11 کەس هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک وەزیران دەدەن
7 ساڵ لەمەوپێش
هەرێم جەعفەر
قەوارە سیاسییەکانی ناو پەڕلەمانی عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ بەسەر سێ بەرەدا دابەشبوون. بەرەی مەرجەعەکانی شیعە کە زیاتر دەکەونە نەجەف و کەربەلا، بەرەی سەر بە ئێران و بەرەی سەر بە ئەمریکا. بەهۆی بوونی کەمینەی جیاوازی سوونە و تورکمانەکان، سعودیە و تورکیاش ڕۆڵێکی لاوەکی دەگێڕن لەناو کایە سیاسییەکانی عێراقدا.
چەند میدیایەکی عێراقی و بیانی ناوی چەند کەسایەتییەک ئاشکرا دەکەن کە چانسی ئەوەیان هەیە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق وەرگرن.
گۆڤاری فۆڕن پۆلیسی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکیدا ئاشکرای کردووە کە دوای بە دوای ئاشکرا بوونی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەی عێراق، قاسم سولەیمانی نوێنەری ئێرانی بۆ پەڕلەمانی بەغداد ناردوە تاکو دڵنیا بێت کە بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ناو پەڕلەمانی داهاتووی عێراقدا بەرگری لێدەکرێن، ڕەنگە لە ئێستادا عەبادی شانسی بوونەوەی بە سەرۆک وەزیرانی زۆر بێت چونکە ناوبراو شیعە و ڕکابەرەکانیشی هێندەی ئەو سەرکەوتنیان بۆ عێراق بەدەست نەهێناوە، بەڵام ئەگەر عەبادی نەتوانێت ئەو پۆستە وەربگرێتەوە ئەوا ئاسان نابێت کە پێشبینی بکرێت کە کێ دەتوانێت ئەو پۆستە بۆخۆی مسۆگەر بکات.
فۆڕن پۆلیسی ناوی چەندین کاندیدی ئاشکرا کردوە کە ئەگەری زۆرە یەکێکیان ببنە سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق لەبەر ئەو هۆکارانەی کە باس کراون، بەڵام ناوی ئەو کەسانەی لێدوانیان داوە لەبەر هۆکاری ئەمنی ئاشکرا نەکراوە.
حەیدەر عەبادی، ئەو یەکێکە لە پێشەنگەکانی بردنەوەی ئەو پۆستە ئەگەر چی هاوپەیمانێتییەکی ئەو لە هەڵبژاردنەکان پلەی سێهەمی بە دەستهێنا. عەبادی تەمەن ٦٦ ساڵ، لە بەریتانیا ئەندازیاری کارەبای خوێندوە و لە خێزانیکی دیاری بەغدای پایتەختە. لە ماوەی ساڵانی دەسەڵاتی نیازپاکی خۆی بەرامبەر بە دراوسێکانی وەک سعودیە و تورکیا نیشانداوە.
یەکێکی دیکە لە خاڵە بەهێزەکانی حەیدەر عەبادی سارد کردنەوەی شەڕی تائیفی عێراقە. پێشتر براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی عێراق، موقتەدا سەدر، ئاشکرای کردبوو کە ئەو خولی دووەمی سەرۆک وەزیرانی دەبەخشێتە عەبادی بەتایبەت ئەوەی کە نایەوێت هیچ کەسێک لە سەرکردەو میلیشیا شیعەکانی وەک هادی عامری بێنە ناو دەسەڵات بەڵام ئەم لێکدانەوە لەسەر بنەمای تێڕوانینی پێشووی سەدرە دەربارەی عەبادی. ئەگەرچی عەبادی خۆی وەک کەسێکی گەندەڵ تەماشا ناکرێت و بە کەسێکی نیەت پاک دادەنرێت، بەڵام ئەو هێشتا لە ناو خەڵک وەکو کەسێکی لاواز سەیر دەکرێت، کاتێک دێتە سەر نەهێشتنی گەندەڵی ئەوانی دیکە.
مامۆستایەکی سیاسی عێراق سەبارەت بە عەبادی لەو بارەیەوە ئاشکرای کرد «ئەو بە کەمی دەتوانێت شتێک بگەیەنێتە جێی خۆی و زۆرێک لە کردارەکانی مالیکی دووبارە کردەوە». یەکێک لە خاڵا لاوازەکانی عەبادی ئەوەیە کە نەیتوانی زاڵی حزبی دەعوە لە دەستەی دژەی گەندەڵی عێراق کەمبکاتەوە، جیا لەمانەش، خەڵکی عێراق چەند جارێک ناڕەزایەتییان دژی حکومەتی پێشوو دەربڕیوە.
بە ئامادەبوونی نوێنەری عەبادی لە کردنەوەی یاریگای نەجەفدا کە چەن ڕۆژێک پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن بوو، خەڵکی ناو یاریگاکە هاواریان دەکرد «ئێوە هەموو دزن». هەندێکیش پێیان وایە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق، چانسی کەمی بۆ عەبادی هێشتۆتەوە چونکە ئەو تەنها ٤٢ کورسی بەدەستهێناوە>
عەلی دەوەی لازیم ناوبراو تەمەنی ٥٣ ساڵە لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە پارێزگای میسانە و یەکێکە لە بژاردەکانی سەدر کە خاوەنی ٥٤ کورسیە شارەزایەکی سیاسی عێراق پێی وایە کە «ئەوەی لیستی براوەی عێراق لە پشت عەلی ە، ئەوا چانسی ئەو زیاد دەکات» بۆ بوونی بە سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٤، بەربژێری سەدریەکان بوو بۆ سەرۆک وەزیران و وەک پیاوێکی ماندوونەناس و ڕاستگۆ و دڵسۆز سەیر دەکرێت.
زۆربەی بەرپرسانی عێراق، بە چەندین ئۆتۆمبێلی گولە نەبڕ دەپارێزرێن کاتێک دەرچوونیان هەیە، بەڵام عەلی لازیم بە تەنها دەچێتە ناو شەقام و بازاڕەکانی شاری عەمارەی میسان دەستکەوتەکانی وەک پارێزگار، وای لێ کردوە وەک پاڵەوانێکی نیشتیمانی تەماشا بکرێت. میسان چەند کاتژمێرێک کارەبای لە بەغداد زیاتر هەیە و چەند جار بیندراوە لەگەڵ کرێکارانی سەر شەقامەکان کاری کردووە، لەگەڵ ئەوەش ناوبراو دوور نیە لە ڕەخنە، لەژێر ڕۆشنایی ڕاپۆرتێکی (نیو یۆرک تایمز) ناوبراو لەناو دێراوەکانی باشووری عێراق گەورە بووە و لە سەردەمی سەدام حوسەین زیندانی بووە و لە کارگەی شەکر کاری کردوە سەڕەڕای بوونی بڕوانامە لە زانستە ئیسلامیەکان.
بەڵام شیکارێکی سیاسی عێراق دەپرسێت «چۆن دەبێت پارێزگار کاتی خۆی بە سڕینەوەی شەقامەکان بەسەر ببات؟ ئەگەر ئەو کاریگەر بوایە، ئەوا یاسای دەچەسپاند و وای دەکرد خەڵک خۆیان خاشاکی خۆیان پاک بکەنەوە»
هادی عامری خەڵکی پارێزگای دیالەیە و تەمەنی ٦٣ ساڵە. لیستەکەی دووەم زۆرترین دەنگی هەڵبژاردنەکانی عێراقی بردەوە. ئەو چەند جارێک ڕۆڵی خۆی لە سیاسیەوە بۆ سەربازی و بە پێچەوانەوە گۆڕیوە. ئەو سیخوڕی ئێران بووە و یارمەتی ئەمریکییەکانیشی داوە لە داگیرکردنی عێراقدا.
پاشان بوە دوژمنی ئەمریکا و دواتریش لەگەڵ ئەمریکا دژی داعش دەجەنگا. وەک سەرکردەیەکی شیعە، ماوەیەک دژی چەکدارە سووننە یاخیەکان دەجەنگا و ماوەیەکیش هاوکاری دەکردن و لەگەڵیان دەجەنگا عامری بە ٤٧ کورسیەوە، ئەگەری هەیە کە ببێتە سەرۆک وەزیرانی داهاتوو. لە ساڵی ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٤ وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بوو، بەڵام بە بەراورد بە وەزیرەکانی دیکە تەواو گەندەڵ نەبوو بۆیە تا ڕادەیەک ناوبانگی باش بوو، بەڵام لە کاتی جەنگی دژی داعش، پەرۆشی خەڵکی بەلای خۆیدا ڕاکێشا.
بە وتەی شارەزایەکی پرسی عێراق، ناوبراو چانسی هەیە کە ببێتە سەرۆک وەزیران بەڵام ئەگەر بێت و پشتگیری سەدر بەدەست بهێنێت، هادی عامری فارسی بە تەواوی دەزانێت و پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ سوپای پاسداران و حزبوڵا هەیە ئەمەش واشنتن نیگەران دەکات بۆ بوونی بە سەرۆک وەزیران.
عەلی عەلاوی تەمەنی ٧٠ ساڵە و خەڵکی شاری بەغدادە. چەندین ساڵ وەک وەزیری بەرگری و دارایی و بازرگانی خزمەتی کردوە.
بڕوانامەی لە زانکۆی هارڤارد هەیە و لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراق لە بەریتانیا دەژیا. لە دەرەوەی وڵات کاری دژی حکوومەتی بەعس لە عێراق کردوە. شارەزایەکی سیاسی عێراق پێی وایە عەلی عەلاوی ئەو مەرجانەی تێدایە کە ببێتە سەرۆک وەزیرانی عێراق.
نوری مالیکی کە بە پیاوە دڵسۆزەکەی حزبی دەعوە ناسراوە و لە ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٤ سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە. لە ماوەیەدا عێراق هەندێک گۆڕانکاری بە ژێرخانی ئابووری و ژیانی ڕۆژانەی بینی.
بەڵام توندوتیژی و گەندەڵی و شەڕی تائیفی پەرەی سەند. گەڕانەوەی مالیکی سەختە چونکە تەنها ٢٥ کورسی پەڕلەمانی هێناوە و بەجۆرێکیش پاڵپشتی ئێرانی لەدەستداوە. تاکە ڕێگا بۆ مالیکی تاکو ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران، بەدەستهێنانی دەنگی کورد و سوونەکان و ئەمریکا و سعودیەیە بەوەی ناوبراو لەگەڵ سەدر پەیوەندی خراپی هەیە. لە ساڵی ٢٠٠٨ مالیکی سوپای نارد تاکو چەکدرانی سەر بە سەدر لەناو ببەن و شەڕ و پێکدادان ڕوویدا.
ساڵح ئەل حەسنەوی وەزیری پێشووی تەندروستی عێراق بوو و یەکێکە لەو ناوانەی کە ئەگەری زۆرە سەدریەکان بۆ سەرۆک وەزیرانی کاندیدی بکەن.
ناوبراو تەمەنی ٥٨ ساڵە و خەڵکی باشووری کەربەلایە، بە کەسێکی تەکنۆکرات و سەربەخۆ ناسراوە. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسەینەوە، ساڵح ئەل حەسنەوەی هاتە ناو سیاسەتەوە. پڕۆفیسۆری دەرووناسیە و کاندیدی عێراق بوو بۆ بوون بە سەرۆکی یونسکۆ لە ساڵی پاردا. ئەوەی کەسێکی تەکنۆکراتە ڕەنگە یارمەتی بدات کە ئەو پۆستە بەدەست بهێنێت، بەڵام کاتێک وەزیری تەندروستی بوو، ڕۆڵی کاریگەری نەبوو. نەخۆشخانەکان وێران بوون و پڕبوون لە گەندەڵی جیاواز>
عادل عەبدول مەهدی تەمەنی ٧٦ ساڵەو و زمانی فەڕەنسی دەزانێت.
لە بواری ئابووریدا شارەزای هەیە و ماوەیەکیش ئایدۆلۆژیای ماوییەکانی هەڵگرتبوو. لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا، وەک وەزیری دارایی و نەوت کاری کردوە. کاتێکیش جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو لەگەڵ ئەمریکا و ئێران پەیوەندی باش بوو. هەروەها پەیوەندی باشی لەگەڵ حزبی دەعوا هەیە و نەیاری سەرسەختی عەمار حەکیمە.
عادل عەبدول مەهدی یەکێک دەبێت لەوانەی کە ڕەنگە هەڵبژێردرێت بۆ کەمکردنەوەی خوێن ڕشتن و پاراستنی ئاسایشی وڵات.
ئەیاد عەلاوی لە لایەن سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، جۆرج دەبلیو بۆش وەک سەرۆک وەزیران لە ساڵی ٢٠٠٤ هەڵبژێردرا. عەلاوی تەمەن ٧٣ ساڵ، خەڵکی بەغدادە و کوتلەکەی ٢٢ کورسی بردەوە. لە ساڵی ٢٠١٠، کورسی زیاتری لە مالیکی هێنا، بەڵام نەیتوانی هاوپەیمانی زیاتر لە مالیکی دروست بکات.
عەلاوی بە کەسێکی شیعی عیلمانی ناودەبرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ هەندێک لە بەرپرسانی پێشووی ڕژێمی عێراق هەیە، لە لایەن هەندێک لە کوردەکان و شیعەکان کێشەی بۆ دروست دەبێت. پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا باشە ئەمەش وای لێکردوە لەگەڵ ئێران دوو نەیار بن بۆیە چانسی کەمە کە ببێتە سەرۆک وەزیران.
تاریق نەجم تەمەنی ٧٢ ساڵە و خەڵکی پارێزگای زیقارە. یەکێکە لە لایەنگر و دڵسۆزانی حزبی دەعوە. سەرۆکی ستافی بەڕێوەبەری نوری مالیکی بوو کاتێک مالیکی سەرۆک وەزیران بوو ئەمەش وای کرد کە هەوڵبدات لە ساڵی ٢٠١٤ جێی مالیکی بگرێتەوە. کەسێکی ئیسلامیە و لە وڵاتی میسر خوێندوویەتی. پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ واشنتن و تاران و ئەنقەرە هەیە. یەکێکە کە دەتوانێت باڵەکانی عەبادی و مالیکی پێکەوە گرێبداتەوە.
شیکەرەوەکی سیاسی عێراق، پێی وایە کە ناوبراو دەتوانێت دەنگی عەبادی و مالیکی بەدەستبهێنێت ئەگەر ببێتە کاندیدی حزبی دەعوە.
دیا ئەسەدی یاساناسە و خەڵکی بەسڕەیە. تەمەنی ٤٩ ساڵە و ئینگلیزییەکی زۆر باش دەزانێت. ڕۆڵی هەبووە لە دروستکردنی پەیوەندی نێوان دیپلۆمات ومیدیا جیهانیەکان لەگەڵ وڵاتی عێراق. ئەگەری هەیە کە ناوبراو ببێتە سەرۆک وەزیران بەڵام ڕکابەری بەهێزتری هەیە.
لە لایەکی ترەوە بەپێی هەندێک لە میدیا عێراقیەکان موقەدا سەدر، جەعفەر محەمەد باقر سەدر کە ئامۆزای خۆیەتی، بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستنیشانکردوە کە هاوکات لە ناو حزبی دەعوەدایە.