zhyr

ناتانیاهۆ: گەر پێویست بکات دژی هەموو جیهان دەوەستینەوە

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیراینی ئیسرائیل، رایگەیاند بەهیچ شێوەیەک ئاگربەست رانەگەیەنن و تەنانەت بۆ لەناوبردنی حەماس دژی هەموو جیهان دەوەستن.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بنیامین ناتانیاهۆ لەسەر داواکاری ئاگربەست کە چەند رۆژێکە لەلایەن چەندین وڵاتەوە داوا دەکرێت وتی، "هیچ ئاگربەستێک نابێت هەتا بارمتەکان نەگەڕێنەوە، ئێمە تا ئەرکەکەمان کۆتایی نەیەت ناوەستین، هیچ جێگرەوەیک بۆ سەرکەوتن نییە، ئێمە حەماس تێکدەشکێنین و بارمتەکانمان دەگەڕێنینەوە."

لە چەند رۆژی رابردوودا فشارێکی نێودەولەتی لەسەر ئیسرائیل دروستبووە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست بەتایبەتی کاتێک کە بەهۆی بۆردومانی وڵاتەکەوە زیاتر لە 11 هەزار کەس لە غەززە کوژراون. 

هەرچەندە ئەمریکا پشتیوانی سەرسەختی ئیسرائیلە بەڵام دوێنێ هەیینی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، نەیشاردەوە کە "مەدەنی زۆر زۆر لە غەززە کوژراون." 

هاوکات ئەمڕۆ شەممە ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، داوای ئاگربەستی لە ئیسرائیل کرد و رایگەیاند "ئەمڕۆ خەڵکی مەدەنی بۆردومان دەکرێن، ئەم ژن و منداڵ و خەڵکە بەتەمەنانە بۆردومان دەکرێن و دەکوژرێن، ئەمە هیچ هۆکار و شەرعیەتێکی نییە."

ئەمڕۆ لە لوتکەی وڵاتانی ئیسلامی-عەرەب لە ریازی پایتەختی سعودیە  کە بە بەشداری 57 وڵات بەرێوەچوو بەیاننامەیەکی هاوبەش بڵاوکرایەوە و تێیدا داوای کۆتایهێنان بە بۆردومان و گەماردۆدانی غەززە کرا لەگەڵ گەمارۆ خستەنەسەر فرۆشتنی چەک بە ئیسرائیل و راگەیاندنی ئاگربەست.

ناتانیاهۆ لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا وەڵامی وڵاتانی ئیسلامی-عەرەبی دایەوە و وتی، "دەبێت دژی حەماس بوەستن، ئەو رێکخراوە تیرۆرستییە تەنها کارەسات و خوێنرشتن و هەژاری بۆ غەززە دەستبەر کردووە."

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وەڵامی سەرۆکی فەرەنساشی دایەوە و رایگەیاند کە ماکرۆن "هەڵەیەکی ئەخلاقی" کردووە و هیچ فشارێکی نێودەوڵەتی و بەڵگەی هەڵە لەسەر سەربازانی ئیسرائیل کاریگەری ناخاتە سەر مافی ئیسرائیل بۆ بەرگری کردن لەخۆی. 

لە بەشێکی تری قسەکانیدا بنیامین ناتانیاهۆ وتی، "ئەگەر پێویست بکات دژی هەموو جیهان دەوەستینەوە" لەپێناو لەناوبردنی حەماس.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار