حەشد لەناو دووکەڵی شەڕەوە بۆ ژێر چەتری پەرلەمان

7 ساڵ لەمەوپێش



هەرێم جەعفەر

شکستهێنان بە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق لە ساڵی رابردوودا ڕێگاخۆشکەربوو تاکو نزیکەی ٦٠ گروپی جیاوازی شیعی یەکبگرن و حەشدی شەعبی بە یارمەتی ئێران درووستبکەن. ئێستا حشد لە ژێر ناوی هاوپەیمانی فەتح وەک قەوارەیەکی سیاسی بەشداری هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات.

دامەزراوەی جەیمس داونی ئەمریکی بۆ بەدواداچوون و شیکردنەوە لە ڕاپۆرتێکیدا نووسیویەتی هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو لە سوودی شیعەکان دەبێت ئەمەش بەهۆی ئەوەی سوونەکان بەهۆی جەنگی داعش لاواز و پەرتەوازە بوون و کوردەکانیش بەهۆی شکستی گشتپرسی سەربەخۆیی، حاڵیان خراپە.

بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا، فەتح کە خۆی وەک پارێزەری شیعەکان دەناسێنێت، بێ بەش نیە لە ڕکابەری تووند لەناو خودی شیعەکان. لە ٢٦ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٦، حەشدی شەعبی سەرەڕای ناڕەزایی سوونەکان، بوە بەشێکی یاسایی سوپای عێراق و بەمەش پارەیەکی زۆرتریان کەوتە ژێر دەست، بەڵام ڕێگرییان لێدەکرا کە بەشداری سیاسییان هەبێت، بەڵام ئێستا ئەو هێزە شیعیە- ئێرانیە دەیەوێت لە ڕێگای کاندیدی پەڕلەمان زیاتر بچنە کایەی سیاسی عێراقیشەوە.

بۆ نموونە هادی عامری دوای گەڕانەوە لەئێران بەهۆی دوورخستنەوەی لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە بووە کەسێکی دیاری سیاسی عێراق و ئێستا خۆی ئامادە کردووە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کاتێکدا ڕێکخراوەکەی ئەو، ڕێکخراوی بەدر، لەناو لیستی ئەل-فەتح و لە حشدا بەهێزترینە. یەکێکی دیکە لە سەرکردەکانی حشد، کە خاوەنی گروپی عسائب ئەهل هەقە، قەیس ئەل خەزعەلیە، ناوبراو هاوڕێ لەگەڵ مەهدی موهەندیس (جەمال جعفر ئەل ئیبراهیمی)، سەرۆکی کەتیبەی حیزبوڵا، بەشێکن لە لیستی هاوپەیمانی ئەل فەتح جیاواز لە عامری، ئەم دوو کەسیاتیە خۆیان کاندید نەکردوە بەڵام ئامانجی جیاوازیان هەیە.

خەزعەلی دەیەوێت ببێتە ئیمامێکی شیعی کە دژی ئەمریکا لەناو عێراقدا کار بکات و ئەبو موهەندیسیش چاوی لە پۆستی سیاسییە، هەرسێ لەمانیش پەیوەندی بەهێزیان هەیە لەگەڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی باڵای سوپای قودسی ئێران، کە بە کاریگەرترین کەسایەتی ئێرانی دەزاندرێت لە ناو سیاسەتی عێراقدا، لە ئێستادا هەموو پارتە شیعیەکانی عێراق دۆستایەتی باشیان لەگەڵ ئێراندا هەیە. لە مانگی یەکدا، فەتح و عەبادی هاوپەیمانیەتێکیان دروستکرد، بەڵام زۆری نەخایاند هەڵوەشایەوە.

پێدەچوو ئێران نەیوستبێت کە عەبادی ئەو هەموو کاریگەرییەی هەبووبێت. بەڵام ئەمە سوودی هەبوو بۆ عەبادی، چونکە ئێستا وەکو هێزێکی مۆدێرن خۆی نیشاندەدات کە ئەمریکییەکان ئارەزووی دەکەن. دامەزراوەی جەیمس داونی ئەمریکی ئەوەشی نووسیوە کە نوری مالیکی سەرەڕای ئەوەی بە کەسێکی تائیفی و هاوڕێی نزیکی ئێران ناسراوە، بەڵام لە لایەن ئێرانەوە زۆر گرنگی پێنادرێت و گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات سەخت بووە.

ئەمەش وایکردووە کە مالیکی ئێستا هاوپەیمانی ئەمریکییەکان بێت، بەڵام فەتحیش زۆر چاوی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نییە، چونکە دەزانێت ئەگەر عەبادی بەشێوەیەکی بەرچاو سەرکەوتوو بێت ئەوا ئەوان پشتگیری ئێرانیان هەیە تاکو هەژموونیان بپارێزن.

 لیستێکی دیکەی شیعەکان کە زۆر دژی ئەمریکایە، لیستی (سائرون للاسلاح)ە بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر.

موقتەدا سەدر فەتح بەوە تۆمەتبار دەکات کە حەشدی شەعبی بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بەکاردەهێنێت ئەمەش لەکاتێکدایە کە میلیشیاکۆنەکانی سەدر بە ناوی سوپای مەهدی ئێستا بەشێکن لە حەشدی شەعبی لەگەڵ ئەوەی سەدر کەسێکی نەریتپارێزە بەڵام بۆ هەمەچەشنکردنی دەنگەکانی لەگەڵ حزبی کۆمۆنیستی عێراق هاوپەیمانی پێکهێناوە و لەسەر بنەمای دوژمنی هاوبەش، یارمەتی عەبادی دەدات دژی مالیکی.

هەرچی ڕەوتی حیکمەیە بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم، پێ ناچێت دەنگی بەرچاو بهێنێت، بەڵام کاریگەری خۆی دەبێت کاتێک هاوپەیمانیەکانی دوای هەڵبژاردن ئاسان یەکلا نابنەوە.

دامەزراوەی لۆب لۆگی ئەمریکی کە تایبەتە بە شیکاری سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕاپۆرتێکیدا بە لاوازیی باس لە سوونەکان دەکات لەم هەڵبژاردنەی عێراقدا، بەهۆی جەنگی داعشەوە.

گەورەترین گروپی سیاسی سوونەکان، پارتی ئیسلامی عێراق، لە ساڵی ٢٠١٣ خۆپیشاندانی گەورەی سوونەکانی بەڕێوەدەبرد، بەڵام بە هاتنی دەوڵەتی ئیسلامی کاریگەری جارانیان لەدەستدا ئێستا ئەو پارتە سیاسیە سوونەیە لەگەڵ حەیدەر عەبادی هاوپەیمانی کردوە و ئەمەش وای لە عەبادی کردوە کە لە شارە سوونیەکانیش هەڵمەتی هەڵبژاردن بەڕێوە بەرێت و لە میانی سەردانیکردنی بۆ شاری ئەنبار لە درێژەی کەمپینی هەڵبژاردنیدا ڕایگەیاند «خەڵک دەبێت خۆیان بە بەشێک لەم وڵاتە بزانن و دەبێت ئێمە خزمەتیان پێشکەش بکەین”.

سعودیە لای خۆیەوە ئەم هەنگاوەی عەبادی پێخۆشە و دەیەوێت لە ڕێگای عەبادیەوە پەیوەندی دیپلۆماسی و ئابووری و کەلتووری لەگەڵ عێراق باشبکات کە ماوەی دەیان ساڵە ئەو پەیوەندییانە پچڕاون. ئێستا گەوەرترین لیستی سوونەکان بە ناوی (هاوپەیمانی نیشتیمانی) لە لایەن جێگری پێشووی سەرۆک کۆمار، ئەیاد علاوی و سەرۆکی پەڕلەمان، سەلیم جبووری، ەوە سەرکردایەتی دەکرێت. بەڵام هیچکام لەم دوو سەرکردەیە کاریگەری سیاسی زۆریان نیە بۆ کوردەکان، ئەم هەڵبژاردنە جیاوازی زۆری هەیە.

لەلایەکی ترەوە هەندێک ناوەند باس لەوە دەکەن کە کەوتنی کەرکوک و دەرهێنانی لەژێر دەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کاریگەری لەسەر ژمارەی دەنگەکانی کورد دەبێت کە لە دوای روخانی سەدامەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ یەکیک بووە لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی حکومەتی عێراق.

ئاژانسی فڕانس پرێس لە بەدواداچوونێکیدا ئاماژە بەوە دەدات کە کورد ١٠ کورسی یان زیاتر لەدەست دەدەن کورد لە ساڵی ٢٠٠٥ لە کۆی ٢٧٥ کورسی، ٧٧ کورسییان بەدەستهێنا بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤ سەڕەڕای زیادکردنی کورسییەکانی پەڕلەمان بۆ ٣٢٨ کورسی، کورد تەنها ٦٢ کورسییان بەدەستهێنا ئەمەش لە کاتێکدایە بۆیەکەمجار لیستە عەرەبییەکان هەوڵی ئەوە دەدەن دەنگی کوردی ببەن لە ناو شارە کوردییەکاندا. جیا لەمانەش، خراپی باری ئابووری کوردستان و خەڵکی ناڕازی کورد، ئەگەر دروستدەکات کە بەشداری دەنگدان نەکەن و متمانەیان بە گشت پارتە کوردییەکان لاواز بووە.

ماڵپەڕی هەواڵی سیتیزن سەبارەت بە براوەی هەڵبژاردنەکانی عێراق نووسیویەتی کە ئێران بە دوای جومگەی سەرەکی و سەرۆک وەزیرانی نزیک لە خۆی دەگەڕێت، بۆ ئەمەش سەڕەڕای حەشدی شەعبی، چەند سەرکردەیەکی شیعی هاوکارن لەگەڵی ئەو وڵاتە ئیسلامیە ئێستا لەژێر ناوی جیاوازەوە پاڵپشتی هێزگەلێک دەکات بە ناوی ڕێکخراوی بەدرو کەتیبەکانی حزبوڵا و شەهیدانی کەتیبەی سەعید و جوندولئیمام و چەند گروپێکی دیکە کە ئەمجارە بەشداری هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەن.

هەرچی سعودیە و ئەمریکاش هەیە پشتیوانی عەبادی دەکەن و وەزیری بەرگری ئەمریکاش، جیم ماتیس، ئێران بەوە تۆمەت دەکات کە دەیەوێت هەڵبژاردنەکان بۆخۆی بەکاربهێنێت و بۆ ئەوەش “ بەڵگەی نیگەرانکەریان” هەیە.

سیتیزن ئاماژە بەوە دەکات کە بە هەموو پێوەرەکان، خاکی عێراق دوای هەڵبژاردنەکان هەر جێگای ململانێ دەبێت بۆ ئەمریکا و سعودیە و ئێران لە کاتێکدا ئەو وڵاتە هاوڵاتیانی داوای چاکسازی و باشترکردنی بژێویان دەکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار