دابەزینی دەنگەکانی گۆڕان پاشەکشەیە یان ساختەکاریی؟

7 ساڵ لەمەوپێش



هۆکاری کەمکردنی دەنگەکان بەلای هەندێک لە گۆڕانخوازەکانەوە هەمووی بۆ ساختەکاریی ناگەڕیتەوە

ئارا ئیبراهیم

هەندێک لە گۆڕانخوازان حزبەکەیان روبەڕووی رەخنە دەکەنەوە بەهۆی دەرەنجانی هەڵبژاردنەکان و پێیان وایە پاشکشەی گۆڕان هەمووی بەهۆی ساختەکارییەوە نیە، بەشێکی تری گۆڕانخوازەکان ئەمە رەتدەکەنەوە.


لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بزووتنەوەی گۆڕان دەنگەکانی رووی لە دابەزین کرد، ئەمەش مشتومری زۆری هێنایە ئاراوە. بەجۆریک هەندێک لە گۆڕانخوازەکان داوای چارەسەرکردنی هۆکاری کەمبونەوەی دەنگەکانیان دەکەن.


بەڵام عه‌بدوڵا مه‌لا نورى، هه‌ڵسوڕاوى دیاری گۆڕان رەتیدەکاتەوە کە پاشەکشەیان کردبێت و هۆکاری کەمبوونەوەی دەنگەکان دەخاتە ئەستۆی ساختەکاریی.
عه‌بدوڵا مه‌لا نورى به‌‌هاوڵاتی وت "ده‌یان به‌ڵگه‌ و دیکۆمێنت هه‌یه‌ که‌ ته‌زویرێکى گه‌وره‌و رێکخراو کراوه‌ له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى کوردستان و که‌رکوک و ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان، ته‌زویره‌که‌ به‌قازانجى به‌ره‌ى ده‌سه‌ڵات که‌ پارتى و یه‌کێتین کراوه‌"


له‌تیف مسته‌فا، ئه‌ندامى خولى پێشترى په‌رله‌مانى عێراق له‌سه‌ر فراکسۆنى گۆڕان، لە وتارێکدا کە له‌سه‌ر که‌مکردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌کانى گۆڕان نوسیویەتی، باسی چه‌ند خاڵێک دەکات کە پێیوایە بوونەتە هۆی کەمبونەوەی دەنگەکانی گۆڕان.


له‌تیف مسته‌فا ده‌ڵێت "من ناڵێم ته‌زویر نه‌کراوه‌، به‌ڵکو ته‌زویرێکى باش و رێکخراویش کراوه‌، به‌ڵام دابه‌زینى ده‌نگه‌کانیش چاوه‌ڕوان کراوبوون".


هه‌روه‌ها هۆکاره‌کانى دابه‌زینى ده‌نگه‌کانى گۆڕانى باسکردووه‌ و ده‌ڵێت "به‌شداریکردنى لاواز له‌ده‌سه‌ڵاتێک به‌لاوازى و له‌ڕێى کاراکته‌رى لاوازه‌وه‌ که‌ ئه‌دا‌یان  له‌کاراکته‌ره‌کانى دوو حزبه‌که‌ خراپتر نه‌بوبێت باشتر نه‌بووه‌"


هەروەها دەڵێت «دووباره‌ خۆکاندید کردنه‌وه‌ى ئه‌وانه‌ى پێشوو، وێنایه‌کى واى دروستکرد لاى ده‌نگده‌ر که‌ ئه‌مانیش وه‌ک حزبه‌کانى تریان لێهاتووه‌و پۆسته‌کان بۆ ده‌موچاوێکه‌ به‌تایبه‌تى که‌ ئێستا په‌رله‌مانتارى له‌به‌غدا ئیمتیازاتى زۆره‌".


ئه‌وه‌شى رونکردووەته‌وه‌ که‌ گۆڕان له‌په‌رله‌مانى کوردستان ده‌نگیدا به‌ یاساى ئیمتیازات و خانه‌نشینى په‌رله‌مانتاران وه‌ک حزبه‌کانى ده‌سه‌ڵات.


بەڵام بە بڕوای عەبدوڵا مەلا نوری، ئەو ئه‌نجامانە راسته‌قینه‌ نین کە بڵاوکراونەتەوە. دەشڵێت کە ئەوان لە دەنگەکانیان خۆشنابن.


عەبدوڵا مەلا نوری وتی "ئەگەر تەزویر نەبووایە له‌سه‌ر ئاستى سلێمانى براوه‌یه‌کى گه‌وره‌ ده‌بوین و له‌سه‌روو ئاستى هه‌ولێر ده‌نگه‌کانمان زۆر زیادى ده‌کرد و له‌ که‌رکوکیش کورسیمان مسۆگه‌ر بوو له‌سه‌ر ئاستى دهۆکیش چاوه‌ڕوانى کورسیمان ده‌کرد".


وتیشى "ناڵێم گۆڕان که‌موکورتى نه‌بووه‌، به‌ڵام گریمان گۆڕان که‌موکورتى هه‌بووه‌ دانى پێدا ده‌نێین، به‌ڵام یه‌کێتى و پارتى خیانه‌تى نیشتمانیان هه‌بووه‌ و قوتى خه‌ڵکیان بڕیوه‌ و گه‌نده‌ڵیان هه‌بووه‌، هه‌رگیز خه‌ڵک گۆڕان و پارتى یه‌کێتى ناکاته‌ تاى یه‌ک ته‌رازوه‌وه‌".


هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ که‌ گۆڕان و هاوپه‌یمانه‌کانى ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردنیان ره‌تکردۆته‌وه‌و قبوڵى ناکه‌ن "گۆڕان به‌م ئه‌نجامه‌وه‌ ناچێته‌ به‌غدا و قبوڵى ئه‌مه‌ ناکات".


له‌یه‌که‌م ئێواره‌ی ئاشکرابوونی بەشێک لە ئەنجامە بەراییەکان گۆڕان هه‌وڵى دبلۆماسى و یاسایى ده‌ستپێکراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى "هاوکێشه‌که‌ راست بکرێته‌وه‌«.
عەبدوڵا مەلا نوری وتیشی «بژاردەی جه‌ماوه‌ری و بایکۆتیش لەبەردەماندایە".

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار