هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگه‌یاند، سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانه‌وه‌ ده‌ستپێبكاته‌وه‌ و هه‌نارده‌ی نه‌وت داهاتێكی گرنگه‌ بۆ حكومه‌تی فیدڕاڵی. به‌یانى ئه‌مڕۆ وه‌فدێكى باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق بەسەرۆکایەتیی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت گەیشتە هەولێرو لەلایەن کەمال محەممەد وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم (بەوەکالەت)و بەرپرسانی حکومەتەوە پێشوازی لێکرا. وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی سەردانەکەی وەزیری نەوتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و، رایگەیاند سەردانەکەی حەیان عەبدولغەنی لە درێژەی ئەو گفتوگۆیانە دێت کە لە بەغدا کراون بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان. هاوکات له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا حەیان عەبدولغەنی ڕایگەیاند، ئامانج لەسەردانه‌كه‌یان بۆ هەولێر، بەمەبەستی لێکنزیکردنەوەی دیدو بۆچونی هەردوو حکومەتی عێراق‌و هەرێمی کوردستانە سەبارەت بەدوبارە بەرهەمهێنان‌و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان. وتیشى، "بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، پێویستە ڕۆژانە هەرێمی کوردستان 400 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات، هەوڵدەدەین لەکۆبونەوەکانی ئەمڕۆدا هەموو کێشەکان چارەسەربکەین بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ئاسانتر دەست بەهەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێت". سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم ئەو وەزیرەی عێراق باسی دوو قۆناغی کرد و وتی، "قۆناخی یەکەم بریتی دەبێت لە دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت. هەنگاوی یەکەم ئەوەیە لەگەڵ کۆمپانیاکان و برایان لە هەرێمی کوردستان لەبارەی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و گونجاندنی ئەو گرێبەستانەی ئێستا هەن، رێکبکەوین بۆ ئەوەی لەگەڵ یاسای بودجە و دەستووری عێراق بگونجێندرێت و ئومێد دەکەین لەماوەی ئەم دوو، سێ رۆژەدا بگەینە رێککەوتن. قۆناخی دووەمیش لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا لێتێگەیشتنمان هەیە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی هێڵی عێراقی تورکییەوە"."هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بۆ عێراق گرنگە، چونکە سامانی سروشتیی سەرەکی عێراق نەوتەو حکومەت پشت بەداهاتی نەوت دەبەستێت بۆ دابینکردنی بودجە، بۆ ئەم مەبەستە لێکتێگەیشتنێکی باشمان لەگەڵ برایانمان لە هەولێر هەیەو گفتوگۆکان بەردەوامدەبن" لە رۆژی 25ـی مانگی ئاداری 2023ـەوە، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیراوە.  

هاوڵاتی  لەگەڵ توندتر بوونەوەی رووبەڕوو بوونەوەی سەربازی لە باشووری لوبنان، حەسەن نەسروڵڵا رێبەری حیزبوڵڵای لوبنان، رۆژی شەممە ١١ی تشرنی دووهەم رایگەیاند، حیزبوڵڵای لوبنان کەڵكی لە کۆمەڵێک چەکی نوێ وەرگرتووە بۆ هێرش بۆ سەر ئیسرائیل. حەسەن نەسروڵڵا لە دووهەمین وتاردانی تەلەفیزیونیدا لە سەرەتای جەنگی غەزەوە وتی :" حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان، خۆی بەهێزکردووەو جۆر و ژمارەی چالاکییەکانی زیاتر و ئامانجدارتر کردووەو چەکی نوێی بەکارهێناوە". نەسروڵڵا وتی ، حیزبوڵڵا بۆ یەکەمجار مووشەکی بورکانی بەکارهێناوە کە ئەتوانێت کێشی ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ کیلۆگرام هەڵبگرێت. هەروەها بۆ یەکەمجار بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرش کراوەتە سەر قووڵایی خاکی ئیسرائیل و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەکان  توانیویانە بگەنە شارەکانی حەیفا، عەکا وسەفەد لە باکووری ئیسرائیل. هاوکات چەند خولەک دوای وتاردانی حەسەن نەسروڵڵا، یوئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەڕەشەی لە حیزبوڵڵا کرد و وتی ئەگەر حیزبوڵڵا بچێتە جەنگێکی تەواوەوە لەگەڵ ئیسرائیل، هەموو لوبنان وەک غەزە وێران ئەکات. گاڵات لە وتاردانێکدا بۆ سەربازە ئیسرائیلییەکان وتی :" ئەگەر حیزبوڵڵای لوبنان وەها هەڵەیەک بکات، یەکەم کەسەکان کە دەبن بە قوربانی و ئەبێ تێچووی ئەم جەنگە بدەن هاوڵاتیانی لوبنانین". ئەم هەڕەشانە لە کاتێکدایە کە هێرش بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان تاوانی جەنگیە. وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە درێژەی هەڕەشەکانیدا وتی :" ئێمە ئەو کارەی ئێستە لە غەزە جێبەجێی ئەکەین، ئەتوانین لە بەیرووتیش وەها بکەین". ئیسرائیل بەوە تاوانبار ئەکرێت کە هاوشانی حەماس یاسا نێونەتەوەییەکانی پێشێلکردووەو تۆمەتی تاوانی جەنگی بەرامبەر بە غەزە ئەدرێتە پاڵ.  

هاوڵاتی  بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیراینی ئیسرائیل، رایگەیاند بەهیچ شێوەیەک ئاگربەست رانەگەیەنن و تەنانەت بۆ لەناوبردنی حەماس دژی هەموو جیهان دەوەستن. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بنیامین ناتانیاهۆ لەسەر داواکاری ئاگربەست کە چەند رۆژێکە لەلایەن چەندین وڵاتەوە داوا دەکرێت وتی، "هیچ ئاگربەستێک نابێت هەتا بارمتەکان نەگەڕێنەوە، ئێمە تا ئەرکەکەمان کۆتایی نەیەت ناوەستین، هیچ جێگرەوەیک بۆ سەرکەوتن نییە، ئێمە حەماس تێکدەشکێنین و بارمتەکانمان دەگەڕێنینەوە." لە چەند رۆژی رابردوودا فشارێکی نێودەولەتی لەسەر ئیسرائیل دروستبووە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست بەتایبەتی کاتێک کە بەهۆی بۆردومانی وڵاتەکەوە زیاتر لە 11 هەزار کەس لە غەززە کوژراون.  هەرچەندە ئەمریکا پشتیوانی سەرسەختی ئیسرائیلە بەڵام دوێنێ هەیینی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، نەیشاردەوە کە "مەدەنی زۆر زۆر لە غەززە کوژراون."  هاوکات ئەمڕۆ شەممە ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، داوای ئاگربەستی لە ئیسرائیل کرد و رایگەیاند "ئەمڕۆ خەڵکی مەدەنی بۆردومان دەکرێن، ئەم ژن و منداڵ و خەڵکە بەتەمەنانە بۆردومان دەکرێن و دەکوژرێن، ئەمە هیچ هۆکار و شەرعیەتێکی نییە." ئەمڕۆ لە لوتکەی وڵاتانی ئیسلامی-عەرەب لە ریازی پایتەختی سعودیە  کە بە بەشداری 57 وڵات بەرێوەچوو بەیاننامەیەکی هاوبەش بڵاوکرایەوە و تێیدا داوای کۆتایهێنان بە بۆردومان و گەماردۆدانی غەززە کرا لەگەڵ گەمارۆ خستەنەسەر فرۆشتنی چەک بە ئیسرائیل و راگەیاندنی ئاگربەست. ناتانیاهۆ لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا وەڵامی وڵاتانی ئیسلامی-عەرەبی دایەوە و وتی، "دەبێت دژی حەماس بوەستن، ئەو رێکخراوە تیرۆرستییە تەنها کارەسات و خوێنرشتن و هەژاری بۆ غەززە دەستبەر کردووە." سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وەڵامی سەرۆکی فەرەنساشی دایەوە و رایگەیاند کە ماکرۆن "هەڵەیەکی ئەخلاقی" کردووە و هیچ فشارێکی نێودەوڵەتی و بەڵگەی هەڵە لەسەر سەربازانی ئیسرائیل کاریگەری ناخاتە سەر مافی ئیسرائیل بۆ بەرگری کردن لەخۆی.  لە بەشێکی تری قسەکانیدا بنیامین ناتانیاهۆ وتی، "ئەگەر پێویست بکات دژی هەموو جیهان دەوەستینەوە" لەپێناو لەناوبردنی حەماس.

هاوڵاتی  ئێوارەی ئەمرۆ وانەبێژێک لەناحیەی بەحرکەی سەر بە هەولێر لەکاتی کارکردنی لەسەر خانوویەک بە تەزووی کارەبا گیانی لەدەستدا. فەرمان ئیبراهیم ئامۆزای ئەو مامۆستایە بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئەو وانەبێژە ناوی رەشید حاجی شێخە، وانەبێژ بووە لە خوێندنگای دەشتی بنەڕەتی کوڕان لەناحیەی بەحرکە، ئەم ئێوارەیە لەسەر خانووەیەک ئیشی کارەبا دەکات لەناکاو کارەبا گرتوویەتی و گیانی لەدەستدا. فەرمان ئیبراهیم وتیشی، "ئەو مامۆستایە خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە، هاوکات هاوسەرەکەشی مامۆستایە" ئامۆزای ئەو مامۆستایه ئاماژەی بەوەشدا، ئەو وانەبێژە جگە لەکاری وانەبێژی وەستای بۆری بوو، هاوسەرەکەشی وانەبێژە، پارەی وانەبێژی بەشی پێداویستیەکانی نەکردووە بۆیە ناچاربووە ئیشێکی تر بکات. وێنەی رەشید حاجی شێخە: 

هاوڵاتی  موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، داوا لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەکات بایکۆتی تەواوەتی ئیسرائیل بکرێت و سوپاکانیان بخرێتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.  موقتەدا سەدر لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ستایشی بەیاننامەکەی ئەمڕۆی لوتکەی وڵاتانی ئیسلامی-عەرەب کرد کە پەیوەست بوو بە دۆخی غەززەوە.  ئەمڕۆ لە لوتکەی وڵاتانی ئیسلامی-عەرەب لە ریازی پایتەختی سعودیە بە بەشداری 57 وڵات بەرێوەچوو بەیاننامەیەکی هاوبەش بڵاوکرایەوە و تێیدا داوای کۆتایهێنان بە بۆردومان و گەماردۆدانی غەززە کرد لەگەڵ گەمارۆ خستەنەسەر فڕۆشتنی چەک بە ئیسرائیل.  موقتەدا سەدر چەند داواکارییەکی ئاراستەی لوتکەکە کرد کە دیارترینیان ئەمانەن: راگه‌یاندنی دۆخی ئاماده‌باشی بۆ سوپای ئیسلامی و عه‌ره‌بی ئه‌گه‌ر غه‌ززه‌ بكه‌وێت، ئه‌وه‌ كۆتایی بۆ ئه‌وانی دیكه‌ ده‌بێت، بایكۆتی ئابوری هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ئیسرائیل، داخستنی باڵیۆزخانه‌كانی ئیسرائیل و به‌تاوان هه‌ژماركردنی ئاساییكردنه‌وه‌ی پەیوەندی بۆ هه‌مو وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی، هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی وشه‌ی توند له‌ دژی ئه‌و وڵاتانه‌ بكرێت كه‌ پشتیوانی له‌ ئیسرائیل ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا كه‌ گه‌وره‌ترین پشتیوانه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی داخستنی بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانیان له‌ وڵاتانی ئیسلامی و عه‌ره‌بی و لەگەڵ چەند داواکارییەکەی تر.

هاوڵاتی  پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە گرتە ڤیدیۆیەکدا باس لە دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم  لە کەرتی کشتوکاڵ دەکات و رایگەیاند، حکومەتی هەرێم لە رێگەی دروستکردنی چوار سایلۆوە هەناردەکردنی بەربوومی کشتوکاڵی لە %1.5 ەوە بەرزکردووەتەوە بۆ %8. وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەڵێت، لە رێگەی راهێنانکردن بە جوتیارە نمونەییەکانی هەرێمی کوردستان توانراوە هەنار، پەتاتە و سێو و هەنگوین و چەندین بەربوومی دیکە هەناردەی دەرەوەی کوردستان بکرێت. لەبارەی مۆڵەتدان بە کۆمپانیاکانی بواری کشتوکاڵ، پێشەوا هەورامانی دەڵێت، لە چوار ساڵی رابردوودا حکومەت مۆڵەتی داوەتە شەش کۆمپانیایی بواری بەرهەمهێنانی "چپسی پەتاتە" و "فینگر"، کە توانای بەرهەمی ساڵانەیان نزیکەی 70 هەزار تۆنە. بە وتەی پێشەوا هەورامانی پەتاتەی کوردستان لە ئاستی براندە جیهانییەکاندا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و دەڵێت، چەندین رێستۆرانتی جیهانی بەناوبانگ داوای هەناردەکردنی پەتاتەی کوردستان دەکەن. ساڵی رابردوو وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، توانیویانە ژمارەیەک بارهەڵگری هەنار ڕەوانەی وڵاتانی کەنداو و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا بکەن، لەو بارەیەوە وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کورستان رایگەیاند، حکومەتی توانیویەتی بەسەرکەوتووی هەناری کوردستان رەوانەی مارکێتەکانی ئەوروپا بکات و لە ئێستاشدا هەناری کوردستان دڵخوازترین میوەیە کە هاوڵاتیانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت بەدەستییان بگات.  

هاوڵاتی  دژەتیرۆری کوردستان-پارتی رایگەیاند هیچ هێرشیکی درۆنی نەکراوەتە سەر فرۆکەخانەی هەریر و دەڵێت، ئەو هەواڵەی بڵاوکراوەتەوە لەسەر ئەو بابەتە "بێبنەما و ناراستە." بەیانی ئەمڕۆ شەممە 11ی تشرینی دووەمی 2023، چەند میدیایەکی پارتی بڵاویانکردەوە کە بە درۆن هێرشکراوەتەسەر سەر فرۆکەخانەکە و تەقینەوە رویداوە، لەئەنجامدا زیان بە هۆڵێکی فرۆکەخانەکە گەیشتووە. لەسەر بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە دژەتیرۆری کوردستان-پارتی دەڵێت، "بە دەزگە میدیاییەکانی ڕادەگەیەنین دەنگی هەر تەقینەوەیەک مەرج نییە هێرش و بۆردومان بێت، دەشێ مەشق و ڕاهێنان یاخود ڕێکاری تایبەت بێت." دەقی راگەیاندراوەکەی دژەتیرۆری کوردستان-پارتی: ڕاگەیەندراوێک لە دژەتیرۆری کوردستانەوە ئەمڕۆ شەممە 11ی تشرینی دووەمی 2023 لە چەند دەزگەیەکی میدیایی هەواڵێک بڵاو کرایەوە، کە گوایە نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی هەریر. لای خۆمانەوە ڕایدەگەیەنین کە ئەم هەواڵە بێبنەما و ناڕاستە و هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر شوێنی ئاماژە پێ کراو. بە دەزگە میدیاییەکانیش ڕادەگەیەنین دەنگی هەر تەقینەوەیەک مەرج نییە هێرش و بۆردومان بێت، دەشێ مەشق و ڕاهێنان یاخود ڕێکاری تایبەت بێت. لە کۆتاییدا داواکارین لە دەزگە میدیاییەکان و میدیاکاران، بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ هەر جۆرە ڕووداوێکدا بکەن و نەبنە هۆکاری دڵەڕاوکێ لە لای هاووڵاتییان. دژەتیرۆری کوردستان

هاوڵاتی  وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، سبەینێ یەکشەممە وەزیری نەوتی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بەمەبەستی چارەسەرکردنی دۆسیەی نەوتی هەرێم. پیشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، هاتنی حه‌ییان عه‌بدولغه‌نی، وه‌زیری نه‌وتی عێراق و تیمێکی وەزارەتەکە بۆ هەرێمی کوردستان "لە سەر رێککەوتنی هەردوو سەرۆکوەزیران" مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سودانی بووە. ئەمڕۆ شەممە وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، ئامادەکارییان دەستپێکردووە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەرێی بەندەری جەیهانی تورکیاوە. وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەڵێت، حەییان عەبدولغەنی و تیمەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە "تا دۆسیەی نەوتی هەرێم و کێشەکانی تر پێکەوە چارەسەر بکەن." هاوکات پێشەوا هەورامانی باس لەوە دەکات، "بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکان کێشەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمەو بۆ ئەم پرسە دوو بۆ سێ ڕۆژ دەمێننەوە."

هاوڵاتی  لەکاتی داخستنی بازاری دراو لە سلێمانی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبوویەوە بەراورد بە کاتی مامەڵەکردن لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دراو.  ئەمڕۆ شەممە 11ی تشرینی یەکەمی 2023، لەکاتی داخستنی بازاڕی دراو لە سلێمانی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبوویەوە و 100 دۆلار بەرامبەر 162,750 دینار جێگیر بوو.  لەناوەراستی ئەمڕۆ و لەدەوروبەری کاتژمێر یەک بۆ دووی دوانیوەڕۆ 100 دۆلار بەرامبەر 163,500 دینار مامەڵەی پێوە دەکرا.  هاوکات هەر ئەمڕۆ  لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دراوی سلێمانی و لە پێشنیوەڕۆدا، 100 دۆلار 164,750 دینار کڕین و فرۆشتنی پێوە کرا.  ماوەی دوو هەفتەیە بەهای دینار ناجێگیرییەکی زۆر بەخۆیەوە بینییوە و چەندین جار لە رۆژێکدا بەرز و نزم دەکات و بانکی ناوەندی لە هەوڵی ئەوەدایە بەهای دینار جێگیر بکات، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیووە.  بانکی ناوەندی رۆژانی دەوام نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە بە نرخی فەرمی کە 132,000 بۆ هەر 100 دۆلارێک، بەڵام بەپێی وتەی بەشێک لە ئاڵوگۆڕکارانی دراو کە بۆ هاوڵاتی قسەیان کردووە، ئەو بڕە پارەیە ناخرێتە ناو بازاڕەکانی دراوەوە و ئەو ژمارەیە "راست نییە."

هاوڵاتی  ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە لوتکەی ئیسلامی-عەرەبی لە سعودیە رایگەیاند، ئەمریکا پشتگیری ئیسرائیل دەکات لە کوشتنی زیاتری خەڵکی غەززە و رێ نادات ئاگربەست ربگەیەنرێت.  لەمیانی وتارێکدا لە لوتکەی ئیسلامی عەرەبی لە ریازی پایتەختی سعودیە کە بۆ بارودۆخی غەززە سازکرابوو، ئیبراهیم رەئیسی وتی، "دەبێت بۆردومانی کوێرانەی غەززە کۆتایی بێت و پێویستە تەواوی جیهانی ئیسلامی یەکگرتووبن و لەرێی یەکگرتوویییەوە دەتوانین ئەم کیشەیە چارەسەر بکەین." لەسەر هەڵوێستی ئەمریکا، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، "لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمریکا پشتگیری ئیسرائیل دەکات و ڤیتۆ لەسەر ئەو پێشنیازەیاسایانە دەدات کە رێ دەگرن لە کوشتنی خەڵکی فەڵەستین، ئەمریکا رێی خۆشکردووە بۆ ئیسرائیل بۆردومانی زیاتر بکات و خەڵک زیاتر بکوژێت." لەسەرەتایی جەنگەوە ئەمریکا پشتگیری خۆی بۆ ئیسرائیل دەربڕیووە و بەرپرسانی واشنتن رایانگەیاندووە دژی ئاگربەستن بەهۆی ئەوەی لە "بەرژەوەندی" حەماسە، بەڵام لەگەڵ راگرتنی شەڕن بەشێوەیەکی کاتی بۆ مەبەستی مرۆیی

هاوڵاتی  لە رێی درۆنێکی بۆمب رێژکراوەوە جارێکی تر هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی هەریر و بەپێی زانیارییەکان تەقینەوە دروست بووە.  سەرچاوەیەکی ئەمنی بە میدیای پارتی راگەیاندووە، هێرشەکە لەکاتژمێر 12:35 خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ روویداوە و بەهۆی هێرشەکەوە، "تەقینەوە دروستبوە زیان بە هۆڵێکی فڕۆکەخانەکە گەیشتوە و لە ئێستادا چۆڵکراوە." ئەمە سێیەم جارە هێرشی درۆنی دەکرێتەسەر فڕۆکەخانەی هەریر کە بنکەیەکی سەربازییە. پێشتر لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، واتە دوو رۆژ لەمەوبەر، هێرشێکی هاوشێوە ئەنجامدراوە دژەتیرۆری کوردستان-پارتی رایگەیاند،  بە سێ درۆن و لە دوو کاتی جیاوازدا ئەنجامدرا هێرشەکە ئەنجامدراوە.  پێشتریش لە هەفتەی رابردوودا هێرشێکی درۆنی کرایە سەر هەمان فرۆکەخانە و گروپی چەکداری "مقاوەمە (بەرەنگاری) ئیسلامی لە عێراق" ئەنجامدانی ئەو هێرشەی لەئەستۆ گرت.     

هاوڵاتی  وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، ئامادەکارییان دەستپێکردووە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەرێی بەندەری جەیهانی تورکیاوە. حه‌ییان عه‌بدولغه‌نی، وه‌زیری نه‌وتی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "پرسەکە تەکنیکییە، ئێمەش ئامادەین و هەندێک ئامادەکاریش كراوه‌ بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە." لە 25ی ئازاری ئەمساڵەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگیراوە و زیانەکان بۆ هەرێمی کوردستان بە شەش ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت. راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دوای بڕیارەکەی دەستەی ناوبژیوانی پاریس دێت کە بڕیاریدا دەبێت تورکیا 1.9 ملیار دۆلار وەک قەرەبوو بداتە عێراق بەهۆی ئەوەی لەساڵانی 2014-2018 نەوتی هەرێمی کوردستانی بە ناسایی گواستووەتەوە. هاوکات وەزیری نەوتی عێراق باسی لە پرۆژەی خۆبژێوی عێراق کرد و وتی، پڕۆژەیان هەیە بۆ وەبەرهێنانی غازی دەرهێنراو لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بە پارێزگاکانی باکووریشەوە، لەگەڵ تەواوبوونی ئەو پڕۆژانە سووتانی غاز دەوەستێت و "حكومه‌ت پابه‌نده‌ به‌ رێككه‌وتنه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌باره‌ی راگرتنی سووتانی غاز تاكو‌ پێش ساڵی 2030 كراون." رۆژی چوارشەممە 8ی تشرینی دووەمی 2023، محەممەد شیاع سودانی سەرۆکایەتی حەوتەمین کۆبونەوەی ئاسایی باڵیۆزانی عێراقی کرد کە پێکهاتوون لە باڵیۆزانی عێراق لە وڵاتە جیاوازەکان و هەروەها نێردە و باڵیۆزانی وڵاتانی عەرەبی و بیانی لە عێراق و لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا سودانی باسی لەو "دەستکەوتانە" کرد لە بەرنامەی کابینەکەیدا بەدەست هاتوون و وتی، دەرفەتێکی ئومێدبەخش هەیە کە حکومەتی عێراق وەبەرهێنانی تێدا دەکات لە کەرتی نەوت و پیشەسازی ستراتیژی و غازدا، "عێراق دەچێتە بازاڕی غازی جیهانییەوە لە ماوەی 3-5 ساڵدا خۆبژێوی بەدەست دەهێنێت."

هاوڵاتی  بەرێوبەری نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل چواردەوری نەخۆشخانەکەیان داوە و هەر کەسێک بجوڵێت تەقەی لێدەکەن، دەشڵێت، هەموان چەند خولەکێک لە مردن دوورن و هەر خولەکێک نەخۆشێک دەمرێت، تەنانەت منداڵانی ناو شوشەش.  محەممەد ئەبو سەلمییە، بەرێوبەری نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە باس لە دۆخی خراپی نەخۆشخانەکەی دەکات و دەڵێت، نەخۆشخانەی شیفا دەورە دراوە بە سەربازی ئیسرائیلیی و ناهێڵن کەس بجوڵێت، تەنانەت ئەگەر هەر کەسێک بجوڵێت تەقەی لیدەکرێت.  "خەڵک لەناو نەخۆشخانەکە دەمرن، نەخۆشەکان خولەک لەدوای خولەک دەمرن و قوربانی و بریندارەکانیش لە سەرەمەرگدان، تەنانەت منداڵانی ناو شووشەش"، محەممەد ئەبو سەلیمە وای وت. چەند رۆژێکە لە نزیک نەخۆشخانەکانی غەززە شەڕ و پێکدادان لەنێوان حەماس و سوپای ئیسرائیل زیادیکردووە و چەند نەخۆشخانەیەک بە سەربازانی ئیسرائیل دەورە دراون بەتایبەتی نەخۆشخانەکانی شیفا و ناسر رانتیسی و قودس.  بەرێوبەری نەخۆشخانەی شیفا لەسەر خراپی دۆخی نەخۆشخانەکە باسی لەوە کرد، "کارەبا، ئینتەرنێت، ئاوی خواردن و پیداویستی پزیشکی نییە، بەتەواوی لە جیهانی دەرەوە دابڕاوین، چەند خولەکێکی کەم لە مردنەوە دوورین. هاوکات د.محەممەد ئەبو موغەسیب، لە رێکخراوی پزیسکانی بی سنووری لە غەززە، بە بی بی سی بەریتانی راگەیاندووە، ئەگەر ئاگربەست رانەگەیەنرێت یان پێداویستی پزیشکی نەگات بە نەخۆشخانەکان، "هەموو ئەو نەخۆشخانەی ماون دەمرن و نەخۆشخانەکانیس دەبن بە گۆڕستان." تا ئێستا زیاتر لە 11 هەزار کەس بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە لە غەززە کوژراون و لە چەند رۆژی رابردوودا بۆردومان بۆ سەر نەخۆشخانەکان زیادیکردووە، بەجۆرێک کە ئێستا فشاری نێودەوڵەتی دەکرێتەسەر ئیسرائیل تا بۆردومانەکانی بوەستێنێت.

هاوڵاتی  دامەزراوەی جیۆفیزیکی زانکۆی تاران رایگەیاند ئێوارەی هەیینی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.١ رێختەر، لە شاری موورموور سەر بە پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان رویداوە. ئەم بوومەلەرزەیە لە شارەکانی ئابدانان،  دەرەشارە، دێهڵوڕان و تەنانەت پولدوختەر لە پارێزگای لوڕستان هەستی پێکراوە. هاوکات رێکخراوی بوومەلەرزەزانی ئەمریکا رایگەیاند ئەم بوومەلەرزەیە بە گوڕی ٥.٢ ریختەر بووە. محەممەد رەحمانی، قایممقامی ئیلام رایگەیاندووە کە بوومەلەرزەکە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە. پێشتر لە مانگی ئابی ٢٠١٤ بوومەلەرزەییەک بە گوڕی ٦.٢ ریختەر ئەم ناوچەیەی گرتەوە کە چەند کەس بریندار بوون و زیانی گەورەی ماددی لێکەوتەوە.

هاوڵاتی  بەرێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر رایگەیاند، لە روداوێکی ئاگرکەوتنەوەکەدا لە ماڵێک لە گەڕەکی فەرمانبەران کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ %98ی جەستەی سووتا. بەرگری شارستانی هەولیر دەڵێت، کاتژمێر یەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ئاگادارکراونەتەو لە روودانی رووداوەکە هەرچەندە رووداوەکە کاتژمێر 10:30 خولەکی شەوی رابردوو رویداوە بۆیە "زۆر درەنگ هەواڵ بە ژووری کۆنترۆڵی بەرێوەبەرایەتیمانیان دراوە." بەرگری شارستانی هەولێر باس لەوەش دەکات، "بەپێی لێکۆڵینەوە لە ئاگرەکە هۆکارەکەی شێوەیەک سووتانی بەشێک لە ژووری چێشتخانە لە نهۆمی سەرەوەو دەرگاو رایەخێک و تەباغی خواردن ئامادەکردن بووە، کە ئەو کچە تەنها لە ماڵی مامی لەو خانووە لە نهۆمی سەرەوە ژیانی کردووە." هاوکات ئاماژە بەوەشکراوە کە بەهۆی زۆری سووتانی جەستەیەوە، کچەکە رەوانەی نەخۆشخانەی ئیمیرجنسی هەولێر کراوە و دۆخی تەندروستی ناجێگیرە. لەکۆتاییدا بەرگری شارستانی هەولێر رایگەیاندووە، راپۆرتییان لەسەر رووداوەکە پیشکەش کردووە و لێکۆلێنەوەی وردتر دەمێنیتەوە بۆ پۆلیسی هەولێر لەسەر راستی روودانی رووداوەکە.