هاوڵاتی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێم رایگەیاند، پرۆژەی بەکرێدانی شەقامەکان تەنها بڕیارێکی ئەزمونییە و بۆ وەرگرتنی بۆچوونی هاوڵاتییانە، وەزارەتی شارەوانیش دەڵێت، پرۆژەکە "ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە." بەپێی بڕیارێکی بەرێوبەرایەتی شارەوانی هەولێر کە دوێنێ یەکشەممە راگەیاندرا، وەستاندنی ئۆتۆمبێل لە شەقامە گشتییەکان دەکرێتە بە پارە و لە قۆناغی یەکەمدا لە شەقامی 60 مەتری هەولێر جێبەجێ دەکرێت و دواتر تەواوی شەقامەکان دەگرێتەوە. پرۆژەکە بەپێی کاتژمێری وەستاندن پارەی زیاتر لە شۆفێران وەردەگرێت. لەوبارەیەوە ساسان عەونی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، "وەرگرتنی پارە لەو ئۆتۆمبێلانەی لەسەر شەقامەکان دەوەستن بڕیارێکى ئەزموونییە و بۆ وەرگرتنی بۆچوونی هاوڵاتییانە." وەزیری شاراوانی و گەشتوگوزاریی حکومەتی هەرێم باسی لەوەشکرد، "ئەگەر زانیمان هاوڵاتیان بڕیارەکەیان پێباشە ئەوکات راگرتنی ئۆتۆمبێل لە زۆربەی شەقامەکان دەکەین بە پارە." هاوکات وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێم روونکردنەوەیەکی لەسەر بابەتەکە بڵاوکردەوە و دەڵێت، "سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان، بۆ ڕێکخستنەوەی شار و شەقام و جەنجاڵی هاتوچۆ لەسەر کەوانەیەکی شەقامی شەست مەتری لە هەولێر، بابەتێكی دراسە كردووە، بەمەبەستی زانینی کاریگەرییەکان، بەڵام ئەم بابەتە تەنها بۆ تاقیکردنەوەیە و لە چوارچێوەی دیراسەتكردنە و ناچێتە بواری جێبەجێكردنەوە."
هاوڵاتی رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانیا بڵاویکردەوە، حکومەتی بەریتانیا پلانی هەیە هەر پەنابەرێکی کورد بە نایاسایی روو لە بەریتانیا بکات راستەوخۆ رەوانەی عێراقی بکاتەوە بەهۆی ئەوەی بەنیازە عێراق بخاتە لسیتی ئەو وڵاتانەی کە "سەلامەتن." رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی لە راپۆرتێکیدا باس لەوە دەکات کە حکومەتی بەریتانیا بەنیازە هەر یەک لە وڵاتانی تورکیا، میسر، عێراق بخاتە لیستی ئەو وڵاتانەوە کە "سەلامەتن" بەمەش رێکارەکان بۆ وەزارەتی کۆچی بەریتانیا ئاسان دەکات تا هەر پەنابەرێک روو لە بەریتانیا بکات دەستبەجێ دیپۆرتی بکەنەوە. بەپێی رۆژنامەکە، ئەم پلانە وەک بژاردەی دووەم سەیر دەکرێت لە حاڵەتی سەرنەگرتنی پلانی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا کە بڕیارە ئەم هەفتەیە دادگای باڵای بەریتانیا کۆبوونەوەی لەسەر بکات. بەپێی ئاماری ئەنجومەنی پەنابەران، ژمارەی کۆچبەرانی ئەو سێ وڵاتە لەمساڵدا تا کۆتایی ئابی، چوار هەزار کەس بوون کە روویان لە بەریتانیا کردووە. لە ئامارەکەدا هاتووە کە لە سەرەتایی ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی ئاب، هەزار و 774 کۆچبەری بە نایاسایی لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە چوونەتە نێو بەریتانیا. رۆژنامەی تەلەگراف دەڵێت، وەزارەتی کۆچ (هۆم ئۆفیس) لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە داوای لێکراوە لێکۆڵێنەوە لە ئاسانی ئەو کارە بکات کە ناردنەوەی کۆچبەرانی عێراقییە بە رەچاوکردنی ئەوەی کە 80%ی ئەو عێراقییانەی داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە و داواکانیان رەتکراوەتەوە کوردن. رۆژنامەکە باس لەوەش دەکات، رۆبێرت یەنریک، وەزیری کۆچبەرانی بەریتانیا، لە کۆبوونەوەیەکدا لەبارەی ئەو پرسەوە گفتوگۆی لەگەڵ سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کردووە.
هاوڵاتی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە بڕیارێکدا وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەی لە پۆستەکەی دوورخستەوە بەهۆی ئەوەی رەخنەی لە پۆلیسی بەریتانیا گرتبوو لەسەر خۆپیشاندانەکانی لەندەن کە بۆ پشتگیریکردن لە فەڵەستین رێکخرابوون. ئەمڕۆ میدیاکانی بەریتانیا بڵاویانکردەوە کە ریشی سوناک داوای لە سوێلا برەیڤەرمان، وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەی کردووە لە پۆستەکەی دووربکەوێتەوە و ئەو بڕیارەی لەدوای ئەو فشارانە داوە کە لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانی ئۆپۆزسیۆن و پارتەکەی خۆیەوە دەکرایە سەری بۆ دوورخستنەوەی برەیڤەرمان. هاوکات برەیڤەرمان هەواڵەکەی بۆ کەناڵی سکای نیوزی بەریتانی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، "گەورەترین شەرەف بووە کە توانیومە وەک وەزیری ناوخۆ خزمەتی وڵاتەکەم بکەم." فشارەکانی سەر سوێلا برەیڤەرمان دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو نوسینێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دژی ریشی سوناک لەسەر بابەتی فەڵەستین نوسیبوی و رەخنەی توندی لە پۆلیسی بەریتانیا گرت و بەوە تۆمەتباری کرد کە لایەنداری دەکات لەو خۆپیشاندانانەی بۆ پشتگیریرکردن لە فەڵەستین بەرێوەدەچێت. لەدوای دروستبوونی جەنگ و بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کە بووەتە هۆی کوژرانی 11 هەزار کەس لە غەززە، هەموو رۆژانێکی شەممە لە لەندەن خۆپیشاندانی فراوان بەرێوە دەچێت و دواین خۆپیشاندان لەم هەفتەیەدا فراوانترین خۆپیشاندان بوو لە وڵاتەکەدا کە نزیکەی ملیۆنێک کەس بەشدارییان تێدا کرد.
هاوڵاتی بڕیارە لەسەر بودجەی پارێزگای دهۆک تونێلێکی سێ کیلۆمەتری لە چیای پیرس لە دەوروبەری پارێزگای دهۆک دروست بکرێت کە دوای زیاتر لە 50 ساڵ رەزامەندی لەسەر درا. بەپێی نوسراوێک کە دەست هاوڵاتی کەوتووە، رەزامەندی دراوە بە دروستکردنی تونێلێک بەدرێژای سێ کێلومەتر کە ئەمدیو و ئەودیوی چیای پیرس لەسنوری پارێزگای دهۆک پێکەوە دەبەستێتەوە. چیای پیرس دەکەوێتە سنوری قەزای ئاکرێ لەنێوان ناحیەی دینارتە و بلێ و شاری دهۆک. تونێلەکە هەر سێ ناوچەکە پێکەوە دەبەستێتەوە. بەپێی نوسراوەکە کە واژۆی جێگری پارێزگای دهۆکی لەسەرە، تێچووی پرۆژەکە 141 ملیار و 438 ملیۆن و 765هەزار و 575 دینارە کەلەسەر بودجەی پارێزگای دهۆک دروست دەکرێت. لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوو حکومەتی عێراق رێگایەکی پڕ لە پێچوپەنای تەسکی سەربازی لەو ناوچەیە دروستکرد کە زیاتر لە 50 لۆفەی تێدایە و درێژییەکەی پێنج کێلومەترە. زیاتر لە 100 گوند هاتۆچۆیان لەسەر ئەم رێگایە کە دەکەوێتە سەر رێگای دانیشتوانی ناحیەی دینارتە، بلێ و ئاکرێ. نوسراوەکەی پارێزگای دهۆک:
هاوڵاتی بەرپرسی پرۆژەی 'راگرتنی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقام' رایگەیاند، پرۆژەکە لە قۆناغی داهاتوودا سەرجەم شەقامەکانی هەولیر دەگرێتەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە 11ی تشرینی دووەمی 2023 محەممەد جەواد، بەرپرسی پڕۆژەی راگرتنی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقام، لە شارەوانی یەکی هەولێر، بە میدیای پارتی راگەیاند، پرۆژەکە کە وەرگرتنی پارەیە لە شۆفیران لەبەرامبەر راگرتنی ئۆتۆمبێلەکانیان، سەرجەم شەقامەکانی شاری هەولێر دەگرێتەوە و جێبەجێکردنی لە شەقامی 60 مەتری تەنها قۆناغی یەکەمە. محەممەد جەواد دەڵێت، "پڕۆژەکە لە چەند قۆناغێک پێکدێت. لە قۆناغی یەکەمدا و دوای تەواوکردنی رێکارە کارگێڕییەکان، دەستمان کردووە بە هێڵکاریکردنی شەقامەکان و دانانی هێماکان." بەرپرسی پرۆژەکە دەشڵێت، "لە قۆناغی دووەمیدا، بۆ ماوەی مانگێک دەست دەکەین بە رێنوێنیکردنی شۆفێران لە چۆنیەتی راگرتنی ئۆتۆمبێل و تۆمارکردنی سەرپێچییەکان؛ تاوەکو شۆفێران ئاشناییان هەبێت بە پڕۆژەکە نەک دەستبەجێ بێنە نێو پڕۆسەی پارەدارکردن و سزادان." محەمەد جەواد باسی لەوەشکرد کە پرۆژەکە جەند سودێکی هەیە کە گرنگترینینا دابینکردنی هەلی کارە بۆ گەنجان، دایریکردنی شوێنی فەرمییە بۆ شۆفێران، هەروەها رێگریرکردن لە وەستاندنی ئۆتۆمبێل بە دوو ریز و سێ ریز.
هاوڵاتی ئەمڕۆ یەكشەممە لە قەزای زاخۆ هێزە ئەمنییەكانی پارێزگای دهۆك رێگەیان نەدا پەیامنێرانی ( ئێن ئاڕتی، روداو، كوردسات، كەناڵ 8، 964+) گردبونەوەی هاوڵاتیانی یانزدە گوند لەبەردەم كێڵگە نەوتییەكانی تاوكێ ی سەر بەئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، روماڵ بكەن، دەستیشیانگرت بەسەر كەلوپەلی رۆژنامەوانی تیمی ئێن ئاڕتیدا. سەنتەری میترۆ لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، لە زاخۆ هێزە ئەمنییەكان رێگریان لە ڕوماڵکردنی خۆپیشاندانی هاوڵاتیان کردووە و کەلوپەلی ڕۆژنامەوانیان لە تیمێکی ئێن ئاڕ تی سەندووە. وەحید سندی بۆ سەنتەری میترۆ لەسەر ڕوداوەکە قسەیکردووە و دەڵێت، "بەشێك لە هاوڵاتیانی 11 گوندی ناوچەی دەوروبەری كێڵگە نەوتییەكانی تاوكێ لەلایەن كۆمپانیاكانەوە گرێبەستەكانیان هەڵوەشاوەتەوە، ئەمە دووهەمین جارە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی رێكدەخەن و داوادەكەن بچنەوە سەر كارەكانیان بەڵام وەڵامیان نادەنەوە." وتیشی، " پۆلیسی كێڵگە نەوتییەكان رێگریان لە تیمی ئێن ئارتی كرد بەوەشەوە نەوەستان دەرگای پشتی ئۆتۆمبێلەكەی ئێمەیان كردەوە دەستییانگرت بەسەر كامێراو مایەكەكەماندا". ئەو كاتەی تیمی ئێن ئاڕتی بەرەو زاخۆ گەڕاونەتەوە، تیمەكانی ( روداو، كوردسات، كەناڵ 8 لە بازگەی تاوكێ رێگریان لێكراوە بەرەو گردبونەوەكە بچن بۆ روماڵكردن پێان ووتون " قەدەغەیە بگەڕێنەوە". سەنتەری میترۆئیدانەی ڕوداوەکەی کرد و ڕایگەیاند، خۆپیشاندان و گردبوونەوەی هاوڵاتیان بە یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان، دەستوری عێراق، رێگە پێدراوە و روماڵكردنیشی بە یاسای رۆژنامەگەریش، پارێزراوە. ئهوهشی روونكردوهتهوه كه ئەو هێزەی بۆ پاراستنی یاسا لە داهاتی گشتی مووچە وەردەگرن، لەبەرژەوەندی كۆمپانیا نەوتییەكان یاسا پێشێلدەكەن و نایانەوێ دەنگی ناڕەزایەتی كرێكارو كارمەندانی كۆمپانیاكان بگاتە رای گشتی. سەنتەری میترۆ ئیدانەی یاسا شكێنی پۆلیسی پاراستنی كێلگە نەوتییەكانی تاوكێی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەكات و داوا لە وەزیری ناوخۆ دەكات لێپێچینەوە لە هەڵسوكەوتی ئەو هێزانە بكەن.
هاوڵاتی بهگوێرهی راگهیهندراوێكی نوسینگهی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە مەسرور بارزانی لەگەڵ حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری نەوتی فیدڕاڵ و شاندێکی یاوەری کە لە بریکاری و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیى کۆمپانیای (سۆمۆ) پێکهاتبوو، کۆبوەوە، بیروڕا لەبارەی ڕێکار و هەنگاوەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕکرا. مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم رایگەیاند: بیروڕامان لەبارەی ڕێکار و هەنگاوەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرد و ئامادەیی هەرێمی کوردستانمان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دووپات کردەوە. بەپێى ئەو راگەیەنراوەى سەرۆکى حکومەت بڵاوى کردووەتەوە، لە کۆبونەوەکەدا ئاماژەیان بەوە داوە کە وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، زیانی چەندین ملیار دۆلاری بە گەنجینەی گشتی گەیاندووە و پێویستە لە زووترین کاتدا، هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە. جەختیش دەکاتەوە، وەزیری سەرچاوە سروشتییەکانی هەرێممان ڕاسپارد کە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ تیمی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بکەن کە بڕیارە بۆ چەند ڕۆژێک لە هەولێر بمێننەوە. دەقی ڕاگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە: لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی رێکار و هەنگاوەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا. سەرۆکی حکومەت ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دووپات کردەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هێنانەکایەی لەیەکتێگەیشتنێکی هاوبەش بە ئاراستەی بەجێگەیاندنی پێداویستیيە دارایی و تەکنیکیيەکانی پرۆسەی هەناردەكردن و لە چوارچێوەی بنەما دەستووریی و گرێبەستەکان و ڕێزگرتن لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی سەرجەم لایەنەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ دەستەبەرکردنی خەرجیى شایستەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم کە لەناو بودجەی حكومەتی فیدڕاڵ تەرخانکراویی پێویستی بۆ دانراوە. سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، زیانی چەندین ملیار دۆلاری بە گەنجینەی گشتی گەیاندووە و پێویستە لە زووترین کاتدا، هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە. لەمبارەیەوە وەزیری سەرچاوە سروشتییەکانی هەرێمی ڕاسپارد کە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ تیمی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بکەن کە بڕیارە بۆ چەند ڕۆژێک لە هەولێر بمێننەوە. جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدڕاڵ، خواستی حکومەتی فیدڕاڵی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەربڕی و ئەم داوایەشی بە ناوی سەرۆکوەزیران و حکومەتی فیدڕاڵ خستەڕوو، ئەویش لە ڕێگای دهستەبەرکردنی زەمینەیەکی لەباری هاوبەش لە چوارچێوەی دەستوور و لابردنی ئاستەنگ و لەمپەرەکانی بەردەم پرۆسەکە. لە کۆتاییدا بڕیاردرا کە هەردوو وەزارەت درێژە بە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەکان لەسەر وردەکارییە قانونی و دارایی و تەکنیکیيەکان بدەن تاکوو بە لەیەکتێگەیشتنێکی هاوبەشەوە، چارەسەرەکان بخرێنەڕوو بە ئامانجی ئەوەی لە زووترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە کە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە زیادکردنی سەرچاوەی داهاتی گشتی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و خەرجکردنەوەی بۆ بەرژەوەندی گشتی دەبێت.
هاوڵاتی محەممەد شەریفی موقەدەم، بەڕێوەبەری سەندیکای پەرەستاران لە ئێران، رۆژی یەکشەممە ١٢ی تشرینی دووهەم نیگەرانی خۆی لە ژمارەی کەمی پەرەستار لە ئێران و نەخۆشخانەکانی ئێران راگەیاند و وتی :" بەدڵنیاییەوە نەخۆشەکان بە هۆی نەبوونی پەرەستار دەمرن". تیشی :" ئەگەر هاوڵاتییەکان ناڕەزایەتی دەرنابڕن و بێدەنگن ٢ هۆکاری هەیە، یان ئەوەیە ناوشیارن یان ئەوەیە بەهۆی هەژارییەوە کەم و کوڕییەکانیان قبووڵە". هاوکات بەڕێوەبەری سەندیکای پەرەستارەکان نیگەرانی خۆی لە کۆچی بەردەوامی پەرەستارەکان بۆ دەرەوەی وڵات دەربڕێ و وتی :" هەموو ساڵێک زیاتر لە ٣ هەزار پەرەستاری خاوەن ئەزموون وڵات بەجێ ئەهێلن و روو ئەکەنە وڵاتانی دەرەوە بۆ کارکردن، لە کاتێکدا وەزارەتی تەندروستی جێگەکەیان پڕ ناکاتەوەو ژمارەیەکی کەمتر دائەمەزرێنێت". شەریفی موقەدەم هەروەها وتی :" بڕیار بوو لە ماوەی ساڵەکانی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢٣ ، زیاتر لە ١٢ هەزار پەرەستار دابمەزرێن، بەڵام ئەم پرۆسەیە هێشتا تەواوو نەبووەو وەک بە پێی ژمارەی دانراو پەرستار دانامەزرێنن کە دەبێت هەموو ساڵێک ٣ هەزار پەرەستار دابمەزرێت". لە ساڵانی رابردوودا بەشێکی زۆر لە پزیشک و پەرەستارەکان لە ئێران بۆ دۆزینەوەی دەرفەتی باشتری کار، روویان لە وڵاتانی رۆژئاوایی کردووەو ئەڵمانیا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین پەرەستار و دکتۆری ئێرانی رووی تێ ئەکەن. پەرەستارەکان لە ئێران لە ئاستی ژیانیان ناڕازین و لەخوارەوە بوونی نرخی تمەنی ئێرانی بەرامبەر بە دۆلار و یۆرۆ، هۆکاری کۆچی پەرەستارەکانە.
هاوڵاتی شاندێكی یهكێتی له سلێمانی سهردانی پارتی كردو لهگهڵ شاندێكی ئهو حزبه كۆبوهوه، وتەبێژی یەکێتی له لێدوانێكدا به رۆژنامهنوسانی راگهیاند، سهردانهكهیان دۆستانه بوه و لهبارهی دۆخی ههرێمهوه گفتوگۆیان كردوه، دهشڵێت، "كهس نییه به سێ مانگ جارێك موچه وهربگرن و بتوانن بژین و حهقی خۆیانه بهرگری له بهرژهوهندی و مافی خۆیان بكهن، پێویسته چارهسهری بنهڕهتی بۆ كێشهكهیان بدۆزرێتهوه". ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-11-2023، شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی حیزبەکە لە شاری سلێمانی سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە پێشوازی لێکرا. عەلی حوسێن بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی بە ڕۆژنامەنوسانی وت، لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە کێشەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردووە. وتیشی: گرنگە بتوانین لە گفتوگۆکاندا رۆڵی ئەرێنی و بەرپرسانە ببینین بۆ ئەوەی لە ئاستی بەرپرسیاریەتی ئەم قۆناغەدا بن. هاوکات وتەبێژی یەکێتی سهعدی پیره سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە ڕایگەیاند، یهكێك له باسهكان كه له كۆبونهوهی 7ی ئهم مانگه كرا لهنێوان مهكتهبی سیاسی یهكێتی و پارتی بابهتی چارهسهری كێشهكانی ههرێم بوه لهگهڵ بهغدا و خاوكردنهوهی گرژییهكان بوه، یهكێك له بڕیارهكانیش ئهوهبوه كه ههردو حزبه به چڕی پشتیوانی ههنگاوهكانی حكومهت بكهن بۆ چارهسهری كێشهی موچه. پهیوهست به خۆپیشاندانی مامۆستایان و خوێندكاران، سهعدی پیره وتی، "دڵم ئازاری ههیه بۆ ئهو جهیشه خوێندكاره كه ئهمڕۆ بهبێ مهكتهب و مامۆستایه و ئهگهر وابڕوات ساڵێكیان بهفیڕۆ دهڕوات و ئهوان ئهو لایهنه نیین كه سزابدرێن، كهس نییه به سێ مانگ جارێك موچه وهربگرن و بتوانن بژین، مامۆستایان حهقی خۆیانه بهرگری له بهرژهوهندی و مافی خۆیان بكهن، بهڵام ئێمه له كۆبونهوهیهكدا له مهكتهبی سیاسی وتمان ههمو دامودهزگاكان كه پهیوهندی ههیه به مامۆستا و خوێندكار بخهینهگهڕ بۆ ئهوهی خوێندن دهستپێبكاتهوه و ئێستاش وادهڵێین و پێویسته بۆ كۆتاییهێنان بهو بابهته و پاش سهردانی سودانی بۆ ههولێر و چڕكردنهوهی ههوڵهكان پشت بهخوا له ئایندهیهكی نزیكدا چارهسهر دهبێت". هەروەها سەعدی پیرە باسی لە سەردانی 9ـی ئەم مانگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەولێر کرد و بە ئەرێنی ناوی برد؛ وتیشی، "پشتگیری لە هەر رێککەوتنێک دەکەین ببێتە هۆکارێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم[ـی کوردستان] و بەغدا." ئهوهشی خستهڕو، "پێویسته چارهسهری بنهڕهتی بدۆزرێتهوه كه ههم مافی ئهوانه و ههم ئهركی ئێمهیه ئهم كێشهیه بهیهكهوه چارهسهر بكرێت".
هاوڵاتی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ئەمڕۆ بۆ تاوتوێکردنی سێ سکاڵا کۆدەبێتەوە. یەکێکیان پەیوەندی بە ناردنی بڕی ٧٠٠ ملیار دینارەوە هەیە کە دوو مانگە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت و بڕیارە ئەم مانگەش بنێردرێت. بەپێی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگای فیدراڵی عێراق، سکاڵاکە لەلایەن "مستەفا سەنەد" ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دژی سەرۆک وەزیرانی عێراق تۆمارکراوە. لە سکاڵاکەدا داوایکردووە دادگای فیدراڵی بڕیاری ژمارە ٢٣٥٠٠ی ساڵی ٢٠٢٣ و ھەموارەکەی، ھەروەھا بڕیاری ژمارە ٢٣٥٢٠ی ساڵی ٢٠٢٣ی حکومەتی عێراق تایبەت بە پێدانی بڕی دوو ترلیۆن و ١٠٠ ملیار دیناربە قەرز بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان رابگرێت، کە مانگانە دەکاتە بڕی ٧٠٠ ملیار دینار. سکاڵای دووەم کە دادگەی فیدراڵیی عێراق تاوتوێی دەکات، سکاڵایەکی رائید فەهمی، سکرتێری حیزبی شیوعیی عێراقە کە لەسەر هەریەک لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆماریکردووە.
هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگهیاند، سورن لهسهر ئهوهی كه ههناردهی نهوتی ههرێمی كوردستان له رێگهی بهندهری جهیهانهوه دهستپێبكاتهوه و ههناردهی نهوت داهاتێكی گرنگه بۆ حكومهتی فیدڕاڵی. بهیانى ئهمڕۆ وهفدێكى باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق بەسەرۆکایەتیی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت گەیشتە هەولێرو لەلایەن کەمال محەممەد وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم (بەوەکالەت)و بەرپرسانی حکومەتەوە پێشوازی لێکرا. وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی سەردانەکەی وەزیری نەوتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و، رایگەیاند سەردانەکەی حەیان عەبدولغەنی لە درێژەی ئەو گفتوگۆیانە دێت کە لە بەغدا کراون بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان. هاوکات لهكۆنگرهیهكى ڕۆژنامهوانیدا حەیان عەبدولغەنی ڕایگەیاند، ئامانج لەسەردانهكهیان بۆ هەولێر، بەمەبەستی لێکنزیکردنەوەی دیدو بۆچونی هەردوو حکومەتی عێراقو هەرێمی کوردستانە سەبارەت بەدوبارە بەرهەمهێنانو هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان. وتیشى، "بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، پێویستە ڕۆژانە هەرێمی کوردستان 400 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات، هەوڵدەدەین لەکۆبونەوەکانی ئەمڕۆدا هەموو کێشەکان چارەسەربکەین بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ئاسانتر دەست بەهەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێت". سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم ئەو وەزیرەی عێراق باسی دوو قۆناغی کرد و وتی، "قۆناخی یەکەم بریتی دەبێت لە دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت. هەنگاوی یەکەم ئەوەیە لەگەڵ کۆمپانیاکان و برایان لە هەرێمی کوردستان لەبارەی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و گونجاندنی ئەو گرێبەستانەی ئێستا هەن، رێکبکەوین بۆ ئەوەی لەگەڵ یاسای بودجە و دەستووری عێراق بگونجێندرێت و ئومێد دەکەین لەماوەی ئەم دوو، سێ رۆژەدا بگەینە رێککەوتن. قۆناخی دووەمیش لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا لێتێگەیشتنمان هەیە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی هێڵی عێراقی تورکییەوە"."هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بۆ عێراق گرنگە، چونکە سامانی سروشتیی سەرەکی عێراق نەوتەو حکومەت پشت بەداهاتی نەوت دەبەستێت بۆ دابینکردنی بودجە، بۆ ئەم مەبەستە لێکتێگەیشتنێکی باشمان لەگەڵ برایانمان لە هەولێر هەیەو گفتوگۆکان بەردەوامدەبن" لە رۆژی 25ـی مانگی ئاداری 2023ـەوە، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیراوە.
هاوڵاتی لەگەڵ توندتر بوونەوەی رووبەڕوو بوونەوەی سەربازی لە باشووری لوبنان، حەسەن نەسروڵڵا رێبەری حیزبوڵڵای لوبنان، رۆژی شەممە ١١ی تشرنی دووهەم رایگەیاند، حیزبوڵڵای لوبنان کەڵكی لە کۆمەڵێک چەکی نوێ وەرگرتووە بۆ هێرش بۆ سەر ئیسرائیل. حەسەن نەسروڵڵا لە دووهەمین وتاردانی تەلەفیزیونیدا لە سەرەتای جەنگی غەزەوە وتی :" حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان، خۆی بەهێزکردووەو جۆر و ژمارەی چالاکییەکانی زیاتر و ئامانجدارتر کردووەو چەکی نوێی بەکارهێناوە". نەسروڵڵا وتی ، حیزبوڵڵا بۆ یەکەمجار مووشەکی بورکانی بەکارهێناوە کە ئەتوانێت کێشی ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ کیلۆگرام هەڵبگرێت. هەروەها بۆ یەکەمجار بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرش کراوەتە سەر قووڵایی خاکی ئیسرائیل و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەکان توانیویانە بگەنە شارەکانی حەیفا، عەکا وسەفەد لە باکووری ئیسرائیل. هاوکات چەند خولەک دوای وتاردانی حەسەن نەسروڵڵا، یوئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەڕەشەی لە حیزبوڵڵا کرد و وتی ئەگەر حیزبوڵڵا بچێتە جەنگێکی تەواوەوە لەگەڵ ئیسرائیل، هەموو لوبنان وەک غەزە وێران ئەکات. گاڵات لە وتاردانێکدا بۆ سەربازە ئیسرائیلییەکان وتی :" ئەگەر حیزبوڵڵای لوبنان وەها هەڵەیەک بکات، یەکەم کەسەکان کە دەبن بە قوربانی و ئەبێ تێچووی ئەم جەنگە بدەن هاوڵاتیانی لوبنانین". ئەم هەڕەشانە لە کاتێکدایە کە هێرش بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان تاوانی جەنگیە. وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە درێژەی هەڕەشەکانیدا وتی :" ئێمە ئەو کارەی ئێستە لە غەزە جێبەجێی ئەکەین، ئەتوانین لە بەیرووتیش وەها بکەین". ئیسرائیل بەوە تاوانبار ئەکرێت کە هاوشانی حەماس یاسا نێونەتەوەییەکانی پێشێلکردووەو تۆمەتی تاوانی جەنگی بەرامبەر بە غەزە ئەدرێتە پاڵ.
هاوڵاتی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیراینی ئیسرائیل، رایگەیاند بەهیچ شێوەیەک ئاگربەست رانەگەیەنن و تەنانەت بۆ لەناوبردنی حەماس دژی هەموو جیهان دەوەستن. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بنیامین ناتانیاهۆ لەسەر داواکاری ئاگربەست کە چەند رۆژێکە لەلایەن چەندین وڵاتەوە داوا دەکرێت وتی، "هیچ ئاگربەستێک نابێت هەتا بارمتەکان نەگەڕێنەوە، ئێمە تا ئەرکەکەمان کۆتایی نەیەت ناوەستین، هیچ جێگرەوەیک بۆ سەرکەوتن نییە، ئێمە حەماس تێکدەشکێنین و بارمتەکانمان دەگەڕێنینەوە." لە چەند رۆژی رابردوودا فشارێکی نێودەولەتی لەسەر ئیسرائیل دروستبووە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست بەتایبەتی کاتێک کە بەهۆی بۆردومانی وڵاتەکەوە زیاتر لە 11 هەزار کەس لە غەززە کوژراون. هەرچەندە ئەمریکا پشتیوانی سەرسەختی ئیسرائیلە بەڵام دوێنێ هەیینی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، نەیشاردەوە کە "مەدەنی زۆر زۆر لە غەززە کوژراون." هاوکات ئەمڕۆ شەممە ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، داوای ئاگربەستی لە ئیسرائیل کرد و رایگەیاند "ئەمڕۆ خەڵکی مەدەنی بۆردومان دەکرێن، ئەم ژن و منداڵ و خەڵکە بەتەمەنانە بۆردومان دەکرێن و دەکوژرێن، ئەمە هیچ هۆکار و شەرعیەتێکی نییە." ئەمڕۆ لە لوتکەی وڵاتانی ئیسلامی-عەرەب لە ریازی پایتەختی سعودیە کە بە بەشداری 57 وڵات بەرێوەچوو بەیاننامەیەکی هاوبەش بڵاوکرایەوە و تێیدا داوای کۆتایهێنان بە بۆردومان و گەماردۆدانی غەززە کرا لەگەڵ گەمارۆ خستەنەسەر فرۆشتنی چەک بە ئیسرائیل و راگەیاندنی ئاگربەست. ناتانیاهۆ لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا وەڵامی وڵاتانی ئیسلامی-عەرەبی دایەوە و وتی، "دەبێت دژی حەماس بوەستن، ئەو رێکخراوە تیرۆرستییە تەنها کارەسات و خوێنرشتن و هەژاری بۆ غەززە دەستبەر کردووە." سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وەڵامی سەرۆکی فەرەنساشی دایەوە و رایگەیاند کە ماکرۆن "هەڵەیەکی ئەخلاقی" کردووە و هیچ فشارێکی نێودەوڵەتی و بەڵگەی هەڵە لەسەر سەربازانی ئیسرائیل کاریگەری ناخاتە سەر مافی ئیسرائیل بۆ بەرگری کردن لەخۆی. لە بەشێکی تری قسەکانیدا بنیامین ناتانیاهۆ وتی، "ئەگەر پێویست بکات دژی هەموو جیهان دەوەستینەوە" لەپێناو لەناوبردنی حەماس.
هاوڵاتی ئێوارەی ئەمرۆ وانەبێژێک لەناحیەی بەحرکەی سەر بە هەولێر لەکاتی کارکردنی لەسەر خانوویەک بە تەزووی کارەبا گیانی لەدەستدا. فەرمان ئیبراهیم ئامۆزای ئەو مامۆستایە بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئەو وانەبێژە ناوی رەشید حاجی شێخە، وانەبێژ بووە لە خوێندنگای دەشتی بنەڕەتی کوڕان لەناحیەی بەحرکە، ئەم ئێوارەیە لەسەر خانووەیەک ئیشی کارەبا دەکات لەناکاو کارەبا گرتوویەتی و گیانی لەدەستدا. فەرمان ئیبراهیم وتیشی، "ئەو مامۆستایە خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە، هاوکات هاوسەرەکەشی مامۆستایە" ئامۆزای ئەو مامۆستایه ئاماژەی بەوەشدا، ئەو وانەبێژە جگە لەکاری وانەبێژی وەستای بۆری بوو، هاوسەرەکەشی وانەبێژە، پارەی وانەبێژی بەشی پێداویستیەکانی نەکردووە بۆیە ناچاربووە ئیشێکی تر بکات. وێنەی رەشید حاجی شێخە:
هاوڵاتی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، داوا لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەکات بایکۆتی تەواوەتی ئیسرائیل بکرێت و سوپاکانیان بخرێتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. موقتەدا سەدر لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ستایشی بەیاننامەکەی ئەمڕۆی لوتکەی وڵاتانی ئیسلامی-عەرەب کرد کە پەیوەست بوو بە دۆخی غەززەوە. ئەمڕۆ لە لوتکەی وڵاتانی ئیسلامی-عەرەب لە ریازی پایتەختی سعودیە بە بەشداری 57 وڵات بەرێوەچوو بەیاننامەیەکی هاوبەش بڵاوکرایەوە و تێیدا داوای کۆتایهێنان بە بۆردومان و گەماردۆدانی غەززە کرد لەگەڵ گەمارۆ خستەنەسەر فڕۆشتنی چەک بە ئیسرائیل. موقتەدا سەدر چەند داواکارییەکی ئاراستەی لوتکەکە کرد کە دیارترینیان ئەمانەن: راگهیاندنی دۆخی ئامادهباشی بۆ سوپای ئیسلامی و عهرهبی ئهگهر غهززه بكهوێت، ئهوه كۆتایی بۆ ئهوانی دیكه دهبێت، بایكۆتی ئابوری ههمهلایهنهی ئیسرائیل، داخستنی باڵیۆزخانهكانی ئیسرائیل و بهتاوان ههژماركردنی ئاساییكردنهوهی پەیوەندی بۆ ههمو وڵاتانی عهرهبی و ئیسلامی، ههڕهشهیهكی وشهی توند له دژی ئهو وڵاتانه بكرێت كه پشتیوانی له ئیسرائیل دهكهن، بهتایبهت ئهمریكا كه گهورهترین پشتیوانه به ههڕهشهی داخستنی بنكه سهربازییهكانیان له وڵاتانی ئیسلامی و عهرهبی و لەگەڵ چەند داواکارییەکەی تر.
