هاوڵاتی دوای شەش مانگ لە مردنی دەزگای ئاسایشی هەرێم زانیاری لەبارەی ڕووداوی کوشتنی هاوڵاتی ( فرسەت مەلەکی ) ئاشکرادەکات. لەڕۆژی ٢٠٢٣/٥/٢ لەسەر ڕێگای ( هیزۆپ-قەمتەران ) لە ئیدارەی ڕاپەڕین لە ڕووداوێکی نادیار هاوڵاتی ( فرسەت مەلەکی ) کە پیشەی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بووە دەکوژرێت و تۆمەتباری ڕووداوەکە هەڵدێت. ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆکاری کوشتنەکەی وچۆنیەتی کوشتنەکەی بڵاوکردەوەو دەڵێت، "هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین دوای ڕووداوەکە لێکۆڵینەوە و بەدواداچونیان لەسەر فەرمانی دادوەر دەستپێکرد، زانیاری وورد لەسەر ئەنجامدەری تاوانەکە بەدەستهات و دوای کۆکردنەوەی بەڵگەکان و پشتبەست بەزانیاری و کامێرای چاودێری، توانرا تۆمەتباری ڕووداوەکە دەستنیشان بکرێت و بڕیاری دەستگیرکردنی لەلایەن دادوەرەوە بۆ دەربکرێت." وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "تۆمەتبار لەڕێگەی سیمکارتی بێسەرەتاوە پەیوەندی بە تاوانلێکراوە کردووە، بە مەبەستی کڕینی ئۆتۆمبێل فریویداوە و تۆمەتبار بەبیانووی لەکارکەوتنی ئۆتۆمبێلەکەی، تاوانلێکراو دەباتە دەرەوەی شار و چەند جارێک بە بیانووی جۆراوجۆر ناونیشانی شوێنیان دەگۆڕن و بەمەش تاوانلێکراو گومان دەکات و هەڵدێت، بەڵام لەسەر ڕێگای نێوان گوندەکانی ( هیزۆپ و قەمتەران ) تاوانەکە ئەنجام دەدرێت." ئاسایشی سلێمانی ڕاشیگەیاندووە، "تۆمەتبار ( ڕێبوار تەها محمد ) بەپێ ی زانیارییەکانی هێزەکانی ئاسایش لەئێستادا هەڵهاتووە بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان." هاوکات بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە بە ماددەی ٤٠٦ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە.
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ لەمیانی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەراست ڕایگەیاند پێویستە حکومەتی عێراقی لە پەیوەندییەکی بەردەوامدا بێت لەگەڵ بڕیاردەرانی واشنتن، تاوەکو شەڕی ئیسرائیل بووەستێنن. ئیسرائیل یەکێکە لەو وڵاتانەی دەیەوێت شەڕ بەردەوام بێت و نەوەستێت". ئەمڕۆ دووشەممە 20ی تشرینی دووەمی 2023، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لەمیانی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک وتارێکی لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەراست و عێراق و هەرێمی کوردستانەوە پێشکەش کرد و وتی بەستنەوەی عێراق بە شەڕی غەززە کاریگەریی خراپی دەبێت. وەزیری دەرەوە باسی لەوە کرد،حکومەتی عێراق هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، هەرێمیی، عەرەبیی، ئیسلامیی، ئەوروپیی بۆ ئەوەی واشنتۆن فشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ راگرتنی شەڕی غەززە. سەبارەت بە تێڕوانینی سیاسییەکانی عێراق سەبارەت بە شەڕی ئیسرائیل-حەماس دەڵێت، "دوو ئاڕاستەی جیاواز لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا هەن، ئەو دوو ئاڕاستەیە پەیوەندییان بە ئاڕاستەی لایەنە سیاسییە جیاوازەکانەوە هەیە. هەندێکیان دۆخەکە بە بوونی هێزە بیانییەکان گرێ دەدەن بەتایبەتی هێزی هاوپەیمانان و راوێژکارانی ئەمریکی. ئاڕاستەی دیکەش هەن پێیانوایە گرێدانی دۆخی غەززە بە عێراق کێشە بۆ ناوخۆی عێراق دروست دەکات. هاوکات ئەم کێشانەش کاریگەری نەرێنی دەخەنە سەر دۆخی کوردستان". 44 رۆژە جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە وبەگوێرەی تەندروستیی غەززە، تاوەکو ئێستا 13 هەزار فەلەستینی بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیل لە غەززە گیانیان لەدەستداوە.
هاوڵاتی پارێزگاری سلێمانی لهپهیامێكدا رایدهگهیهنێت، پێویسته به زوترینكات به سهرۆكایهتی سهرۆك وهزیران، بهبهشداریی جێگری سهرۆك وهزیران و وهزیره پهیوهندیدارهكان و نوێنهرانی لایهنه سیاسییهكان له پهرلهمانی عێراق لهگهڵ نوێنهرانی مامۆستایان و وانهبێژانی ناڕازیی كوردستاندا كۆببنهوه و ڕون و ڕاست و ڕاشكاوانه؛ داهاتی گشتیی و مافی دارایی و موچه و پرۆسهی خوێندن؛ تاوتوێبكهن و چارهسهربكهن. د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە پەیامێکدا سەبارەت بە پڕۆسەی خوێندن لە سنوری پارێزگای سلێمانی داوا دەکات هەنگاوی کرداری بنرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مامۆستایان و وانەبێژان و دەڵێت: لە خزمەت و خوێندندا؛ شەڕی ئیرادە نییە، شەڕی ئیدارە هەیە، دەبێت هەموومان پێکەوە ئەم شەڕە بکەین و کاربکەین، تێبکۆشین؛ باری کەچ و کەوتوو خواری بەڕێوەبردن و دراوو دارایی و ئابوریی؛ ڕاستبکەینەوە. پارێزگاری سلێمانی نوسیویەتی :"چۆن خوێندن و خزمەت نابێت بووەستن، بەهەمان شێوەیش؛ نابێت ژیان و بژێویی و ئاسایش و بەرژەوەندیی گشتیی و سەروەریی یاساو دادپەروەریی و دەرفەتی یەکسان و خستنە سەرکاری توانست و هەناسەو خوێنی نوێ بۆ جەستەی دەوڵەتداریی و دامەزراوە گشتییەکانیش؛ بووەستن". ئهوهشیخستۆتهڕو، "ماف و موچه و خوێندن نهكرێنه كارتی ههڵبژاردن و سازشی كۆبونهوهی لایهنه سیاسییهكان، ڕاوێژ و ڕاگۆڕینهوه و بهشداریكردنی ڕاستهوخۆی هاوڵاتیان و نوێنهرانی هاوڵاتیان له گهڵاڵهكردنی بڕیار و چارهسهركردنی كێشهو گرفت و قهیرانهكاندا، (به تایبهتیی كه له ئێستادا پهرلهمانی كوردستان و ئهنجومهنی پارێزگاكان؛ ڕاگیراون)، مانا به هاوڵاتیبون و به حكومڕانییهكی ڕهوا دهبهخشێتهوه، ڕێگا به چارهسهرهكان و هێز به بڕیارهكان دهداتهوه".
هاوڵاتی وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگهیاند، محەمەد شیاع سودانی، سهرۆك وهزیرانی عێراق دەست لەکارکێشانەوەی وەزیرانی پلاندانان و پیشەسازی و رۆشنبیری رەتکردەوە کە هەرسێکیان لە پارتەکەی محەممەد حەلبوسین. دوای ئەوەی 14ی ئهم مانگه، دادگای فیدڕاڵی بڕیاریدا ئەندامێتی محهمهد حەلبوسی له پهرلهمان هەڵبوەشێنێتەوە بەتۆمەتی "ساختەکردنی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتار لەیس دلێمی"، هەر سێ وەزیری پلاندانان و پیشەسازی و رۆشنبیری کە لە پارتی تەقەدومن کە هەمان پارتی محەممەد حەلبوسییە، نامەی دەستلەکارێشانەوەیان پێشکەشی سودانی کرد. باسم عەودای، وتەبێژی حکومەتی عێراق له راگهیهندراوێكدا باسی لهوهكردوه، کە سودانی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکانی رەتکردووەتەوە و دەستبەجێ وەزیرەکان دەست بەکار کردن دەکەنەوە لەپێناو "پشتیوانیکردن و بەردەوامیدان بە سەقامگیری سیاسی بە شێوەیەک کاریگەری لەسەر یەکگرتوی کۆمەڵگا نەبێت و کەشێکی سەقامگیر دابین بکات، کە بەشداربێت لە جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی بنیاتنان و گەشەپێدان."
هاوڵاتی وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند 700 ملیار دینارەکە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە یاخود ناوەراستی هەفتەی داهاتوو دەگاتە هەرێمی کوردستان، دەشڵێت، لە سەرەتایی ساڵی داهاتوو شاند نانێرن بۆ داواکردنی مووچە بەڵکو هەوڵی چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەی مووچە دەدەن لەگەڵ بەغدا. پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم بە میدیای پارتی راگەیاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان نووسراوی فەرمی کردووە بۆ ئەوەی بەشی سێیەمی 700 ملیاری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بنێردرێت. داوای تەرازووی پێداچوونەوەیان کردبوو، ئەمڕۆ تەرازووی پێداچوونەوەیان بۆ نێردراوە." بەپێی رێککەوتنەکەی بەغدا و هەولێر کە لە 15ی ئەیلولی 2023 ئەنجامدرا، حکومەتی عێراق بۆ ماوەی سێ مانگ 700 ملیار دینار بۆ هەریم دەنێرێت کە تا ئیستا دوو گوژمەی گەیشتووە و تەنها یەک 700 ملیار ماوە بگات. حکومەتی هەرێم گوژمەکانی پێشووی بۆ مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشت خەرج کردووە. پیشەوا هەورامانی لەبارەی گوژمەی سێیەمی 700 ملیار دینارەکە وتی،"بەپێی وادە دەبێت تا کۆتایی ئەم هەفتەیە یان ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو 700 ملیارەکە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان" کە بڕیارە بۆ مووچەی مانگی نۆ دابەش بکرێت. تا ئێستا روون نییە کە بۆ مانگەکانی 10 و 11 و 12 چ میکانیزمێک بەکاردەهێنرێت بۆ دابەشکردنی مووچە و حکومەتی عێراقیش هیچ بڕیارێکی نەداوە کە قەرزی تر بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت. پێشتر نەمرین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە هاوڵاتی راگەیاند کە هەرێم و بەغدا رێککەوتنێکی نوێ ئەنجام دەدەن چونکە "گەڕی ئەمجارەی دانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغدا جیاواز دەبێت و رێكەوتنی نوێ لەبارەی پرسی مووچەوە ئەنجام دەدرێت." پێشەوا هەورامانی لەسەر رێککەوتنێکی نوێ دەڵێت، "پەیوەندیی بەردەوام لەنێوان مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی هەیە بۆ ناردنی مووچەی سێ مانگی دیکەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان." لە کۆتایی قسەکانیدا وتەبێژی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد، "لەسەرەتای ساڵی داهاتوو ئێمە بەدوای ئەوە ناگەڕێین مووچەی مانگ و دوو مانگمان بۆ بنێرن، دەمانەوێت چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەم کێشەیە بدۆزرێتەوە و کۆتایی پێ بهێندرێت؛ نەک مانگانە دوو سێ جار شاند بچێت تاوەکو مووچەی مانگێک بنێرن."
هاوڵاتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند پەرەسەندنە نوێیەکانی عێراق جێی "نیگەرانین" و دەریەنجامی پێشیلکردنی دەستوور و پابەند نەبوونە بە رێککەوتنەکان، دەشڵێت، "30 ساڵە داوای چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ فەڵەتستین و ئیسرائیلییەکان دەکرێت و کوردیش داوای هەمان مافی کرد." ئەمڕۆ دووشەممە 20ی تشرینی دووەمی 2023، مەسرور بارزانی لەمیانی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک وتارێکی لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەراست و عێراق و هەرێمی کوردستانەوە پێشکەش کرد و وتی کە کوردیش وەک داوای مافی سەربەخۆیی کردووە بەڵام پشتگوێ خراوە. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی لە وتارەکەیدا باسی لە دزۆی فەڵەستین کرد و رایگەیاند، "30 ساڵە چارەسەریی دوو دەوڵەت بۆ فەلەستین و ئیسرائیلیەکان وەک پێویستی و مۆدێلێک دەبینرێت. کوردیش بەهەمان شێوە داوای هەمان ماف و شکۆمەندییان کرد، بەڵام هێشتا دۆزی ئێمە پشتگوێ خراوە." مەسرور بارزانی باسیشی لەوە کرد کە چەندین ساڵە دۆزی کورد پشتگوێ دەخرێت و وتی، "چۆن پشتگیرییەکی زۆر لە دۆزی کەسێک دەکەیت و لەبەرامبەر دۆزی ئەوانی دیکەدا، خۆت بێدەنگ دەکەیت؟ ئێستا کاتی ئەوەیە کاری باشتر بکەین. کێشە چارەسەر نەکراوەکان پێویستیان بە وەڵامی بوێرانەیە. ئێستا کە جیهان بەدوای چارەسەرێکی هەمیشەییدا دەگەڕێت بۆ دۆزی فەلەستین، منیش داوای ڕێگەیەکی نوێ دەکەم، بۆئەوەی بزانین ئێمەی کوردستانی، چۆن بتوانین لەگەڵ دراوسێکانمان بەیەکەوە بژین." هاوکات سەبارەت بە دۆخی عێراق سەرۆکی حکومەتی هەرێم باسی لەوە کرد، "پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی عێراقیش جێگەی نیگەرانین. بەردەوامی پێشێلکردنی دەستووری عێراق، و پابەندنەبوون بەو ڕێککەوتنەی پێکهێنانی ئەم حکومەتەی ئێستای لێکەوتەوە، مەترسی ناسەقامگیری و دووبارە سەرهەڵدانەوەی تایفەگەری و دابەشبوون لەنێوان پێکهاتە سەرەکییەکان لێ دەکەوێتەوە." مەسرور بارزانی هۆشداریشیدا کە "ئەگەر بڕیارە تاکلایەنەکان بەردەوامبن و دامەزراوەکانی حکومەت لەلایەن یەک گرووپەوە کۆنترۆڵ بکرێن، هەستی نادادپەروەری قووڵتر دەبێتەوە. بەرهەمی ئەم فاکتەرانەش: گەندەڵی و نادادپەروەری و هەژراییە و ئەمانەش هۆکارن بۆ ئەوەی ناسەقامگیری دروست ببێت و توندڕەویش لەم هەلومەرجانەدا سەرهەڵدەداتەوە."
هاوڵاتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تا کێشەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر نەبێت کێشەکانی عێراق بەردەوام دەبن، دەشڵێت، دابینکردنی "مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەرکێکی نیشتمانی دامەرزراوەکانی عێراقە." نێچیرڤان بارزانی لەمیانی وتارێکیدا لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک رایگەیاند، "جێبەجێنەکردنی سیستمی فیدراڵی، پابەندنەبوون بە دەستوورەوە زۆر کێشە و ناکۆکیی سیاسیی هێناوەتە ئاراوە و ناسەقامگیریی هەمەلایەنەی لە عێراق دروستکردووە. وایکردووە کە سەقامگیریی عێراق هەمیشە بە لەرزۆک ببیندرێت، پێمانوایە کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق، چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق." لەبارەی دۆخی مووچەخۆرانی هەرێمیشەوە سەرۆکی هەرێم وتی، کە فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم لە دۆخیکی "خراپدا" دەژین و "ئەرکیكی نیشتمانی حکومەت و دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراقە" تا چارەسەرێکی بنچینەیی بۆ بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان بدزۆێتەوە و "ئێمەش کۆڵنادەین و بەردەوام دەبین بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان."
هاوڵاتی شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند بەیانی ئەمڕۆ تەقە لە نوسینگەکەی لە کەرکوک کراوە و لەلایەن پاسەوانەکانییەوە وەڵام دراوەتەوە. شاخەوان عەبدوڵا بەبێ ئەوەی باس لە ژەمارەی تەقەکەرەکان بکات وتی، لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری کامرییەوە تەقە کراوە و "دەستبەجێ لەلایەن پاسەوانەکانەوە وەڵام درایەوە، بەڵام توانی هەڵبێت." جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەسەر پشکی پارتی لە کۆتایی پەیامەکەیدا وتی، "وێرای داواکردنمان لەدەزگا ئەمنییەکان بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەم کردەوەیە خەلکی بەشەرەفی کەرکوک دڵنیا دەکەینەوە ئەم هێرشەی ئەمشەویش هاوشیوەی هێرشەکانی پێشوو لەخزمەت کردنی سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکوک رامان ناگریت."
هاوڵاتی بەهۆی رەشەبا و بارانی بەخوڕ کۆمەڵێک بەردی گەورە دەکەونە سەر دیوارێکی خانووەیەک لە ئاکرێ و زیان بە ماڵەکە دەگەیەنن. لەو بارەیەوە عەقید ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ئاکرێ بە هاوڵاتی راگەیاند، "بەهۆی بارینی باران کۆمەڵێک بەردی گەورە دەکەونە سەربانی خانووەیەک لەگەرەکی خرگا، دەستبەجی تیمەکانمان لەشوێنی روداوەکە ئامادەبوون، خانووەکە چوڵکرا و کەلوپەلەکانی ناو خانووەکە گواسترانەوە بۆ شوێنێکی تر." عەقید ئیبراهیم وتیشی، روداوەکە زیانی گیانی نەبووە و تەنها زیان بەر خانووەکە کەوتووە وەک لەوێنەکاندا دیارە.
هاوڵاتی بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەگەری رێککەوتن بۆ ئازادکردنی ژمارەیەک لە بارمتەکانی لای حەماس لە هەموو کات زیاترە و رەنگە جەنگ بۆ ماوەیەی زۆر رابگیرێت. بە پێی هەواڵێکی ئاژنسی رۆیتەرز، جۆن فاینەر، جێگری راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەگەری رێککەوتن بۆ ئازادکردنی ژمارەیەک لە بارمتەکان، کە زیاترن لە ١٢ کەس، بوونی هەیە و ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی راگرتنی جەنگ بۆ ماوەیەکی زۆر و هەروەها ئەگەری دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان لە غەززە. رۆژی یەکشەممە و رۆژێک دوای ئەوەی بەرپرسانی ئیسرائیلی و ئەمریکی، راپۆرتی رێککەوتنێ رۆژنامەی واشنتن پۆستیان بە درۆ خستەوە، جەنگ لە نێوان ئیسرائیل و حەماس پەرەیسەند. هێزەکانی حەماس رۆژی یەکشەممە رووبەڕووی هێزەکانی ئیسرائیل بوونەوە کە هەوڵیان ئەدا دزە بکەنە گەورەترین کەمپی ئاوارەکانی غەزەوە. فاینەر دەربارەی گفتوگۆکان بۆ راگرتنی جەنگ راگەیاندووە، "ئەوەی لە ئێستا ئەتوانم بیڵێم ئەوەیە بەشێک لە ناکۆکییەکان لە گفتوگیەکی زۆر ئاڵۆز و زۆر هەستیاردا کەمتر بووەتەوە." هاوکات مایکڵ هێرتزۆگ، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیۆنی (NBC ) وتی، "ئیسرائیل هیوادارە ژمارەیەکی بەرچاو لەو کەسانەی لای حەماس بارمتەن، لە رۆژەکانی داهاتوودا ئازاد بکرێن". جێگری راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی لە بەشێکی تری لە قسەکانیدا وتی تا ئەو کاتەی لەسەر هەموو خاڵەکان رێککەوتن نەکرێت، هیچ رێککەوتنێک نەکراوە و "گفتوگۆی هەستیاری لەم چەشنە رەنگە لە دوایین ساتدا شکست بهێنێت." حەماس لە کاتی هێرشی 7ی تشرینی یەکەم بۆ باشووری ئیسرائیل، نزیکەی 240 کەسی بە بارمتە گرت کە بەشێکی زۆریان هاوڵاتی ئەمریکی و ئەوروپین. لە هێرشەکەی حەماسدا هەزار و 200 هاوڵاتی ئیسرائیلی بە دەستی هێزەکانی حەماس کوژران و دواتریش کە ئیسرائیل بۆردومانی دەستپێکرد بۆ سەر غەززە و تا ئێستاش بەردەوامە، زیاتر لە 12 هەزار فەڵەستینی کوژراون.
هاوڵاتی وتەبێژی سەربازیی حوسییەکانی یەمەن دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییەی راگەیاند کە خۆی دەڵێت، ئیسرائیلییە هەرچەندە ئیسرائیل نکوڵی لێدەکات. وتەبێژی حوسییەکان وتیشی بەردەوام دەبن لە بەئامانج گرتنی هەر کەشتییەک کە ئیسرائیل خاوەندارییەتی بکات. ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2023، میدیاکانی نزیک لە حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاند حوسییەکان دەستیان بەسەر کەشتییەکی ئیسرائیلیدا گرتووە بەناوی گالاکسی لیدەر لە دەریای سوور. پێشتر ئۆفیسی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند 25 کەس لە ناو کەشتییەکەدا بوونیان هەبووە کە خەڵکی جیاوازی چەند وڵاتێکن لەوانە، بولگاری، فلیپینی، مەکسیکی و ئۆکرانی، بەڵام هیچ ئیسرائیلییەکی تێدا نییە. لە راگەیاندراوەکەی ئۆفیسی سەرۆکوزیرانی ئیسرائیل هاتووە کە کەشتییەکە هی ئیسرائیل نییە بەڵکو بەریتانییە و لەلایەن تیمێکی یابانییەوە بەڕێوە دەبرێت. ئۆفیسی ناتانیاهۆ ئیدانەی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکەی کرد و رایگەیاند "کردەیەکی تیرۆری" ئێرانە کە گوزارشتە لە "زیادبوونی کردەی شەڕەنگێزی ئێران دژی هاوڵاتییانی جیهانی ئازاد." یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکانی یەمەن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوە کرد کە ئەو کەشتییەی دەستیان بەسەردا گرتووە ئیسرائیلییە و هۆشداریشیدا کە هەر کەشتییک هی ئیسرائیل یان هەر لایەنێکی تر بێت کە پشتگیری لە ئیسرائیل بکات دەبێتە ئامانجی حوسییەکانی یەمەن. یەحیا سەریع وتیشی، "بەردەوام دەبین لە ئۆپەراسیۆنەکانمان دژی ئیسرائیل هەتا تاوانە قێزەونەکانی دژی خەڵکی فەڵەستین کۆتایی پێ دەهێنێت." هاوکات لەسەر خاوەندارییەتی کەشتییەکە، ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی ئەمریکی رایگەیاندووە بەرپرسانی ئیسرائیلی سوورن لەسەر ئەوەی کەشتییەکە خاوەندارییەتی بۆ بەریتانیا دەگەڕێتەوە و لەلایەن کۆمپانیایەکی یابانییەوە بەرێوەدەبرێت، بەڵام داتابەیسەکانی هاتوچۆی کەشتیوانی ئەوە دەردەخەن کە خاوەنی کەشتییەکە کۆمپانیای "رەی کار کاریرس"ە کە لەلایەن ئەبراهام ئونگارەوە دامەزراوە و ئەو پیاوە یەکێکە لە دەوڵەمنترین کەسەکانی ئیسرائیل.
هاوڵاتی ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند ئەو کەشتییەی لەلایەن حوسییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە هیچ هاوڵاتییەکی ئیسرائیلی تێدا نییە، بەڵام میدیایەکی ئەمریکی رایگەیاندووە کە خاوەندارییەتی کەشتییەکە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیای یەکێک لە دەوڵەمەندترین کەسەکانی ئێسرائیل. ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2023، حوسییەکانی یەمەن رایگەیاند دەستیان بەسەر کەشتییەکی ئیسرائیلیدا گرتووە بەناوی گالاکسی لیدەر لە دەریای سوور. ئۆفیسی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە بەبێ ئەوەی بڵێت کەشتییەکە ئیسرائیلییە و رایگەیاند 25 کەس لە ناو کەشتییەکەدا بوونیان هەبووە کە خەڵکی جیاوازی چەند وڵاتێکن لەوانە، بولگاری، فلیپینی، مەکسیکی و ئۆکرانی، بەڵام هیچ ئیسرائیلییەک تێدا نییە. ئۆفیسی ناتانیاهۆ ئیدانەی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکەی کرد و رایگەیاند "کردەیەکی تیرۆری" ئێرانە کە گوزارشتە لە "زیادبوونی کردەی شەڕەنگێزی ئێران دژی هاوڵاتییانی جیهانی ئازاد." هاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، کە دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییە "روداوێکی ترسناکە کە لێکەوتەی جیهانی دەبێت." لەسەر خاوەندارییەتی کەشتییەکە، ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی ئەمریکی رایگەیاندووە بەرپرسانی ئیسرائیلی سوورن لەسەر ئەوەی کەشتییەکە خاوەندارییەتی بۆ بەریتانیا دەگەڕێتەوە و لەلایەن کۆمپانیایەکی یابانییەوە بەرێوەدەبرێت، بەڵام داتابەیسەکانی هاتوچۆی کەشتیوانی ئەوە دەردەخەن کە خاوەنی کەشتییەکە کۆمپانیای "رەی کار کاریرس"ە کە لەلایەن ئەبراهام ئونگارەوە دامەزراوە و ئەو پیاوە یەکێکە لە دەوڵەمنترین کەسەکانی ئیسرائیل.
هاوڵاتی پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند سبەی دووشەممە لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشوی فەرمییە بەهۆی رێژەی بارینی بارانی پێشبینیکراوەوە. پیشەوا هەورامانی لە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "بە ڕاوێژ لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و پارێزگارە بەڕێزەکان و ئیدارە سەربەخۆکان،بڕیاردرا سبەی بکرێتە پشوو، لەسەرجەم دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندەکانی خوێندنی ناحکومی." وتەبێژی حکومەتی هۆکاری راگەیاندی پشووی بۆ رێژەی پشبینیکراوی باران بارین گەڕاندەوە و داواش لە هاوڵاتییان دەکات "ناچاری نەبێت هاتوچۆی رێگاکانی دەرەوە نەکەن." "داواکارین لە هاونیشتیمانییانی بەڕێز پابەندی ڕێکارو ڕێنماییەییە خزمەتگوزارییەکان بن و نزیک نەبنەوە لە ڕوبارو ئەو شوێنانەی ئاستی ئاوییان بەرز دەبێتەوە لەکاتی ناچاریشدا نەبێت هاتووچۆی ڕێگاکانی دەرەوە نەکەن ،هەروەها تیمەکانی بەرگری شارستانی لە ئامادەباشیدابن بۆ هەر حاڵەتێکی فریاگوزاری"، پێشەوا هەورامانی وای وت.
هاوڵاتی هەڤاڵ ئەبوبەکر، پاریزگاری سلێمانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی پیشبینی بارینی بارانێکی زۆر دەکرێت، هەموو فەرمانگەکانی سنوری پارێزگاکەی راسپاردووە کە "لەخزمەتی هاوڵاتییاندا" بن، دەشڵێت، "سبەی پشووی فەرمی دەبێت." هەڤاڵ ئەبوبەکر لە پەیامەیەکەیدا دەڵێت، "بەپێی ئەو پێشبینیی و ئاماژانەی لە وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێمانگەیشتوون؛ ئەگەری بارانی زۆرو بەخوڕ هەیە، هەموو فەرمانگا پەیوەندیدارەکانی سنوری پارێزگای سلێمانیمان ڕاسپاردووە وەک هەمیشە؛ لە خزمەتی هاووڵاتیاندا دەبن." پارێزگاری سلێمانی باس لەوەش دەکات، "دەسەڵاتمان بەخشیوەتە هەموو سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکانی سنوری پارێزگاکەمان؛ کە لە هەر دۆخێکی پێویستدا، بەپێی تایبەتمەندیی ناوچەکەیان و ئەو دۆخانەی دێنە پێشەوە، بەڕاوێژو هەماهەنگیی لەگەڵ فەرمانگا پەیوەندیدارەکانی سنورەکەیاندا؛ بڕیاری پێویست لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بدەن." لە کۆتایی پەیامەکەیدا هەڤاڵ ئەبوبەکر داوا لە هاوڵاتیان دەکات هاوکاری فەرمانگە و تیمە خزمەتگوزارییەکان بن و " پابەندی ڕێنماییەکانی شارەوانیی و هاتوچۆو بەرگریی شارستانیی و لایەنە پەیوەندیدارە فەرمییەکانیتربن، پەیوەست بە سبەینێ، لەسەر ڕاوێژو بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و پارێزگارەکان؛ پشووی فەرمیی دەبێت."
هاوڵاتی ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە خرایە بەردەم سوودانی، وردەکارییەکانی دۆ سییەکە تاوتوێ کران. نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی بڵاوی کردەوە، بەیانی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئاسایی بۆ بەدواداچوونی وەزارەتی نەوت و پرۆژەکانی نەوت، و پێشکەوتنی ڕێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و کەرتی نەوت لە عێراق تەوەری کۆبوونەوەکە بووە، جەخت لە بەرەو پێشبردنی پرۆسەکە کراوەتەوە. کورتەیەک لە ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەی لە نێوان وەزارەتی نەوت لە حکومەتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجام دراون، بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارەکان بۆ دووبارە هەناردەکردنی نەوتی خاو لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، گفتوگۆی لەبارەوە کراوە. جێگای سەرنجە لە دوای مانگی نیسانی ئەمساڵ، هەناردەی نەوت لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاری کەرکووکەوە بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا ڕاگیرا، ئەمەش لە پاشخانی بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس هات سەبارەت بە نادەستووری هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە.
