وردەکاری هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران

7 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ١٩ی نیسانی ٢٠٢٤ ئیسرائیل هێرشی مووشەکی کردە سەر چەند بنکەیەکی سەربازی لە ئێران و بەپێی زانیارییەکانی CNN هاوکات هێرش کراوەتە سەر بنکەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق  و سوریا.

دوو بەرپرسی ئەمەریکی کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە "CNN"یان راگەیاندووە کە ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر دوو دامەزراوەی سەربازی لە ئێران و پێشتریش دۆستان و هاوپەیمانەکانی خۆی لەوانە ئەمەریکای لەم هێرشە ئاگادار کردووەتەوە.

کەناڵی تەلەفیزیۆنی "ABC NEWS"  لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکاوە رایگەیاندووە ئیسرائیل هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر دامەزراوەیەکی سەربازی لە ئێران.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ و پێش لێدوانی بەرپرسانی ئەمەریکا، ماڵپەڕی "جۆرزالێم پۆست" لە ئیسرائیل باسی لەوە کرد دەنگی تەقینەوە لە ئیسفەهان و عێراق و سووریا بیستراوە، ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی ئێرانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگی تەقینەوە لە ئسفەهانیان پشتڕاستکردووەتەوە.

بەرپرسانی ئەمەریکا لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵی "ABC NEWS" هێرش بۆ سەر بنکەکانی حەشدی شەعبیان لە سووریا و عێراق پشتڕاست نەکردووەتەوە.

پەیامنێری ئاژانسی فارس-ی سەر بە سوپای پاسداران رایگەیاند "کە بە پێی زانیارییەکانی ژمارەیەک لە سەرچاوە خۆجێیەکان، دەنگی تەقینەوە لە شاری " قەهجاورستان" لە پارێزگای ئیسفەهان بیستراوە. ئەم ماڵپەڕە باسی لەوە کردووە هێشتا نازانرێت هۆکاری ئەم دەنگە چی بووە".

شاری "قەهجاورستان" لە نزیک فڕۆکەخانەی ئیسفەهانەو بنکەی هەشتەمی سەربازی هێزی ئاسمانی ئێرانە.

کەناڵی تەلەفیزیۆنی "خبر" سەر بە کۆماری ئیسلامی دەنگی تەقینەوە لە ئسفەهانی پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام هۆکارەکەی ئاشکرا نەکردووە.

هەروەها مارکۆ رۆبیۆ، سێناتۆری کۆماریخوازی ئەمەریکی رایگەیاندووە "ئیسرائیل ئەتوانێت بێ ئەوەی بچێتە سنووری ئاسمانی ئێرانەوە، بە فڕۆکە جەنگییەکانی لە سنووری ئاسمانی عێراق و سوریاوە ناوخۆی ئێران بکاتە ئامانج".

کەناڵی تەلەفزیۆنی CNN  لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکییەوە رایگەیاندووە، ئیسرائیل لە خاکی عێراقەوە هێرشی کردۆتە سەر ئێران. 

دەنگی ئەمەریکا لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمەریکییەوە نووسیویەتی، دەنگی تەقینەوە لە پارێزگای "سویدا" لە سوریا  و لە نزیک بەغدا و پارێزگای بابول بیستراوە، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن دەنگی تەقینەوە جگە لە ئسفەهان لە تەورێز بیستراوە.

سەرچاوەیەک لە تەورێزەوە بە "هاوڵاتی" راگەیاند "بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە لە تەورێز بیستراوەو لە "ئازەر شەهر" ی نزیک تەورێز تەقینەوەکە بیستراوە". 

ماڵپەڕی فارس، سەر بە سوپای پاسداران رایگەیاندووە "دەنگی تەقینەوەکانی تەورزێز بە هۆی چالاکبوونەوەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێران بووەو هیچ تەقینەوەیەک لەو شارە رووینەداوە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار