لەسەر هەسارەکانی نپتۆن و ئۆرانۆس بارانی ئەڵماس دەبارێت

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

لەسەر هەسارەکانی وەک نەپتون و ئۆرانۆس، زاناکان پێیان وایە ئەڵماس دەبارێت بەهۆی ئەو پەستان و پلەی گەرمی زۆرەی هەسارەکە کە وادەکات  کاربۆن بگۆڕێت بۆ  ئەڵماس.
کێڤن بەینز لە زانکۆی ویسکۆنسن-مەدیسۆن و تاقیگەی جێت پڕۆپوڵژنی ناسا ڕایگەیاندووە، بەپێی ئەو داتا نوێیانەی لەسەر بەرگەهەوای ئەو دوو هەسارەیە دەستیان کەوتووە پێشبینی ئەوە دەکەن کە ئەڵماس بە شێوەی باران ببارێت لەو دوو هەسارەیەدا.

بە گوێرەی قسەکانی ئەو زانایە بۆ ئاژانسی هەواڵی بی بی سی، بە پێ دوایین پێشبینییەکانی پلەی گەرمی و پەستان کە بۆ بەرگەهەوای ئەو دوو هەسارەیە دەستیان کەوتووە و بە پشتبەستن بە ئەو زانیارییانەی لەبەردەستدان لەسەر چۆنییەتی ڕەفتاری کاربۆن لە پلەی گەرمییە جیاوازەکاندا گەیشتونەتە ئەو دەرئەنجامەی کە کە کریستاڵە جێگیرەکانی ئەڵماس دەکرێت  بە شێوەی باران ببارێن لەو دوو هەسارەیەدا.

ئەو زانایە دەڵێت لە بەشی سەرەوەی بەرگە هەوای هەسارەکاندا ، هەورەتریشقە گازی میسان دەگۆڕێت بۆ سووتو (وردیلەی کاربۆنی پەیدابوو لە سوتاندنی هەندێ ماددەی ئەندامی کە لەسەر ڕووە کانزاییەکان دەنیشێت) دواتر لەگەڵ هاتنە خوارەوەی بە بەرگە هەوای هەسارەکەدا پەستانێکی زۆر دەچێتە سەری دوای نزیکەی ١٦٠٩ کیلۆمەتر ، دەگۆڕێت بۆ گرافایت (ئەو جۆرە کاربۆنەی کە لە پێنووسەکاندا دەیدۆزیتەوە) و دوای بڕینی ٦٠٠٠ کیلۆمەتر ئەو پارچە گرافایتانە خەستتر دەبنەوەو دەگۆڕێن بۆ ئەڵماس.

ئەوەشی روونکردەوە لەگەڵ زیاتر نزیکبوونەوەی ئەڵماسە دروستبووەکە  لە ناوکی هەسارەکە بەهۆی ئەو پلە گەرمییە زۆرەی کە هەیەتی ئەڵماسەکە شیدەبێتەوەو دەچێتە دۆخی شلییەوە و پێشبینی دەکرێت دەریایەک لە کاربۆنی شلی دروست کردبێت.

یۆرانیۆم و نیپتۆن دوو هەسارەی گەورەی کۆمەڵەی خۆرن  و ئێستا هەردووکیان بە زەبەلاحی سەهۆڵ دادەنرێن هاوکات توێژینەوەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە بەرگە هەوای ئەم دوو هەسارەیە بەشێکی زۆری لە گازی میسان پێکهاتووە کە ئەمەش پشتگیری لەو لێکۆڵینەوە و پێشبینییانە دەکات کە دەڵێت دەکرێت لەم دوو هەسارەیە بارانی ئەڵماس ببارێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار