هاوڵاتی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و لەسەر پرسی بودجە و مووچە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە. بڕیارە سبەی دووشەممە 27/11/2023، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات. میدیای پارتی لە زاری سەرچاوەیەکەوە ڕایگەیاند "شاندەکە لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێتەوە". به وتهی ئهو سهرچاوهیه، "تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە شایستەدارییەکانی هەرێمی کوردستان و جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانه له پرسه سیاسییهكان، بابەتێکی دیکە هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراقە". ئەمە لەکاتێکدایە ماوەی مانگێکە مامۆستایان و فەرمانبەران لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمەوە دژی دواکەوتن و پێنەدانی مووچەکانیان ناچنەوە دەوام و هۆڵەکانی خوێندن و هەفتەی رابردووش رایانگەیاند، حکومەت بێدەنگە لە ئاستی مافەکانیان و وەڵامیان ناداتەوە. هاوکات ئەمڕۆش دوای ئەوەی مامۆستایانی ناڕازی بڕیاریاندا ناڕەزایەتییەکانیان بەرەوە بەغدا بگوازنەوە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمەوە بەرەو ئەو پارێزگایە بەرێکەوتن، رێگری لە تێپەڕبونیان کرا و لە ئێستاشدا بازگەی نێوان سلێمانی - کەرکوک و گەرمیان - دیالە داخراوە.
هاوڵاتی لە چەند بازگەیەک لە کەرکوک، رێگری لە چوونی مامۆستایانی ناڕازی دەکرێت بەرەو بەغدا و بەهۆیەوە مامۆستایان رێگای کەرکوک- سلێمانیان داخست. ماوەی مانگێکە مامۆستایان و فەرمانبەران لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمەوە دژی دواکەوتن و پێنەدانی مووچەکانیان ناچنەوە دەوام و هۆڵەکانی خوێندن و هەفتەی رابردووش رایانگەیاند، حکومەت بێدەنگە لە ئاستی مافەکانیان و وەڵامیان ناداتەوە، هەر بۆیە دەچنە بەغدا و داواکارییەکانیان بە حکومەتی عێراق دەگەیەنن. لەو بارەیەوە پەیامنێری هاوڵاتی باسی لەوە کرد، لە تەواوى بازگەکانەوە رێگریی لە چونى مامۆستایان بۆ شارى بەغداد دەکرێت ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە لە ئێستادا مامۆستایان رێگاى بانى مەقان- چەمچەماڵیان گرتوە و ناڕەزایەتیی دەردەبڕن دژى ئەو رێگرییە و وەک مامۆستایان ئاماژەی پێدەکەن مۆڵەتی ڕەسمییان هەیە. هاوکات بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری هاوڵاتی لە زاری مامۆستایانەوە زیاتر لە ٣١ پاسی گەورە (مەنشەئە) ، کە بە مەزەندە هەزار مامۆستا بەڕێوەیە بۆ مەیدانی تەحریر لە ڕێگەی کەرکوکەوەو ژمارەیەکی دیکەشیان لە چەند بازگەیەکی دیکەوە لە ڕێگەن. سەبارەت بە هۆکاری ڕێگەپێنەدانیان مامۆستایەک بە هاوڵاتی ڕاگەیاند، " هیچ کێشەیەکی مۆڵەتمان نییەو لە بەغداوە مۆڵەتمان وەرگرتووە". وتیشی، "ڕێگە پێنەدانمان بۆ تێپەڕبوون لە بازگەکان دەستێکی حزبیی لە پشتەوەیە". ئەوەش لە کاتێکدایە، مامۆستایانى ناڕازیی و مامۆستایانى وانەبێژى هەرێمى کوردستان دواى ئەوەى زیاتر لە دوو مانگە بایکۆت و ناڕەزایەتییەکانیان بەردەوامە، هەفتەى رابردو بڕیاریاندا کە ئەمڕۆ یەکشەممە ناڕەزایەتییەکانیان بگەیەننە شارى بەغداد و لە گۆڕەپانى ئازادییەوە داواکانیان بگەیەنن.
هاوڵاتی بڕیارە شۆرش ئیسماعیل بگەڕێتەوە وەزارەتی پیشمەرگە و وەک وەزیر دەستبەکاربێتەوە دوای فشاری هاوپەیمانان و رازیبوونی یەکێتی. میدیای پارتی رایگەیاند کە شۆرش ئیسماعیل لەم هەفەتەیەدا دەچێتەوە سەر کارەکەی دوای زیاتر لە ساڵێک دابڕان، ئەمەش دوای ئەوەی یەکێتی ڕازیبووە بە گەڕانەوەی. بەپێی ئەو زانیارییانەی خراونەتەڕوو، هاوپەیمانان فشاری زۆریان کردووە بۆ گەڕانەوەی و یەکێتی و پارتیش رەزامەندیان نواندووە بۆ گەڕانەوەی و بڕیاری دەستبەکاروونەوەیان بە شۆڕش ئیسماعیل راگەیاندووە. لە رۆژی 18ی تشرینی یەکەمی 2023 واتە مانگێک لەمەوبەر هاوڵاتی لە راپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە کە شۆڕش ئیسماعیل دەگەڕێتەوە وەزارەتی پێشمەرگە دوای ئەوەی لیژنەی ئاشتەوایی یەکێتی سەردانی ناوبراویان کردووە. ساڵی رابردوو شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەستلەكاركێشانەوەی راگەیاند. هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەشی بۆ دەستوەردان لەكاروباری وەزارەتەكەی گەڕاندەوە، ئەگەرچی تائێستاش سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران واژۆی لەسەر دەستلەكاركێشانەوەكەی وەزیری پێشمەرگە نەكردووە.
هاوڵاتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەسەر بەرێوەچوونی پێنجەمین پیشنگای کتێب لە سلێمانی بڵاوکردەوە کە "گلەی زۆری کتێبی ئایینی" کراوە و دەڵێت، "کتێبی ئایینی لە هەرێمی کوردستان یاساغ نییە" و ئەم بابەتە بە یاسا رێکخراوە. وەزارەتی رۆشنبییری لە روونکردنەوەکەدا باس لەوەش دەکات، "هیچ دەزگا، خانە و كتێبفرۆشێك ئیسلامی، یان عهلمانی ئەوەی خۆی خواستی هەبووبێت بەشداربێت لە پێشانگهكەدا ڕێی لێ نەگیراوە لە بەشداربوون. ئەوانەی گلەیی دەکەن، با پێشانگه پڕبكەن لە کتێبی فكر، فەلسەفە، زانست و بەرهەمەكانیان، بزانن هیچ ڕێگرییەك هەیە؟" دەقی روونکردنەوەکەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێم: ڕوونکردنەوەیەک لە بەشی یاسایی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە: 1- وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە ڕێگای بەشی یاسای وەزارەت بۆ ماوەی (45)ڕۆژ لە ڕۆژنامەكانی "كوردستانی نوێ" و ڕۆژنامەی "هەولێر" ئاگاداری بڵاوكردەوە، بە لە بەرچاوگرتنی سەرجەم ڕێكارە یاساییەكان بۆ سەرجەم دەزگا ڕۆشنبیرییەکان و خانەكانی چاپ و بڵاوكردنەوە، داواكراوه هەر لایەنێك دەتوانێت هاوكاری وەزارەت بكات بۆ كردنەوەی پێشانگای كتێب لە سلێمانی با بێت و فۆرمی تەندەر وەربگرێت، هیچ دەزگایەك نەهاتووە، تەنیا ئەم دەزگایە نەبێت "دهزگای چاپ و پهخشی ئهتڵهس"، كە ئێستا پێشانگهكەی كردووهتەوە. 2- سەرجەم ئەو دەزگا و خانانەی بڵاوكردنەوە و كتێبفرۆشی، كە ئێستا لە پێشانگه بەشدارن و خاوەن ستاندن لە پێشانگاكە، لە هەرێمی كوردستان مۆڵەت پێدراون و خاوەنی نووسینگەی دەزگای ڕۆشنبیری، یان خانەی چاپ و بڵاوكردنەوە، یاخود دوكانی كتێبفرۆشین . 3- هیچ دەزگا، خانە و كتێبفرۆشێك ئیسلامی، یان عهلمانی ئەوەی خۆی خواستی هەبووبێت بەشداربێت لە پێشانگهكەدا ڕێی لێ نەگیراوە لە بەشداربوون. ئەوانەی گلەیی دەکەن، با پێشانگه پڕبكەن لە کتێبی فكر، فەلسەفە، زانست و بەرهەمەكانیان، بزانن هیچ ڕێگرییەك هەیە؟ 4- ئەگەر قسە و گلەیی لەسەر زۆری كتێبی ئایینیە، کتێبی ئاینی یاساغ نییە، هەمووان دەبێت ئەوە بزانین لە ھەرێمی كوردستان ئەم بابەتە بەیاسا ڕێكخراوە بەم شێوەیە: بە پێی یاسایی چاپەمەنی هەرێمی کوردستان ژمارە (10) ساڵی 1993 لە ماددەی دووەمدا دەڵێت: "ڕەقابە لەهەرێم ناخرێتە سەر چاپەمەنی، هەر هاووڵاتییەک سەربەستە لەدەرکردنی هەر چاپەمەنییەک، بەپێی حوکمی ئەم یاسایە" . ههروهها لەماددەی (نۆیەم) ھاتووە: "بڵاوکردنەوەی ئەو باباتانە قەدەغەن، کە هانی تاوان و کاری تیرۆرستی دەدەن و ڕێوشوێنی بۆ خۆش دەکەن، یان جنێو و تانوت لێدان و ناوزراندنی کەسانی تێدایە، یان دەستدرێژی تێدابێت بۆ سەر ئاین و مەزهەبەکان و سیستەمی گشتی" . ئەگەر ھەر کەسێک لەپێشانگای کتێبی سلێمانی کتێبێکی دۆزییەوە یەکێک لەم بابەتانەی مادەی نۆ دیاری کردووە، تێدابوو؛ ئەوە ئەو کتێبە ڕێگا پێدراو نییە. بەشی یاسایی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان 25ـی تشرینی دووهمی 2023
هاوڵاتی یەکێتی نیشتیمانی و بزوتنەوەی گۆران راگەیاندراوێکی هاوبەشییان لەسەر کۆبونەوەکەی ئەمڕۆیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، دۆسیەی ئەمنی و سیاسی و ئیداری هەرێمی کوردستان باسیان لێوە کراوە، دەشڵێن پێویستە هەرێم و بەغدا بگەنە رێککەوتن بۆ چارەسەرى کێشەى بودجە و موچە لەپێناو دەستپێکردنەوەى پرۆسەى خوێندن لە سنورى پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە. ئەمڕۆ شەممە لە ئاستی باڵا هەردوو حیزب لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆران کۆبوونەوە و لە بەشێکی کۆبوونەوەکە هەردوولا "جەختیان کردەوە لەوەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە وادەى خۆیدا ئەنجامبدرێت و ئاستەنگەکانى بەردەمى لاببرێن، بەتایبەت کە هەرێمى کوردستان لەبەردەم بۆشایی هەندێک لە دامەزراوە شەرعیەکانیدایە." راگەیەندراوى کۆبونەوەى هاوبەشى بزوتنەوەى گۆڕان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان رۆژى شەممە (25/11/2023)، وەفدێکى باڵاى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بە سەرۆکایەتى بافڵ تاڵەبانى و شاندى یاوەرى لە مەکتەبى سیاسى، سەردانى مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕانیان لە شارى سلێمانى کرد و، لەلایەن شاندى باڵاى بزوتنەوەى گۆڕان بە سەرۆکایەتى مستەفا سەید قادر و شاندى خانەى راپەڕاندن و جڤاتى نیشتیمانى پیشوازیان لێکرا. لە کۆبونەوەکەدا چەند تەوەرێکى گرنگ و هەستیارى پەیوەندیدار بە ژیان و گوزەرانى خەڵک و دۆسیەى سیاسى، ئیدارى و ئەمنى ناوچەکە و عێراق و هەرێمى کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا. پرسى یەکخستنى نێوماڵى کورد و ئامادەکردنى نەخشەڕێگایەکى هاوبەشى کوردستانى بۆ پەیوەندى و مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق و ناوچەکە و حکومڕانى هەرێمى کوردستان گفتوگۆى لەسەر کرا، هەروەک جەختکرایەوە لەو پەشێوى و ئاڵۆزیانەى لە ناوچەکە هەیە، هەوڵبدرێت کورد نەچێتە سەنگەربەندى نێوان لایەنە ناکۆکەکان و ئاسایش و ئارامى هەرێمى کوردستان و هاوڵاتیان لە هەر ئەگەرێکى نەخوازراو بپارێزرێت. هاوکات دۆخى ژیان و بژێوى هاوڵاتیان و کاریگەرى قەیرانى دارایی لەسەر موچەخۆران و مامۆستایان بەشێکى گرنگى کۆبونەوەکەى پێکهێنا، هەردولا هاوڕابون لەسەر ئەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى ئیتیحادى بگەنە خاڵى هاوبەش و رێککەوتن بۆ چارەسەرى کێشەى پشکى هەرێم و دابینکردنى موچە لەکاتى خۆیدا، ئەمەش لەپێناو دەستپێکردنەوەى پرۆسەى خوێندن لە سنورى پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بۆ چارەسەرى کێشەکانى تەندروستى و کارەبا و خزمەتگوزارییەکان بۆ هاوڵاتیان. کۆبونەوەکە، هەڵوەستەى لەسەر پرسى هەڵبژاردنەکان کرد، هەردولا جەختیان کردەوە لەوەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە وادەى خۆیدا ئەنجامبدرێت و ئاستەنگەکانى بەردەمى لاببرێن، بەتایبەت کە هەرێمى کوردستان لەبەردەم بۆشایی هەندێک لە دامەزراوە شەرعیەکانیدایە، هەروەها هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانیش لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و هەردولا هاوڕابون لە گرتنەبەرى رێوشوێنى پێویست تا هانى زیاتری هاوڵاتیانى کورد بدات بۆ بەشداریکردنى کارا لە پڕۆسەکەدا. یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بزوتنەوەى گۆڕان
هاوڵاتی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم رایگەیاند دەستی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بڕیاریداوە پەیوەندییە نیودەوڵەتییەکانی کۆمپانیاکە بپچڕێنێت. کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، دەستەکە وەزارەتی پەیوەندییەکانی ئاگادارکردووەتەوە بۆ راسپاردنی کۆمپانیای گشتی پەیوەندییەکان و زانیاری بەمەبەستی پچڕاندنی تەواوی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم. لە راگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران وەزارەتی گەیاندنی پابەندکردوە بە راگرتنی ھەموو ڕێکارەکانی پەیوەست بە پچڕاندنی پەیوەندییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆمپانیاکە. هەروەها ئاماژەش بەوە کراوە کە، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق یەکێک لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی ئاگادارکردووەتەوە لە بەردەوامی پەخشکردنی ڕیکلامی کۆمپانیاکە، دۆسیەی پابەندییە داراییەکانی کۆمپانیاکە کۆتایی دێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ شەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2023، سەرچاوەیەک لە کۆمپانیاکە بە میدیا پارتی راگەیاندووە کە دەستەی راگەیاندنی پەیوەندییەکانی عێراق بڕیاریداوە، کە دەبێت کۆڕەک تیلیکۆم بە ماوەی 15 رۆژ، هەموو قەرزەکانی بداتەوە، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەک پێکنهێنراوە و پەیوەندیی کۆڕەک لەگەڵ هێڵەکانی دیکە لەناوخۆ ئاسایی دەبێتەوە. قەرزری کۆمپانیاکە 800 ملیۆن دۆلارە و بەهۆی ئەو قەرزە کەڵەکەبووەوە لەسەر کۆمپانیاکە رۆژی 1ی 11ی 2023 دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، ھەردوو کۆمپانیای ئاسیاسێڵ و ئەسیری ئاگادارکردەوە، ھەموو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمپانیای کۆڕەک رابگرن، تا ئەو کاتەی کۆمپانیای کۆڕەک ھەموو پابەندییەکانی جێبەجێ دەکات.
هاوڵاتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یادی جیهانی رووبەڕووبونەوەی توندوتیژی دژی ژنان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەرامبەر هەر توندوتیژییەک دژی کچان و ژنان "دەوەستینەوە." لە پەیامەیەکیدا نیچیرڤان بارزانی پشتگیری خۆی بۆ کەمپینی 16 رۆژی کار و چالاکییەکانی بەرەنگاربوونیەوە توندوتیژی دژی ژنان دووپات کردەوە و رایگەیاند، "لهم ڕۆژهدا یادی ههموو ئەو ئافرەتانە دەکەینەوە کە ستهميان لێكرا و لەبەر ڕەگەز و جیاوازییان، ژیانیان لێ سەندرایەوە." دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێم: پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى له يادى 25ى نۆڤهمبهردا ئهمڕۆ 25ى نۆڤهمبهر له ڕۆژى جيهانيى بهرهنگاربوونهوهى توندوتيژى دژى ئافرهتاندا، ههموو پشتگيرييهك بۆ كهمپهينى 16 ڕۆژهى كار و چالاكييهكانى بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دووپات دهكهينهوه. لێبڕاوانه بهرامبهر به ههر جۆره توندوتيژييهك دژى كچان و ژنان و ههراسانكردنيان له ههر كوێ و به ههر پاساوێك بێت، دهوهستينهوه. لهم ڕۆژهدا یادی ههموو ئەو ئافرەتانە دەکەینەوە کە ستهميان لێكرا و لەبەر ڕەگەز و جیاوازییان، ژیانیان لێ سەندرایەوە. هیچ شتێک دادی ئازارى گەورەی خێزان و دایکوباوکانى ئهو قوربانييانه نادات. تاكه دڵنهوايى بۆ ئهوان تهنيا ئهوهيه ههموومان پێكهوه كار بكهين بۆ ئهوهى دادوهرى بۆ قوربانييان جێبهجێ بكرێت. ههروهها به پێزانينهوه له ڕۆڵى خانمانى چالاكوان و مامۆستايانى ئايينى و ههموو ئهوانه دهڕوانين كه به ههر شێوهيهك بێت، بۆ باشتركردنى دۆخى ئافرهتان كار دهكهن. لهم يادهدا پابهنديمان دووپات دهكهينهوه كه به ئيرادهيهكى پتهو و به جددى بهرهنگارى ههموو توندوتيژى و پێشێلكارى و دهستدرێژييهك بهرامبهر به ئافرهتان و مافهكانيان دهبينهوه. له ههماههنگى و كارى هاوبهشمان لهگهڵ لايهنه پهيوهنديدارهكان له ههرێمى كوردستان و لهسهر ئاستى عێراق و نێودهوڵهتيش بهردهوام دهبين. ههرگيز له كار و ههوڵدان بۆ بنياتنانى كۆمهڵگهيهكى ئازاد و دادپهروهر و يهكسان كۆڵ نادهين. نێچيرڤان بارزانى سهرۆكى ههرێمى كوردستان 2023/11/25
هاوڵاتی لەماوەی سێ رۆژی داهاتوودا دادگای فیدڕاڵی لەسەر سێ سکاڵای تایبەت بە هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە کە دووانیان پەیوەندیان بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمەوە هەیە. لە خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵیدا هاتووە کە رۆژی یەک شەممە دادگاکە سەبارەت بە سکاڵای نۆ فەرمانبەری ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، کە لەسەر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی ھەرێم تۆمارکراوە. ئەو فەرمانبەرانە لە سکاڵاکەدا داوا دەکەن حکومەتی ھەرێم ناچار بکرێت بە دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانەبرانی هەرێم کوردستان کە چەند ساڵیکە راگیراوە و ناچارکردنی حکومەتی هەرێم بە جێبەجێکردنی یاسای ھەموارکراوی مووچەی فەرمانبەرانی فیدراڵی و کەرتی گشتی ژمارە 22ی ساڵی 2008 ھەروەھا رۆژی سێشەممە 28ی تشرینی دووەم جارێکی تر دادگای فیدراڵی سەبارەت بە سکاڵایەکی تر کۆدەبێتەوە کە لەلایەن سێ فەرمانبەرەوە لەسەر ھەردوو محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و ھەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، بۆ دەرکردنی بڕیارێک بەمەبەستی ناردنی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بۆ مانگەکانی تەموز و ئاب و جێبەجێکردنی یاسای بودجە و پابەندکردنی ھەردوو حکومەت بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ھاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق. ھەمان رۆژ دادگای فیدراڵی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەکی دیکە کۆدەبێتەوە کە لەلایەن ئەمینداری حزبی ئومەی عێراقییەوە لەدژی سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆمارکراوە، لە سکاڵاکەدا داواکراوە بەپێی یاسای بودجە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم خەرج بکرێت لەوادەی دیاریکراودا ھاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق.
هاوڵاتی بڕیاره سبەینێ شممه وەفدێكی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی سهردانی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و كۆمەڵی دادگەریی بكات. ماڵپهڕی فهرمیی یهكێتی بڵاویكردهوه: "وەفدەكەی یەكێتی سەرەتا لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە و دواتر لەگەڵ ھەریەكە لە كۆمەڵی دادگەریی و یەكگرتووی ئیسلامی كۆدەبێتەوە". ئاشكراشیكردوه كه ئەندامانی وەفدی یەكێتی پێكدێن لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و د. خەسرەو گوڵ، نوێنەری سەرۆكی یەكێتی بۆ هەرسێ ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئەنجومەنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی و ئەنجومەنی پشتیوانی و رەفعەت عەبدوڵا و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ و شاڵاو عەلی عەسكەری و عیماد ئەحمەد ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی و سالار سەرحەد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی. بە گوێرەی زانیارییەکان، لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی یەکێتی لەگەڵ ئەو لایەنانە، دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی یەکێتی و ئەو لایەنانە ئەجێندای کۆبوونەوەکانیان دەبێت، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا، شاندەکەی یەکێتی دەرئەنجامی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ پارتی لەگەڵ گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵ دەخاتەڕوو.
هاوڵاتی پێدانى کارەباى نیشتمانى بۆ کەمتر لە حەوت کاتژمێر دابەزیوە، پارێزگارى سلێمانیش لە رونکردنەوەیەکدا داوا دەکات چارەسەربکرێت. لە رونکردنەوەکەیدا، هەڤاڵ ئـەبوبەکر رایگەیاندووە، لەم ڕۆژانەدا؛ دۆخی کارەبای نیشتمانیی زۆر خراپ بووە، لە بیست و چوار کاتژمێرى ڕابردودا لە ناو شاری سلێمانیدا؛ کەمتر لە حەوت کاتژمێر کارەبا هەبووە. دەشڵێت: دۆخی کارەبا لە هەموو پارێزگاکەدا لە دۆخێکی خراپدایە، کەمکردنەوەی ڕێژەی بڕە مێگاواتی دابەشکراوی شارەکان، چاوەڕواننەکراوانە ئاستی هەبوونی کارەبای گەیاندۆتە کەمترین ئاست لهكۆتایی پۆستهكهیدا پارێزگاری سلێمانی داوای چارهسهركردنی قهیرانی كارهبای كردوهو نوسیویهتی: "داواکارین بەخێرایی ئەم قەیرانە نوێیە چارەسەربکرێت و بارگرانیی زیاتر بە دوای خۆیدا نەهێنێت."
هاوڵاتی لەبارەى کەمبونەوەى کاتژمێرەکانى پێدانى کارەباى نیشتمانى، وەزارەتى کارەبا رونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت؛ بەهۆی پرۆسەی چاکسازی لە هەردوو یەكەی وێستگەی خەبات، 300 مێگاوات کارەبا لە ڕۆژی (15)ی ئەم مانگەوە کەم بووەتەوە. دەشڵێت: تا كۆتایی مانگ پرۆسەکە تەواو دەبێت و وێستگەکە دەکەوێتە کار و ماوەکانی پێدانی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە. دەشڵێت، ئەم چاکسازییە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا بەهۆی سەرماوە، بۆیە ماوەی چەند رۆژێکە کاتەکانی پێدانی کارەبا کەم بووەتەوە. ڕونکردنەوەکەی وەزارەتی کارەبا لە کاتێکدایە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتیمانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبۆتەوە، وەزارەتی کارەبا سێ هەزار و 800 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەڵام لە وەرزە سارد و گەرمەکاندا خواست لەسەر کارەبا بۆ دوو هێندە بەرز دەبێتەوە بە مەشپێدانی کارەبا نزمدەبێتەوە لەو وەرزەدا.
هاوڵاتی چالاکوانێکی شیلادزێ سێ ڕۆژە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوەو تا ئێستا نازانرێت لە کوێ دەستبەسەرە کەسوکارەکەشی دەڵێن لەسەر پۆستێکی فەیسبووک دەستبەسەرکراوە. ئەو چالاکوانە ناوی عەباس ئەشڤانەو خەڵکی شیلادزێیە و کەسوکارەکەی دەڵێن، پێش دەستگیرکردنی لە فەیسبووک پۆستێکی کردووەو دواتر بە زۆر پێی سڕدراوەتەوە و دواتر لە دووکانەکەی خۆیدا دەستگیرکراوە. کەسوکاری ئەو چالاکوانە دەشڵێن، دواین پۆستی عەباس ئاشڤان لەسەر دۆخی خراپی کارەبا بووە و نوسیویەتی" شەو رۆژ 9 کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی هەیە و لەبیرنەکەن سەیدای مزگینی خۆشی هەیە". "عەباس ئەشڤان" چالاکوانی ناحیەی شیلادزێیە و دوکانێکی فرۆشتن و دانانی تلستاری لەسەنتەری شیلادزێ هەیە. لەم بارەیەوە هاوڵاتی پەیوەندی بە "رزگار عوبێد" بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێوە کرد بەڵام ئامادە نەبوو لێدوان بدات.
هاوڵاتی پارێزگاری بانكی ناوەندی ڕایگەیاند، چارەسەری ڕیشەیمان بۆ بنبڕكردنی قاچاخچێتی دۆلار داڕشتووە و زیاتر لە ٤٠ هەژماریشیان بۆ بانكە عێراقیەكان لە دەرەوەی وڵات كردووەتەوە، لێكتێگەیشتنی باش هەیە بۆ ئەوەی دراوی یۆرۆ لە توركیاوە هەناردەی عێراق بكرێت. عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق لە بارەی گرتنەبەری چەند ڕێكارێكی نوێ بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار و بەرزكردنەوەی بەهای دیناری عێراق بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەواو ڕایگەیاند،بە شێوەیەکی ڕیشەی چارەسەری قاچاخچێتی بە دۆلارەوە دەکەین. عەلی عەڵا رایگەیاند؛ بانکی ناوەندی بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا و بانکی فیدڕاڵی ئەمەریکا، جگە لەوەش کۆبونەوەی وەرزیمان هەیە بۆ ئەوەی پێداچونەوە بە کارەکانی پێشودا بکەین. وتیشی"سەرەتای مانگی داهاتوو لە دوبەی، بانكی ناوەندیی عێراق كۆبونەوەیەك لەگەڵ وەزارەتی خەزێنە و بانكی فیدراڵی ئەمریكا دەكات". دوپاتیشی کردەوە کە سەرەتای ساڵی داهاتوو كاركردن لە پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنی كۆتایی دێت و بانكی ناوەندیی لە پڕۆسەی بەڕێوەبردنی لایەنە جێبەجێكارییەكانی حەواڵەی دەرەكی دەچێتە دەرەوەو كارەكەی تەنیا لە چاودێریكردندا كورت دەبێتەوە. لە كۆتایدا عەلی عەلاق وتیشی، لێكتێگەیشتنی باش لە نێوان بانكی فیدراڵی و خەزێنەی ئەمریكا هەیە، هیچ سنوورێكیش بۆ پارەی عێراق لە دەرەوەی وڵات دانەنراوە، لە سەرەتای مانگی داهاتووشدا لە دوبەی لەگەڵ گەنجینەی ئەمریكا و یەدەگی فیدراڵی بانكی ناوەندی كۆدەبینەوە.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دەستیان بەسەر 50 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گرتووە و سێ تۆمەتباریشیان دەستگیرکردووە کە بازرگانییان بە مادە هۆشبەرەکانەوە کردووە. ئەمڕۆ هەینی 24/11/2023 لەناو بینایی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە سلێمانی، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم و بەرێوەبەری گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا. لە کۆنگرەکەدا دەست بەسەرداگرتنی بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر راگەیەندرا کە بڕەکەی (51) کیلۆ ماددەی هۆشبەر بوە لە جۆری کریستاڵ. ئاماژەیان بەوەکرد، ماوەی دو هەفتەیە سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاری ورد بون و دەرەنجام توانراوە سێ کەس لە ناو ئەو تۆڕە مەترسیدارە دەستگیربکرێت، چونکە دەیانویست ماددەکان لە شاری سلێمانی ساغ بکەنەوە.
هاوڵاتی گەنجێک کە بەشداری لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی رابردووی کردبوو لە پارێزگای هەمەدانی ئێران، "بە نهێنی" لەسێدارەدرا. ئەو خۆپێشاندەرەی لە سێدارە دراوە ناوی میلاد زۆهرەوەندە و تەمەنی 21 ساڵانە. دوای دەستگیرکردنی، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو. بەگوێرەی زانیارییەکان، زۆهرەوەند بەرەبەیانی دوێنێ پێنجشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2023 لە زیندانی ناوەندیی هەمەدان لە رۆژئاوای ئێران لەسێدارە دراوە و تەرمەکەی هێشتا رادەستی خێزانەکەی نەکراوەتەوە. چالاكوانانی رۆژههڵاتی كوردستان له تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان باسیان لهوه كردووه، جێبەجێکردنی سزای سێدارهی میلاد، لەژێر كاریگەریی سوپای پاسداران بەڕێوەچوو و ئێستا کەش و هەوای شاری مەلایر بە تەواوی بهسهربازی كراوه. دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران رێگری لە پێدانهوهی تەرمی میلاد زەهرەوەند بە بنەماڵەکەی کردوه و رایگەیاندووە، کە تەنیا لە حاڵەتێکدا تهرمهكهیان پێدهدرێتهوه کە رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی لە شاری مەلایر بەڕێوە نەچێت، ئهوكات تەرمەکەیان رادەست دەکەن. رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاندووە، پێدەچێت بەخاكسپاردنی ئەم زیندانییە لەسێدارەدراوە بە شەو لە گوندی قشلاق عەبدولکەریمی سەر بە قەزای خەنداب لە مەلایر بەڕێوە بچێت. ئەم هاوڵاتییە لە خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا دەستگیرکرا، ناڕەزایەتییەکانی دژی حکومەتی ئێران و خۆپیشاندانەکانی ژینا دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ لە 16ـی ئەیلوولی 2022 دەستیپێکرد، کە لەلایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە دەستبەسەرکرا و دواتر لە نەخۆشخانەیەکی شارەکە گیانی لەدەستدا.
