هاوڵاتی پێدانى کارەباى نیشتمانى بۆ کەمتر لە حەوت کاتژمێر دابەزیوە، پارێزگارى سلێمانیش لە رونکردنەوەیەکدا داوا دەکات چارەسەربکرێت. لە رونکردنەوەکەیدا، هەڤاڵ ئـەبوبەکر رایگەیاندووە، لەم ڕۆژانەدا؛ دۆخی کارەبای نیشتمانیی زۆر خراپ بووە، لە بیست و چوار کاتژمێرى ڕابردودا لە ناو شاری سلێمانیدا؛ کەمتر لە حەوت کاتژمێر کارەبا هەبووە. دەشڵێت: دۆخی کارەبا لە هەموو پارێزگاکەدا لە دۆخێکی خراپدایە، کەمکردنەوەی ڕێژەی بڕە مێگاواتی دابەشکراوی شارەکان، چاوەڕواننەکراوانە ئاستی هەبوونی کارەبای گەیاندۆتە کەمترین ئاست له‌كۆتایی پۆسته‌كه‌یدا پارێزگاری سلێمانی داوای چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی كاره‌بای كردوه‌و نوسیویه‌تی: "داواکارین بەخێرایی ئەم قەیرانە نوێیە چارەسەربکرێت و بارگرانیی زیاتر بە دوای خۆیدا نەهێنێت."  

هاوڵاتی بزوتنەوەی حەماس 24 بارمتەیان ئازادکرد و لە ناویاندا 10 کرێکاری تایلەندی تێدایە، لە بەرامبەردا ئیسرائیل 39 بارمتەی فەڵەستینی ئازادکرد، ئازادکردنی 10 کرێکارە تایلەندییەکەش بە رێککەوتنێکی جیاواز کراوە. لە چوارچێوەی ئاگربەستی چوار رۆژەی نێوانیان، ئەمڕۆ حەماس 13 ژن و منداڵی بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد کرد. لە بەرامبەردا، ئیسرائیلیش 39 بەندکراوی فەلەستینی ئازاد کرد. بارمتەکان لە لایەن حەماسەوە رادەستی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی کران بۆ ئەوەی لە دەروازەی رەفەحی نێوان غەززە و میسرەوە بگوازرێنەوە بۆ دەروازەی عەوجەی نێوان میسر و ئیسرائیل و لەوێوە بە هێلیکۆپتەر بگوازرێنەوە نەخۆشخانەی شەمیر لە تەلئەڤیڤ. 39 بەندکراوەکانی فەلەستینیش لە کەرتی خۆرئاواوە ئیسرائیل ئازادی کردن. هاوکات، ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، لەو 24 بارمتە ئازادکراوە، 13یان ئیسرائیلین، 10یان تایلاندین و یەکێکیان فلیپینیە. لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئازادکردنی کرێکارە تایلەندییەکان بە رێککەوتنی جیاواز لە نێوان بزوتنەوەی حەماس و قەتەر و میسر کراوە. هاوکات، دەروازەی رەفەح بە رووی بارهەڵگری یارمەتیی مرۆییدا کرایەوە و چاوەڕێ دەکرێت هەر ئەمڕۆ 200 بارهەڵگر بچنە نێو غەززە. ئەمەشلەکاتێکدایە هه‌ر ئه‌مڕۆ یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، "شەڕ بۆ ماوەیەکی کورت دەوەستێت و دواتر بە هەموو هێزی سەربازیمانەوە دەست بە ئۆپەراسیۆن دەکەینەوە." وتیشی، "تا ئامانجەکانمان بەدەستنەهێنین، ناوەستین." ەپێی دوایین ئامارەکان، لە سەرەتای جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە تا ئێستا 14 هەزار و 854 کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە کە زیاتر لە شەش هەزار و 150 کەسیان منداڵن و نزیکەی چوار هەزاریشیان ژنن.        

هاوڵاتی لەبارەى کەمبونەوەى کاتژمێرەکانى پێدانى کارەباى نیشتمانى، وەزارەتى کارەبا رونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت؛ بەهۆی پرۆسەی چاکسازی لە هەردوو یەكەی وێستگەی خەبات، 300 مێگاوات کارەبا لە ڕۆژی (15)ی ئەم مانگەوە کەم بووەتەوە. دەشڵێت: تا كۆتایی مانگ پرۆسەکە تەواو دەبێت و وێستگەکە دەکەوێتە کار و ماوەکانی پێدانی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە. دەشڵێت، ئەم چاکسازییە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا بەهۆی سەرماوە، بۆیە ماوەی چەند رۆژێکە کاتەکانی پێدانی کارەبا کەم بووەتەوە. ڕونکردنەوەکەی وەزارەتی کارەبا لە کاتێکدایە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتیمانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبۆتەوە، وەزارەتی کارەبا سێ هەزار و 800 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەڵام لە وەرزە سارد و گەرمەکاندا خواست لەسەر کارەبا بۆ دوو هێندە بەرز دەبێتەوە بە مەشپێدانی کارەبا نزمدەبێتەوە لەو وەرزەدا.

هاوڵاتی چالاکوانێکی شیلادزێ سێ ڕۆژە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوەو تا ئێستا نازانرێت لە کوێ دەستبەسەرە کەسوکارەکەشی دەڵێن لەسەر پۆستێکی فەیسبووک دەستبەسەرکراوە. ئەو چالاکوانە ناوی عەباس ئەشڤانەو خەڵکی شیلادزێیە و کەسوکارەکەی دەڵێن، پێش دەستگیرکردنی لە فەیسبووک پۆستێکی کردووەو دواتر بە زۆر پێی سڕدراوەتەوە و دواتر لە دووکانەکەی خۆیدا دەستگیرکراوە. کەسوکاری ئەو چالاکوانە دەشڵێن، دواین پۆستی عەباس ئاشڤان لەسەر دۆخی خراپی کارەبا بووە و نوسیویەتی" شەو رۆژ 9 کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی هەیە و لەبیرنەکەن سەیدای مزگینی خۆشی هەیە". "عەباس ئەشڤان" چالاکوانی ناحیەی شیلادزێیە و دوکانێکی فرۆشتن و دانانی تلستاری لەسەنتەری شیلادزێ هەیە. لەم بارەیەوە هاوڵاتی پەیوەندی بە "رزگار عوبێد" بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێوە کرد بەڵام ئامادە نەبوو لێدوان بدات.  

هاوڵاتی پارێزگاری بانكی ناوەندی ڕایگەیاند، چارەسەری ڕیشەیمان بۆ بنبڕكردنی قاچاخچێتی دۆلار داڕشتووە و زیاتر لە ٤٠ هەژماریشیان بۆ بانكە عێراقیەكان لە دەرەوەی وڵات كردووەتەوە،  لێكتێگەیشتنی باش هەیە بۆ ئەوەی دراوی یۆرۆ لە توركیاوە هەناردەی عێراق بكرێت. عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق لە بارەی گرتنەبەری چەند ڕێكارێكی نوێ بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار و بەرزكردنەوەی بەهای دیناری عێراق بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەواو ڕایگەیاند،بە شێوەیەکی ڕیشەی چارەسەری قاچاخچێتی بە دۆلارەوە دەکەین. عەلی عەڵا رایگەیاند؛ بانکی ناوەندی بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا و بانکی فیدڕاڵی ئەمەریکا، جگە لەوەش کۆبونەوەی وەرزیمان هەیە بۆ ئەوەی پێداچونەوە بە کارەکانی پێشودا بکەین. وتیشی"سەرەتای مانگی داهاتوو لە دوبەی، بانكی ناوەندیی عێراق كۆبونەوەیەك لەگەڵ وەزارەتی خەزێنە‌ و بانكی فیدراڵی ئەمریكا دەكات". دوپاتیشی کردەوە کە سەرەتای ساڵی داهاتوو كاركردن لە پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنی كۆتایی دێت و بانكی ناوەندیی لە پڕۆسەی بەڕێوەبردنی لایەنە جێبەجێكارییەكانی حەواڵەی دەرەكی دەچێتە دەرەوەو كارەكەی تەنیا لە چاودێریكردندا كورت دەبێتەوە. لە كۆتایدا عەلی عەلاق وتیشی، لێكتێگەیشتنی باش لە نێوان بانكی فیدراڵی و خەزێنەی ئەمریكا هەیە، هیچ سنوورێكیش بۆ پارەی عێراق لە دەرەوەی وڵات دانەنراوە، لە سەرەتای مانگی داهاتووشدا لە دوبەی لەگەڵ گەنجینەی ئەمریكا و یەدەگی فیدراڵی بانكی ناوەندی كۆدەبینەوە.  

هاوڵاتی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەستگیرکردنی دوان لە ئەنجامدەرانی تاوانی کۆمەڵکوژی سەربازگەی سپایکەری راگەیاند کە ماوەی نۆ ساڵ بوە خۆیان شاردۆتەوە و لە وڵاتێکی دراوسێ نیشتەجێبون. لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراوەتەوە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەڵێت: لە بەردەوامی هەوڵی دەزگا ئەمنییەکان بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی تاوانی سپایکەر و دەستگیرکردنیان، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا توانیان دوان لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ دەستگیر بکەن، کە ماوەی نۆ ساڵە خۆیان شاردوەتەوە. ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانمان به‌ڵێنیان داوه‌ به‌ گه‌لی عێراقیمان به‌دواداچون بۆ تاوانباران و تیرۆریستان بكه‌ن و تۆڵه‌یان لێ بكه‌نه‌وه‌ و كار بۆ پاراستنی ئه‌م وڵاته‌ بكه‌ن. رۆژی 12ی (حوزه‌یران/6)ی 2014 نزیكه‌ی هه‌زار و 700 خوێندكاری سه‌ربازگه‌ی سپایكه‌ر له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین له‌لایه‌ن چه‌كداره‌كانی داعشه‌وه‌ به‌دیل گیران و پاشانیش ڤیدیۆی كوشتنیان بڵاوكرایه‌وه‌ و سه‌رجه‌میان گوله‌بارانكران و كۆمه‌ڵكوژكران. تائێستاش لەسەر ئەو روداوە، دادگای ناوەندی تاوانەکانی عێراق لە کۆی 48 تۆمەتبار 40 تاوانباری بە ئەنجامدانی تاوانی سپایکەر بە لەسێدارەدان سزاداوە.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دەستیان بەسەر 50 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گرتووە و سێ تۆمەتباریشیان دەستگیرکردووە کە بازرگانییان بە مادە هۆشبەرەکانەوە کردووە.  ئەمڕۆ  هەینی 24/11/2023 لەناو بینایی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە سلێمانی، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم و بەرێوەبەری گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا. لە کۆنگرەکەدا دەست بەسەرداگرتنی بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر راگەیەندرا کە بڕەکەی (51) کیلۆ ماددەی هۆشبەر بوە لە جۆری کریستاڵ. ئاماژەیان بەوەکرد، ماوەی دو هەفتەیە سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاری ورد بون و دەرەنجام توانراوە سێ کەس لە ناو ئەو تۆڕە مەترسیدارە دەستگیربکرێت، چونکە دەیانویست ماددەکان لە شاری سلێمانی ساغ بکەنەوە.

هاوڵاتی گەنجێک کە بەشداری لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی رابردووی کردبوو لە پارێزگای هەمەدانی ئێران، "بە نهێنی" لەسێدارەدرا. ئەو خۆپێشاندەرەی لە سێدارە دراوە ناوی میلاد زۆهرەوەندە و تەمەنی 21 ساڵانە. دوای دەستگیرکردنی، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.  بەگوێرەی  زانیارییەکان،  زۆهرەوەند بەرەبەیانی دوێنێ پێنجشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2023 لە زیندانی ناوەندیی هەمەدان لە رۆژئاوای ئێران لەسێدارە دراوە و تەرمەکەی هێشتا رادەستی خێزانەکەی نەکراوەتەوە. چالاكوانانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان باسیان له‌وه‌ كردووه‌، جێبەجێکردنی سزای سێداره‌ی میلاد، لەژێر كاریگەریی سوپای پاسداران بەڕێوەچوو و ئێستا کەش و هەوای شاری مەلایر بە تەواوی به‌سه‌ربازی كراوه‌. دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران رێگری لە پێدانه‌وه‌ی تەرمی میلاد زەهرەوەند بە بنەماڵەکەی کردوه‌ و رایگەیاندووە، کە تەنیا لە حاڵەتێکدا ته‌رمه‌كه‌یان پێده‌درێته‌وه‌ کە رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی لە شاری مەلایر بەڕێوە نەچێت، ئه‌وكات تەرمەکەیان رادەست دەکەن. رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاندووە،  پێدەچێت بەخاكسپاردنی ئەم زیندانییە لەسێدارەدراوە بە شەو لە گوندی قشلاق عەبدولکەریمی سەر بە قەزای خەنداب لە مەلایر بەڕێوە بچێت. ئەم هاوڵاتییە لە خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا دەستگیرکرا، ناڕەزایەتییەکانی دژی حکومەتی ئێران و خۆپیشاندانەکانی ژینا  دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ  لە 16ـی ئەیلوولی 2022 دەستیپێکرد، کە لەلایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە دەستبەسەرکرا و دواتر لە نەخۆشخانەیەکی شارەکە گیانی لەدەستدا. 

هاوڵاتی ئه‌ڤیچای ئه‌درایی، وته‌بێژی سوپای ئیسرائیل ئه‌مڕۆ هه‌ینی په‌یامێكی ئاڕاسته‌ی دانیشتوانی كه‌رتی غه‌ززه‌ كرد و ڕایگه‌یاند، هێشتا شه‌ڕ كۆتایی نه‌هاتوه‌، جێبه‌جێكردنی ئاگربه‌ست بۆ مه‌به‌ستی مرۆیی به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی دێت. دەشڵێت، ناوچه‌ی باكوری كه‌رتی غه‌ززه‌ ناوچه‌یه‌كی شه‌ڕی مه‌ترسیداره‌ و جوڵه‌ به‌ده‌وریدا قه‌ده‌غه‌یه‌، بۆ سه‌لامه‌تیتان ده‌بێت له‌ ناوچه‌ی مرۆیی له‌ باشوری ستریپ بمێننه‌وه‌. سەبارەت بە گەڕانەوەی بەشێکی ئاوارەکان بۆ کەرتی باکوری غەززە وته‌بێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، "ته‌نیا هاتووچۆ بۆ چوونه‌ باشووری غه‌ززه‌ رێگه‌پێدراوه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ باكوور رێگه‌پێدراو نییه‌. ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 24ـی تشرینی دووه‌می 2023) ئاگربه‌ستی نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس ده‌ستیپێكرد و بڕیاره‌ چوار رۆژ بخایه‌نێت. ئەم ئاگربەستە کاتییە  رۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ به‌ نێوه‌ندگیری میسر و قه‌ته‌ر و ئه‌مریكا، به‌مه‌به‌ستی ئاڵوگۆڕی دیل و ده‌ستبه‌سه‌ركراوان له‌ نێوان هه‌ردولا و هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی یارمه‌تییه‌ مرۆییه‌كان بۆ ناو كه‌رتی غه‌ززه‌ ئه‌نجامدرا، هاوکات چونەژورەوەی بارهەڵگرەکانی هاوکارییە مرۆییەکان دەستیان بە چوونە ژورەوە کردووە بۆ ناو ئە کەرتە. دوێنێ پێنجشەممەش نووسینگەی راگەیاندنی حکومی لە غەززە ئاشکراشی كرد، ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە، به‌هۆی هێرشه‌كانی ئیسرائیل گەیشتە 14 هەزار و 854 کەس، هەروەها لە نێو کوژراوەکاندا شەش هەزار و 150 منداڵ و چوار هەزاریش ئافرەتن. نووسینگەی راگەیاندنی حکومی لە غەززە ئاماژەی به‌وه‌ش كردبوو، ژمارەی بریندارەکان بۆ زیاتر لە 36 هەزار کەس بەرزبووەوە، کە سێ بەشیان ژن و منداڵن و، زیاتر لە حەوت هەزار کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بێ سەروشوێنن

هاوڵاتی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵیت، بەردەوام دەبن لە بایکۆت و دوای 75 رۆژ سەرۆکی حکومەتی هەرێم "بیباکە" لە داواکارییەکانیان، دەشڵێت، "بە خۆپیشاندانێکی مەزن و چاوەڕوان نەکراو وەڵامی بێ باکیتان دەدەینەوە." دەستەی مامۆستایانی ناڕازی لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە، سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان "دەیانەوێت لەڕێگای بەڕێوەبەری پەروەردەکانیان فشار بکەن بۆ کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بەبێ جێبەجێکردنی هیچ کام لەداواکاریەکانمان، ئەم هەوڵە بێ باکانە نەک ساردمان ناکاتەوە ، بەڵکو سوورترمان دەکات لەسەر داکۆکی لەماف و داواکاریەکانمان، لەهەمانکاتدا بەخۆپیشاندانێکی مەزن و چاوەڕوان نەکراو وەڵامی بێ باکیتان دەدەینەوە." دەقی پەیامەکەی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی: بۆ ڕای گشتی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بابەت / بایکۆت بەردەوام دەبێت . بەڕێزان ، مامۆستایانی مافخوراوی هەرێمی کوردستان ئاشکرایە دوای زیاتر لە ٧٥ ڕۆژ لەبایکۆتی پڕۆسەی خوێندن سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت نەک هەر گوێیان نەگرت ، بەڵکو خەمساردانە و بێ باکن لە ئاست پڕۆسەی خوێندن و قوتابیان و خوێندکارانیان دەڕوانی بۆ جارێکیش لەنزیکەوە گوێیان نەگرت! ئێستاش دەیانەوێت لەڕێگای بەڕێوەبەری پەروەردەکانیان فشار بکەن بۆ کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بەبێ جێبەجێکردنی هیچ کام لەداواکاریەکانمان. ئەم هەوڵە بێ باکانە نەک ساردمان ناکاتەوە ، بەڵکو سوورترمان دەکات لەسەر داکۆکی لەماف و داواکاریەکانمان، لەهەمانکاتدا بەخۆپیشاندانێکی مەزن و چاوەڕوان نەکراو وەڵامی بێ باکیتان دەدەینەوە . بۆیە ئێستاش زووە بۆ قەرەبوو کردنەوەی خوێندن و کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن ، ئەگەر ئێوە دەست هەڵگرن لەعینادی و داهاتی ناوخۆ و داهاتی خاڵە سنوریەکان و داهاتی تەنکەرە ناوتیەکانتان بکەنە قوربانی بۆ بەردەوامی پڕۆسەی خوێندن . داواکارین لەسەرجەم مامۆستایانی مامۆستایان { دامەزراو ، وانەبێژ } کەسوکاری قوتابیان و خوێندکاران بۆ ماف و داهاتووی ڕۆڵەکانتان پشتیوان و پشتگیرمان بن. دەستەی نوێنەرانی ناڕازی لە هەرێم ٢٣ ی ١١ ی ٢٠٢٣ زاینی پێنج شەممە

سەركۆ جەمال چوار ساڵە پارتی و یەكێتی و لایەنەكانی هەرێمی كوردستان، لەسەر یاسای هەڵبژاردن و بەتایبەتیش كۆتاكان ناكۆكن، ئێستاش لەچاوەڕوانی بڕیارێكی دادگای فیدراڵی عێراقدان بۆ بڕیاردان، یەكێتی پێی وایە پێكهاتەكان لەلایەن پارتییەوە بەكاردەهێندرێن، بۆیە سكاڵای لەسەر كورسی كۆتاكان ئەنجامداوە، پارتیش قسەكردنی لەوبارەیەوە هەڵگرتووە بۆ دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی، توركمانەكانیش سكاڵاكەی یەكێتی بەهەڕەشە لەسەر ناسنامەی نەتەوەییان لێكدەدەنەوەو پەنایان بۆ نەتەوەیەكگرتووەكان و كونسوڵی وڵاتان بردووە. لەڕۆژی 2-5-2023 یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و لیستی رافیدەین لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەدادگای فیدراڵی عێراق سكاڵایەكیان لەدژی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان ژمارە یەكی ساڵی 1992ی هەمواركراو تۆماركرد، لەسكاڵاكەدا داوا دەكەن هەمواری ماددەكانی (1-9-15-22-36)ی هەموارەكە هەڵبوەشێتەوەو بگەڕێنرێتەوە سەر بنەڕەتەكەی. زیاد جەبار، وەك سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان سكاڵاكەی تۆماركردووەو پاشانیش ئامانج شەمعون وەك ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و نوێنەری كریستیانەكان بەهەمانشێوە سكاڵای لەسەر یاساكە تۆمار كردووە. زیاد جەبار لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئەو سكاڵایە لەسەر پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمەو بەهیچ شێوەیەك دژی هیچ پێكهاتەو لایەنێك تۆمار نەكراوە، چوار ساڵە ئێمە لەهەوڵداین كێشەی كۆتاكان چارەسەر بكەین كە لایەنێكی سیاسی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاریاندەهێنێت». وتیشی:»پێشتریش بەتوركمانەكانمان وتووە نابێت رێگەبدەن هیچ لایەنێكی سیاسی بەكاریان بهێنێت، بەڵكو خۆیان بتوانن نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت لەپەرلەمانی كوردستان، سكاڵاكەش تەنها لەسەر كورسی پێكهاتەكان نییە، بەڵكو بەشێكی لەسەر ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانە». «لەعێراق بۆ هەر 100 هەزار كەسێك یەك نوێنەر دەچێتە پەرلەمان، بۆیە پێویستە لەهەرێمی كوردستانیش بەوشێوەیە بێت، دووان لەماددەكانیش پەیوەندی بەكۆمسیۆن و بایۆمەتری و كارتی دەنگدانەوە هەیە، بەڵام پاش ئەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان درایە دەست كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەو سكاڵایانەی پەیوەستە بەو پرسانەوە كۆتایی هاتووە». زیاد جەبار وای وت. ئەگەر دادگای فیدراڵی عێراق لەدانیشتنی داهاتوو كەدواخراوە بۆ 3-12-2023 سكاڵاكە پەسەندبكات، ژمارەی كورسیەكانی پەرلەمانی كوردستان لە 111 كورسییەوە دەبێتە 105 كورسی، بەوەش كورسی توركمانەكان و كورسییەكی ئەرمەنەكان لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان هەڵدەوەشێتەوەو تەنها پێنج كورسی پێكهاتەی مەسیحیەكان لەپەرلەمانی كوردستان دەمێنێتەوە. هاوڵاتی پەیوەندی بەچەندین بەرپرسی توركمان و ئەندامانی پەرلەمان لەلیستی توركمانی كرد لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، وەڵامی پەیوەندیەكانیان نەدایەوە. بەڵام مونا قەهوەچی، كە لەسەر لیستی كۆتای توركمانەكان لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان وەك سكرتێری پەرلەمانی كوردستان دەستبەكاربوو، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هەڵوێستی لایەنە توركمانەكانی سەبارەت بەسكاڵاكەی یەكێتی لەدادگای فیدراڵی راگەیاند. قەهوەچی لەكۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا دەڵێت:» دەرئەنجامی كۆبوونەوەی حزب و لایەنە توركمانیەكان و رێكخراوەكانی توركمان ئەوەیە كەگرنگە سیستەمی كۆتا وەك خۆی بمێنێت و پاشەكشێی لێنەكرێت، جگە لەوەی لایەنە توركمانیەكان لەگەڵ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردین لەوكاتەی دیاریكراوە بەڕێزگرتن لەڕاو بۆچوون و مافی پێكهاتەكان». سكرتێری خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان وتیشی:»داوای هاوكاری و پشتیوانی لەسەرجەم لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین كەڕێگە نەدەن رۆڵی پێكهاتەكان لەهەرێمی كوردستان بچووك بكرێتەوە، ژمارەیەكی زۆر لەهاووڵاتیانی توركمان دانیشتووی پارێزگای هەولێرن نابێت مافیان پێشێل بكرێت». «سیستەمی كۆتا لەلایەن توركمانەوە بۆیە قبوڵ كراوە چونكە تائێستا لەعێراق و هەرێمی كوردستان سەرژمێرییەكی گونجاو ئەنجام نەدراوەو رێژەی راستەقینەی پێكهاتەی توركمان دیارینەكراوە، بۆیە پێكهاتەی توركمان داوای پاڵپشتی و هاوكاری لەنەتەوەیەكگرتووەكان و كونسوڵگەری سەرجەم وڵاتان لەهەرێمی كوردستان دەكات رێگری بكەن لەپێشێلكردنی مافی پێكهاتەی توركمان و رێگەش نەدرێت هیچ لایەنێكی سیاسی لەهەرێمی كوردستان دەستتێوەردان لەمافی پێكهاتەی توركمان لەهەرێم بكات، هەر دەستكاریكردنێكی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و نەمانی كورسی كۆتای توركمان كۆتایی پێكهاتەی توركمانە، ئەوەش بەمانای سڕینەوەی ناسنامەو مێژوو و شارستانیەت و بوونی سیاسی نەتەوەیی توركمانە كەبەشێكە لەخاكی عێراق و هەرێمی كوردستان». مونا قەهوەچی وادەڵێت. پێشتر سەبارەت بەبڕیارەكە، بەسام عەلی، بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئێمە پێشتریش لەسەر لیستی تۆماری دەنگدەران و كۆتاكان لەگەڵ لایەنەكان لەگفتوگۆدابووین، بەڵام بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بەنایاسایی بوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆكانی هەڵوەشاندەوە، بۆیە دواجار دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاردەدات لەسەر ئەو سكاڵایانەی لەسەر هەڵبژاردنی هەرێم هەن و دواتر دەبێت لایەنەكانی هەرێم پابەندی هەر بڕیارێك بن كەدادگاكە دەیدات». پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەساڵی 2005، یەك هەڵبژاردن كرا كەساڵی 1992 بوو. لەساڵی 2004 یاساكە هەمواركراو ماددەی 9ـی لادرا كەباسی لەوە دەكرد، «هەرێمی كوردستان لەچەند ناوچەیەكی هەڵبژاردن پێكدێت بەمەرجێك لەچوار ناوچە تێنەپەڕێت»و كرایە یەك بازنەی هەڵبژاردن. ئەو ماددەیە یەكێكە لەو ماددانەی تانەیان لێدراوە. بڕیارە لە 25ـی شوباتی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت كە لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەكرێت. ئەو پێنج ماددەیەی تانەیان لێدراوە: ماددەی یەكەم: پەرلەمانی كوردستان - عێراق لە 111 ئەندام پێكدێت. ماددەی نۆیەم: هەرێمی كوردستانی عێراق بەیەك ناوچەی دەنگدان دادەنرێت. ماددەی 15: بۆ هەرێمی كوردستان، تۆمار بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەكانی هەڵبژاردن ئامادە دەكرێن بەپێی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەكان. ماددەی 22: هەر كیانێكی سیاسی لەهەرێمی كوردستان مافی هەیە لیستێكی تایبەت بەكاندیدەكانی خۆی لەسەر ئاستی كوردستانی عێراق پێشكەش بكات، كە رێژەیەك ژنی تێدابێت لە 30% كەمتر نەبێت. ماددەی 36: بەهۆی ئەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لەبری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم هەڵبژاردن بەڕێوەدەبات سكاڵاكەی سەری كۆتایی هاتووە. د.شۆڕش حەسەن، پسپۆڕی دەستووری پێی وایە دادگای فیدراڵی سەیری ئەوە دەكات كەئەو دەقە پێچەوانەیە لەگەڵ دەستوری عێراق یاخود نا، بەڵام هیچ شتێكی لەبەردەستدا نییە بۆ بڕیاردان. ئەو پسپۆڕە دەستورییە لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی:»دەستوری عێراق تەئكید لەوەدەكاتەوە كەدەبێت پەرلەمان هاوسەنگی بپارێزێت لەنێوان پێكهاتەكان و ئەمەش لەیاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وەكو یاسا جێگیركراوە بۆ پێكهاتەكان، بەڵام كێشەكە ئەوەیە سەرژمێرییەك نییە لەهەرێم ژمارەی پێكهاتەكان روون بكاتەوە، بۆیە دانانی پێنج كورسی بۆ توركمان رەنگە كەم نەبێت». وتیشی:» پێویستە یاساكە وای لێبكرێت دیاری بكات لەناوچەیەك توركمان یاخود هەر پێكهاتەیەك چەند كورسییان پێویستە، بۆیە هەڵەی یاساكە ئەوەیە، جگە لەوەی 111 كورسی تەرخانكراوە بۆ پەرلەمانی كوردستان، لەكاتێكدا ئەوە زۆرە چونكە تاژمارەی پەرلەمانتاران كەمتر بێت كاراتر دەبێت». د.شۆڕش حەسەن دەشڵێت:» ئەوەی لەهەرێمی كوردستان بۆ پێكهاتەكان دیاریكراوە هەڕەمەكییەو پێویستە جارێكی دیكە یاساكە بگۆڕێت بەپێی سەردەم بگونجێنرێت، بۆیە بەڕای من لەهەر پارێزگایەك هەڵبژاردن بازنەیەك بێت باشترە تا خەڵك بتوانێت نوێنەری راستەقینەی خۆی هەڵبژێرێت و بۆ ساختەكاریش زووتر كۆنترۆڵ دەكرێت». «لەهەرێمی كوردستان كێشەمان هەیە، یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكایەتی هەرێم و دەسەڵاتی دادوەریش كۆنن، چەندین جار هەمواركراون ئەمەش كەموكوڕییەكی گەورەیە پاش 30 ساڵ پێویستە یاسایەكی نوێ دابنێیت، ئەوەش فەوزایەكی تەشریعی دروستكردووە، ئەگەر پەرلەمانی نوێ لەهەرێمی كوردستان هەڵبژێردرا پێویستە یەكەم كاری ئەوەبێت، جگە لەوەش نەبوونی دەستور  كەموكوڕییەكی گەورەیە چونكە  ئەگەر دەستور شتێكی دیاریكرد ناتوانرێت دەستكاری بكرێت و دەبێت بۆ هەموو كێشەكان بگەڕێیتەوە بۆ دەستور «. د.شۆڕش حەسەن وای وت. بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، یەكێتی دڵنیایە لەوەی سكاڵاكەی لەدادگای فیدراڵی ئەنجامی دەبێت و ئەوەشی بەپارتی راگەیاندووە تاپێش ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاربدات لەبارەی كورسی پێكهاتەكانەوە رێككەوتن ئەنجامبدەن، بەڵام پارتی رەتیكردووەتەوە لەوبارەیەوە هیچ رێككەوتنێك ئەنجامبدات و بەیەكێتی راگەیاندووە دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی لەوبارەیەوە هەڵوێستی خۆیان دەردەبڕن. لەكۆبوونەوەی رۆژی 9-10-2022ـی پەرلەمانی كوردستان، بەدەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ 31-12-2023 درێژكرایەوە، لەكاتێكدا 6-11-2022 تەمەنی خولەكە كۆتایی دەهات. رۆژی 30ی ئایاری 2023، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانی بەنادەستووری دانا، بەگوێرەی بڕیارەكە، هەموو ئەو بڕیارانەی لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانەوە دراون (واتا دوای 6ـی 11ـی 2022)، بەپووچەڵ دەژمێردرێن، لەناویاندا شەش یاساو بڕیاری ژمارە 10ـی پەرلەمان، كە بەپێی بڕیارەكە، پارتی پێی وابوو كۆمیسیۆن كاراكراوەتەوە، یەكێتیش رەتی دەكردەوەو ئەمەش ناكۆكیی لەنێوان هەردوولادا دروستكرد. پێشتر سەرچاوەیەك لەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەهاوڵاتی وت:» رێوشوێنەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەر ئەوانە دەبن كە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دەكرێن، بەڵام چەند سكاڵایەك هەن ئەگەر یەكلابنەوە كۆمسیۆن لەدوای ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی عێراق رێنمایی دەردەكات بۆ تۆماركردنی لیست و قەوارەكان، چونكە بڕیارێكی جیاواز هەموو شتێك دەگۆڕێت». رۆژی 19-11-2023، جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق  رایگەیاند: 38 پارتی سیاسی بۆیان هەیە بەشداری لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن، ئەو حزبانە بەشێكیان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان مۆڵەتیان هەیەو بەشێكی دیكەشیان بەپێی یاسای حزب و رێكخراوە سیاسییەكان لەلایەن فەرمانگەی پارتە سیاسییەكانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق تۆماركراون. وتیشی: لەو 38 حزبە 17 حزبیان لەوەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای ژمارە 17ی ساڵی 1993ی هەرێمی كوردستان تۆماركراون، هەروەها 21 حزبیشیان بەپێی یاسای حزب و رێكخراوە سیاسییەكانی عێراق ژمارە 36ی ساڵی 2015 تۆماركراون.

هاوڵاتی  گروپی مقاوەمەی ئیسلامی رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و لەگەڵ سەربازانی ئەمریکی رووبەرووبونەتەوە و لە ئەنجامیشدا کەسێکیان لیکوژراوە و "ژمارەیەک سەربازی ئەمریکیش کوژراون." مقاوەمەی ئیسلامی یەکێکە لەو گروپانەی کە لەدوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە چەندین جار هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووەتە سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد و بنکەی سەربازی ئەمریکییەکان لە فرۆکەخانەی هەریر لە هەرێمی کوردستان. لە راگەیاندراوێکدا گروپەکە دەڵێت، رووبەرووبونەوەی نزیک لەگەڵ سەربازانی ئەمریکی لە بنکەی عەین ئەسەد روویداوە و بە چەکی ئاڕ پی جی هێرشیان کردووەتەسەر قولـلەکانی بنکە سەبازییەکە و لەئەنجامی رووبەرووبونەوەکەدا کەسێکیان لێکوژراوە و چەند سەربازێکی ئەمریکیشیان "کوشتووە." گروپەکە دەشڵێت، چەندین گوللـە هاوەن و چەکی سووک و قورسیان لە هێرشەکەدا بەکارهێناوە. تا ئێستا حکومەتی عێراق و ئەمریکا هێرشەکەیان پشتڕاستنەکردووەتەوە بەڵام وێبسایتی شەفەق نیوزی عێراقی لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی هێرشەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و دەڵێت،رووبەرووبونەوەی چەکداری لەنێوان سەربازانی ناو بنکەکە و ژمارەیەکی نەزانراوی چەکدار رویداوە. بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی گروپەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا، ئەمریکا چەند جارێک بە فڕۆکەی جەنگی ئەو گروپانەی بە ئامانج گرتووە و دواین هێرشیشی لە رۆژی چوارشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2023 بوو کە چەند بارەگایەکی سەربازی حەشدی شەعبی بە ئامانج گرت.

هاوڵاتی  حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەگەر ئاگربەستی نیوان حەماس و ئیسرائیل درێژ نەکرێتەوە ئەوا ئەگەری هەیە جەنگ پەرە بستێنێت و بەرەیکی تری جەنگ بکرێتەوە. حیزبوڵڵای لوبنان رۆژی پێنج شەممە ٢٣ی تشرینی دووەمی 2023، رایگەیاند حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵا ، رێبەری ئەو حیزبە کۆبووەتەوە و لەدوای کۆبوونەوەکە عەبدوڵاهیان بە  کەناڵی مەیادینی لوبنانی راگەیاندووە، "ئەگەر ئاگربەست درێژە نەکێشێت، جەنگ پەرە ئەستێنێ و ناوچەکە ئەگرێتەوە." وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کردووە، "پێشتر جیهانمان لەمە ئاگادار کردبوەوە ئەگەر تاوانەکان رانەگیرێن، گروپەکانی تری بەرەی بەرگری دێنە ناو جەنگەکەوە." راگرتنی کاتی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل بڕیاربوو رۆژی پێنج شەممە ٢٣ی تشرینی دووەم دەست پێبکات، بەڵام لە دوایین ساتەکاندا گۆڕانکاری بەسەردا هات و وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاشکرایکرد کە ئاگربەستەکە سبەی هەینی دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و دوانیوەڕۆی هەمان رۆژ 13 بارمتەی ئیسرائیل ئازاد دەکرێن. حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی پێنج شەممە دوای کۆبونەوە لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵا لە لوبنان، بەیروتی بەرەو دۆحەی پایەختی قەتەر جێهێشت بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە. ئەمە پێنجەمین سەردانی ئەمیر عەبدوڵاهیانە بۆ وڵاتی قەتەر لەو کاتەوەی بووەتە وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە. عەبدوڵاهیان لە سەردانی پێشویدا لە دۆحە لەگەڵ ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەب سیاسی حەماس کۆبوەوە. حەماس یەکێکە لەو گروپانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێت و ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپا ئەم گروپەیان خستووەتە لیستی تیرۆرەوە.

هاوڵاتی  دوو بومەلەرزەی بەهێز لە پارێزگای مەلاتیای باکوری کوردستان روویدا و خەڵکی پارێزگاکە بۆ سەلامەتی خۆیان هاتوونە سەر شەقامەکان. سه‌رۆكایه‌تی ئیداره‌ی كاره‌سات و باری له‌ناكاوی توركیا رایگەیاند، دوو بومەلەرزەی یەک لەدوای یەک ئێوارەی ئەمڕۆ لە پارێزگای مەلاتیا رویداوە بە گوڕی 5.2 پلەی رێختەر و 4.7 پلەی رێختەر.  بەپێی ئیدارەکەی تورکیا، بومەلەرزەی یەکەم لە کاتژمیر 5:46 خولەک رویداوە و قوڵای بومەلەرزەکە 6.99 کم بووە و بومەلەرزەی دووەمیش لەکاتژمێر 5:49 خولەک رویداوە کە قوڵاییەکەی 6.36 کم بووە.  هێشتا نازانرێت زیانەکانی بومەلەرزەکان چین، بەڵام لە چەندین ڤیدیۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەردەکەوێت کە خەڵکی پارێزگاکە بەهۆی ترسێکی زۆرەوە لە روودانی بومەلەرزەی تر هاتوونە سەر شەقامەکان و جەنجاڵی دروست بووە.  تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرجار بومەلەرزە تێیدا روودەدات بەهۆی ئەوەی لەسەر هێڵی پلێتی ئەنادۆڵە کە ناوچەیەکی پڕ بومەلەرزەیە.  لە سەرەتایی ئەمساڵەوە لە 6ی شوباتی 2023 بومەلەرزەیەکی بەهێز لە تورکیا رویدا و بەهۆیەوە زیاتر لە 50 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.

هاوڵاتی  وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل سبەینی کاتژمیر 7ی بەیانی دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەسەرەتاوە 13 بارمتەی دەستی حەماس ئازاد دەکرێن.  ماجید ئەنساری، وتەبێژێکی قەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی تشرینی دووەمی 2023، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ئاگربەستەکەی نێوان حەماس و ئیسرائیل سبەینێ هەیینی لە کاتژمێر 7ی بەیانی (کاتژمێر 8 بەکاتی هەرێمیی کوردستان) دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.  ماجید ئەنساری باسی لەوەشکرد لە قۆناغی یەکەمدا 13 بارمتەی دەستی حەماس لە کاتژمیر 4ی دوانیوەڕۆی هەمان رۆژ  ئازاد ەکرێن کە هەندێکیان ژنن و هەندێکیان منداڵن و ئەم پرۆسەیە بۆ چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت تا ئازادکردنی دیلەکان تەواو دەبێت. وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاماژەی بەوەکرد کە بارمتەکان دەدرێنە دەست رێکخراوی مانگی سوور و بۆ ئەوەیە کە سەلامەتییان پارێزراو بێت لە ناوچەی جەنگدا.  ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی رێککەوتنەکەی حەماس و ئیسرائیل بەنێوەندگیری قەتەر، 50 بارمتەی ئیسرائیلی لەبەرامبەر 150 زیندانی فەڵەستینی ئازاد دەکرێن و ئاگربەستەکەش بۆ ماوەی چوار رۆژ دەبێت.  لەماوە 46 رۆژی جەنگدا زیاتر لە 14 هەزار کەس لە فەڵەستین و هەزار و 200 کەس لە ئیسرئیل کوژران.