هاوڵاتی  ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (سێنتکۆم) رایگەیاند لە لایەن حووسییەکانی یەمەنەوە هێرشی مووشەکی کراوەتە سەر کەشتی سەربازی (یو ئێس ئێس مەیسین). بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا، کەشتی سەربازی (یو ئێس ئێس مەیسیۆن) بۆ یارمەتی کەشتی بازرگانی سەنتراڵ پارک، کە هەوڵی رفاندنی درابوو، چبووە کەنداوی عەدەن. بەرەبەیانی دووشەممە ٢٧ی تشرینی دووەمی 2023، لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکانەوە هێرشی مووشەکی کراوەتە سەر ئەم کەشتییە سەربازییە و دوو مووشەکی بالستیکی بەرەو کەشتییەکە هەڵدراوە و سێنتکۆم دەڵێت، مووشەکەکان لە دووری ١٠ میلی کەشتییەکە خراونەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی ماددی و گیانی نەبووە. بە پێی زانیارییەکانی سێنتکۆم، کەشتی مەیسیۆن، پێش هێرشەکە توانیبووی رێگری بکات لەوەی کەشتی سێنتراڵ پارک لە لایەن  هێرشبەرەکانەوە بڕفێندرێت. بە پێی ئەم راپۆرتە، دوای نزیکبوونەوەی کەشتی ئەمریکایی (یو ئێس ئێس مەیسیۆن) لە کەشتی بازرگانی سێنتراڵ پارک کە ئاڵای لیبریای لەسەر بوو و سەر بە کۆمپانیای زودیاکە، ٥ کەسی هێرشبەری چەکدار هەوڵی هەڵاتنیان دا. بەڵام دەستگیرکراون. سێنتکۆم ئاماژەی بە ناسنامەی چەکدارەکان نەداوە، بەڵام رایگەیاندووە ئەم ٥ کەسە دەستگیرکراون. بە پێی راگەیاندنی زۆدیاک، هیچ زیانێک بە کەشتی سێنتراڵ پارک کە بارەکەی "ئەسید سۆلفۆریک" بووە نەگەیشتووەو ٢٢ کەس لە ناو کەشتییەکەدا بوون کە هاوڵاتی وڵاتانی، بولگاریا، تورکیا، جۆرجیا، ڤیەتنام، هیندستان و رووسیا و فیلیپینن، بە تەندروستی تەواوەوە لە کەشتییەکەدا. دەوترێت، کەشتی سێنتراڵ پارک سەر بە کۆمپانیای زودیاکە کە بازرگانی ئیسرائیلی بە ناوی (ئەیال ئۆفێر) خاوەنی ئەو کۆمپانیایە. هەفتەی رابردوو، حووسییەکانی یەمەن، دەستیان بە سەر کەشتییەکی بازرگانیدا گرت لە دەریای سوور کە دەوترێت سەر بە ئیسرائیلە.

هاوڵاتی  کۆبونەوەی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغداد دەستیپێکرد.  کۆبوونەوەکە لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و پڕۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت و چەند پرسێکی تر. بەپێی زانیارییەکان شاندەکەی حکومەتی هەرێم چەند پێشنیارێک دەخاتە بەردەم سەرۆکوەزیرانی عێراق و یەکێک لە پێشنیارەکان لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە کە تا یاسای بودجەی عێراق هەموار دەکرێتەوە، حکومەتی عێراق پارە بۆ دابینکردنی مووچەی سێ مانگی دیکەی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، واتە بۆ مانگەکانی 10 و 11 و 12. ئەو پێشنیارە بەجۆرێکە کە حکومەتی هەرێم داوا دەکات وەک سێ مانگی رابردوو بۆ هەر مانگێک بەغدا 700 ملیار دینار بنیرێت بۆ دابنیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

هاوڵاتی  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە گەڕانەوەی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پیشمەرگە کرد بۆ  وەزارەتی پێشمەرگە و دەڵێت، "هه‌نگاوێكى دروست و گرنگه‌ بۆ پرۆسه‌ى چاكسازى و يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌." سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا سەبارەت بە گەڕانەوەی شۆرش ئیسماعیل وەک وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند "هيواى سه‌ركه‌وتنی بۆ دەخوازین و هه‌موو پشتگيرييه‌كى لێده‌كه‌ين." ئەمڕۆ دووشەممە 27ی تشرینی دووەمی 2023 شۆڕش ئیسماعیل دوای زیاتر لە ساڵێک گەڕایەوە بۆ پۆستەکەی وەک وەزیری پێشمەرگە و رایگەیاند، "لەسەر داواکاری کۆمەڵێک خەمخۆر و لە ناوەو و دەرەوەی وڵات لەپێناو چاکەی گشتی و تێیەراندنی ئەم دۆخە و هەبوونی مەترسی جدی ئەمڕۆ کارەکانمان درێژە پیدەدەین." نێچیرڤان بارزانی لەسەر گەڕانەوەی شۆرش ئیسماعیل بۆ وەزارەتی پیشمەرگە وتی، "هه‌نگاوێكى دروست و گرنگه‌ و يارمه‌تيده‌ر ده‌بێت بۆ به‌ڕێوه‌چوونى باشترى پرۆسه‌ى چاكسازى و يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌." سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "دۆخى هه‌رێمى كوردستان و ئاڵنگارييه‌كان له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى وا ده‌خوازێت لايه‌نه‌ سياسييه‌كان، به‌تايبه‌تى پارتى و يه‌كێتى، ته‌بايى و يه‌كڕيزيى نێوانيان پته‌وتر بكه‌ن و بگه‌نه‌ لێكگه‌يشتنى هاوبه‌ش بۆ نه‌هێشتنى ناكۆكييه‌كان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان. له‌م پێناوه‌دا‌ ئێمه‌ له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌وڵ و كۆششى به‌رده‌وامدا ده‌بين."

هاوڵاتی  مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەلی ریزا گونەی، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کرد و حکومەتی هەرێم دەڵیت، باڵیۆزی تورکیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەربڕی. ئەمڕۆ دووشەممە 27ی تشرینی دووەمی 2023 مەسرور بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا کۆبوویەوە گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی بارودۆخی گشتیی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە تاوتوێکران و جەخت لە برەودان بە پەیوەندییەکان لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانکاریکردن بۆ هاتووچۆ و گەشتکردن لە نێوان هەردوولادا کرا. بەشێکی تر لە کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند باڵیۆزی تورکیا ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردن دەربڕی.

هاوڵاتی  شۆرش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، لەسەر گەڕانەوەی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، لەپێناو "چاکە و چاکسازی گشتی" گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتەکە و بەردەوام دەبێت لە کارەکەی. ئەمڕۆ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گەڕانەوەی خۆی بۆ وەزارەتەکە دوای زیاتر لە ساڵێک راگەیاند و وتی، "لەسەر داواکاری کۆمەڵێک خەمخۆر و لە ناوەو و دەرەوەی وڵات لەپێناو چاکەی گشتی و تێیەراندنی ئەم دۆخە ئەمڕۆ کارەکانمان درێژە پیدەدەین." وەزیری پێشمەرگە هۆکاری دەستبەکاربوونەوەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "ماوەیەکی زۆر بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری نەخوازراوە دوورکەوتمەوە لە ئەرکەکەم، لەو ماوەیەدا وەزارەتی پێشمەرگە بە دۆخێکی دژواردا تێپەڕیووە لە هەماهەنگی و لەمپەر و گرفت بۆ پرۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزەکان لەکاتێکدا ناوچەکە بە دۆخی سیاسی و سەربازی دژواردا دەڕوات و مەترسی جیدی لە ئارادان بۆیە ئەم دۆخە مایەی نیگەرانی من و ئەفسەران و دۆستەکانمان بوون لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بۆیە هەموو لایەک داواکار بوون ئەو دۆخە بۆ هەتا هەتایی کۆتایی بێت." شۆڕش ئیسماعیل لە بەشێکی تری قسەکانیدا داوای لە هاوپەیمانان کرد کە بەردەوام بن لە هاوکارییەکانیان بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە چونکە تا ئیستاش هەڕەشی تیرۆر لە ناوچەکەدا هەیە.

هاوڵاتی  شۆڕش ئیسماعیل گەڕایەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و وەک وەزیری وەزارەتەکە دەست دەکاتەوە بە کارکردن.  ئەمڕۆ دووشەممە 27ی تشرینی دووەمی 2023 شۆڕش ئیسماعیل دوای زیاتر لە ساڵێک گەڕایەوە سەر کارەکەی لە وەزارەتی پێشمەرگە و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم یاوەری کرد.  هاتنەوەی شۆڕش ئیسماعیل دوای کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی دێت لە سەرەتایی ئەم مانگەوە و مانگی رابردووش لیژنەی ئاشتەوایی یەکێتی سەردانی ناوبراویان کرد بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەکە.  هاوڵاتی لە راپۆرتێکیدا مانگێک لەمەوبەر ئەوەی ئاشکرا کرد کە شۆڕش ئیسماعیل دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی پیشمەرگە.

هاوڵاتی  شاندەکەی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا کە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەران لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە. کەمێک لەمەوبەر شاندەکەی هەرێم گەیشتە بەغدا بەمەبەستی گفتوگۆ سەبارەت بە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و پڕۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت و چەند پرسێکی تر. وەفدەکە پێکهاتووە لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان، د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، د. ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، د. عەبدول حەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و خالید هادی چاوشلی ڕاوێژکار لە ئەنجومەنی وەزیران و هەروەها هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی. پێشر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم رایگەیاند، ئامانجی سەردانەکەی وەفدی حکومەتی ھەرێم بۆ بەغداد گفتوگۆکردنە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەران و خەرجکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان و بۆئەو مەبەستەش وەفدەکە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە.

هاوڵاتی  مەلا مەهدی زێباری وتاربێژی ئایینی مزگەوتێکی ناوچەی دینارتەی سەر بە قەزای ئاکرێ لە وتاربێژی دوورخرایەوە و گواستراوەیەوە بۆ مزگەوتێکی تر دوای ئەوەی رەخنەی لە حکومەت گرت کە ماوەی دوو ساڵە نەوتی بۆ مزگەوتەکەی دابین نەکردووە. چەند رۆژێک لەمەوبەر مەلا مەهدی، لە گرتەیەکەی ڤیدیۆییدا وتی، "بۆ فەرمانگەکان و بارەگا حزبییەکان نەوت دابەش دەکرێت، بەڵام بۆ ئێمە نییە چونکە دەیانەوێت ئیهانەمان پێ بکەن و مەلا دەرۆزە بکات." لەسەر دوورخستنەوەی، مەلا مەهدی بە هاوڵاتی راگەیاند، "تەنها باسی نەوتم کردبوو ئەمرۆ ئەوقاف فەرمانی گواستنەوەی منی دەرکردوە بۆ مزگەوتێکی بچووک کە وتاری هەینی لێ ناخوێندرێتەوە ئەوەش وەک سزایەک تەنها بۆ ئەوەی من ووتاری هەینی نەدەم."  وتارەکەی مەلا مەهدی کە داوای نەوت لە خەڵک دەکات و رەخنەش لە حکومەت دەگرێت:   

هاوڵاتی  دەنگێکی بەهێز لە فڕۆکەخانەی هەریر بیسترا و هاوڵاتییانی ناوچەکە دەڵێن، ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە.  لە چەند ڤیدیۆیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە بڵاوبووەتەوە ئاگر و دوکەڵ لە فرۆکەخانەی هەریر دەبینیدرێت و دانیشتوانی نزیک فڕۆکەخانەکە دەڵێن کە دەنگێکی بەهێزیان لە دەوروبەری کاتژمیر 11:00ی ئەمشەو بیستووە.  شایەتحاڵەکان باس لەوەش دەکەن کە دەنگی درۆن لە ئاسمانی ناوچەکە بیستراوە و ماوەیەک بە ئاسمانی هەریردا سووراوەتەوە.  ئەمە جاری یەکەم نییە کە هێرش دەکرێتە سەر فرۆکەخانەکە و لەسەرەتایی سەرهەڵدانی جەنگی حەماس و ئیسرائیل چەند جارێک هێرش کراوەتە سەری کە بەشیکی زۆری گروپی مقاوەمەی ئیسلامی ئەنجامدانی لە ئەستۆ گرتووە.

هاوڵاتی  دارا سێکانیانی، پەرلەمانتاری یەکگرتوو لە عێراق رایگەیاند لیژنەی بەرگری لە پەرلەمانی عێراق و ئاسایشی عێراق پێیان راگەیاندووە کە حکومەتی هەرێم داوایکردووە رێگری لە مامۆستایانی ناڕازی بکرێت بۆ چوونیان بۆ بەغدا و ئەنجامدانی خۆپیشاندان. دارا سێکانیانی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند، "دوای بەدواداچونمان لە بەغدا لیژنەی بەرگری و ئاسایشی عێراق پێیان ڕاگەیاندین حکومەتی هەرێم داوایکردوە ڕێگە نەدرێ مووچەخۆرانی هەرێم بێنە بەغداد و ڕێگەیان پێنەدرێ خۆپیشاندان بکەن."  ئەمڕۆ یەکشەممە لە نزیک کەرکوک و لە بازگەی چیمەن مامۆستایان رێگرییان لێکرا بۆ ئەوەی بچنە نێو بەغدا تا خۆپیشاندان ساز بکەن بۆ داواکردنی مووچە و چەند داواکارییەکی تر و دوای گەڕانەوەیان بۆ سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند کە بەردەوام دەبن لە بایکۆت و  رێگریکردنیان بۆ بەغدا "ئەنجامی رێککەوتنێکی سیاسی نێوان هەرێم و بەغدا" بوو. 

هاوڵاتی  دەستەی مامۆستایانی ناڕازی رایگەیاند سبەینێ دەوامی ئاسایی ناکەن و بەردەوام دەبن لە بایکۆت، دەشڵێت رێگریکردن لە چوونی مامۆستایان بۆ بەغدا "ئەنجامی رێککەوتنێکی سیاسی نێوان هەرێم و بەغدا" بوو.  دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە نزیک کەرکوک و لە بازگەی چیمەن مامۆستایان رێگرییان لێکرا بۆ ئەوەی بچنە نێو بەغدا تا خۆپیشاندان ساز بکەن بۆ داواکردنی مووچە و چەند داواکارییەکی تر، دەستەی مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی رایگەیاند، سبەی دووشەممە 27ی تشرینی دووەمی 2023 خۆپیشاندانی فراوان دەکەن و ناچەنە نێو هۆڵەکانی خوێندن و رێگریکردنیان لە چوونیان بۆ بەغدا "رێککەوتنێ نێوان حکومەتی عێراق و هەرێم بووە و ئێستا دوو حکومەت دژی مامۆستایانن." ئەمە لەکاتێکدایە کە بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی گشتی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، ئاگاداری سەرجەم بەرێوەبەری قوتابخانە و خوێندنگەكانی سنوری پەروەردەی رۆژهەڵاتیان کردووەتەوە بۆ ئەوەی خوێندكارەكانیان ئاگادار بكەنەوە، كە سبەی دووشەممە دەرگاكانی ناوەندەكانی خوێندن دەكرێتەوە.  لەسەر بڕیارەکەی بەرێوبەرایەتی گشتی سلێمانی، دەستەی مامۆستایانی ناڕازی رایگەیاند، "سبەینی وەڵامی هەموو ئیمزاکان دەدەینەوە و بەوپەڕی تووڕەییمانەوە چۆك دادەدین بەوانەی رێزی مامۆستاکان ناگرن."  

هاوڵاتی  سوپای ئیسرائیل رایگەیاند 14 بارمتەی تری ئیسرائیل لەلایەن حەماسەوە ئازادکراون و رادەستی رێکخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی کراون.  سوپای ئیسرائیل دەڵێت، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە رێکخراوی خاچی سوورەوە بەدەستیان گەشتووە، 14 بارمتەی ئیسرائیلی و سێ بارمتەی بیانی رادەستی رێکخراوەکە کراون. ئەمە بەشی سێیەمی ئازادکراوەکانی ئیسرائیلە لەلایەن حەماسەوە و لە دوو رۆژی رابردووشدا 26 بارمتەی ئیسرائیلییان ئازادکرد. تا ئێستاش نزیکەی 80 فەڵەستینی ئازادکراون. ئاگربەستەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماس تەنها دوو رۆژی ماوە و دەبێت تا کۆتایی ئاگربەست حەماس 50 بارمتە ئازاد بکات لەبەرامبەر ئازادکردنی 150 زیندانی فەڵەستینی لەلایەن ئیسرائیلییەوە.    

هاوڵاتی  کەشتییەکی تری ئیسرائیلی لە کەنداوێکی یەمەن دەستی بەسەرداگیرا و هێشتا هیچ گروپ و لایەنێک بەرپرسیارییەتی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.  ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی ئەمریکی رایگەیاند کەشتی سێنتراڵ پارک لە کەنداوی عەدەن لە یەمەن دەستی بەسەرداگیراوە کە لەلایەن کۆمپانیای زۆدیاک ماریتایمەوە بەرێوەدەبرێت. بەپێی زانیاری ئاژانسەکە، کۆمپانیای زۆدیاک ماریتایم لەلایەن ئیال ئۆفەر، ملیاردرێرێکی ئیسرائیلییەوە خاوەندارییەتی دەکرێت. لە راگەیاندراوێکدا کۆمپانیاکە دەڵێت، "کاری لەپیشینەمان سەلامەتی ئەو 22 کارمەندەیە کە لە کەشتییەکەدا بوون و کاپتنەکەی تورکییە و کارمەندەکانی تریش خەڵکی چەند وڵاتێکی ترن، لەوانە رووسی، ڤێتنامی، بولگاری، هندی، جۆرجی و هەروەها فلیپینی." ئەو ناوچەیەی تێیدا کەشتییەکە دەستی بەسەرداگیراوە لەژێر دەسەڵاتی حوسییەکانی یەمەندا نییە و لەژیر کۆنترۆڵی حکومەتی یەمەندایە کە لەلایەن سعودییەوە پشتگیری دەکرێت. تا ئیستا هیچ لایەنێک دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.  ئەمە سێیەم کەشتییە لەکاتی سەرهەڵدانی جەنگی حەماس و ئیسرائیلەوە لە یەمەن دەستی بەسەردا دەگیرێت و هەفتەی رابردوو حوسییەکانی یەمەن دەستیان بەسەر کەشتی گالاکسی لیدەردا گرت و تا ئیستاش کەشتییەکە ئازاد نەکراوە.

هاوڵاتی بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی گشتی سلێمانی رایگەیاند، ئاگاداری سەرجەم بەرێوەبەری قوتابخانە و خوێندنگەكانی سنوری پەروەردەی رۆژهەڵات دەكەنەوە بۆ ئەوەی خوێندكارەكانیان ئاگادار بكەنەوە، كە سبەی دوشەممە دەرگاكانی ناوەندەكانی خوێندن دەكرێتەوە، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانیش دەڵێت داوایانكردووە دەوام دەستپێبكاتەوە بەڵام نازانن بەڕێوەبەری قوتابخانەكان جێبەجێی دەكەن یاخودنا. ئەمڕۆ یەكشەممە، تریفە محەمەد بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی و شەماڵ غەفور سەرپەرشتیاری یەكەمی پەروەردەیی و جەمال مەحمود لێپرسراوی هۆبەی كارگێڕی لەناو دیوان، لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانە بنەڕەتیەكانی قۆناغی (١-٦)، كۆبوونەوە. دوای كۆبونەوەكە، بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی بە نووسراوی فەرمی بەڕێوەبەری باخچەكانی منداڵان و سەرجەم قوتابخانەكانی لە دەستپێكردنەوەی دەوام ئاگاداركردەوە لە ڕۆژی دووشەممەدا. لەوبارەیەوە عومەر محەمەد جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی بەهاوڵاتی وت: وەك لەنوسراوەكەدا هاتووە داوامانكردووە دەوام دەستپێبكاتەوە، بەڵام جارێ نازانین بەڕێوەبەری قوتابخانەكان داواكە جێبەجێ دەكەن یاخود نا. ئەوەش لە كاتێكدایە، ماوەی زیاتر لە دو مانگە مامۆستایان و وانەبێژان بەهۆی دواكەوتنی موچەكانیان و راگرتنی پلەبەرزكردنەوە و دانەمەزراندنی وانەبێژان لەسەر میلاكی گشتی بایكۆتی دەوام و هۆڵەكانی خوێندنیان كردوە و بڕیارە سبەینێ دووشەممە، مامۆستایانی ناڕازیی لە دژی دواكەوتنی مووچە، ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوە خۆپیشاندان بكەن. هەفتەی ڕابردووش ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بڕیاری دا سبەینێ دووشەممە، دەست بە دەوام بكرێتەوە و داواشی لە مامۆستایان كرد هەمان ڕۆژ ڕوو لە ناوەندەكانی خوێندن بكەن. دوابەدوای بڕیارەكەی ئەمڕۆی پەروەردەی سلێمانی بۆ ئەوەی سبەینێ‌ دەوام دەستپێبكاتەوە، مامۆستایانی ناڕازی لە بەغداوە گەڕانەوە و بڕیاریاندا سبەینێ‌ بایكۆت و خۆپیشاندان بەردەوام بێت. ئاوات ئازاد، مامۆستای ناڕازی لە بەغداوە پەیامێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە دادگای فیدڕاڵی بووین بۆ بەرگری کردن لەمافی هەمووان و دانیشتنی یەکەم زۆر بەسەرکەوتوویی بەڕیوەچوو. ڕاشیگەیاند، سبەینێ دوو شەممە ٢٧/١١/٢٠٢٣ هەموومان لەسەر شەقام ئەبین و خۆپیشاندان و بایکۆت بەردەوامە.

هاوڵاتی دادگای باڵای فیدراڵی سکاڵایەکی بۆ مانگی داهاتوو دواخست کە دژی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بوو، لەلایەن نۆ مامۆستا و فەرمانبەری هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوو. بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای باڵای فیدراڵی، ئەمڕۆ یەکشەممە، 26-11-2023، دادگاکە بۆ تاوتوێکردنی سکاڵای نۆ مامۆستا و فەرمانبەری هەرێمی کوردستان، کە لە دژی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوو، کۆبووەوە، بەڵام دۆسیەکەی بۆ 24-12-2023 دواخست. لە سکاڵاکەیاندا کە ژمارە 247ـی فیدراڵیی ساڵی 2023ـی هەیە، سکاڵاکاران داوایانکردووە حکومەت و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پابەندبکرێن بە جێبەجێکردنی دروستی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتیی ژمارە 22ـی ساڵی 2018ـی هەموارکراوی فیدراڵی وەکو خۆی، بەتایبەت وەکو ئەوەی ئاماژەیان بۆ کردووە مادەکانی (6، 7، 8، 9)ـی یاساکە و ئەو بڕیار و رێنماییانەی لە حکومەتی کوردستانەوە لەبارەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەرچوون هەڵبوەشێنێتەوە. سکاڵاکە لەلایەن هەریەکە لە ئەژی بەرزان عارف، محەممەد حوسێن کەریم، خەبات لەتیف مارف، نەجمەدین محەممەد ساڵح، دلاوەر عەلی محەممەد ساڵح، ئاوات ئازاد محەممەد، دڵشاد محەممەد ئەمین سەعید، سامان عەلی ساڵح و رێبوار باهر ئەحمەد. تۆمارکراوە، کە فەرمانبەر و مامۆستان لەسەر میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تۆمارکراوە.