پەرلەمانی تورکیا دەنگدان لەسەر بە ئەندامبوونی سویدی لە ناتۆ دواخست

12 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

پەرلەمانی تورکیا دەنگدانی لەسەر پرۆژەیاسای بەئەندامبوونی سوید لە رێکخراوی ناتۆ دواخست بە پاساوی ئەوەی بابەتەکە گفتوگۆی زیاتری پێویستە. 

ئەمڕۆ 16ی تشرینی دووەمی 2023، بڕیاربوو پەرلەمانی تورکیا دەنگ لەسەر بە ئەندامبوونی سوید بدات لە رێکخراوی ناتۆ دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، چەند مانگێک لەمەوبەر لەگەڵ سوید گەیشتە رێککەوتن بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆدا. 

دواخستنی پرۆژەیاساکە لەلایەن لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی تورکیاوە بووە کە زۆرینەیان ئەندامن لە پارتەکەی ئەردۆغان و بەپێی وتەی فواد ئۆکتای، سەرۆکی پەرلەرمانی تورکیا، لیژنەکە گفتوگۆی زیاتر رێکدەخات لەسەر بابەتەکە و لە کۆبونەوەی داهاتووی لیژنەکەدا بە وردتر باسی لێوە دەکرێت.

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا وتیشی، بڕیارە کۆبونەوەکە هەفتەی داهاتوو بەڕێوە بچێت و بۆ ئەوەی دەنگ لەسەر پرۆژەیاساکە بدرێت، دەبێت لیژنەکە بەتەواوی قایل بێت و رازی بێت لەسەری. 

ئەمە دوای ئەوەی دێت دوو مانگ لەمەوبەر سەرۆککۆماری تورکیا بە ئەندامبوونی سوید رازیبوو و پارتەکەی پرۆژەیاسایەکی پیشکەش کرد لەسەر بابەتەکە. 

دوای هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، سوید و فینەلەندا لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو داوایان پیشکەش کرد بۆ بوون بە ئەندام لە رێکخراوی ناتۆ بەڵام بۆ ئەوەی وڵاتێک ببێتە ئەندام دەبێت سەرجەم ئەندامەکانی ناو رێکخراوەکە رەزامەندی دەرببڕن کە ژمارەیان 31 وڵاتە. 

تورکیا، لەپاڵ هەنگاریا، یەکێک بوو لەو وڵاتانەی لەسەر بابەتەکە رازی نەبوو بەهۆی ئەوەی سویدی تۆمەتبار دەکرد بە "داڵدەدانی تیرۆرستان" و ئاسانکاری بۆیان کە مەبەست لێی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بوو. 

لەماوەی رابردوودا ستۆکهۆڵم بە چەند مەرجێکی ئەنقەرە رازیبوو کە یەکێک لەوانە هەموارکردنەوەی پرۆژایاسای تیرۆریزم بوو کە تێیدا بە ئەندامبوون لە هەر رێکخراوێکی ''تیرۆریستی" بە نایسایی لە قەڵەم دەدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار