هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی هاتنی شەپۆلێکی باران بارین دەکات کە لە سبەینێوە دەستپێدەکات و تاوە باران دەبارێت و خێرایی با زیاددەکات. شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە هاوڵاتی راگەیاند "پێشبینی دەکرێت حاڵەتێکی ناسەقامگیری کەش لەمەودای 21 و 22ی مانگ واتە یەکشەممە و دووشەممە بەزۆریش 21ی مانگ یەکشەممە ناوچە جیاوازەکان بگرێتەوە کە خۆی دەبینێتەوە لەتاوە باران و هەورە بروسکە و زیادبوونی خێرایی با بەگشتی بڕی بارانەکە کەمە و مەگەر لە هەندێک شوێن بڕەکە زیاتر بێت،  ئاسمانی ناوچەکان لەم مەودایەشدا نێوان ئەو دوو رۆژه لەنێوان نیمچە هەوری بۆ هەوری تەواو دەبێت هاتنی ئەم حاڵەتەی ناسەقامگیری کەشە لە ئەنجامی کاریگەری بارستە هەوایه کی سارد دەبێت بۆ سەر حەوزی دەریای ناوەڕاست و هاتنی بڕێک شێ لە باشوورەوە". ئاماژەی بەوەشکرد "بڕی بارانەکە لە دڵۆپەیەوە تا 10 ملم ئەگەر کراوەیه، هاوکات پلەکانی گەرما لەم ماوەی ئەم دوو رۆژەدا بەڕێژەی 2 تا 3 پلە دادەبەزێت و لە رۆژی سێشەممە بەولاوە دووباره بە شێوازی بەرچاو بەرزدەبنەوە پلەکانی گەرما". وتیشی "ئەم بەرزبوونەوەیەی پلەکانی گەرما بۆ دوای خۆی حاڵەتێکی تری بارانی باشی سەرتاسەری بەدوای خۆیدا دێنێت بە تایبەت لە کۆتایی مانگ بەولاوە".

هاوڵاتی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایدەگەیەنێت، لەڕێگەی چەند پەیج و ئەكاونتێك قوتابیان فریو دەدرێن، بۆیە لەگەڵ ئاسایش هەماهەنگی دەكرێت بۆ بۆ رووبەروبوونەوەی تاوانكاری لەو شێوەیە. ئەمڕۆ شەممە 20ی نیسانی 2024 وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایگەیاند "لە چوارچێوەی هەماهەنگی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكان بۆ بەرێوەچوونی تاقیكردنەوەی نیشتیمانی و تاقیكردنەوە گشتییەكان، تیمی وەزارەت لەگەڵ دامەزراوەكانی ئاسایش و پۆلیس ئامادەسازیی دەكات بۆ رووبەڕووكردنەوەی هەموو ئەو تۆمەتبارانەی لە رێی سۆشیال میدیاوە دەیانەوێت قوتابیان و خوێندكاران فریوبدەن". لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە "پەیجێك هەیە داوای یاسایی لەسەر تۆماركراو لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە لەسەر سكاڵای وەزارەتی پەروەردە كەسانێك گیران".  وەزارەتی پەروەردە داوا لە قوتابیان و خوێندكاران دەكات بە هەموو جۆرێك دووربن لەو فریودانانە و بێ ئەنجامن، هەروەها هەر كەسێكیش ئەو كارانە بكات هاوشێوەی ساڵانی رابردوو بەتایبەت ساڵی پار رووبەڕوی یاسای دەكەینەوە تەنانەت پاش تەواوبوونی پرۆسەی تاقیكردنەوەكانیش بێت.

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد بەیانی ئەمڕۆ لە بەردەم کافتریایەک لە شاری سلێمانی تەرمی هاوڵاتییەکی بە رەگەز عەرەب دۆزرایەوە. سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند "بەیانی ئەمڕۆ شەممە 20ی نیسانی 2024 تەرمی هاوڵاتییەک لە بەردەم کافتریایەک دۆزراوەتەوە کە پێدەچێت تووشی جەڵتە بووبیت و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە". ئاماژەی بەوەشکرد "هاوڵاتییەکە بە رەگەز عەرەبە و لەدایکبووی ساڵی 1979یە و تیمەکانی پۆلیس چوونەتە شوێنی رووداوەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و تەرمی هاوڵاتییەکەش رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە".

هاوڵاتی بە بڕیاری د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چەند بڕیارێك لە بەرژەوەندیی تەندروستیی هاوڵاتییان دەرکرد و بەپێی بڕیارەکە بێت پێویستە لە سەر كارمەندانی نەخۆشخانەكانی لەدایكبوون و سەنتەرەكانی كوتانی منداڵان، رێنوێنی دایكان بكەن تاوەكو شیری دایك بدەن بە كۆرپەكانیان. دەقی بڕیارەکە: دوابەدوای هەردوو فەرمانی وەزاریمان ژمارە (2949)لە 17/5/2022 و (7620) لە 15/11/2023 پاڵپشت بە مادەی (2) بڕگەی (3) لە یاسای وەزارەتی تەندروستی ژمارە (15) ی ساڵی 2007 لە پێناو بایەخدان بە خزمەتگوزاریی چاودێریی بەرایی تەندروستی بە تایبەت چاودێریی دایكایەتی و منداڵان، بە مەبەستی ڕێكخستنی كاری كۆمپانیاكان كە ڕیكلام بۆ تەواوكەری خۆراكی تایبەت بە منداڵانی تەمەن (یەک تا 10)ساڵی دەكەن بڕیارمان دا كە هاوشێوەی شیری منداڵان مامەڵەی لەگەڵ بكرێت بەم شێوەیەی خوارەوە: 1 پێویستە لە سەر كارمەندانی نەخۆشخانەكانی لەدایكبوون و سەنتەرەكانی كوتانی منداڵان، رێنوێنی دایكان بكەن تاوەكو شیری دایك بدەن بە كۆرپەكانیان. 2  بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە كە هیچ جۆرە شیرێك یان تەواوكەری خۆراكی لە نەخۆشخانەكانی لەدایكبوون و بنكە تەندروستییەكان و سەنتەرەكانی كوتانی منداڵان بدرێ بە هاووڵاتییان. 3- بوونی (مروج)ی كۆمپانیاكان لە نەخۆشخانەكانی حكوومی و ناحكوومی، سەنتەرەكانی كوتانی منداڵان و هەر داودەزگایەكی تەندروستی، ڕیكلامكردن بۆ شیر یان تەواوكەری خۆراكی بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە. 4 هەر پزیشكیك یان كارمەندێكی تەندروستی یان فەرمانبەرێك، ڕیكلام بۆ هەر كۆمپانیایەك بكات، ڕێكاری یاسایی تووندی بەرانبەر دەکرێت بە سزادان و گواستنەوەی لەو شوێنە. 5 هەر خۆبەخشێك كار لەگەڵ كۆمپانیای شیر یان تەواوكەری خۆراكی بكات كۆتایی بە ڕاژەكەی بهیێنرێ و ڕێكاری یاسایی بەرانبەر بگیرێتە بەر. 6 بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە شیر و تەواوكەری خۆراكی منداڵان لە كافتریای نەخۆشخانەكان بفرۆشرێت و ڕیكلام بۆ هەر كۆمپانیایەك بكرێت، لە كاتی سەرپێچیدا جگە لە ڕێكاری یاسایی كۆتایی بە گرێبەستەكەی دەهێنرێت. 7 هەر چالاكییەكی زانستی کە لەلایەن كۆمپانیاكانی شیر و تەواوكەری خۆراكی منداڵان ڕێك دەخرێت، پێویسە ڕەزامەندی پێشوەختەی لە وەزارەتی تەندروستی، بەشی چاودێریی خۆراك وەربگیرێت، نابێت هیچ فەرمانبەرێكی سەر بە وەزارەتی تەندروستی بەشداری لەم چالاكییانە بكات، بە پێچەوانەوە ڕێكاری یاسایی تووندیان بەرانبەر دەگیرێتە بەر. 8. بەڕێوەبەری نەخۆشخانە و لێپرسراوی كارگێڕی نەخۆشخانە و بنكە تەندروستیەكان، بەرپرسن بەرانبەر جێبەجێكردنی ئەم خاڵانەی سەرەوە، بە پێچەوانەوە ڕێكاری یاسایی تووند لە بەرانبەریان دەگیرێتە بەر.

هاوڵاتی بەپێی راگەیەندراوێکی حەشدی شەعبی بێت، درەنگانی شەوی رابردوو بنکەکانی حەشدی شەعبی لە سەربازگەی کالسوو لە بابل کرانە ئامانج. حەشدی شەعبی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، درەنگانی شەوی رابردوو لە پارێزگای بابل هێزەکانیان لەلایەن ئەمەریکاوە بۆردوومان کراوە و زیانی گیانیان نەبووە.  لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لیواکانی "جهاد النخبە" کراونەتە ئامانج و ئاگر لە سەربازگەکە کەوتووەتەوە و لەلایەن هێزەکانی بەرگریی شارستانییەوە ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە. حەشدی شەعبی دەڵێت "زیانی گیانی نەبووە"، بەڵام بەپێی هەندێک سەرچاوە کە بە میدیاکانیان راگەیاندووە لە هێرشەکەدا کەسێک کوژراوە و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون. هەروەها فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا ناسراو بە (سێنتکۆم) لە راگەیەنراوێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند " رۆژی هەینی ئەمەریکا هیچ هێرشێکی مووشەکی نەکردووەتەسەر عێراق و ئاگاداری ئەو هێرشەش نین کە کراوەتەسەر بنکەیەکی سەربازی لە ناوەڕاستی عێراق".    

هاوڵاتی لەسەر هەسارەکانی وەک نەپتون و ئۆرانۆس، زاناکان پێیان وایە ئەڵماس دەبارێت بەهۆی ئەو پەستان و پلەی گەرمی زۆرەی هەسارەکە کە وادەکات  کاربۆن بگۆڕێت بۆ  ئەڵماس. کێڤن بەینز لە زانکۆی ویسکۆنسن-مەدیسۆن و تاقیگەی جێت پڕۆپوڵژنی ناسا ڕایگەیاندووە، بەپێی ئەو داتا نوێیانەی لەسەر بەرگەهەوای ئەو دوو هەسارەیە دەستیان کەوتووە پێشبینی ئەوە دەکەن کە ئەڵماس بە شێوەی باران ببارێت لەو دوو هەسارەیەدا. بە گوێرەی قسەکانی ئەو زانایە بۆ ئاژانسی هەواڵی بی بی سی، بە پێ دوایین پێشبینییەکانی پلەی گەرمی و پەستان کە بۆ بەرگەهەوای ئەو دوو هەسارەیە دەستیان کەوتووە و بە پشتبەستن بە ئەو زانیارییانەی لەبەردەستدان لەسەر چۆنییەتی ڕەفتاری کاربۆن لە پلەی گەرمییە جیاوازەکاندا گەیشتونەتە ئەو دەرئەنجامەی کە کە کریستاڵە جێگیرەکانی ئەڵماس دەکرێت  بە شێوەی باران ببارێن لەو دوو هەسارەیەدا. ئەو زانایە دەڵێت لە بەشی سەرەوەی بەرگە هەوای هەسارەکاندا ، هەورەتریشقە گازی میسان دەگۆڕێت بۆ سووتو (وردیلەی کاربۆنی پەیدابوو لە سوتاندنی هەندێ ماددەی ئەندامی کە لەسەر ڕووە کانزاییەکان دەنیشێت) دواتر لەگەڵ هاتنە خوارەوەی بە بەرگە هەوای هەسارەکەدا پەستانێکی زۆر دەچێتە سەری دوای نزیکەی ١٦٠٩ کیلۆمەتر ، دەگۆڕێت بۆ گرافایت (ئەو جۆرە کاربۆنەی کە لە پێنووسەکاندا دەیدۆزیتەوە) و دوای بڕینی ٦٠٠٠ کیلۆمەتر ئەو پارچە گرافایتانە خەستتر دەبنەوەو دەگۆڕێن بۆ ئەڵماس. ئەوەشی روونکردەوە لەگەڵ زیاتر نزیکبوونەوەی ئەڵماسە دروستبووەکە  لە ناوکی هەسارەکە بەهۆی ئەو پلە گەرمییە زۆرەی کە هەیەتی ئەڵماسەکە شیدەبێتەوەو دەچێتە دۆخی شلییەوە و پێشبینی دەکرێت دەریایەک لە کاربۆنی شلی دروست کردبێت. یۆرانیۆم و نیپتۆن دوو هەسارەی گەورەی کۆمەڵەی خۆرن  و ئێستا هەردووکیان بە زەبەلاحی سەهۆڵ دادەنرێن هاوکات توێژینەوەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە بەرگە هەوای ئەم دوو هەسارەیە بەشێکی زۆری لە گازی میسان پێکهاتووە کە ئەمەش پشتگیری لەو لێکۆڵینەوە و پێشبینییانە دەکات کە دەڵێت دەکرێت لەم دوو هەسارەیە بارانی ئەڵماس ببارێت.

هاوڵاتی بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی بی بی سی نیوز، تاقیکردنەوە پزیشکییەکان لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی رابردوودا لەسەر منداڵان لە بەریتانیا ئەنجامدراون، کە تێیدا خوێنی کەسانی ئالودە بەکارهێنراون. کەناڵی بی بی سی نیوز بەڵگەنامەکانی بڵاوکردووەتەوە، ئەو بەڵگەنامانە جیهانێکی نهێنی پشکنینی کلینیکی ناپارێزراو ئاشکرادەکەن کە منداڵان لە بەریتانیا بەشدارن، کە پزیشکەکان ئامانجەکانی توێژینەوەیان لا گرنگتر بووە نەک سەلامەتی نەخۆشەکان. بەپێی راپۆرتەکەی بی بی سی نیوز بێت، ئەم پشکنینانە بۆ ماوەی زیاتر لە ١٥ ساڵ بەردەوام بوون، سەدان کەسیش بەشداریان کرد، کە زۆربەیان تووشی هەوکردنی جگەری جۆری سی و ئایدز بوون. یەکێک لە منداڵە رزگاربووەکان رایگەیاندووە "زۆر بە خراپی مامەڵەمان لەگەڵدا کراوە بە جۆرێک کە مامەڵە لەگەڵ (بەرازێکی گینیایی)دا بکرێت". تاقیکردنەوەکان لەسەر منداڵانی تووشبوو بە تێکچوونی خوێن مەین بوون و زۆرجار خێزانەکانیان ڕەزامەندییان لەسەر بەشداریکردنیان نەبوو، زۆرینەی ئەو منداڵانەی کە لەم تاقیکردنەوانەدا بەکارهێنراون گیانیان لەدەستداوە. هەروەها بەڵگەنامەکان ئەوە دەردەخەن کە پزیشکانی سەنتەرەکانی هیمۆفیلیا لە سەرانسەری وڵاتدا ئەو خوێنەیان بەکارهێناوە کە هی کەسانی ئالودە بوون و بەخشەرەکانیان بەدەست نەخۆشی و ڤایرۆسەوە دەناڵێنن. کەمی خوێن لە بەریتانیا لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی رابردوودا بووە هۆی ئەوەی لە ئەمریکاوە هاوردە بکرێن، ئەو خێرخوازانەی سەر بەو گروپانەن کە زیاتر تووشی نەخۆشی دەبن، وەک زیندانییەکان و ئالوودەبووانی مادە هۆشبەرەکان، پلازمایان لە خوێنیان دابین دەکرد بۆ پشکنین کە ئەمەش هۆکاربوو بۆ ئەوەی ئەو کەسانە تووشی چەندەها نەخۆشی ببن بەهۆی ئەو خوێنەی کە تێیان دەکرا. لێکۆڵینەوەیەکی گشتی لەسەر ئەو فەزیحەیە بەردەوامە. بڕیارە لە مانگی ئایاردا راپۆرتی کۆتایی دەربکرێت.  

هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت قسه‌ له‌باره‌ی ئه‌و رووداوانه ناكات كه‌ به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ روویاندا، ئاماژەی بەوەشکرد ئەمەریکا ئامادە نییە لەهیچ ئۆپەراسیۆنێکی هێرشبەری ئیسرائیل بۆسەر ئێران بەشداربێت. ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند "قسه‌ له‌باره‌ی ئه‌و رووداوانه ناكه‌م كه‌ به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ روویاندا، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت، جه‌خت له‌ كۆتاییهێنان به‌ ئاڵۆزییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كه‌ینه‌وه‌". ئاماژەی بەوەشکرد "ئەمەریکا ئامادە نییە لەهیچ ئۆپەراسیۆنێکی هێرشبەری ئیسرائیل بۆسەر ئێران بەشداربێت"، هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا پابەندە بە ئاسایشی ئیسرائیلەوە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 19ی نیسانی 2024 ئیسرائیل هێرشی مووشەکی کردە سەر چەند بنکەیەکی سەربازی شاری ئەسفەهانی ئێران، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند "تەقینەوەکانی ئەسفەهان هیچ زیانێکیان نەبووە".  

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد ئەمڕۆ هەینی لە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان چوار هاوڵاتی خنکاون و تەرمی دووانیان نە دۆزراوەتەوە. رائید ئامانج محەمەد، ئەفسەر لە بەرگریی شارستانیی قەزای  خەبات بە هاوڵاتی راگەیاند "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٩ی نیسانی ٢٠٢٤ کاتژمێر ٤:٠٠ مێردمنداڵێک لە گوندی چەمرگە لە ناحیەی بنەسڵاوەی سەر بە پارێزگای هەولێر بەهۆی مەلەکردنەوە خنکا". ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو مێردمنداڵە کوردە تەمەنی ١٥ ساڵە و ناوی (محەمەد سەردار حەسەن)ە و تیمەکانمان لە شوێنی رووداوەکەن و گەڕان بە دوای تەرمەکەیدا بەردەوامە". هەروەها دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی هاوڵاتییەک لە چەمی زەڵم لەنزیک خورماڵ بە خنکاوی دۆزرایەوە، هاوکات گەنجێکی تەمەن 20 ساڵ لە روباری سیروانی قەزای کەلار لەکاتی مەلەکردندا خنکا. گۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی کۆیە بە هاوڵاتی راگەیاند "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 19ی نیسانی 2024 هاوڵاتییەکی بەڕەگەز تورکمان دانیشتووی شاری کەرکوکە لە زێی بچووکدا خنکا". ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو هاوڵاتییەی خنکاوە ناوی (عمان قاسم حسێن) و بە رەگەز تورکمانە و تیمەکانی "بەرگری شارستانی کۆیە"دەستیان بەگەڕان کردوە بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە".

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هاوڵاتییەک لە زێی بچووکدا خنکا و تیمەکانی بەرگریی شارستانی بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تەرمەکەیدا. گۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی کۆیە بە هاوڵاتی راگەیاند "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 19ی نیسانی 2024 هاوڵاتییەکی بەڕەگەز تورکمان دانیشتووی شاری کەرکوکە لە زێی بچووکدا خنکا". ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو هاوڵاتییەی خنکاوە ناوی (عمان قاسم حسێن) و بە رەگەز تورکمانە و تیمەکانی "بەرگری شارستانی کۆیە"دەستیان بەگەڕان کردوە بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە". بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە تیمەکانی بەرگریی شارستانی کۆیە بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تەرمی ئەو هاوڵاتییەدا.

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد کەسێکی نزیکی عەتا سەروای لەبارەی رووداوی تەقینەوەکە لە هاوڵاتییەوە زانیاری دەخاتەڕوو و دەڵێت "هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن". کەسێکی نزیکی عەتا سەروای، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند "نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 19ی نیسانی 2024 لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی کاتێک عەتا سەراوی چووە بۆ نانخوارد ئۆتۆمبێلەکەی تەقیوەتەوە و چوار ئۆتۆمبێل سووتاون و تەنها یەک کەس بە سوکی بریندارە کە خاوەنی چێشتخانەکەیە". ئەو کەسە نزیکەی عەتا سەراوی ئاماژەی بەوەشکرد "هێزە ئەمنییەکان لە شوێنی رووداوەکەن و لێکۆڵینەوەکان دەستیپێکردووە بۆ زانینی هۆکاری رووداوەکە و دواتر زانیاری زیاتر بڵاودەکەنەوە". سامان نادر، بەڕێوەبەرى سەنتەرى فریاکەوتنى خێراى سلێمانى بە هاوڵاتی راگەیاند "تائێستا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە لە رووداوی تەقینەوەکەی گەڕەکی سەرچنار و پەیوەندی بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنەوە نەکراوە".  

هاوڵاتی  بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رەوشی کەشوهەوای شارەکانی هەرێمی بڵاوکردەوە. بەپێی پێشبیینییەکان بێت، ئەمڕۆ هەینى 19- 04-2024 ئاسمان لە نێوان پەڵە هەور و نیمچە هەوردا دەبێت و خێراى با لەسەرخۆ- مام ناوەند  (10 –  20) کم/س دەبێت، پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ. هەر بەپێی پێشبینییەکان بێت، سبەی شەممە 20 - 04- 2024 ئاسمان لە نێوان پەڵە هەور و نیمچە هەوردا دەبێت، خێراى با / لەسەرخۆ - مامناوەند  (10 –  20) کم/س دەبێت، پلەکانی گەرما کەمێک نزمتر دەبێتەوە بە ڕێژەى (1-2) بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمرۆ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر : 29  سلێمانی : 28 دهۆک :  29  زاخۆ  : 30 هەڵەبجە : 30 کەرکوک : 32 سۆران : 26 حاجی ئۆمەران : 18 گەرمیان : 34

هاوڵاتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ١٩ی نیسانی ٢٠٢٤ ئیسرائیل هێرشی مووشەکی کردە سەر چەند بنکەیەکی سەربازی لە ئێران و بەپێی زانیارییەکانی CNN هاوکات هێرش کراوەتە سەر بنکەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق  و سوریا. دوو بەرپرسی ئەمەریکی کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە "CNN"یان راگەیاندووە کە ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر دوو دامەزراوەی سەربازی لە ئێران و پێشتریش دۆستان و هاوپەیمانەکانی خۆی لەوانە ئەمەریکای لەم هێرشە ئاگادار کردووەتەوە. کەناڵی تەلەفیزیۆنی "ABC NEWS"  لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکاوە رایگەیاندووە ئیسرائیل هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر دامەزراوەیەکی سەربازی لە ئێران. بەرەبەیانی ئەمڕۆ و پێش لێدوانی بەرپرسانی ئەمەریکا، ماڵپەڕی "جۆرزالێم پۆست" لە ئیسرائیل باسی لەوە کرد دەنگی تەقینەوە لە ئیسفەهان و عێراق و سووریا بیستراوە، ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی ئێرانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگی تەقینەوە لە ئسفەهانیان پشتڕاستکردووەتەوە. بەرپرسانی ئەمەریکا لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵی "ABC NEWS" هێرش بۆ سەر بنکەکانی حەشدی شەعبیان لە سووریا و عێراق پشتڕاست نەکردووەتەوە. پەیامنێری ئاژانسی فارس-ی سەر بە سوپای پاسداران رایگەیاند "کە بە پێی زانیارییەکانی ژمارەیەک لە سەرچاوە خۆجێیەکان، دەنگی تەقینەوە لە شاری " قەهجاورستان" لە پارێزگای ئیسفەهان بیستراوە. ئەم ماڵپەڕە باسی لەوە کردووە هێشتا نازانرێت هۆکاری ئەم دەنگە چی بووە". شاری "قەهجاورستان" لە نزیک فڕۆکەخانەی ئیسفەهانەو بنکەی هەشتەمی سەربازی هێزی ئاسمانی ئێرانە. کەناڵی تەلەفیزیۆنی "خبر" سەر بە کۆماری ئیسلامی دەنگی تەقینەوە لە ئسفەهانی پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام هۆکارەکەی ئاشکرا نەکردووە. هەروەها مارکۆ رۆبیۆ، سێناتۆری کۆماریخوازی ئەمەریکی رایگەیاندووە "ئیسرائیل ئەتوانێت بێ ئەوەی بچێتە سنووری ئاسمانی ئێرانەوە، بە فڕۆکە جەنگییەکانی لە سنووری ئاسمانی عێراق و سوریاوە ناوخۆی ئێران بکاتە ئامانج". کەناڵی تەلەفزیۆنی CNN  لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکییەوە رایگەیاندووە، ئیسرائیل لە خاکی عێراقەوە هێرشی کردۆتە سەر ئێران.  دەنگی ئەمەریکا لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمەریکییەوە نووسیویەتی، دەنگی تەقینەوە لە پارێزگای "سویدا" لە سوریا  و لە نزیک بەغدا و پارێزگای بابول بیستراوە، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن دەنگی تەقینەوە جگە لە ئسفەهان لە تەورێز بیستراوە. سەرچاوەیەک لە تەورێزەوە بە "هاوڵاتی" راگەیاند "بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە لە تەورێز بیستراوەو لە "ئازەر شەهر" ی نزیک تەورێز تەقینەوەکە بیستراوە".  ماڵپەڕی فارس، سەر بە سوپای پاسداران رایگەیاندووە "دەنگی تەقینەوەکانی تەورزێز بە هۆی چالاکبوونەوەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێران بووەو هیچ تەقینەوەیەک لەو شارە رووینەداوە".

هاوڵاتی  بە پێی راپۆرتێک کە بەشی لێکۆڵینەوەی BBC بڵاوی کردۆتەوە، لە سەرەتای جەنگی رووسیا و ئۆکرانیاوە ٥٠ هەزار سەربازی رووسی کوژراون. ئاژانسی هەواڵی بی بی سی لە ڕاپۆرتێکیدا سەبارەت بە ژمارەی ئەو سەربازە ڕوسییانەی لە جەنگی نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیادا کوژراون بڵاویکردۆتەوە،  لە ساڵی دووە می جەنگی رووسیا- ئۆکرایندا و دوای ئەوەی رووسیا رێکاری ناسراو بە " مەکینەی گۆشت"ی گرتە بەر ژمارەی سەربازە  کوژراوەکانی رووسیا ٪٢٥ زیادی کردووە. جەنگی رووسیا- ئۆکرانیا لە مانگی شوباتی ٢٠٢٢ و دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دەستی پێکرد و سەرەڕای ئەوەی رووسیا بانگەشەی ئەوەی ئەکرد لە ماوەیەکی کورتدا دەتوانێت ئەو وڵاتە  داگیر بکات بەڵآم ، تا ئێستا نەیتوانیوە سەرکەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت بەگوێرەی ئاژانسە هەواڵی و شیکەرەوانیش شکستی ڕوسیا بۆ ئەو هاوکارییە سەربازییە دەگەڕێتەوە کە وڵاتانی  رۆژئاواو و بەتایبەت ئەمریکا دەیداتە ئۆکرانیا. بەگوێرەی ئامارەکانی لە میدیا جیهانییەکان بڵآوکراوەتەوە  وڵاتانی رۆژئاوا بایی زیاتر لە 240 ملیار دۆلار هاوکاریی ئۆکرانیایان کردووە. هاوکات مانگی رابردووش، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند لە سەرەتای جەنگی وڵاتەکەی دژی رووسیا لە شوباتی 2022یەوە، 31 هەزار سەربازیان کوژراون، ئەمەش لەکاتێکدا ئەمریکا رایگەیاندووە نزیکەی 100 هەزار سەربازی رووسی لەو جەنگەدا کوژراون. نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، لەو جەنگەدا زیاتر لە 10 هەزار هاوڵاتی مەدەنیی ئۆکرانی کوژراون.

هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دەداتە ئیسرائیل لە ئەگەری هێرشکردنە سەر وڵاتەکەی و دەڵێت، "وەڵامدانەوەیەکی بەهێز و پەشیمانکەرەوەمان بۆی دەبێت."  ئەمیر حسێن عەبدوڵڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانی پێشکەشکردنی وتارێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لە ئەگەری ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی و پێشێلکردنی سەروەریەکەی ئەوا دوودڵ نابن لە وەڵامدانەوەی توندی ئیسرائیل و بە جۆرێک وەڵامیان دەدەنەوە کە تەلئەبیب پەشیمان دەکەنەوە لە ھێرشەکەی. دەشڵێت، بەرگریکردن لە خۆیان یاساییە و بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان بووە و ھێرشەکەشیان بۆ سەر دوو بنکەی سەربازی ئیسرائیل بوو کە بۆ ھێرشکردنە سەر بەرژەوەندیەکانی ئێران بەکاردەھێنران.  باسی لەوەشکرد کە ، چاوەڕێی دەرفەتێک بون نەتەوەیەکگرتووەکان رێگری لە ئاڵۆزییەکان بکات، بەڵام هیچی نەکردووە. جێگەیباسە قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە، ئێران لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا بە زیاتر لە 350 مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و حکومەتى تەلئەڤیڤ رایگەیاند، بە هاوکاریی هاوپەیمانەکانی توانیوویەتی نزیکەی هەموویان پوچەڵبکاتەوە و تەنیا زیانێکی سنووردار هەبێت. لە بەرامبەر هێرشەکەی ئێرانیشدا، ئیسرائیل رایگەیاند، مافى خۆپاراستنى هەیە بۆ ئەوەى وەڵامی تاران بداتەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی کاتی وەڵامدانەوە و ئامانجە گریمانەکراوەکان، یان ئامرازەکانی جێبەجێکردنی ئاشکرا بکات.