هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند لەماوەی مانگێکدا 61 هێرش کراوەتەسەر بنکە سەربازییەکانیان لە عێراق و سوریا. بەپێی هەواڵی چەند میدیایەکی ئەمریکا، پنتاگۆن رایگەیاندووە لە 17ی مانگی رابردووەوە 61 هێرش کراوەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا و 60 کارمەندی ئەو بنکانە بە سووکی برینداربوون، لەو هیرشانەش 29 هێرشیان لە عێراق بووەو 32 هێرشیان لە سوریا بووە. لە راپۆررتێکی دەنگی ئەمریکادا هاتووە کە بەشێکی زۆری ئەو هێرشانە لەلایە سوپای ئەمریکاوە بەرپەرچدراونەتەوە یاخود شکستیانهێناوە لەوەی بگەن بە ئامانجەکانیان. تا ئێستا چەندین جار ئەمریکا وەڵامی ئەم هێرشانەی داوەتەوە و هێرشی کردووەتەسەر سەربازگەی هێزەکانی نزیک لە ئێران لە سوریا. دەنگی ئەمریکا لە زاری دوو بەرپرسی پنتاگۆنەوە باس لەوەش دەکات کە لەو کاتەوەی بایدن بووەتە سەرۆکی ئەمریکا، هێزەکانی نزیک لە ئێران 150 جار هێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا.
هاوڵاتی ئاژاسنی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر کۆمەلێک گروپی چەکداری عێراقی سەر بە حزبوڵادا سەپاند و بە ئەنجامدەری هێرشی سەر هێزەکانی ئەمریکا تۆمەتباریان دەکات. لە ماوەی رابردو هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی 58 جار لە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە لە سوریا و عێراق بە ئامانج گیران، هێرشەکانیش لە دوای نیگەرانییە هەرێمییەکانی جەنگی نێوان غەززە و ئیسرائیل دەستی پێکرد. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، ئەو گروپە چەکدارانە لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە راهێنانیان پێ دەکرێت، یارمەتی دارایی دەدرێن و پاڵپشتی دەکرێن. دەشڵێت،ئەو گروپانە ئەنجامدەری ژمارەیەکی زۆر لەو هێرشانەیە ئێستا دەکرێنە سەر بنکەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانی لە عێراق و سووریا. لە نێوان ئەو کەسانەی لەلایەن وەزارەتی گەنجینەوەی ئەمریکاوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە، ئەندامێکی دەستەی دروستکردنی بڕیاری کۆمەڵە چەکدارییەکە و بەرپرسی کاروباری دەرەکی و فەرماندەی سەربازی هەیە، کە ئەمریکا تۆمەتباریان دەکات بەوەی لەگەڵ سوپای پاسداران راهێنانیان بە چەند جەنگاوەرێک کردوە.
هاوڵاتی هەسەدە ناسنامەی شەڕڤانێکی هێزەکانی کە لە گوندی بۆخاز لە باشووری کۆبانێ لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیادا شەهید بوو ئاشکرا دەکات. لە ڕاگەیەنراوێکدا هێزەکانی هەسەدە ئاماژەی بەوە داوە، "هێزەکانی تورکیا ڕۆژانە کۆمەڵکوژییەکان لە دژی گەلەکەمان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیاد دەکەن و لە هێرشەکانیاندا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکی قورس بەکار دەهێنن." باسی لەوەش کردووە، "فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک گوندی بۆخازی لە باشووری کۆبانێ بۆردوومان کردووە و لە ئەنجامدا شەڕڤان (سەیوان عەفرین)ـی شەهید بوو."
هاوڵاتی كۆمیسیۆنی ههڵبژاردنهكانی عێراق رایدهگهیهنێت، تائێستا هیچ بڕیارێكیان بۆ گۆڕینی سهرۆكی هاوپهیمانی تهقهدوم بهدهست نهگهیشتووه. ئهمڕۆ هەینی، عومهر ئهحمهد محهممهد، سهرۆكی ئهنجوومهنی كۆمیسیاران له كۆمیسیۆنی ههڵبژاردنهكانی عێراق رایگهیاند، لهبارهی گۆڕینی سهرۆكی هاوپهیمانی تهقهدومی نیشتمانی كه ئێستا محهممهد حهلبووسی سهرۆكایهتی دهكات و بههۆی بڕیاری دادگای فیدراڵییهوه دوورخراوهتهوه، هیچ بڕیارێكیان بهدهست نهگهیشتووه . ئەمەشلە کاتێکدایە رۆژی 14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگاى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە. محەممەد حەلبووسی لە یەکەم کاردانەوەدا رایگەیاند، "دادگای فیدراڵی کۆتایی بە ئەندامێتیم هێناوە؛ ئەوە بڕیارێکی سەیرە؛ سەرم سوڕماوە و نازانم لە کوێوە هاتووە." وتیشی: "پەنا بۆ رێکاری یاسایی دەبەم بۆ پاراستنی مافی دەستووری." هاوکات فارس ئهلفارس، سهركرده له هاوپهیمانی عهزم رایگهیاندووه، گفتوگۆكان بۆ دیاریكردنی سهرۆكی نوێی پهرلهمان بهردهوامه و رێككهوتن ههیه سهرۆكی نوێی پهرلهمان له دهرهوهی حزبی تهقهدومی حهلبووسی بێت، بۆیه تائێستا گفتوگۆكان بهردهوامن و هێشتا ناوی كاندیدهكهیان یهكلایی نهكردووهتهوه.
هاوڵاتی دوای شەش رۆژ لە بێسەرشوێنبوونی پێشمەرگەیەک بەناوی هاریوان حسێن تەمەن 37ساڵ، ئەمرۆ تەرمەکەی دۆزراوەیەوە. شەوی رابوردوو هێمن سلێمان ووتەبێژی پولیسی دهۆک ڕایگەیاند :گەنجێکی تەمەن 37ساڵ بەناوی هاریوان عیسا، ماوەی شەش رۆژە بێسەرشوێن بووە، هەرکەسێک زانیاری لەسەر هەبێت ئاگادار مان بکاتەوە. سەرچاوەیەک کە ئاگاداری روداوەکەیە ئەمڕۆ هەینی بە هاوڵاتی وت: بەیانی ئەمرۆ تەرمی هاریوان حسێن لەناوخانووەیەکی هەیکەلدا دۆزراوتەوە. وتیشی، جارێ نازانرێت خۆی کوشتووە یان کوژراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دیاریکردنی هۆکاری مردنەکەی. ئەو پێشمەرگەیە ناوی " هاریوان حسێنە و تەمەنی 37ساڵە، خێزاندارە و یەک منداڵی هەیە.
هاوڵاتی لهگهڵ بهردهوامی هێرشه ئاسمانییهكان بۆ سهر بنكه و بارهگا و پێگه سهربازییهكانی ئهمهریكا له عیراق و سوریا کە دواترینیان ئەمڕۆ هەینی بوو، وهزارهتی بهرگریی ئهمهریكا ئامارێكی نوێی هێرشهكانی له ماوهی مانگێكدا بڵاوكردهوه. شەوی پێنجشەممە، 16-11-2023، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند، "لە رۆژی سێشەممەوە سێ جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانمان لە عێراق و سووریا، لە 17ی ئۆکتۆبەرەوە تائێستاش 58 جار". بەپێی ئاماری وهزارهتی بهرگریی ئهمهریكا (پنتاگۆن)، له ماوهی مانگێكدا (17-10-2023 بۆ 17-11-2023)، بنكه سهربازییهكانی ئهمهریكا 58 جار بۆردوومانكراون، بهجۆرێك 27 جار له عێراق و 31 جار له سوریا. وهزارهتی بهرگریی ئهمهریكا دوپاتی دەکاتەوە کە وهڵامی ئهو هێرشانه له كات و شوێنی خۆیدا دهدهنهوه. سابرینا لەبارەی وەڵامدانەوەی ئەمریکاش بۆ ئەو هێرشانە وتی، "تائێستا لە سووریا سێ جار بە تووندی هێرشمان کردووەتە سەر چەندین پێگە و کۆگای چەکی ئەوان، هێرشەکانمان بە شێوەیەکی بەرچاو بوونەتە هۆی ئەوەی ئەو میلیشیایانە دەستیان بە چەکەکانی خۆیان نەگات." لە بەشێکی کۆنفڕانسەکە لەبارەی هەڵوێستی حکومەتی عێراقیش وتی، "ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ حکومەت و سوپای عێراق بە مەبەستی پاراستنی هێزەکانمان لەو وڵاتە. سەربازانمان بە بانگهێشتی عێراق چوونەتە ئەو وڵاتە، بۆیە لەکارکردن و هاوئاهەنگی بەردەوام دەبین." ئەمڕۆش هەینی هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی هەریر کە پیشتر بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان بووە و بەوتەی شایەتحاڵەکان لە فڕۆکەخانە دوکەڵێکی زۆر بەرز دەبێتەوە و زانیاریەکان ئەوەن کۆمەڵێک خیوەتی ناو فڕۆکەخانەکەیە دەسوتێن.
هاوڵاتی ئاژانسی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین (UNRWA) له غهززه، بڵاویکردەوە، بههۆی تەواوبوونی سووتەمەنی لە باشووری کەرتی غەززە، قەیرانی ئاو دروست بووە، کە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی سکچوونی کوشندە. بەرپرسی ئاژانسەکە له غهززه، توماس وایت لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، لە سێ شاری باشووری کەرتی غەززە، پەمپی 76 بیری ئاو و دوو دامەزراوەی سەرەکی ئاوی خواردنەوە و 15 ئاوەڕۆ وەستاون، ئەو دۆخەش بەهۆی تەواوبوونی سووتەمەنی سەریهەڵداوە، کاریگەریی لەسەر سەدان هەزار کەس دروستکردووە. وتیشی: "بەهۆی نەبوونی پاکوخاوێنی و سنوورداربوونی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، لە غەززە سکچوون دەبێتە حاڵەتێکی کوشندە". هەروەها وایت ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی تەواوبوونی سووتەمەنی پەمپهکانی ئاوهڕۆ، لە شاری رەفهح ئاوی ئاوەڕۆکان دەڕژێنێتە سەر شەقامەکان. زیاتر لە مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی چەکداری بزووتنەوەی حەماسی فهڵهستینی بۆ سەر ئیسرائیل هاوکات تەندروستیی غەززە ئاشکرایکردووە، لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 135 دامەزراوەی تەندروستی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بە ئامانج گیراون و 23 نەخۆشخانەش لەکارکەوتوون.
هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان له پهیامێكدا له رۆژی زمان و کولتوری تورکمانی رایگەیاند، ههمو پشتگیرییهک له مافهکانی پێکهاتهی تورکمان و تهواوی پێکهاته نهتهوهیی و ئایینییهکانی کوردستان دوپاتدهکهنهوه. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له پهیامێكدا له ههژماری تایبهتی خۆی له تۆڕی كۆمهڵایهتی "X" (پێشتر تویتهر) نوسیویهتی، "رۆژی زمان و کولتوری تورکمانی له تهواوی خوشک و برایانی تورکمان له ههرێمی کوردستان پیرۆز دهکهم، ههمو پشتگیرییهک له مافهکانی پێکهاتهی تورکمان و تهواوی پێکهاته نهتهوهیی و ئایینییهکانی کوردستان دوپاتدهکهینهوه". سهرۆكی ههرێمی كوردستان دڵنیاییشی دا دهڵێت: "ههمووان دڵنیا دهكهینهوه، كه ههرێمی كوردستان بۆ ههمیشه به وڵاتی پێكهوه ژیان دهمێنێتهوه". لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستانی رۆژی25ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2019، رۆژی 25ـی شوبات وەکو رۆژی رۆژنامەگەریی تورکمانی و رۆژی 17ـی تشرینی دووەمیش وەکو رۆژی فەرمی زمان و کولتووری تورکمان ناسێندرا و بە دەنگی رەھای پەرلەمانتاران پەسەندکرا. دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی: رۆژی زمان و کولتووری تورکمانی له تهواوی خوشک و برایانی تورکمان له ههرێمی کوردستان پیرۆز دهکهم. ههموو پشتگیرییهک له مافهکانی پێکهاتهی تورکمان و تهواوی پێکهاته نهتهوهیی و ئایینییهکانی کوردستان دووپات دهکهینهوه. ههمووان دڵنیا دهکهینهوه که ههرێمی کوردستان بۆ ههمیشه به وڵاتی پێکهوهژیان بۆ ههمووان دهمێنێتهوه.
سەركۆ جەمال پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراقن سەبارەت بەو سكاڵایانەی لەسەر لیستی تۆماری دەنگدەران هەن، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش جەختدەكاتەوە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ دواخستنی نابن، سەرچاوەیەكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقیش دەڵێت ئەو سكاڵایە تۆماری حزب و هاوپەیمانیەكانی دواخستووە، شارەزایەكی هەڵبژاردنیش باس لەوەدەكات دەنگی ئەوە هەیە لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش بكرێت. یەكێتی كێشەی لەگەڵ یاسای هەڵبژاردن هەیە رزگار حاجی حەمە، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئێمە كێشەمان لەگەڵ یاسای هەڵبژاردن هەیە، یەكێتی نایەوێت هەموو كوردستان یەك بازنەی هەڵبژاردن بێـت و ئەمە داواكاری زۆرێك لەلایەنەكانیشە، بەڵكو دەمانەوێت هەرێمی كوردستان ببێتە چوار بازنەی هەڵبژاردن و هیچ كەسێك لەپارێزگایەك دەنگی نەڕوا بۆ كاندیدی پارێزگایەكی دیكە». وتیشی:»دەمانەوێت یاسایەكی گونجاو بۆ هەڵبژاردن هەبێت و كۆتاكانیش نەخرێنە خزمەت هیچ لایەنێكی سیاسی و بتوانن نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن، ئەگەرنا كەس وەك یەكێتی بڕوای بەمافی پێكهاتەكان نییەو بگرە چەند جارێكیش داوامانكردووە لیستێكی تۆماری دەنگدەرانی تایبەت بەخۆیان هەبێت». بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی پێی وایە «ئەگەر لیستێكی پاكی دەنگدەران هەبێت ئەوا خەڵك زیاتر متمانەی بەهەڵبژاردن دەبێت». دەشڵێت:»سكاڵایەكمان لەدادگای فیدراڵی هەیە سەبارەت بەبازنەكانی هەڵبژاردن و لیستی تۆماری دەنگدەران و كۆتاكانیش بڕیارە 19-11-2023 دادگای فیدراڵی عێراق وەڵامی سكاڵاكە بداتەوە». رزگار حاجی حەمە جەختدەكاتەوە «یەكێتی بەهەموو شێوەیەك ئامادەی هەڵبژاردنەو ئەگەر ئەو سكاڵایەی تۆماریشی كردووە یەكلانەبێتەوە پابەندی ئەوكاتە دەبێت كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دیاریكردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان». پارتی: دەبێت هەموو لایەنەكان پابەندی بڕیاری دادگای فیدراڵی بن بەسام عەلی، بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» هەموو لایەك چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق دەكەین كە 19ی ئەم مانگە دەردەچێت، دواتر كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڕیاردەدات لەوكاتەی دیاریكراوە هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت یاخود نا». وتیشی:» ئێمە پێشتریش لەسەر لیستی تۆماری دەنگدەران و كۆتاكان لەگەڵ لایەنەكان لەگفتوگۆدابووین، بەڵام بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بەنایاسایی بوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆكانی هەڵوەشاندەوە، بۆیە دواجار دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاردەدات لەسەر ئەو سكاڵایانەی لەسەر هەڵبژاردنی هەرێم هەن و دواتر دەبێت لایەنەكانی هەرێم پابەندی هەر بڕیارێك بن كە دادگاكە دەیدات». یەكگرتوو ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن هەر لەسەر ئەو پرسە، خەلیل ئیبراهیم، كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەلای ئێمە گرنگە لەكاتی خۆیدا بكرێت، بەداخەوە كاتەكەشی زۆر بەسەرچووە، بەڵام ئەوكاتەی دیاریكراوە كە 25ی شوباتی 2024-ە بەزۆر گرنگی دەبینین، دەبێت كۆتایی بەنەریتی درێژكردنەوە لەكوردستان بهێنرێت، چونكە پێچەوانەی یاساو دەستورو ماف و ئیرادەی خەڵكە». وتیشی:»خەڵك بۆ چوارساڵ دەنگدەدات، دوای ئەوە خەڵك مافی هەیە هەڵسەنگاندن بكات، ئێمە وەكو یەكگرتوو ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەگرنگ دەبینین، بۆیە كاتێكیش تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژكرایەوە سەرجەم فراكسیۆنەكەمان دەستیان لەكاركێشایەوە و بە ناشەرعیمان زانی». كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەشڵێت:»سوپاس بۆ خوا زۆر ئامادەین بۆ هەڵبژاردن و بەگەرموگوڕی بەشدار دەبین و لەگەڵ هیچ دواخستنێك نین، هەر هەوڵێكیش هەبێت بۆ دواخستنی ئێمە لەگەڵی نابین». «سەبارەت بەلیستی تۆماری دەنگدەران كاتی خۆی باسمان كردووە، ئێمە پشت بەلیستەكەی عێراق دەبەستین، ئەویش دەبێت پاكبكرێتەوە، ئەوە زۆر گرنگە بۆمان، كاتی خۆی بۆ یاسای هەڵبژاردنی كوردستان پرۆژەمان هەبوو سەبارەت بەكۆتاو فرە بازنەییش، لەگەڵ چۆنیەتی بژاردنی دەنگەكان، كۆتاكانیش حەزدەكەین خۆیان دەنگ بەخۆیان بدەن، تۆماری دەنگدەرانی خۆیان هەبێت، بۆ خۆشیان و هەرێمی كوردستانیش باش نییە». خەلیل ئیبراهیم وای وت. ئەو بەرپرسەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان باس لەوەشدەكات «یەكگرتوو فرەبازنەیی بەگرنگ دەزانێت و زیاتر دادپەروەری تێدایە، بەپێی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگایەك، بۆیە داوامان كردووە هەڵبژاردن بەفرە بازنە بێت و لەگەڵ هیچ لایەنێكیش نابین كە ئاستەنگ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دروستبكات». كۆمسیۆن: ئەگەر سكاڵاكان بڕیاریان لێبدرێت رێنمایی نوێ دەردەچێت سەرچاوەیەك لەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بۆ هاوڵاتی ئەوەی ئاشكراكرد:»لەڕاستیدا كاتی هەڵبژاردن دیاریكراوە بەڵام تائێستا دەست نەكراوە بەتۆماركردنی ناوی حزبەكان و هاوپەیمانی سیاسی ئەوەی پەیوەندی بەتۆماری دەنگدەرانەوە هەبێت كۆتایی هاتووەو لەدایكبوانی 2006 یش تۆماركراون». وتیشی:»رێوشوێنەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەر ئەوانە دەبن كە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دەكرێن، بەڵام چەند سكاڵایەك هەن ئەگەر یەكلابنەوە كۆمسیۆن لەدوای ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی عێراق رێنمایی دەردەكات چونكە بڕیارێكی جیاواز هەموو شتێك دەگۆڕێت». شارەزایەكی هەڵبژاردن: لیستی تۆماری دەنگدەرانی عێراق لەوەی هەرێم پاكترە سەعید كاكەیی ئەندامی پێشووی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق و شارەزای بواری هەڵبژاردن، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئەو لیستەی تۆماری دەنگدەران كە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە ئامادەكراوە پاكترە لەوەی كە كۆمسیۆنی هەرێم هەیەتی، چونكە پشتبەستە بەو داتایانەی كە بۆ كارتی بایۆمەتری كۆی دەكاتەوە، كارتی بایۆمەتریش هەركەسەو وێنەی خۆی لەسەرەو پەنجەمۆریشی هەیە ئەمە لیستێك دروستدەكات كە زۆر نزیك بێت لەواقیعەوە». سەعید كاكەیی وتیشی:»لیستی تۆماری هەرێم زۆر دوورە لەواقیعەوە لەیەك بنكە جاری واهەبووە 10 كارت بەشێوازی جیاواز دەرچووە، كەئەمەش رێگایەكە بۆ ساختەكاری و چەندین رێگای تر بەكارهاتووە بۆ ساختەكاری، بەشێوەیەك لە 2018ەوە ناوی مردووان لەلیستی تۆماری دەنگدەران دەرنەهێندراوە». «هیوادارین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەو وادەیەی خۆی دوانەكەوێت، چونكە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر ئەو مەسەلەیە روون و ئاشكرایە، ئەنجومەنی پارێزگاكان ناشەرعین بەحوكمی ئەوەی وادەكەیان تەواو بووە، جا ئێستا دەنگی ئەوە هەیە لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش بكرێت لەهەرێم بۆیە ئەگەر لەیەك كاتیشدا نەكرێ دەكرێت لەكاتێكی دواتر كەزۆر نەبێت ئەنجامبدرێت». سەعید كاكەیی وای وت. ئەو شارەزایەی هەڵبژاردن دەشڵێت:»تەنها لایەن كەئێستا بتوانێت هەڵبژاردنی هەرێم بكات كۆمسیۆنی عێراقە، بۆیە هیچ چارەسەرێكی دیكە نییە، تەواوبوونی وادەی ئەنجومەنی كۆمسیارانی عێراقیش هیچ كێشەیەك دروستناكات، چونكە كۆمسیۆنی عێراق ئەمینداری گشتی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارەكان و كارمەندەكانیشی كاری خۆیان دەكەن، پێشموایە بەزوویی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران دەنگیان پێدەدرێت و هیچ گرفتێك دروستنابێت». وتەكانی ئەو شارەزایەی هەڵبژاردن لەكاتێكدایە، پێشتر عیماد جەمیل بەرپرسی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشكرایكردبوو لەئێستادا تەنها ناوی ئەو كەسانەی كە كارتی بایۆمەترییان هەیە لەلیستی تۆماری دەنگدەراندا هەن. بڕیارە لە ٢٥ی شوباتی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەژێر چاودێری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەسەرپەرشتی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوەبچێت.
هاوڵاتی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند تەرمی بارمتەیەکی ئیسرائیلییان لە نزیک نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە دۆزیوەتەوە کە لە 7ی ئۆکتۆبەر لەلایەن حەماسەوە رفێندرابوو. سوپای ئیسرائیل باس لەوە دەکات، تەرمی یەحودت وایس لە باڵەخانەیەکی نزیک نەخۆشخانەی شیفا دۆزراوەتەوە. لە راگەیاندراوی سویای ئیسرائیل ئەوەش هاتووە، پرۆسەی ناسینەوە بۆ تەرمەکە ئەنجامدراوە و خانەوادەکەی ئاگادارکراوەتەوە. سوپای ئیسرائیل باسی لەوە نەکردووە کە هۆکاری مردنی یەحودت وایس چی بووە کە وا دەردەکەوێت کە لە شەستەکانی تەمەنیدا بێت. ئەمە دووەم تەرمی بارمتە ئیسرائیلییەکانە کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لە غەززە دەدزۆرێتەوە دوای ئەوەی لە مانگی رابردوو تەرمی شانی لوک دۆزرایەوە. بەپێی ئەو ئامارەی سوپای ئسیرائیل بڵاویکردووەتەوە، زیاتر لە 240 بارمتەی ئیسرائیلی لای حەماس بوونیان هەیە، بەڵام حەماس دەڵێت زیاتر لە 50 بارمتە بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەززە کوژراون.
هاوڵاتی لەنزیك بارەگای "كۆنگرێس" لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا، ژمارەیەك لەچالاكوانانی بزوتنەوەی IfNotNow خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای ڕاگرتنی شەڕیان لەغەززەی فەڵەستین كرد، بەلاًم پۆلیس ڕووبەڕوویان بوویەوە و بەهۆیەوە 90 كەس برینداربوون. ئەو بزوتنەوەیە ڕایگەیاندووە خۆپیشاندەران، یەكێك لەدەروازەكانی پارتی دیموكراتی ئەمریكایان داخستووە و ویستوویانە بچنە ناو بیناكەوە، بەڵام پۆلیسی ئەمریكا هێرشی كردووەتە سەریان. لەلایەن خۆشیەوە پۆلیسی كۆنگرێس ئەوەی ئاشكراكردووە خۆپیشاندەران ژمارەیان نزیكەی 200 كەس بووە و بەنایاسایی چالاكیەكەیان ڕێكخستووە. پۆلیسی كۆنگرێس ئەوەشی خستوەتەڕوو بەهۆی ئاڵۆزیەكانەوە شەش پۆلیسیان برینداربوون و یەكێكیش لەخۆپیشاندەران بەهۆی ئەوەی هێرشیكردووەتە سەر پۆلیس دەستگیركراوە.
هاوڵاتی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، پارێزەرێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەولێر تەقەی لیکراوە و بریندار بووە. رێکخراوی هەنگاو دەڵێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2023، سوهراب رەحمەتی، کە چالاکوانێکی سیاسی بۆکانە و ئەندامی سەندیکای پارێزەرانە لە هەرێمی کوردستان، "لەلایەن بەرکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە هەولێر تەقەی لیکراوە." رێکخراوی هەنگاو باس لەوەش دەکات، کە سوهراب رەحمەتی بە سەختی برینداربووە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە بۆ ئەوەی نەشتەرگەری بۆ ئەنجام بدرێت. وێنەی سوهراب رەحمەتی:
هاوڵاتی یایر لاپید، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل رایگەیاند کاتی ئەوە هاتووە بنیامین ناتانیاهۆ لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دووربخرێتەوە و پشتگیرییەکی فراوان هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ بە سەرکردایەتی پارتی لیکود، کە پارتەکەی ناتانیاهۆیە. یایر لاپید، کە ساڵی رابردوو بۆ ماوەیەکی کەم پۆستی سەرۆکوەزیرانی وەرگرت، دەڵێت، زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان کە ژمارەیان 120 پەرلەمانتارە رەزامەندی دەردەبڕن بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەتییەکی نوێی حکومەت. قسەکانی یایر لاپید دوای ئەوە دێت کە ناتانیاهۆ رووبەرووی رەخنەیەکی زۆر بووەتەوە لە ناوخۆی وڵاتەکە سەبارەت بە بەرێوبردنی جەنگ دژی حەماس. بەپێی راپرسییەکی نوێی زانکۆی بار ئیلانی ئیسرائیل تەنها %4 جووەکانی ئیسرائیل بڕوایان بە وتەکانی ناتانیاهۆ هەیە لەسەر جەنگ. بەپێی راپرسییەکی تر کە لە سەرەتایی ئەم مانگەوە ئەنجامدرا لەلایەن پەیمانگەی توێژینەوەی لازار، تەنها %27ی ئیسرائیلییەکان بڕوایان وایە ناتانیاهۆ کەسەیاتییە سیاسییە دروستەکە بێت بۆ بەرێوبردنی حکومەت. یایر لاپید لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، "کاتەکە هاتووە، دەبێت حکومەتێکی نیشتمانی پێکبهێنینەوە، پارتی لیکود سەرکردایەتی دەکات و ناتانیاهۆ و تووندڕەوەکان دووردەخرێنەوە، زیاتر لە 90 ئەندامی پەرلەمان بەشدار دەبن لەم هاوپیەمانییەتییەدا بۆ دووبارە خۆرێکخستنەوە و چاکسازی." لاپید دەشڵێت، "دەبیستم کە هەندێک دەڵێن ئێستا کاتی ئەوە نییە، ئێمە 40 رۆژ چاوەڕێمان کرد، کاتی تر نییە، ئەوەی ئێستا پێویستمانە حکومەتێکە کە بتوانێت رووبەرووی کێشە ئەمنییەکان و ئابورییەکان ببێتەوە." پارتی لیکود کە ناتانیاهۆ سەرکردایەتی دەکات گەورەترین پارتە لە پەرلەمانی ئیسرائیل و لەگەڵ چەند پارتێکی تر کە هاوپەیمانن 64 کورسییان هەیە. لەکاتی پێکهێنانی کابینەی جەنگ دوای 7ی ئۆکتۆبەر، لاپید رەتیکردەوە بەشداری لە کابینەکەدا بکات هەرچەندە بەشێک لە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن بەشداریان کرد.
دلێر عەبدوڵڵا لیژنەی ئاشتەوایی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵوەشایەوەو نەتوانرا هیچ بڕگەیەك لەداواكارییەكانی ناو پرۆژەكەی عوسمانی حاجی مەحمود جێبەجێ بكرێت، ئەندامێكی چڤاتی بزوتنەوەكەی گۆڕانیش ئەوەی راگەیاند كە هەوڵی زۆر دراوە بۆ ئەوەی گۆڕان لەم دۆخە بێتەدەرەوە بەڵام بەهۆی سەرقاڵی گۆڕان و سەرقاڵی ئەوانی تر نەتوانراوە كارەكان وەكخۆی بەڕێوەبچێت، سەرچاوەیەكیش لەناو بزووتنەوەی گۆڕان ئاشكرایكرد كە هیچ ویستێك نییە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری و بزووتنەوەكە وەكخۆی دەمێنێتەوە، سەرچاوەیەكیش بەهاوڵاتی وت كەناڕازییەكان بەنیازی پێكهێنانی بەرەیەكی جەماوەرین. پاش پرۆژە 17 خاڵییەكەی عوسمانی حاجی مەحمودو هاوڕێكانی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان، كارەكانی لیژنەی ئاشتەوایی بزووتنەوەكە كۆتایی هات و لیژنەكە هەڵوەشایەوە. بەو پێیەی لەماوەی نۆ مانگی رابردوودا بەهۆی ئاستەنگی و بوونی لەمپەرێكی زۆر لەبەردەم ئەنداماندا، نەتوانراوە هیچ هەنگاوێك بەئاڕاستەی چاكسازی لەناو بزووتنەوەكە ئەنجامبدرێت. پرۆژە حەڤدە خاڵییەكەی عوسمانی حاجی مەحمودو چەند هەڵسوڕاوێكی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ یەكلایی كردنەوەی ناسنامەو دیدی گۆڕان و رێكخستنەوەی پەیوەندی گۆڕان بەكۆمپانیای ووشەو هەروەها رۆڵی كوڕانی نەوشیروان مستەفای دامەزرێنەری بزووتنەوەكەو كشانەوەی لەحكومەت و چەند پرسێكی تری تایبەت ئامادەكرابوو. بەڵام پاش ماوەیەكی زۆرو چەندان دانیشتن نەتوانرا پرۆژەكە قبوڵ بكرێت و ئامادەكارانی پرۆژەكە بێهیوابوونی خۆیان راگەیاند. بەپێی زانیارییەكانی هاووڵاتی، لیژنەی ئاشتەوایی بزووتنەوەی گۆڕان كە نێوەندگیر بووە لەنێوان عوسمانی حاجی مەحمودو بەرپرسانی ئێستای بزووتنەوەی گۆڕان، كۆتایی بەكارەكانی هێناوەو لیژنەكەش هەڵوەشاوەتەوە. لەوبارەوە هاوڵاتی پەیوەندی بە عوسمانی حاجی مەحمود كرد، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ زانیارییەك لەوبارەوە بدات و ئەندامێكی لیژنەكەش بەناوی رۆڤان سەروەت بەهاوڵاتی وت كەئەوەی لەفەیسبووكی خۆی بڵاویكردووەتەوە هەموو زانیارییەكەو هیچ شتێكی تر لەوبارەوە باس ناكات. لەڕوونكردنەوەكەیدا، رۆڤان سەروەت ئەندامی لیژنەی ئاشتەوایی بزووتنەوەی گۆڕان بڵاویكردووەتەوە «لەدوای هەشت مانگ بەدیار ئاشتییەوە، دەیان كۆبوونەوەو سەردان و بینینی هاوڕێی ناڕازی، ئاڵنگارییەكان و تێپەڕاندنیان هێندە كارێكی ئاسان نەبوو، بەڵام ئەوانەی كاراكتەری بڕیارو هەژموونی سیاسی و دەسەڵاتیان لەناو گۆڕانە، ئەو هەوڵەشیان لەباربرد». هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كەئێستا هیچ گفتوگۆیەك لەناو بزووتنەوەكە بەڕێوەناچێت و لیژنەی ئاشتەوایی كۆتایی بەكارەكانی هێناوەو عوسمانی حاجی مەحمودو هاوڕێكانیشی بێهیوا بوون، لەوبارەیەوە دڵشاد رەشید ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بەهاوڵاتی وت «راستە ئێستا گفتوگۆكان وەستاوە، بەڵام هەردوولا خەریكی دیراسەكردنن و خوێندنەوە بۆ داواكارییەكانی یەكتری دەكرێت، پرۆژەكە هەر لەگفتوگۆو باسكردندایەو شتی باشی تێدایەو دەمانەوێت بگەینە رێكەوتن و ئاشتەوایی، جێبەجێكردنی خاڵەكانیش كاتی ئەوێ و بەكتوپڕ ناكرێت. ئێمە ئامادەین خاڵەكان جێبەجێ بكەین و لەسەر زۆرینەی موافقین. تا ئێستاش هەر قسە لەگەڵ كاك عوسمان كراوە، بەڵام جارێ نەگەیشتووینەتە نەتیجەی كۆتایی، جاری وا هەیە گۆڕان مەشغوڵە، جاری وا هەیە كاك عوسمان ئیتر ئاوا، وەختی ئەوێ ئەو جۆرە پرۆژانە.» بەپێی زانیارییەكانی هاووڵاتی، هۆكاری سەرەكی شكستهێنانی گفتوگۆكان و هەڵوەشاندنەوەی لیژنەكە، پرسی موڵك و ماڵی بزووتنەوەكەو تەوریسی سیاسی بووە، كە بەرپرسانی ئێستای گۆڕان نایانەوێت گۆڕانكاری لەخاوەندارێتی گردی زەرگەتە بكرێت كە لەئێستادا بەناوی كوڕانی نەوشیروان مستەفاوەیە، لەوبارەوە دڵشاد رەشید بەهاوڵاتی وت «خۆت ئەزانی ئەم جۆرە پرۆژانە كاتی ئەوێ و ئەو برادەرانە سەرقاڵن و لەگفتوگۆدان. ئەوەی زیاتر گرنگە مەسەلەی گردەكەو بابەتی كشانەوەی گۆڕانە لەحكومەت، بەڵام كشانەوە بڕیاری كۆتایی لەسەر نەدراوەو لەو زۆرێك پێیان باشە كە بكشێینەوەو لەحكومەت بێینەدەر، بەڵام ئەوەش بە بڕیاری كتوپڕ ناكرێت و پێویستمان بەوەیە قسەی زیاتری لەسەر بكەین.» لەئێستادا عوسمانی حاجی مەحمودو هاوڕێكانی، وازیان لەداواكارییەكانیان هێناوەو لەئەنجامدانی چاكسازی لەناو بزووتنەوەی گۆڕان بێهیوابوون، بۆیە لەهەوڵی ئەوەدان بەرەیەكی گەورەیی ناڕەزایی دروستبكەن و لەهەڵبژاردنەكانی داهاتوودا لیست و قەوارەی تایبەت بەخۆیان هەبێت، لەوبارەوە سەرچاوەیەك لەناو ناڕەزاییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بەهاوڵاتی وت «دوایین پرۆژەمان بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لەناو گۆڕان، شكستیهێنا، پێشتریش هەوڵی زۆرمانداو ویستمان وەك ئەمانەتێكی مێژوویی و بەرپرسیارێتی قۆناغەكە، هەوڵی چاكسازی بدەین. بەڵام بەداخەوە رێگری زۆر كراو هەوڵەكانمان لەباربرا. بۆیە قۆناغی داهاتووی كاركردنمان دەگۆڕین و لەئاستی قۆناغەكەدا بڕیارو هەڵوێستی خۆمان دەبێت.» بزوتنەوەی گۆڕان، كە لەدوایین هەڵبژاردنی عێراق نەیتوانی هیچ كورسییەكی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت. رووبەڕووی كێشەو گرفتی ناوخۆیی بووەوەو بەبڕیارێك لە 13ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2021 رێكخەرو ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دەستیان لەكاركێشایەوە. گرفتەكانی ناو بزووتنەوەكە بەردەوامی هەیەو زۆرێك لەهەڵسوڕاوان پەیوەندیان بەلایەنەكانی ترەوە كرد بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان و بەشێكیشیان وازیان لەكاری سیاسی هێناو هەندێكیشیان لەهەوڵی ئەنجامدانی چاكسازی و گۆڕانكارین لەناو بزووتنەوەكەدا بەڵام نەیانتوانیوە هیچ یەكێك لەكێشەو گرفتەكان چارەسەر بكەن.
هاوڵاتی پەرلەمانی تورکیا دەنگدانی لەسەر پرۆژەیاسای بەئەندامبوونی سوید لە رێکخراوی ناتۆ دواخست بە پاساوی ئەوەی بابەتەکە گفتوگۆی زیاتری پێویستە. ئەمڕۆ 16ی تشرینی دووەمی 2023، بڕیاربوو پەرلەمانی تورکیا دەنگ لەسەر بە ئەندامبوونی سوید بدات لە رێکخراوی ناتۆ دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، چەند مانگێک لەمەوبەر لەگەڵ سوید گەیشتە رێککەوتن بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆدا. دواخستنی پرۆژەیاساکە لەلایەن لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی تورکیاوە بووە کە زۆرینەیان ئەندامن لە پارتەکەی ئەردۆغان و بەپێی وتەی فواد ئۆکتای، سەرۆکی پەرلەرمانی تورکیا، لیژنەکە گفتوگۆی زیاتر رێکدەخات لەسەر بابەتەکە و لە کۆبونەوەی داهاتووی لیژنەکەدا بە وردتر باسی لێوە دەکرێت. سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا وتیشی، بڕیارە کۆبونەوەکە هەفتەی داهاتوو بەڕێوە بچێت و بۆ ئەوەی دەنگ لەسەر پرۆژەیاساکە بدرێت، دەبێت لیژنەکە بەتەواوی قایل بێت و رازی بێت لەسەری. ئەمە دوای ئەوەی دێت دوو مانگ لەمەوبەر سەرۆککۆماری تورکیا بە ئەندامبوونی سوید رازیبوو و پارتەکەی پرۆژەیاسایەکی پیشکەش کرد لەسەر بابەتەکە. دوای هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، سوید و فینەلەندا لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو داوایان پیشکەش کرد بۆ بوون بە ئەندام لە رێکخراوی ناتۆ بەڵام بۆ ئەوەی وڵاتێک ببێتە ئەندام دەبێت سەرجەم ئەندامەکانی ناو رێکخراوەکە رەزامەندی دەرببڕن کە ژمارەیان 31 وڵاتە. تورکیا، لەپاڵ هەنگاریا، یەکێک بوو لەو وڵاتانەی لەسەر بابەتەکە رازی نەبوو بەهۆی ئەوەی سویدی تۆمەتبار دەکرد بە "داڵدەدانی تیرۆرستان" و ئاسانکاری بۆیان کە مەبەست لێی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بوو. لەماوەی رابردوودا ستۆکهۆڵم بە چەند مەرجێکی ئەنقەرە رازیبوو کە یەکێک لەوانە هەموارکردنەوەی پرۆژایاسای تیرۆریزم بوو کە تێیدا بە ئەندامبوون لە هەر رێکخراوێکی ''تیرۆریستی" بە نایسایی لە قەڵەم دەدا.
