بنکەکانی حەشدی شەعبی لە بابل کرانە ئامانج
7 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەپێی راگەیەندراوێکی حەشدی شەعبی بێت، درەنگانی شەوی رابردوو بنکەکانی حەشدی شەعبی لە سەربازگەی کالسوو لە بابل کرانە ئامانج.
حەشدی شەعبی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، درەنگانی شەوی رابردوو لە پارێزگای بابل هێزەکانیان لەلایەن ئەمەریکاوە بۆردوومان کراوە و زیانی گیانیان نەبووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لیواکانی "جهاد النخبە" کراونەتە ئامانج و ئاگر لە سەربازگەکە کەوتووەتەوە و لەلایەن هێزەکانی بەرگریی شارستانییەوە ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە.
حەشدی شەعبی دەڵێت "زیانی گیانی نەبووە"، بەڵام بەپێی هەندێک سەرچاوە کە بە میدیاکانیان راگەیاندووە لە هێرشەکەدا کەسێک کوژراوە و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
هەروەها فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا ناسراو بە (سێنتکۆم) لە راگەیەنراوێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند " رۆژی هەینی ئەمەریکا هیچ هێرشێکی مووشەکی نەکردووەتەسەر عێراق و ئاگاداری ئەو هێرشەش نین کە کراوەتەسەر بنکەیەکی سەربازی لە ناوەڕاستی عێراق".