بۆ جارى سێیه‌م په‌رله‌مانى عێراق له‌سه‌ر ساخته‌کارییه‌کانى هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌وڵى کۆبونه‌وه‌دایه‌

7 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم
ئه‌ندامێکى فراکسۆنى کۆمه‌ڵ له‌په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا بۆ سایتى هاوڵاتى ئاماژه‌ به‌وه‌ کرد، ئه‌مرۆ کاتژمێر 4ى پاشنیوه‌ڕۆ بۆ جارى سێیه‌م هه‌وڵى ته‌واوکردنى نیسابى یاسایى ده‌ده‌ن بۆ کۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مان له‌سه‌ر ساخته‌کارییه‌کان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ یان ژماردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌کان به‌ده‌ست بریارى له‌سه‌ر بدرێت.
زانا رۆستایى، ئه‌ندامى فراکسۆنى کۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا بۆ سایتى هاوڵاتى وتى"ئه‌وه‌ سێیه‌م هه‌وڵه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ژماره‌ى یاسایى  بۆ کۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مان ئاماده‌ بێت، چونکه‌ رۆژ به‌رۆژ مه‌ترسییه‌کانى ساخته‌کارى له‌هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ده‌رده‌که‌ون، بۆیه‌ به‌پێویست ده‌زانرێت چاره‌سه‌رێک بۆ دۆخه‌که‌ بدۆزرێته‌وه‌، ئمرۆ له‌به‌غداین و هه‌وڵى ته‌واو ده‌ده‌ین تا کۆبونه‌وه‌که‌ بکرێت".
رۆستایى ئه‌وه‌شى خسته‌روو، په‌رله‌مانى عێراق پێش هه‌ڵبژاردنه‌کانیش که‌ بارودۆخ ئاساییى بوو به‌ زه‌حمه‌ت ده‌یتوانى نیسابى یاسایی ته‌واو بکات، ئێستا کوتله‌ براوه‌کان که‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان وا ده‌خوازێت ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌کان وه‌ک خۆى بێت و به‌شدارى نه‌که‌ن.
ئه‌و په‌رله‌مانتارى کۆمه‌ڵ، باسى له‌و فراکسۆن و کوتله‌ سیاسییه‌کان کرد که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان کۆبونه‌وه‌که‌ بکرێت که‌ پێکهاتوون له‌ فراکسۆنه‌کانى( ده‌وله‌ القانون، ئیستلافى ئه‌یاد عه‌لاوى، حیزبى ده‌عوه‌ رێکخستنى عێراق، فه‌زیله‌، تورکمان، مه‌سیحى،  ته‌یارى مدنى).
هاوکات ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ که‌ کاتژمێر 4ى پاشنیوه‌ڕۆ هه‌موو هه‌وڵێک ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى کۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى عێراق له‌سه‌ر ساخته‌کارییه‌کان ئه‌نجام بدرێت و بریارى له‌سه‌ر ده‌ربچێت به‌ ژماردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌کان بێت یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجامه‌کان بێت.
هاوکات، سه‌لیم جبورى، سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق له‌ بانگێشتامه‌یه‌کى ئاراسته‌ى په‌رله‌مانتارانى عێراق کردووه‌ بۆ کۆبونه‌وه‌ له‌سه‌ر ساخته‌کارییه‌کانى هه‌ڵبژاردن.
سه‌لیم جبورى ئه‌وه‌ى راگه‌یاند: هه‌وڵى جدى ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌ندامان به‌شداربن و کۆبونه‌وه‌که‌ بکه‌ین بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ى ئه‌و پرسه‌".
ئه‌م هه‌وڵه‌ى په‌رله‌مانى عێراق بۆ ئه‌نجامدانى کۆبونه‌وه‌ بۆ جارى سێیه‌مه‌و له‌ یه‌که‌م جارو دووه‌مجاردا نه‌یانتوانى نیسابى یاسایى ته‌واو بکه‌ن.
کۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق دواى ئاشکراکردنى ده‌رئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردن، تا به‌روارى 30 ئه‌م مانگه‌ى داناوه‌ بۆ قه‌واره‌ سیاسییه‌کان بۆ تانه‌دان له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار