هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هۆشداری دەداتە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دەڵێت بە ئەلکترۆنیکردنی مووچەکانیان لە ڕێگەی بانکە ناحکومییەکانەوە ناڕەسمییە. یوسف کیلابی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسەوە هۆشداری دایە فەرمانبەرانی هەرێم و ڕایگەیاند، بە ئەلکترۆنیکردنی مووچە لە دەرەوەی بانکە حکومییەکان و لە ڕێی هەژماری من ناڕەسمییەو مووچەکانیان لەو هەژمارەدا پارێزراو نابێت. دەشڵێت، فەرمانبەران لە ڕێگەی ئەو هەژمارانەی کە سەر بە بانکە حکومییەکان نین ناتوانن مووچەکانیان وەربگرن کە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بۆیان دەنێردرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، بەڕێوبەری بانکە گشتییەکان بانگێشتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کراون و سەرجەم بانکە حکومییەکان ئامادەن بۆ بەئەلکترۆنیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم. ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، هۆکاری دواکەوتنی پرۆسەی  بە ئەلکترۆنیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە حکومەتی هەرێمەوەیە و بەربەستی بۆ دروست دەکرێت. دوای ئەوەی بە بڕیارێکی دادگای فیدراڵی عێراق پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە نیشتیمانیکراو بڕیاردرا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابین بکرێت، بۆ بەردەوامبوونی دابەشکردنی مووچە بەبێ کێشە، وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، پێویستە بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستپێبکات، بەڵآم رۆسەی بەبانکیکردن دەستیپێنەکردووە و حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوی لەوەیە پرۆژەی 'هەژماری من' بخرێتە چوارچێوەی پرۆژەی بەبانکیکردنی عێراقی کار بەو هەژمارە بکرێت.

هاوڵاتی گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەم نزیکانە نێچیرڤان بارزانی دەچێتە بەغدا و بەشداریی لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەکات وپرسی هەڵبژاردنەکانیش یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەردانەکەی دەبێت. ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٤/٤/٢٠٢٤  دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە لێداونێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "بەمنزیکانە" نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت سەردانی بەغدا دەکات. وتیشی، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەپێشینەی کارەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە و "زیانێکی زۆر بە هەرێمی کوردستان گەیشت بەهۆی ئەو جیاوازییانەی لەسەر پرسی هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن هەبوون". ئەوەشی ڕونکردەوە کە،  "بەهۆی ئەو ململانێیە سیاسییانەی لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا هەبوون، زیانێکی زۆر بە هەرێمی کوردستان گەیشتووە. ئێستا کاتی هاتووە، ناکۆکییەکان بەلاوە بنێین و بوونی پەرلەمانێک کە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی سەرجەم چین و توێژەکانی گەلی کوردستان بکات، ئامانجی هەمووان بێت".  بە گوتەی دڵشاد شەهاب لە کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت چەند پرسێک تاوتوێ دەکرێن ، لەنێویشیاندا بەشداریی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا. ئەو گوتی، "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە هەموو توانایەکییەوە کار بۆ بەشداریی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات". گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باسی لە سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ هەولێر کرد و ڕایگەیاند، "ئەو پەیوەندییە تازە نییە، گرنگیدان و پەرەدان بەو پەیوەندییانە، لە بەژەوەندیی هەردوولایە. ئێمە دراوسێی یەکدین، جیا لە پەیوەندیی ئابووری، دیپلۆماسی، بازرگانی و سیاسی، ئەو سنوورە دوور و درێژەی لەنێوان هەردوولا هەیە پارێزگاریکردنی ئامانجی هاوبەشی ئێمەیە". سەبارەت بە دواکەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتیش ڕایگەیاند، کێشەکانی کە هەیەو چارەسەرنەکراوە زیاتر تەکنیکین .  

هاوڵاتی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بریاریدا بەڕێوەبردنی ئۆفیسی‌ هەڵبژاردنەكانی پارێزگای هەولێر بگۆرێت. ئەمڕۆ چوارشەممە، ئۆفیسی هەولێری هەڵبژاردنەکان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لەبەر پێویستی و بەرژەوەندی گشتی و گرێنتی دان و دەستەبەرکردنی هاوسەنگی کارەکان مەروان محەمەد وەک بەڕێوەبەری نوێی ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی هەولێر دیاریکرا. له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ده‌ڵێت: (مەروان محمد صالح) بۆ بەڕێوەبردنی ئۆفیسی‌ هەڵبژاردنەكانی پارێزگای هەولێر، لەشوێنی (حەیدەر محمد ئەکرەم محمد تۆفیق) راسپێدراوه‌. باس لەوەش کراوە، ئەو هەنگاوە وەک ئامادەکارییەکە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٤دا.  له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان  دوو ملیۆن و 888 هه‌زار و 162 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌، له‌و ژماره‌یه‌شدا، دوو ملیۆن و 672 هه‌زار و 43 كه‌س له‌ ده‌نگدانی گشتی و 216 هه‌زار و 119 كه‌سیش له‌ ده‌نگدانی تایبه‌ت ده‌نگ ده‌ده‌ن. سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش رۆژی‌ 10ی‌ حوزه‌یرانی‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان دیاریكردووه‌ و كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراقیش ئاماده‌كارییه‌كانی‌ ده‌ستپێكردووه‌. هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمیش جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان دەربڕیوە. ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌: ئەنجوومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بەڕێز (مەروان محمد صالح)ی ڕاسپارد بۆ بەڕێوەبردنی ئۆفیسی‌ هەڵبژاردنەكانی پارێزگای هەولێر، لەشوێنی بەڕێز (حەیدەر محمد ئەکرەم محمد تۆفیق). ئەم ڕاسپاردنە لەبەر پێویستی و بەرژەوەندی گشتی و گرێنتی دان  و دەستەبەرکردنی هاوسەنگی کارەکان لە نێوان کارگێڕی و بەرپرسانی هۆبەکان و سەرجەم فەرمانبەرانی فەرمانگەکە ئەنجام درا، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٤.

هاوڵاتی 50 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر رژێمی به‌عسی روخاو شاری قەڵادزێی  بە چەکی قەدەغەکراو بۆمببارانکرد و بەهۆیەوە چەندین هاوڵاتیی و خوێندكاری زانكۆ شەهیدو برینداربون. دواى ئەوەى رژێمی پێشوى بەعس لە بەیاننامەی 11ی ئازار پاشگەزبوەوە و خەڵكی كوردستانی بەبێ جیاوازی بە پاڵپشتی شۆڕش وەك خیانەتكار لەقەڵەمدا ولە رۆژی 24/4/1974 لەلایەن ئەو رژێمەوە بە فڕۆكە و بۆمبى ناپاڵم شارى قەڵادزێ بۆردومان كرا، جگە لەو کاولکارى و وێرانکارییەى جێما، زیاتر لە 400 كەس لە خوێندكاری زانكۆ و ژن و منداڵ و پیر و گەنجی ئەو شارە شەهید و برینداربون و دوای ئەو تاوانەش دانیشتوانی قەڵادزێ‌ راگوێزران ‌و شارەکە لەگەڵ زەوی تەخت كرا. لەو بۆردومانەدا کە کاتژمێر 10ى سەر لەبەیانی دەستى پێکرد، بیناى سەرۆكایەتی زانكۆ و بەشی ناوخۆیی، كە لەوكاتەدا لە شاری سلێمانییەوە گواسترابوەوە بۆ ئەو قەزایە، لەگەڵ خوێندنگەكان و ماڵەكانی دەوروبەری کرانە ئامانجى فڕۆکەکانى بەعس و بەهۆیەوە 134 هاونیشتمانی شەهید و 150ی دیکەش بریندار بوون. ، هەروەها زۆرینەی خانوو باڵەخانەكان روخان و وێران كران. ڕژێمی بەعس پلانی پاکتاوکردنی گەلی کوردد جێبه‌جێ ده‌كرد و لە ساڵی 1978 تا 1979 زۆربەی گوندەكانی بۆ ئۆردوگا زۆرەملێكانی (پێماڵك، بەستەستێن، چوارقوڕنە، تووەسوران) ڕاگواست و سەرجەم گوندەكانی بەمزگەوتەكانیشەوە خاپوركرد. شاری قەڵادزێ لە ساڵی 1893 لەلایەن عوسمانییەكانەوە كراوە بە قەزا و ئێستا لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕینە لە پارێزگای سلێمانی، قەڵادزێ ناوەندی قەزای پشدەرە، سەر بە پارێزگای سلێمانییە و نزیکە 134 کیلۆمەتر لێیییەوە دورە.

هاوڵاتی سوپای ئیسرائل رایگەیاند، "دوو فەرماندەی سەربازی حزبوڵڵای لوبنانی کوشتووە"، دواتر بە درۆن هێرشکرایە سەر چەند بنکەیەکی سەربازی ئیسرائیل.  رۆژی سێشەممە 23ی نیسانی 2024، سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، "حسێن عەلی عەزقوول، فەرماندەی یەکەی مووشەکەکانی حزبوڵڵای لوبنان، هەروەها محەممەد خەلیل عەتییە، بەرپرسی هێزی ئاسمانی یەکەی سەربازی رەزوانی حزبوڵڵای لوبنان، لە دوو هێرشی جیاوازدا لە باشووری لوبنان کوژراون".  سوپای ئیسرائیل حسێن عەلی عەزقولی وەک یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی حزبوڵڵای لوبنان لە بەشی بەرگری ئاسمانی حزبوڵڵا ناساندووە کە بەرپرسی بەشێکی زۆر لەو هێرشانە بووە کە کراونەتە سەر ئیسرائیل لە لایەن حزبوڵڵاوە. میدیاکانی ئیسرائیل بەگرینگییەوە باسی کوژرانی ئەم دوو فەرماندە سەربازییەی حزبوڵڵایان کردووە و بە لێدانێکی گەورە لە حزبوڵڵا وەسفی کردووە. کەناڵی تەلەفیزیۆنی " المیادین" سەر بە حزبوڵڵای لوبنان، رایگەیاند دوای کوژرانی ئەم دوو فەرماندە باڵایەی حزبوڵڵا بە درۆن هێرش کراوەتە سەر چەند بنکەیەکی سەربازی لە باشووری ئیسرائیل.

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد شارەزایەکی کەشناسی لەبارەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە زانیاری نوێ دەخاتەڕوو و دەڵێت "باران و هەورە بروسکە و تەرزه بەشێوەی گشتگیر روودەکاتە تەواوی ناوچەکانی هەرێم". شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە هاوڵاتی راگەیاند، "گەر گۆڕانکارییەکان بەو شێوەیە بمێنن سیستەمێکی مەودا درێژخایەنی زۆر باشی باران و هەورە بروسکە و تەرزه بەشێوەی گشتگیر روودەکاتە تەواوی ناوچەکانی هەرێم و گەرمیان لە کۆتاییەکانی مانگ بەولاوە هاوکات پێشبینی لافاوی زۆری لێدەکرێت لە تەواوی ئەو ناوچانەی مەترسییان لەسەرە". ئاماژەی بەوەشکرد، "ماوەیەکە سیستەمێکی وشک و گەرم لەسەر ناوچەکانمان باڵادەستە ئەو سیستەمە گەرمە بۆ ئەوکاتەی ساڵ شتێکی نائاساییە و بەشێوازی بەرچاو پلەکانی گەرمای بەرز کردووەتەوە تەنانەت لە چەند رۆژی داهاتوو زۆر زیاتریش بەرزدەبێتەوە ئەو گەرمایە نائاساییه و ئاسایی نییە بۆ ئەوکاتەی ساڵ و نیشانەی هاتنی بارانی زۆر زۆره بەدوای خۆیدا، ئەوەندەی لەبیرمە تا ئێستا گەرما وام لەم کاتەی ساڵدا نەبینیوە". شاڵاو هیدایەت وتی، "ئەو گەرمایە نائاساییه بارانی وا زۆری پێوە دەبێت کە بۆ ئەوکاتەی ساڵ دەگمەنی دەبێت پێشبینی دەکەین 50 ساڵ دەبێت بارانی ئاوا و لافاوی ئاوا و دۆخێکی ئاوایی لەو کاتەی ساڵدا بوونی نەبووبێت تەنانەت لەسەر تاسەری وڵات پلەکانی گەرما دێتەوە خوار نۆڕماڵ و لەبەشێک ناوچە پێویستی بە گەرم کەرەوە دەبێتەوە، هاوکات هەر ئەم چەند رۆژەیە و گەرما لە کۆتاییەکانی مانگ و بەولاوە تا کاتێکی زۆر و نادیار دووردەکەوێتەوە لەسەر ناوچەکانمان و مانگی پێنج بەگشتی فێنک دەبێت تەنانەت لەبەشێک ناوچە هەست بەکەشی نیمچە ساردی و ساردیش دەکرێتەوە".  

هاوڵاتی/ هەوراز حوسێن بەرپرسێکی سەربازیی ئۆکراینی دەڵێت، لە دوای ناردنییەوە لەلایەن ئێرانەوە بۆ رووسیا، رۆژێکم بیر نایەت دەنگی درۆنی شاهیدی ئێرانیم لە ئاسماندا گوێ لێنەبووبێ لە مەیدانی جەنگدا. دەستپێکی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە جیهاندا کاردانەوەی سیاسی و سەربازیی جۆراوجۆری بە دوای خۆیدا هێنا و ئاڕاستەی دیپلۆماسیی ژمارەیەک وڵاتیشی بۆ چوونە پاڵ رۆژئاوا یان جەمسەری رۆژهەڵاتی زەوی روونکردەوە. ئێران لە مانگی ئابی ساڵی 2022ـەوە دەستیکرد بە ناردنی درۆنی شاهید بۆ رووسیا و لەوکاتەوە رووسیا لە بەرەی پێشەوەی جەنگەکەدا بەکاریان دەهێنێت. ئیڵیا یاڤلیش، گوتەبێژی هێزی ئاسمانی ئۆکراینا دەڵێت، درۆنی شاهید بەشدارییەکی گەورەی لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا هەیە و زۆر وێرانکەرە. بە گوێرەی ئەو بەرپرسە سەربازییە، "ئەگەر درۆنێکی شاهید خۆی بە باڵەخانەیەکدا بکێشێت کە پڕ بێت لە خەڵک، هەموویان لەناودەبات." ئێران درۆنی شاهیدی تەنیا نەداوە بە رووسیا، بەڵکو لە هێرشەکەی هەفتەی رابردوویدا بۆ سەر ئیسرائیلیش هاوکات لەگەڵ 300 مووشەکی دیکەدا بەکاریهێنا. شێوازی بەکارهێنانی درۆنی شاهید تەنیا یەک جارە؛ جیاواز لە درۆنەکانی دیکە ئەم جۆرە درۆنە مووشەک و تەقەمەنی بۆ پێکانی ئامانجەکەی لێنابەسترێت، بەڵکو خۆی بە ئامانجەکەیدا دەتەقێنێتەوە، بۆیە هەر درۆنێکی شاهید تەنیا یەک جار بەکاردێت و بۆ پێکانی ئامانجی دوورمەودا بەکاردێت.

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد ماوەی سێ رۆژ دەبێت هەناردەکردنی گازی شل لە شاری سلێمانییەوە بۆ هەولێر راگیراوە و قایمقامی هەولێر دەڵێت، "رێگرییەکە لەلایەن بازگەی ناحیەی ئاشتییەوەیە لە قەزای کۆیە". ئەمڕۆ سێشەممە 23ی نیسانی 2024، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئێمە رۆژانە لە هەولێر لەلایەن کۆمپانیای ساوز کوردستان کە ئەرکی گواستنەوەی گازی شلی لە ئەستۆ گرتووە بۆ هەموو هەرێمی کوردستان، بڕی 30 تۆن گازی شل بۆ هەولێر هاوردە دەکرێت و لە رێگەی کارگەکانی گازەوە دەکرێتە بتڵەکان و بە نرخی فەرمی بە هاوڵاتییان دەفرۆشرێتەوە". قایمقامی هەولێر لەبارەی راگرتنی هەناردەکردنی گازی شل بۆ هەولێر وتی، "ئەمڕۆ ماوەی سێ رۆژ دەبێت لە بازگەی ناحیەی ئاشتی لە سنووری قەزای کۆیە هەناردەکردنی گازی شل بۆ هەولێر راگیراوە و رێگە بە تانکەرەکان نادرێت تێپەڕن". ئەوەشی خستەڕوو، "سێ رۆژە گازی شل بۆ هەولێر و سنووری ئیدارەی سۆرانیش نەنێردراوە، بازگەکە رێگری لە تانکەرەکان دەکات و رایگرتوون".

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لەگەڵ وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە و کۆمەڵێک خاڵی گرنگیان تایبەت بە کێشەکانی مامۆستایانی وانەبێژ تاوتوێ کردووە. ئەمڕۆ سێشەممە 23ی نیسانی 2024، کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ بە هاوڵاتی رایگەیاند، "دوێنێ دووشەممە 22ی نیسانی 2024 نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لەگەڵ ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم و ئەنجومەنی وەزارەت کۆبووینەوە و کۆمەڵێک بابەتی گرنگ تایبەت لەسەر کەیسی مامۆستایانی وانەبێژ باسکرا". ئاماژەی بەوەکرد، "دوێنێ دووشەممە ناوی سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ کە 37 هەزار و 740 وانەبێژ بوون نێردرا بۆ حکومەتی عێراق بۆ مەبەستی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بەشێوەی گرێبەستی هەمیشەیی، هەروەها حکومەتی هەرێمیش نووسراوی فەرمیی کردووە بۆ حکومەتی فیدڕاڵ و داوای لێدەکات بۆ تەرخانکردنی دارایی پێویست بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێم". کارۆخ عەبدوڵڵا وتی، "تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەمان تایبەت بوو بە وانەبێژانی بەخشراو و ئەوانەی ساڵانی رابردوو وانەبێژ بوون ناویان لەناو ریزبەندی پەروەردەکاندا هەبوو، بەڵام لادراون، ناو و زانیاریان بە دۆکیومێنت داواکرا، تاوەکو بنردرێت بۆ وەزارەت". روونیشیکردەوە، " دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ لەلایان حکومەتی هەرێمەوە دەبێت، بەڵام ئەرکی دارایی لەسەر حکومەتی فیدڕاڵ دەبێت". ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان 37 هەزار و 740 وانەبێژە و پێویستی شایستەیان بۆ دامەزراندن زیاتر لە 18 ملیار دینارە بۆ هەر مانگێک، هەروەها شایستەی مانگانەی گرێبەست بۆ دبلۆم 400 هەزارە و بۆ بەکالۆریۆس 500 هەزار دینار دەبێت.

هاوڵاتی سەرۆکی ئەنجومەنی پشتیوانیی یەکێتی رایگەیاند، تا ئەم خولەکە یەکێتی سوورە لە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا و بێ پارتی دنیا وێران نابێت. ئەمڕۆ سێشەممە 23-4-2024 حاجی مەسیفی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پشتیوانیی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تا ئەم ساتە سوورە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دواخستنیشی بە رێککەوتنی هەموو لایەنەکان ئەنجام دەدرێت. وتیشی، "عێراق لەم رووەوە ئەزموونی زۆرە و کاتی خۆی سونەکان بەشداری هەڵبژاردن نەبوون و کراش، سەدر لە پرۆسەی سیاسی عێراق کشایەوەو دنیاش وێران نەبوو". جەختکردنەوەی یەکێتی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەکاتێکدایە پارتی دیموکراتی کوردستان رەتی دەکاتەوە بەم شێوەیەی ئێستا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و دەڵێت، "بەشداریی هەڵبژاردنێکی بەنایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت" ناکەین. بەر لە پارتی، 15 لایەنی کریستیانیش لە دوو راگەیەندراوی جیادا بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیان راگەیاند، هەروەها لە 12ی ئاداردا 10 پارت و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە هەمان هۆکار بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و رایانگەیاند، "تاوەکو ئەو کاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت''، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن. ئەمە یەکەم جارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەبێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت، کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێج بۆ تورکمان و کورسیەکى دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ی شوبات دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق بڕیاری هەڵوەشاندەوەی کورسیی کۆتاکانی دا. جگە لە پارتی هەریەک لە پارت و لیستەکانی وەک یەکێتی، گۆڕان، بەرەی گەل، کۆمەڵ، یەکگرتوو و هەڵوێست ئامادەیی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکان دەربڕیوە و ناوی کاندیدەکانیان پێشکێش بە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە.

هاوڵاتی، هەوراز حسێن کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە هۆڵەندا 22ـەمین کۆبوونەوەی گشتیی خۆی بەڕێوەبرد و باسیان لە رەوشی کورد لە تەواوی کوردستان کرد. کەنەکە دەڵێت، دەوڵەتی تورکیا بۆ شاردنەوەی ئەو قەیرانە ئابووری و دیپلۆماسیانەی لە نێوخۆی وڵاتەکە و دەرەوەیدا هەیەتی هێرشدەکاتە سەر باشوور و رۆژئاوای کوردستان و شەڕی بوون لەگەڵ کورددا دەکات. رۆژی 20 و 21ی نیسانی 2024، کۆنگرەی نەتەوەیی کەنەکە لە هۆڵەندا کۆبوونەوەی 22ی خۆی بە بەشداری نوێنەرانی باشوور، باکوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەبرد و لە دەرئەنجامی کۆبوونەوەکەدا راپۆرتێکیان بڵاوکردەوە. بە گوێرەی بڵاوکراوەکەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، بڕیار و دەرەنجامی کۆنفرانسی لۆزانیان لە یادی 100 ساڵەی ئەو پەیماننامەیەدا لە ژێر ناوی، "هەڵوێستی گەلی کوردستان لە یادی سەد ساڵەی پەیمانی لۆزان" تاووتوێ کردووە و پلانی کاروچالاکییەکانی کۆنگرەکەیان لەو یادەدا خستووەتەڕوو. لە راپۆرتی کۆنگرەدا هاتووە، دەوڵەتی تورکیا دەستی بە کوشتنی گەلی کورد کردووە و لەم کاتەدا " شەڕێکی ستراتیژی و پلان بۆ داڕێژراو لە دژی گەلەکەمان بەڕێوە دەبات". یەکێک لەو پەیامانەش راپۆرتەکە دەیەوێت بیدات بە گوێی خەڵکدا ئەوەیە، " هەموو کوردستانیان ئەو راستییە بزانن دەوڵەتی تورک شەڕی بوون و نەبون لەگەڵ کورد دەکات." هاوکات باس لە پلانی لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێت، داگیرکارییەکە تاوەکو سنووری باشیکە، شەنگال، کەرکوک، مەخمور، پێنجوێن، چەمچەماڵ و کفری درێژدەبێتەوە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەردۆغان و تورکیا دژی قەوارەی هەرێمی کوردستانن و هەوڵی لەناوبردنی دەدەن، بۆیە پێویستە لەسەر هەموو کوردستانیان بەرگری بکەن بۆ پاراستنی ئەو قەوارەیە. هەروەها بەرپرسانی تورکیا ترسی ئەوەشیان لە دڵدا نیشتووە لە رۆژئاوای کوردستان ئەزموونێکی هاوشێوە دروستبێت. گوایە ئەردۆغان و چەند بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتە گوتوویانە، "ئەو هەڵەیەی لە باکوری عێراق کردمان لە باکوری سوریا دووبارە نابێتەوە". لە راپۆرتی کۆبوونەوەی ساڵانەی کەنەکەدا باس لە ستراتیجییەتی دەوڵەتی تورکیا بۆ رێگریکردن لە بەرەوپشچوونی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێت، " دەوڵەتی تورکیا بەشێوەیەکی گشتی ژێرخانی ڕۆژاڤا و شوێنەکانی ژیانی (کۆگای ئاو، وێستگەی کارەبا، کۆگای دانەوێڵە، کارگە، نەخۆشخانە و شوێنی دیکەی هاوشێوە) دەکاتە ئامانج". هاوکات باس لەوە دەکەن، ئەمانە تاوانی جەنگن و کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان هەوڵدەدات تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا بخاتە بەردەم دادگە نێودەوڵەتییەکان. لەبارەی کەرکوکیشەوە لە راگەیێنراوەکەدا وتووێژ کراوە، لەو چوارچێوەیەشدا باس لە هەڕەشە و دەستێوەردانەکانی تورکیا بۆ سەر کەرکوک کراوە و دەڵێت، "دەوڵەتی تورک ئەم شارە بە شاری تورکمان ناو دەبات و دەمێکە دەستێوەردان لەو ناوچەیە دەکات. پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکانی ئێستای کەرکوک هەستیار بن بەرامبەر بە شاری کەرکوک و دانیشتوانی کەرکوک". لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی ئێستای عەبدوڵا ئۆجەلان، دامەزرێنەری پارتی کرێکاران دەکات لە زیندانی ئیمراڵی. بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئەوە ماوەی 3 ساڵ و مانگێکە هیچ زانیارییەک لەسەر عەبدوڵا ئۆجەلان و 3 هاوڕێکەی لەو زیندانەوە نەهاتووەتە دەرەوە. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، هاوشێوەی پەرلەمانێکی کوردی کە کۆکراوەی نوێنەری هەر چوار پارچە جیاکراوەکەی کوردستانە، بۆ گەیاندنی دەنگی کورد لە جیهان و ئاڕاستەکردنی کێشە و هەڕەشەکانی سەر کورد و کوردستان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردەکات. لە ساڵی 1999 لە ئەمستردامی پایتەختی بە ئامادەبوونی 700 نوێنەر و میوانی کورد و بیانی دامەزرا؛ لە کەنەکەدا 38 پارت، هێز و رێکخراوی کوردی لە هەر چوارپارچەی کوردستان نوێنەر و ئەندامن.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی ساڵانەی مافی مرۆڤی وڵاتانی بڵاوکردەوە و لەباسی هەرێمی کوردستاندا دەڵێت، کوشتنی تەمومژاوی و دنەدراوی حیزبی زیادیکردووە و دوو پارتە گەورەکەی دەسەڵات دەستوەردان لە کاری دادگەدا دەکەن. رۆژی دووشەممە 22-4-2024، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی ساڵانەی مافی مرۆڤی بۆ ساڵی 2023 بڵاوکردەوە. راپۆرتەکە بە وردی باسی دۆخی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات. لەبارەی کوشتنی هاوڵاتیان و بەرپرسانی حیزبی و سەربازییەوە لە هەرێمی کوردستان لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ژمارەی ئەو کەسانەی بە شێوەیەکی تەمومژاوی لە رووداوی تەقەکردندا دەکوژرێن زیادیکردووە. بەبێ ئەوەی تەقەکەرەکان و لایەنی بەرپرس بە روونی ئاشکرابکرێن. هاوکات باس لە دۆخی دادگەکانی هەرێمی کوردستان کراوە و ئاماژە بەوەکراوە، ئازادیی دادگەکان لە هەرێمی کوردستان لە ژێر پرسیاردایە و پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەستوەردانی راستەوخۆیان لە دادگەکان و بڕیاری دادوەران هەیە. لەبارەی مافی ئازادیی رادەربڕین و رۆژنامەوانییەوە راپۆرتەکە دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان چالاکوان و رۆژنامەنووسان بە هەڕەمەکی و بەبێ ئەوەی هیچ تۆمەتێک درابێتە پاڵیان زیندانی دەکرێن. هەر دواتریش بەبێ روونکردنەوەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان ئازاددەکرێن. بە گوێرەی راپۆرتەکە، تەنیا لە نیوەی یەکەمی 2023دا زیاتر لە 99 توندوتیژی دژی رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە. لەبارەی مافی ژنانەوە راپۆرتەکە باسی لەوە کردووە، لە 2023دا 30 ژن بە بەهانەی شەرەف لەلایەن کەسانی نادیار یان کەسوکاریانەوە کوژراون. هاوکات باسیش لەوە کراوە، زیاتر لە 2 هەزار و 644 ژن و پیاوی ئێزدی کە لەلایەن داعشەوە رفێنرابوون، هێشتا چارەنووسیان نادیارە و ونن. هاوکات باسیش لەوە کراوە، ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر ژنان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێن زۆرن، بەڵام 75٪ی ژنان لە ترسی تۆڵەکردنەوە ناوێرن داوا لە پۆلیس تۆماربکەن. لەبارەی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاوە روویان لە هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە راپۆرتەکە دەڵێت، ژمارەیان 297 هەزار کەسە و 99٪یان لە هەرێمی کوردستانن. لەو ژمارەیەش 66٪یان لە شارەکان دەژین و 34٪یشیان لە 10 کامپی هەرێمی کوردستاندان. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ساڵانە راپۆرت لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە جیهان پێشکێش دەکات و ئەو خاڵانەی باسکران کورتکراوەی گرنگترین باسەکانی راپۆرتەکە بوون لەبارەی هەرێمی کوردستان.

هاوڵاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان وەڵامی راگەیەندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق دەداتەوە دەڵێت، حکومەتی عێراق هیچ دەسەڵاتێکی نییە بڕیار لەسەر گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم بدات و داواش دەکات پابەند بێت بە رێککەوتنەکەی مانگی یەکی نێوان ئەو دوو وەزارەتە. ئەمڕۆ سێشەممە 23-4-2024، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراق دەداتەوە کە تێیدا باسی لە "نادەستووری و نایاسایی" گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم کردووە و دەڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداری ئەو لێدوانە فەرمییانەیە کە لەم دواییانەدا لەلایەن وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان خراوەتەڕوو. ئەو لێدوانانە هەوڵ دەدەن بەرپرسیارێتیی شکستی هەناردەکردنی نەوت بخەنە پاڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان." وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم باسی لەوەشکردووە، "هیچ بڕگەیەک لە دەستووری ساڵی 2005ی عێراقدا نییە کە دەسەڵات بە حکومەتی فیدراڵی عێراق بۆ "پەسەندکردنی ئەو گرێبەستانەی کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دەرکراون" بدات. لە بەشێکی دیکە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "بنەمای یاسایی ئەو گرێبەستە نەوتییانە یاسای نەوت و غازی ھەرێمی کوردستانە لە ساڵی 2007، بە کۆی دەنگ لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەندکراوە. ئەم یاسایەی ساڵی 2007 لەلایەن پارێزەرانی باڵای دەستووری و نێودەوڵەتیی جیهانەوە دانیان پێدانراوە کە بنەمایەکی تۆکمەی لە دەستووری 2005ی عێراقدا هەیە." دەقی راگەیێندراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان:   حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداری ئەو لێدوانە فەرمییانەیە کە لەم دواییانەدا لەلایەن وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان خراوەتە ڕوو. ئەو لێدوانانە هەوڵ دەدەن بەرپرسیارێتیی شکستی هەناردەکردنی نەوت بخەنە پاڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان. بە تایبەتی وەزارەتی نەوتی عێراقدا ئاماژە بەوە دەکات کە "بەردەوامە لە پێداگری لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا بە زووترین کات، لە هەمان کاتدا پابەندە بە بڕگەکانی دەستوور و یاساکە"، بەڵام گرێبەستە پەیوەندیدارەکانی بەرهەمهێنانی نەوتی حکومەتی هەرێم بە هیچ شێوەیەک لەلایەن حکومەتی فیدراڵی یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە پەسەند نەکراون، چونکە بنەمای دەستووری و یاسایی دروستیان نییە".  وەک وەزارەتی نەوتی عێراق باش دەزانێت، هیچ بڕگەیەک لە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ی عێراقدا نییە کە دەسەڵات بە حکومەتی فیدراڵی عێراق بدات بۆ "پەسەندکردنی" ئەو گرێبەستانەی کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دەرکراون. بنەمای یاسایی ئەو گرێبەستە نەوتییانە یاسای نەوت و غازی ھەرێمی کوردستانە لە ساڵی ٢٠٠٧، بە کۆی دەنگ لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەند کراوە. ئەم یاسایەی ساڵی ٢٠٠٧ لەلایەن پارێزەرانی باڵای دەستووری و نێودەوڵەتیی جیهانەوە دانیان پێ دانراوە کە بنەمایەکی تۆکمەی لە دەستووری ٢٠٠٥ی عێراقدا هەیە. ئەو پارێزەرانەش بریتین لە پڕۆفیسۆری کۆچکردوو جەیمس کراوفۆرد، دادوەری دادگای نێودەوڵەتی،  و لەم دوایانەدا دادوەر ستیڤن شوبێل، سەرۆکی پێشووی دادگای نێودەوڵەتی. هەر دوو پارێزەرەکە بۆچوونی خۆیان بڵاو کردووەتەوە. ئەم بۆچوونانە بە شێوەیەکی دروست بوونەتە بنەمای تەواوی وەبەرهێنانەکان کە کۆی گشتیی سەدان ملیار دۆلارە، کە بەشێکی بەرچاوی لە وەبەرهێنە ڕۆژئاواییەکانەوە هاتووەتە کوردستانی عێراق. لە بەرامبەردا، وەزارەتی نەوتی عێراق تەنیا پشت بە بڕیارێک دەبەستێت کە لە مانگی شوباتی ٢٠٢٢ لەلایەن لیژنەیەک یاخود کۆمەڵێک لە ڕاسپێردراوی سیاسی لە بەغدا دەرچووە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە یاسای ٢٠٠٧ی حکومەتی هەرێم نادەستوورییە. لە کاتێکدا کە وەزارەتی نەوتی عێراق بە فەرمی ئەو لیژنەیە بە "دادگای باڵای فیدراڵی" ناو دەبات، هەمووان دەزانن کە شتێکی لەو جۆرە نییە. ئەو بەناو "دادگایە" بەپێی بڕگە پەیوەندیدارەکانی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ دانەمەزراوە. ئاشکرایە کە وەزارەتی نەوتی عێراق تەنانەت قسە لەسەر شەرعیەتی ئەو لیژنەیە ناکات. هەر وەک چاوەڕوان دەکرا ئەو "بڕیارە"ی شوباتی ٢٠٢٢ی ئەو لیژنە سیاسییە وەک بڕیارەکانی سەردەمی سەددامە کە لەسەری دیزاین کراوە، تەنانەت هیچ تێگەیشتنێکی یاسایی بنەڕەتی نییە. بۆتە جێی شەرمەزاری بۆ خەڵکی عێراق. سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر زوو لەگەڵ دەرچوونی ئەو "بڕیارە" ئەم ڕاستییە ڕوونەی ئاشکرا کرد و دواتر دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەریی حکومەتی هەرێمیش بەدوایدا هەمان ڕاستییان ئاشکرا کرد.  دەسەڵاتی دادوەریی حکومەتی هەرێم بە شێوەیەکی دروست پێکهێنراوە، بڕیاری ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢ وەک بڕیاری دادگایەک ناناسێتهەروەها ئاشکرایە کە پەرلەمانی عێراق بە پێچەوانەی پەرلەمانی کوردستانەوە تا ئێستا یاسایەکی نەوت و غازی دەرنەکردووە کە لەگەڵ دەستووری ساڵی ٢٠٠٥دا بگونجێت. لە ڕاستیدا، حکومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەک نەیتوانیوە، یان ئامادە نییە هیچ یاسایەکی نەوت و غاز دەربکات. کەرتی نەوتی حکومەتی عێراق پڕە لە گەندەڵی و زیادەڕەوی لە مەرکەزییەت و نەبوونی شەرعیەت، لە ئێستادا پشت بە فەرمانە بەسەرچووەکانی ڕژێمی سەددام حوسێن دەبەستێت.  ڕاستییەکە ئەوەیە کە هیچ دامەزراوەیەکی فیدراڵیی عێراق بە هیچ "دادگا"یەکەوە دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ یان یاساکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی نییە. لە مانگی یەکی ئەمساڵدا،  هەر دوو شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کۆبوونەوە، بەبێ ئەوەی زیان بە مافە دەستوورییەکانی خۆمان بگەیەنین، و لەسەر مەرجەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی ڕێککەوتن کە باس لە بابەتی تەکنیکی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت دەکات لە هەرێمی کوردستان.  لێکتێگەیشتنی هاوبەشمان بوو کە یاساکە جێبەجێ دەکرێت و هەناردەکردن بەبێ دواکەوتنی زیاتر دەست پێ دەکاتەوە. ئێمە هانی حکومەتی عێراق دەدەین پابەند بێت بە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەی مانگی یەک و ئاسانکاری بکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن. هیچ پاساوێک نییە، نە لە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ یان لە هەر شوێنێکی تر، بۆ ئەوەی وەزارەتی نەوتی عێراق بەربەست بخاتە بەردەم هەناردەکردنی نەوت. ئەو هەناردەکردنانە بۆ خۆشگوزەرانیی هەموو گەلانی عێراق گرنگن. هەروەها بۆ ئاشتی و ئاسایشی وزەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆر گرنگن. لە هەمان کاتدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردن و هاندانی جێبەجێکردنی یاسا. حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکپارچەیی و سەربەخۆیی و دەسەڵاتی دەستووریی دادگاکانی هەرێمی کوردستان دەپارێزێت. یاسای نەوت و غازی ٢٠٠٧ی هەرێم و هەموو یاساکانی حکومەتی هەرێم بە تەواوی جێبەجێ دەکرێن. حکومەتی هەرێم وەک هەمیشە دەستووری ٢٠٠٥ دەپارێزێت و یاسای ساڵی ٢٠٠٧ بەرز ڕادەگرێت و پابەند دەبێت بە مەرجەکانی ئەو گرێبەستانەی کە بەپێی ئەو یاسایە کراوە. 23 نیسان 2024

هەوراز حوسێن هاووڵاتی – وارشۆ توێژینەوەیەکی بنکۆڵکاری دەریدەخات، خەرجیی سەربازیی وڵاتانی ئەوروپا لە 2024دا لە ساڵانی جەنگی سارد زیاتربووە. رۆژی دووشەممە 22-4-2023، پەیمانگەی نێودەوڵەتیی ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتی بڵاویکردووەتەوە، لە دوای دەستپێکی شەڕی ئۆکرایناوە وڵاتانی ئەوروپا دەستیان بە زیادکردنێکی بەرچاوی خەرجییە سەربازییەکانیان کردووە و کۆی گشتیی ئەو خەرجییانەش لە کۆتایی ساڵی 2023 گەیشتووەتە 552 ملیار یۆرۆ. خەرجییە سەربازییەکانی ئەو وڵاتانە بەراورد بە 2022، 16٪ زیادیکردووە و بەراورد بە 2014ش 62٪ زیادیکردووە کە ئەوکات کۆی خەرجیی سەربازییان دەگەیشتە 330 ملیار یۆرۆ. تەواوی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا جگە لە رۆمانیا، ئیتاڵیا و یۆنان کە ئەوانیش ئەندامی رێکخراوی ناتۆن خەرجییە سەربازییەکانیان زیادیکردووە. بە گوێرەی پەیمانگەکە، زیادکردنی خەرجییە سەربازییەکانی وڵاتانی ئەوروپا لە دوای کۆنترۆڵکردنی نیمچە دورگەی کریمیای ئۆکراینا بوو لەلایەن رووسیاوە لە شوباتی 2014. هەروەها زیادکردنی جددیش لە دوای هێرشی رووسیا بوو بۆ سەر ئۆکراینا لە 2022. زیادکردنی خەرجییەکان لە رۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەوروپا بەرزترین بووە؛ بەریتانیا لە 2023دا گەورەترین خەرجیی سەربازی لە ئەوروپا هەبووە کە 2.3٪ی بەرهەمی ناوخۆی پێکهێناوە. وەزارەتی بەرگریی شانشینەکەش رایگەیاندووە، بڕیارە لە 2024 ئەو رێژەیە بۆ 2.5٪ بەرزبکەنەوە. ئەڵمانیا لەلایەکی دیکەوە بەراورد بە 2014، 48٪ خەرجییە سەربازییەکانی زیادیکردووە. لە 2022دا ئەڵمانیا خەرجییە سەربازییەکانی بۆ 2٪ی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەکەی بەرزکردەوە تاوەکو بگاتە ئەو ستانداردەی ناتۆ داوای لێدەکات. پۆڵەندا لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا کە دراوسێی ئۆکراینایە، پشکی شێری مەترسی و هەڕەشەکانی رووسیا و بێلارووسی لەسەرە کە خاکەکەی هاوسنووری هەردوو وڵاتە، لە نێوان 2022 بۆ 2023 گەورەترین بەرزکردنەوەی خەرجیی سەربازی کردووە کە رێژەکەی 3.8٪ـە و دوو هێندەی ئەو خەرجییەیە کە لە پێش 2014 لە کەرتی سەربازیی وڵاتەکەدا تەرخاندەکرا.

هاوڵاتی ئەو ژنە 81 ساڵە کوردەی لە وان بە تۆمەتی هاوکاریکردنی پەکەکە لەگەڵ هاوژینەکەیدا خرابووە زیندان و دواتر بەهۆی خراپیی باری تەندروستی سزاکەی دواخرا، جارێكی دیکە زیندانیکرایەوە.  بڕیاری دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی مەقبولە ئۆزەری تەمەن 81 ساڵ، دوای ئامادەکردنی راپۆرتێکی دادپزیشکی تورکیا هات، کە تێیدا ئاماژەی بەوە داوە مەقبوولە ئۆزەر، "دەتوانێت لە زیندان بمێنێتەوە."   پۆلیسی تورکیا  دوێنێ لە ناوچەی ئارتەمێتانی وان، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مەقبولە ئۆزەر و گواستویانەتەوە  بۆ دادگا؛ پاشان دادگا بڕیاری گرتن و زیندانیکردنی بۆ دەرکردووە. دایە مەقبولە رۆژی 9ی ئایاری 2022، لە ناوچەی ئارتەمێتانی سەر بە پارێزگای وان لەگەڵ هادی ئۆزەری هاوژینی دەستگیرکران. دادگای وان بەتۆمەتی هاوکاریکردنی پەکەکە، سزای دوو ساڵ و مانگێک زیندانیکردنی بۆ مەقبولە ئۆزەر بڕییەوە. دواتر 7ی ئەیلوولی 2022 بە پشتبەستن بە راپۆرتی پزیشکی بە شێوەیەکی کاتی لە زیندان ئازاد کرا، بەڵام دووبارە رۆژی دووشەممە 22ـی نیسانی 2024 دەستگیرکرایەوە.