى خه‌ڵک و مافى هاوڵاتیى بونه‌وه هه‌یه. له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى په‌رله‌مانتارانى خولى پێشوو تاچه‌ند چالاک بوون، رزگار ئه‌ژى وتى ته‌نها یه‌ک دوو فراکسیۆنى زۆر موعه‌یه‌ن، نه‌ک کارا نه‌بوون به‌ڵکو خۆشیان فرۆشتووه، ئێمه ده‌مانه‌وێت رێ له‌و سازشکارییه بگرین و هه‌وڵ ده‌ده‌ین سیفاتى خۆفرۆشى بهێنینه ده‌ره‌وه، ئه‌گه‌ر پێمان بکرێت.
هاوڵاتی: چ به‌رنامه‌یه‌کت هه‌یه وه‌کو کاندیدێکى پارتى که‌ده‌ته‌وێت بچیته ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق؟
رزگار ئه‌ژى: له‌راستیدا هه‌موو کاندێک به‌رنامه‌ى خۆى هه‌یه، به‌ڵام له‌ژێر رۆشنایى به‌رنامه‌ى حیزبه‌که‌یدایه، کارنامه‌ى پارتى دیموکراتى کوردستان له ئه‌وله‌ویاتى کاره‌کانم دایه و هه‌وڵ و کۆششى ته‌واو ده‌ده‌م له‌گه‌ڵ ته‌واوى ئه‌و هه‌ڤاڵ و هاوڕێیانه‌ى له‌گه‌ڵمان بۆ جێبه‌جێکردنى ئه‌و کارنامه‌یه، ئه‌وه‌ى که لاى خۆمه‌وه هه‌بێت بۆ هه‌وڵدان بۆ ریکخستنى ته‌بایى نێوان فراکسیۆنه‌کان و ئه‌ندامانى فراکسیۆنه‌کانى کورد له‌به‌غدا ئه‌مه‌ش وه‌کو هه‌وڵێکى شه‌خسى خۆم ده‌بێت یه‌کێکى تر ده‌بێت له‌ئه‌وله‌ویاتى کاره‌کانى ترم که بهروحێکى برایانه و کوردانه له‌فراکسیۆنه‌کان نزیکببینه‌وه و پێکه‌وه کار بکه‌ین و په‌یوه‌ندى توندوتۆڵمان هه‌بێت بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێک که رووبه‌روى کورد ببێته‌وه له‌رێى ئه‌و پرۆژه یاسایانه‌ى له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌کرێت.
هاوڵاتی: چۆن کار له‌سه‌ر کارنامه‌کانى پارتى ده‌که‌ن؟ به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى په‌یوه‌ندى راسته‌وخۆى به ژیانى هاوڵاتیانى کورده‌وه هه‌یه؟
رزگار ئه‌ژى: ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ژیانى خه‌ڵکه‌وه هه‌یه، ته‌نها له‌ئه‌ستۆى پارتى دیموکراتى کوردستاندا نییه، ئه‌گه‌رچى ئه‌مڕۆ له‌چوارچێوه‌ى هه‌رێمى کوردستاندا له‌به‌رئه‌وه‌ى پارتى حیزبى یه‌که‌مه‌و له‌ده‌سه‌ڵاتدایه هه‌ندێ لایه‌نى سیاسى بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن پارتى پێ تاوانبار ده‌که‌ن، ئه‌گه‌رنا خۆیان زۆر باش ده‌زانن که پارتى زۆر باش مامه‌ڵه‌ى کردووه له‌و روه‌وه، هه‌ندێ له‌لایه‌نه‌کان باش ده‌زانن که خۆیان هۆکاربوون بۆ برینى قوتى هاوڵاتیان و له‌مپه‌ر دروستکردن بۆ هه‌نگاوه‌کانى به‌ره‌و پێشچونى ئه‌م حکومه‌ته.
هه‌ندێ لایه‌ن به دڵپیسیانه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ به‌غدا کردووه و رێنمویى ده‌سه‌ڵاتى به‌غدایان کردووه بۆ دژایه‌تى کردنى ئه‌م هه‌رێمه.
هاوڵاتی: وه‌ک کاندیدێک له‌پارێزگاى سلێمانى، به‌رنامه‌ت چییه بۆ شاره‌که‌ت ؟
رزگار ئه‌ژى: ئێمه له‌په‌رله‌مانى عێراق ناتوانین بڵێن جاده بۆ خه‌ڵک قیر ده‌که‌ین، به‌ڵام داکۆکى له‌و مافانه ده‌که‌ین که راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندى به‌قوتى خه‌ڵک و مافى هاوڵاتیى بونه‌وه هه‌یه، ئێمه ئه‌گه‌ر له‌چوارچێوه‌ى عێراقدا بمێنینه‌وه هه‌موان به کورد‌و عه‌ره‌ب و سونه و شیعه‌وه به پێکهاته‌کانى تریشه‌وه پابه‌ند بین به‌و ماده ده‌ستورییانه‌ى که له‌سه‌دا 80ى هاوڵاتیانى عێراق ده‌نگیان پێداوه، کاره‌ساته‌که ئه‌وه‌یه ئه‌م حکومه‌ته که‌خۆى په‌رله‌مانى هه‌یه دواى مه‌رجه‌عیه‌تێک که‌وتووه له ده‌ره‌وه‌ى ده‌ستور که په‌رله‌مانت هه‌یه ده‌ورى مهرجهعییهتت بۆچییه؟، ئه‌م حکومه‌ته که خۆى سوپاى هه‌یه، هه‌وڵیداوه پێکهاته‌یه‌کى تر‌ى چاکدارى دروست بکات که هه‌موو پێوه‌ره‌کان نا قانونییه که حه‌شدى شهعیبیه، تۆ که سوپات هه‌یه، حه‌شدى شه‌عبیت بۆچییه؟.
هاوڵاتی: وه‌ک کاندیدێک چ جیاوازییه‌کت ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى خولى سێیه‌مى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق؟
رزگار ئه‌ژى: خولى سێیه‌م زۆربه‌ى زۆرى ئه‌ندامه‌کانى ئه‌کتیڤ و کارابوون و دڵسۆزانه کاریان کردووه، ته‌نها یه‌ک دوو فراکسیۆنى زۆر موعه‌یه‌ن نه‌ک کارا نه‌بوون بەڵکوخۆشیان فرۆشتووه، ئێمه ده‌مانه‌وێت رێ له‌و سازشکارییه بگرین و هه‌وڵ ده‌ده‌ین سیفاتى خۆفرۆشى بهێنینه ده‌ره‌وه، ئه‌گه‌ر پێمان بکرێت.
هاوڵاتی: ئه‌و پاره‌یه‌ى وه‌ک موچه‌یه‌کى په‌رله‌مانتارى وه‌ریده‌گرێت چه‌ندى لێدهبهخشیت بۆ ئه‌و خه‌ڵکانه‌ى که‌مده‌رامه‌تن؟
رزگار ئه‌ژى: ئێستا ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تیم وه‌ک ده‌سه‌ڵات، ده‌سه‌ڵاتم زیاتره وه‌ک له په‌رله‌مانتارێک بۆ ناو حیزبه‌که‌ى خۆم، کارى په‌رله‌مانتار له‌چوارچێوه‌ى کارى حیزبى ده‌چێته ده‌ره‌وه، ئه‌گه‌ر ده‌ستکه‌وتێکیش ببێت بۆ کێیه، ئه‌گه‌ر ده‌ستکه‌وتى شه‌خسى بێت ئه‌وه په‌یوه‌سته به موچه و ئه‌و ئیمتیازاته‌ى ده‌درێته ئه‌ندامى په‌رله‌مان. من لێره وه‌ک سه‌رکردایه‌تیه‌ک هه‌ر چۆنێک بێت ژیاوم، ئه‌گه‌ر موچه‌که‌شم زیاد بکات وه‌ک په‌رله‌مانتارێک ده‌توانى هاوکارى خه‌ڵکى پێبکه‌یت، نه‌ک هه‌ر پارتییه‌کان، به‌ڵکو خه‌ڵکى ده‌ره‌وه‌ى حیزبه‌که‌شم، چونکه ده‌بینه په‌رله‌مانتارى هه‌موو پارێزگاى سلێمانى، به‌نیازم چه‌ند که‌سێک ده‌ستنیشان بکه‌م له ئیداره‌ى ئه‌م پارێزگایه له‌هه‌ڵه‌بجه و سلێمانى و گه‌رمیان و راپه‌رین که ئاگادارى ژیانى هه‌ندێ که‌س بن که به‌داخه‌وه به‌هۆى هه‌ر زروفێکهوه بێت ده‌ستى هاوکارییان ناگاتێ، به‌ڵکو ئێمه بتوانین لهئازارو له‌که‌موکوڕییه‌کان که‌مبکه‌ینه‌وه ئه‌وه به ئاواتى خۆمى ده‌زانم.
هاوڵاتی: ده‌توانن وه‌ک پارتى ده‌ستپێشخه‌ربن بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌ندامانى فراکسیۆنه جیاوازه‌کان له به‌غدا ببنه گروپێکى باش بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستکه‌وت به‌ده‌ستبهێنن بۆ کورد؟
رزگار ئه‌ژى:ئه‌گه‌ر هه‌ندێ له فراکسیۆنه‌کان یان ئه‌ندامانیان به‌ته‌مان کێشه‌کانى ناوخۆى هه‌رێم بکه‌نه به‌یاننامه بیخوێننه‌وه له په‌رله‌مانى عێراق ئه‌و عه‌قڵییه‌ته خراپه و گاڵته به ئێمه ده‌که‌ن که بزانن چه‌نده دواکه‌وتووین، ئه‌و عه‌قڵه دواکه‌وتوانه‌ى به‌غدا گاڵته به ئێمه ده‌که‌ن که کورد به‌و شێوه‌یه له‌ناوخۆى خۆیدا له‌سه‌ر یه‌کترى به‌یاننامه‌یه یان هه‌ر قسه‌یه‌کى تر ده‌که‌ن. هه‌موو ئه‌و کێشانه‌ى هه‌مانه په‌یوه‌ندى به‌ناوخۆى کوردستانه‌وه هه‌یه، کێشه‌ى کورد له‌به‌غدا په‌یوه‌ندى به ستراتیژى هه‌مومانه‌وه هه‌یه، له‌سه‌ره‌تاوه دهتپێشخهربوون داوامانکرد با یه‌ک لیست بین بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان به‌هۆى رووداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌ریش، کاندید هه‌یه به‌تۆ ده‌ڵێت ریفراندۆمچى، ئه‌ى تۆچیت 16ى ئۆکتۆبهرچیت، سازشکارێکى به‌رنامه‌ت له‌به‌غداوه داناوه بۆ له‌ناوبردنى ئه‌م هه‌رێمه، خۆتان ساغ بکه‌نه‌وه. بابهرنامهى کارى هه‌موولایه‌ک یه‌ک بخه‌ین یان له‌به‌غدا پێکه‌وه کار بکه‌ین.