هاوڵاتی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی رایگەیاند سبەینێ دەوامی ئاسایی ناکەن و بەردەوام دەبن لە بایکۆت، دەشڵێت رێگریکردن لە چوونی مامۆستایان بۆ بەغدا "ئەنجامی رێککەوتنێکی سیاسی نێوان هەرێم و بەغدا" بوو. دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە نزیک کەرکوک و لە بازگەی چیمەن مامۆستایان رێگرییان لێکرا بۆ ئەوەی بچنە نێو بەغدا تا خۆپیشاندان ساز بکەن بۆ داواکردنی مووچە و چەند داواکارییەکی تر، دەستەی مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی رایگەیاند، سبەی دووشەممە 27ی تشرینی دووەمی 2023 خۆپیشاندانی فراوان دەکەن و ناچەنە نێو هۆڵەکانی خوێندن و رێگریکردنیان لە چوونیان بۆ بەغدا "رێککەوتنێ نێوان حکومەتی عێراق و هەرێم بووە و ئێستا دوو حکومەت دژی مامۆستایانن." ئەمە لەکاتێکدایە کە بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی گشتی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، ئاگاداری سەرجەم بەرێوەبەری قوتابخانە و خوێندنگەكانی سنوری پەروەردەی رۆژهەڵاتیان کردووەتەوە بۆ ئەوەی خوێندكارەكانیان ئاگادار بكەنەوە، كە سبەی دووشەممە دەرگاكانی ناوەندەكانی خوێندن دەكرێتەوە. لەسەر بڕیارەکەی بەرێوبەرایەتی گشتی سلێمانی، دەستەی مامۆستایانی ناڕازی رایگەیاند، "سبەینی وەڵامی هەموو ئیمزاکان دەدەینەوە و بەوپەڕی تووڕەییمانەوە چۆك دادەدین بەوانەی رێزی مامۆستاکان ناگرن."
هاوڵاتی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند 14 بارمتەی تری ئیسرائیل لەلایەن حەماسەوە ئازادکراون و رادەستی رێکخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی کراون. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە رێکخراوی خاچی سوورەوە بەدەستیان گەشتووە، 14 بارمتەی ئیسرائیلی و سێ بارمتەی بیانی رادەستی رێکخراوەکە کراون. ئەمە بەشی سێیەمی ئازادکراوەکانی ئیسرائیلە لەلایەن حەماسەوە و لە دوو رۆژی رابردووشدا 26 بارمتەی ئیسرائیلییان ئازادکرد. تا ئێستاش نزیکەی 80 فەڵەستینی ئازادکراون. ئاگربەستەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماس تەنها دوو رۆژی ماوە و دەبێت تا کۆتایی ئاگربەست حەماس 50 بارمتە ئازاد بکات لەبەرامبەر ئازادکردنی 150 زیندانی فەڵەستینی لەلایەن ئیسرائیلییەوە.
هاوڵاتی کەشتییەکی تری ئیسرائیلی لە کەنداوێکی یەمەن دەستی بەسەرداگیرا و هێشتا هیچ گروپ و لایەنێک بەرپرسیارییەتی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە. ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی ئەمریکی رایگەیاند کەشتی سێنتراڵ پارک لە کەنداوی عەدەن لە یەمەن دەستی بەسەرداگیراوە کە لەلایەن کۆمپانیای زۆدیاک ماریتایمەوە بەرێوەدەبرێت. بەپێی زانیاری ئاژانسەکە، کۆمپانیای زۆدیاک ماریتایم لەلایەن ئیال ئۆفەر، ملیاردرێرێکی ئیسرائیلییەوە خاوەندارییەتی دەکرێت. لە راگەیاندراوێکدا کۆمپانیاکە دەڵێت، "کاری لەپیشینەمان سەلامەتی ئەو 22 کارمەندەیە کە لە کەشتییەکەدا بوون و کاپتنەکەی تورکییە و کارمەندەکانی تریش خەڵکی چەند وڵاتێکی ترن، لەوانە رووسی، ڤێتنامی، بولگاری، هندی، جۆرجی و هەروەها فلیپینی." ئەو ناوچەیەی تێیدا کەشتییەکە دەستی بەسەرداگیراوە لەژێر دەسەڵاتی حوسییەکانی یەمەندا نییە و لەژیر کۆنترۆڵی حکومەتی یەمەندایە کە لەلایەن سعودییەوە پشتگیری دەکرێت. تا ئیستا هیچ لایەنێک دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە. ئەمە سێیەم کەشتییە لەکاتی سەرهەڵدانی جەنگی حەماس و ئیسرائیلەوە لە یەمەن دەستی بەسەردا دەگیرێت و هەفتەی رابردوو حوسییەکانی یەمەن دەستیان بەسەر کەشتی گالاکسی لیدەردا گرت و تا ئیستاش کەشتییەکە ئازاد نەکراوە.
هاوڵاتی بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی گشتی سلێمانی رایگەیاند، ئاگاداری سەرجەم بەرێوەبەری قوتابخانە و خوێندنگەكانی سنوری پەروەردەی رۆژهەڵات دەكەنەوە بۆ ئەوەی خوێندكارەكانیان ئاگادار بكەنەوە، كە سبەی دوشەممە دەرگاكانی ناوەندەكانی خوێندن دەكرێتەوە، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانیش دەڵێت داوایانكردووە دەوام دەستپێبكاتەوە بەڵام نازانن بەڕێوەبەری قوتابخانەكان جێبەجێی دەكەن یاخودنا. ئەمڕۆ یەكشەممە، تریفە محەمەد بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی و شەماڵ غەفور سەرپەرشتیاری یەكەمی پەروەردەیی و جەمال مەحمود لێپرسراوی هۆبەی كارگێڕی لەناو دیوان، لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانە بنەڕەتیەكانی قۆناغی (١-٦)، كۆبوونەوە. دوای كۆبونەوەكە، بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی بە نووسراوی فەرمی بەڕێوەبەری باخچەكانی منداڵان و سەرجەم قوتابخانەكانی لە دەستپێكردنەوەی دەوام ئاگاداركردەوە لە ڕۆژی دووشەممەدا. لەوبارەیەوە عومەر محەمەد جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی بەهاوڵاتی وت: وەك لەنوسراوەكەدا هاتووە داوامانكردووە دەوام دەستپێبكاتەوە، بەڵام جارێ نازانین بەڕێوەبەری قوتابخانەكان داواكە جێبەجێ دەكەن یاخود نا. ئەوەش لە كاتێكدایە، ماوەی زیاتر لە دو مانگە مامۆستایان و وانەبێژان بەهۆی دواكەوتنی موچەكانیان و راگرتنی پلەبەرزكردنەوە و دانەمەزراندنی وانەبێژان لەسەر میلاكی گشتی بایكۆتی دەوام و هۆڵەكانی خوێندنیان كردوە و بڕیارە سبەینێ دووشەممە، مامۆستایانی ناڕازیی لە دژی دواكەوتنی مووچە، ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوە خۆپیشاندان بكەن. هەفتەی ڕابردووش ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بڕیاری دا سبەینێ دووشەممە، دەست بە دەوام بكرێتەوە و داواشی لە مامۆستایان كرد هەمان ڕۆژ ڕوو لە ناوەندەكانی خوێندن بكەن. دوابەدوای بڕیارەكەی ئەمڕۆی پەروەردەی سلێمانی بۆ ئەوەی سبەینێ دەوام دەستپێبكاتەوە، مامۆستایانی ناڕازی لە بەغداوە گەڕانەوە و بڕیاریاندا سبەینێ بایكۆت و خۆپیشاندان بەردەوام بێت. ئاوات ئازاد، مامۆستای ناڕازی لە بەغداوە پەیامێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە دادگای فیدڕاڵی بووین بۆ بەرگری کردن لەمافی هەمووان و دانیشتنی یەکەم زۆر بەسەرکەوتوویی بەڕیوەچوو. ڕاشیگەیاند، سبەینێ دوو شەممە ٢٧/١١/٢٠٢٣ هەموومان لەسەر شەقام ئەبین و خۆپیشاندان و بایکۆت بەردەوامە.
هاوڵاتی دادگای باڵای فیدراڵی سکاڵایەکی بۆ مانگی داهاتوو دواخست کە دژی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بوو، لەلایەن نۆ مامۆستا و فەرمانبەری هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوو. بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای باڵای فیدراڵی، ئەمڕۆ یەکشەممە، 26-11-2023، دادگاکە بۆ تاوتوێکردنی سکاڵای نۆ مامۆستا و فەرمانبەری هەرێمی کوردستان، کە لە دژی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوو، کۆبووەوە، بەڵام دۆسیەکەی بۆ 24-12-2023 دواخست. لە سکاڵاکەیاندا کە ژمارە 247ـی فیدراڵیی ساڵی 2023ـی هەیە، سکاڵاکاران داوایانکردووە حکومەت و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پابەندبکرێن بە جێبەجێکردنی دروستی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتیی ژمارە 22ـی ساڵی 2018ـی هەموارکراوی فیدراڵی وەکو خۆی، بەتایبەت وەکو ئەوەی ئاماژەیان بۆ کردووە مادەکانی (6، 7، 8، 9)ـی یاساکە و ئەو بڕیار و رێنماییانەی لە حکومەتی کوردستانەوە لەبارەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەرچوون هەڵبوەشێنێتەوە. سکاڵاکە لەلایەن هەریەکە لە ئەژی بەرزان عارف، محەممەد حوسێن کەریم، خەبات لەتیف مارف، نەجمەدین محەممەد ساڵح، دلاوەر عەلی محەممەد ساڵح، ئاوات ئازاد محەممەد، دڵشاد محەممەد ئەمین سەعید، سامان عەلی ساڵح و رێبوار باهر ئەحمەد. تۆمارکراوە، کە فەرمانبەر و مامۆستان لەسەر میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تۆمارکراوە.
هاوڵاتی دوای ئەوەی لەلایەن دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەریی عێراق تۆمەتی بەعیسبوونی درایە پاڵ، ئەمڕۆ یەکشەممە 26-11-2023 نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی پارێزگاری نەینەوا پێشکەش بە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد ئەویش پەسندی کردووە. شێروان دوبەردانی، ئەندامی ئەنجۆمەنی نوێنەرانی عێراق بە هاوڵاتی وت: " دوای ئەوەی نەجم جبوری دەستلەکارکێشانەوەکەی پێشکەشکرد ئەمڕۆ دووشەممە لە لایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە دەستلەکارکێشانەوەی قبۆڵ کرا". وتیشی، " لەشوێنێ نەجم جبوری، عەبدولقادر دەخیل بەشێوەی وەکالەت دەست بەکاردەبێت تا دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و دواتر، ئەنجومەنێکی نوێ دەست بەکاردەبن و دواتر پارێزگارێکی تازە لەئەنجۆمەنی پارێزگا هەڵدەبژێردرێت". نەجم جبووری پارێزگاری نەینەوا، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی پێشکەش بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردبوو،بەگوێرەی نامەکەی کە ئاراستەی سوودانی کراوە، جبووری دەڵێت: "بە لەبەرچاوگرتنی تەواونەکردنی رێکارەکان بەپێی یاسای دەستەی باڵای نیشتمانی بۆ "پرسیار و دادپەروەری" بەهۆی دەنگنەدانی ئەنجومەنی نوێنەران بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بە ژمارە (23583)ی ساڵی 2023، و بە پابەندبوون بە یاسا و دەستوور، دەستلەکارکێشانەوەی خۆم لە ئەرکەکانی پۆستی پارێزگاری نەینەوا پێشکەش دەکەم." هەر لەوبارەوە، ئەحمەد جبووری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق کە نزیکە لە نەجم جبووری لە پەیجی فەیسبووکی خۆی وێنەیەکی خۆی و نەجم جبووری داناوە و نووسیویەتی، "رێز لە بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەکەت دەگرین." نەجم عەبدوڵڵا ئەلجبوری، لە 28 تشرینی یەکەمی ساڵی 1956، لە ناحیەی گیارەی سەر بەپارێزگای نەینەوا لە دایکبووە، لە خێزانێکی سوننە مەزهەبە و لە هۆزی گەورەی ئەلجبورییە.
هاوڵاتی نیوەڕۆی ئەمڕۆی ئەمڕۆ هەواڵی كۆچی دوایی هونەرمەند تاهیری خەلیلی كە خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە لەسلێمانی بڵاوبوەوە، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت مردنەكەی ئاسایی بووە و پزیشكی دادوەری ڕاپۆرتی بۆ كردووە. دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سهنتهری فریاكهوتنی خێرای فریاكەوتنی تهندروستی سلێمانی ئاشكرایكرد دوای ئاگاداركردنهوهیان بهبونی تهرمێك لهماڵێكدا لهگهڕهكی ڕاپهڕینی شاری سلێمانی، دواتر بۆیان دهركهوتوه ئهوكهسه هونهرمهند تاهیری خهلیلیه، بهڕێوهبهری سهنتهرهكه ئەوەشی خستبووەڕوو تائێستا هۆكاری گیانلهدهستدانهكهی نەزانراوە. سامان نادر باسی لەوەشكردبوو"تیمەکانمان ڕۆیشتون بۆ هەڵگرتنی تەرمی ئەو هونەرمەندەو بردنی بۆ دادپزیشکی سلێمانی، تائێستاش زانیاریمان بەردەست نییەو دواتر هۆکاری گیانلهدهستدانهكهی لەدادپزیشکی ئاشکرادەکرێت". بهڕێوهبهری سهنتهری خێرای فریاكەوتنی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكردووە " لهكاتژمێر 12ی ئهمڕۆ ئاگاداركراونهتهوه بهبونی تهرمێك لهگهڕهكی ڕاپهڕین، دوای ئهوهی تیمهكان گهیشتونهته شوێنی ڕوداوهكه بۆیان دهركهوتوه كه هونهرمهند تاهیری خهلیلیه". بەڵام سەركەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:"مردنی تاهیری خەلیلی هیچ گومانێك هەڵناگرێت و تەرمەكەی لەماڵەكەی خۆیدا دۆزراوەتەوە". وتیشی:"ڕاپۆرتی پزیشكی بۆ كراوە و دەركەوتووە مردنەكەی بەهۆی نەخۆشییەوە بووە". هونەرمەند تاهیر خەلیلی ساڵی 1956 لە شاری بۆكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبوە، بەرهەمی یەكەمی خۆی لە تەمەنی 15 ساڵیدا بڵاوكردوەتەوە، دوای چەندین گۆرانی و سرود لە رۆژهەڵاتی كوردستان و تاران. تاهیری خەلیلی زیاتر لە ٥٠ گۆرانی و سروودی نەتەوەیی بڵاو بۆتەوەو بە سروودی لە قەندیلی سەربەرزەوە ناوبانگی دەركرد، بە هۆی پێشمەرگایەتی و وتنی سروودی سیاسی و نەتەوەیی كوردی لە حكومەتی ئەو كاتی ئێران قاچاغ بووە.
هاوڵاتی وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە دو ملیۆن قوتابی بۆ ئەمساڵی خوێندن بەشێوەی مانگانە پارەیان بۆ دابین دەکرێت. کەریم سەید وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، ناوی زیاتر لە دوو ملیۆن قوتابی و خوێندکار تۆمارکراوە تاوەکو لە ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ بە شێوەی مانگانە بڕێک پارە وەربگرن. وتیشی، ناوی قوتابییەکان بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی پەروەردە و فەرمانگەی تۆماری شایستەکان تۆمار کراوە و وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیش لە دیاریکردنی خوێندکارەکان هاوکار بوە. ئاماژەی بەوەشکرد، پێداچوونەوە و وردبینی بۆ ناوی خوێندکارەکان کراوە و رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار کراوە، بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیەی خوێندکاران و قوتابییان بکرێت. ئەوەش لە کاتێکدایە لە یاسای بودجەی ساڵی 2023 بڕێک پارە بە شێوەی مانگانە بۆ ئەو قوتابی و خوێندکارانە تەرخانکراوە، کە بەخێوکەرەکانیان موچەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی وەردەگرن، بڕە پارەکەش بۆ قوتابیانی قۆناغی سەرەتایی 30 هەزار دینارە، بۆ خوێندکارانی ناوەندی و ئامادەییش 50 هەزار دینارە.
هاوڵاتی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و لەسەر پرسی بودجە و مووچە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە. بڕیارە سبەی دووشەممە 27/11/2023، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات. میدیای پارتی لە زاری سەرچاوەیەکەوە ڕایگەیاند "شاندەکە لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێتەوە". به وتهی ئهو سهرچاوهیه، "تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە شایستەدارییەکانی هەرێمی کوردستان و جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانه له پرسه سیاسییهكان، بابەتێکی دیکە هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراقە". ئەمە لەکاتێکدایە ماوەی مانگێکە مامۆستایان و فەرمانبەران لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمەوە دژی دواکەوتن و پێنەدانی مووچەکانیان ناچنەوە دەوام و هۆڵەکانی خوێندن و هەفتەی رابردووش رایانگەیاند، حکومەت بێدەنگە لە ئاستی مافەکانیان و وەڵامیان ناداتەوە. هاوکات ئەمڕۆش دوای ئەوەی مامۆستایانی ناڕازی بڕیاریاندا ناڕەزایەتییەکانیان بەرەوە بەغدا بگوازنەوە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمەوە بەرەو ئەو پارێزگایە بەرێکەوتن، رێگری لە تێپەڕبونیان کرا و لە ئێستاشدا بازگەی نێوان سلێمانی - کەرکوک و گەرمیان - دیالە داخراوە.
هاوڵاتی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لیستی ناوی سێهەمین گرووپ لەو بارمتانەی کە بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦ی تشرینی دووهەم ئازاد بکرێن گەیشتۆتە دەستمان. نووسینگەی بێنیامین نتانیاهۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ( تویتەر) رایگەیاند: " بەرپرسە ئەمنییەکان خەریکی تاوتوێکردنی ئەو لیستەن و بنەماڵەی ئەو کەسانەی کە بڕیارە ئازیزەکانیان ئازاد بکرێن، ئاگادار کراونەتەوە". سی ئێن ئێن و تایمزی ئیسرائیل لە زمانی بەرپرسانی ئیسرائیلیەوە رایانگەیاند ، دەوڵەتی ئیسرائیل ئەم لیستەی لە رێگای دەوڵەتی قەتەرەوە کە نێوانگیرە لەم ناکۆکییەدا، گەیشتۆتە دەست. ئەمڕۆ یەکشەممە سێهەمین رۆژە لەو ئاگربەستە کاتییە ٤ رۆژەییەی کە بە نێوانگیری ئەمریکا و قەتەر جێبەجێکرا لە نێوان ئیسرائیل و حاماسدا. لەم پەیوەندەدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە هیوای خواست لەگەڵ ئازادبوونی ژمارەیەکی زۆرتر لە بارمتەکان، ماوەی راگرتنی جەنگ درێژ بکرێتەوە. تا ئێستا ٢٦ بارمتەی ئیسرائیلی و ٧٨ زیندانی فەلەستینی ئازاد کراون. تەواوی رێککەوتنەکە ئاگربەستێکی چوار رۆژییە لەگەڵ رێدان بە چوونە ناوەوەی بارهەڵگری هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە و ئاڵوگۆڕی 50 بارمتەی ئیسرائیلی لەبەرامبەر 150 زیندانی فەڵەستینی.
هاوڵاتی لە چەند بازگەیەک لە کەرکوک، رێگری لە چوونی مامۆستایانی ناڕازی دەکرێت بەرەو بەغدا و بەهۆیەوە مامۆستایان رێگای کەرکوک- سلێمانیان داخست. ماوەی مانگێکە مامۆستایان و فەرمانبەران لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمەوە دژی دواکەوتن و پێنەدانی مووچەکانیان ناچنەوە دەوام و هۆڵەکانی خوێندن و هەفتەی رابردووش رایانگەیاند، حکومەت بێدەنگە لە ئاستی مافەکانیان و وەڵامیان ناداتەوە، هەر بۆیە دەچنە بەغدا و داواکارییەکانیان بە حکومەتی عێراق دەگەیەنن. لەو بارەیەوە پەیامنێری هاوڵاتی باسی لەوە کرد، لە تەواوى بازگەکانەوە رێگریی لە چونى مامۆستایان بۆ شارى بەغداد دەکرێت ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە لە ئێستادا مامۆستایان رێگاى بانى مەقان- چەمچەماڵیان گرتوە و ناڕەزایەتیی دەردەبڕن دژى ئەو رێگرییە و وەک مامۆستایان ئاماژەی پێدەکەن مۆڵەتی ڕەسمییان هەیە. هاوکات بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری هاوڵاتی لە زاری مامۆستایانەوە زیاتر لە ٣١ پاسی گەورە (مەنشەئە) ، کە بە مەزەندە هەزار مامۆستا بەڕێوەیە بۆ مەیدانی تەحریر لە ڕێگەی کەرکوکەوەو ژمارەیەکی دیکەشیان لە چەند بازگەیەکی دیکەوە لە ڕێگەن. سەبارەت بە هۆکاری ڕێگەپێنەدانیان مامۆستایەک بە هاوڵاتی ڕاگەیاند، " هیچ کێشەیەکی مۆڵەتمان نییەو لە بەغداوە مۆڵەتمان وەرگرتووە". وتیشی، "ڕێگە پێنەدانمان بۆ تێپەڕبوون لە بازگەکان دەستێکی حزبیی لە پشتەوەیە". ئەوەش لە کاتێکدایە، مامۆستایانى ناڕازیی و مامۆستایانى وانەبێژى هەرێمى کوردستان دواى ئەوەى زیاتر لە دوو مانگە بایکۆت و ناڕەزایەتییەکانیان بەردەوامە، هەفتەى رابردو بڕیاریاندا کە ئەمڕۆ یەکشەممە ناڕەزایەتییەکانیان بگەیەننە شارى بەغداد و لە گۆڕەپانى ئازادییەوە داواکانیان بگەیەنن.
هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، حەماس 13 بارمتەی تری ئیسرائیلی ئازادکردووە و رادەستی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی کردووە. هاوکات سوپای ئیسرائیلیش ئەوەی پشتراستکردەوە کە بارمتەکان بەرێوەن بۆ خاڵی سنوری رەفەح لەنێوان کەرتی غەززە و میسر. دانیاڵ هەگاری، وتەبێژی سوپای ئیسیرائیل ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە کە ئامادەکاری دەکەن بۆ پێشوازی کردن لە ئازادکراوەکان. ئازادکردنی ئەم بارمتانە لە چوارچێوەی بەشی دووەمی رێککەوتنەکەی نێوان حەماس و ئیسرائیلە بەنێوەندگیری قەتەر و میسر کە بەپێی رێککەوتنەکە دەبێت ئیسرائیلیش 39 زیندانی فەڵەستینی ئازاد بکات. تەواوی رێککەوتنەکە ئاگربەستێکی چوار رۆژییە لەگەڵ رێدان بە چوونە ناوەوەی بارهەڵگری هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە و ئاڵوگۆڕی 50 بارمتەی ئیسرائیلی لەبەرامبەر 150 زیندانی فەڵەستینی. لە بەشی یەکەمی ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانییەکاندا لە رۆژی هەیینی، 13 بارمتەی ئیسرائیل لەبەرامبەر 39 زیندانی فەڵەستینی ئازادکران.
هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند ئاڵوگۆڕی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان دەستپێدەکاتەوە دوای ئەمڕۆ دواخرا. ماجید ئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، ئەمشەو 13 بارمتەی ئیسرائیل و حەوت بیانی دەستی حەماس ئازاد دەکرێن لەبەرامبەر ئازادکردنی 39 فەڵەستینی لە زیندانییەکان. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر دەشڵێت کێشەکە چارەسەر کراوە لەرێی نێوەندگیری قەتەر و میسرەوە دوای ئەوەی حەماس رایگەیاند کە ئیسرائیل پابەند نییە بە ئاگربەستەکەوە. پێش چەند کاتژمێرێک بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند بەشی دووەمی بارمتەکان ئازاد ناکات بەهۆی ئەوەی ئیسرائیل ئاگربەستی پێشێل کردووە و رێگری کردووە لە چوونی بارهەڵگرە مرۆییەکان بۆ نیو غەززە و لە 345 بارهەڵگر تەنها 65 بارهەڵگر چوونەتە نێو غەززەوە. لە بەشی یەکەمی ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانییەکاندا لە رۆژی هەیینی، 13 بارمتەی ئیسرائیل لەبەرامبەر 39 زیندانی فەڵەستینی ئازادکران.
هاوڵاتی بڕیارە شۆرش ئیسماعیل بگەڕێتەوە وەزارەتی پیشمەرگە و وەک وەزیر دەستبەکاربێتەوە دوای فشاری هاوپەیمانان و رازیبوونی یەکێتی. میدیای پارتی رایگەیاند کە شۆرش ئیسماعیل لەم هەفەتەیەدا دەچێتەوە سەر کارەکەی دوای زیاتر لە ساڵێک دابڕان، ئەمەش دوای ئەوەی یەکێتی ڕازیبووە بە گەڕانەوەی. بەپێی ئەو زانیارییانەی خراونەتەڕوو، هاوپەیمانان فشاری زۆریان کردووە بۆ گەڕانەوەی و یەکێتی و پارتیش رەزامەندیان نواندووە بۆ گەڕانەوەی و بڕیاری دەستبەکاروونەوەیان بە شۆڕش ئیسماعیل راگەیاندووە. لە رۆژی 18ی تشرینی یەکەمی 2023 واتە مانگێک لەمەوبەر هاوڵاتی لە راپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە کە شۆڕش ئیسماعیل دەگەڕێتەوە وەزارەتی پێشمەرگە دوای ئەوەی لیژنەی ئاشتەوایی یەکێتی سەردانی ناوبراویان کردووە. ساڵی رابردوو شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەستلەكاركێشانەوەی راگەیاند. هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەشی بۆ دەستوەردان لەكاروباری وەزارەتەكەی گەڕاندەوە، ئەگەرچی تائێستاش سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران واژۆی لەسەر دەستلەكاركێشانەوەكەی وەزیری پێشمەرگە نەكردووە.
هاوڵاتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەسەر بەرێوەچوونی پێنجەمین پیشنگای کتێب لە سلێمانی بڵاوکردەوە کە "گلەی زۆری کتێبی ئایینی" کراوە و دەڵێت، "کتێبی ئایینی لە هەرێمی کوردستان یاساغ نییە" و ئەم بابەتە بە یاسا رێکخراوە. وەزارەتی رۆشنبییری لە روونکردنەوەکەدا باس لەوەش دەکات، "هیچ دەزگا، خانە و كتێبفرۆشێك ئیسلامی، یان عهلمانی ئەوەی خۆی خواستی هەبووبێت بەشداربێت لە پێشانگهكەدا ڕێی لێ نەگیراوە لە بەشداربوون. ئەوانەی گلەیی دەکەن، با پێشانگه پڕبكەن لە کتێبی فكر، فەلسەفە، زانست و بەرهەمەكانیان، بزانن هیچ ڕێگرییەك هەیە؟" دەقی روونکردنەوەکەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێم: ڕوونکردنەوەیەک لە بەشی یاسایی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە: 1- وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە ڕێگای بەشی یاسای وەزارەت بۆ ماوەی (45)ڕۆژ لە ڕۆژنامەكانی "كوردستانی نوێ" و ڕۆژنامەی "هەولێر" ئاگاداری بڵاوكردەوە، بە لە بەرچاوگرتنی سەرجەم ڕێكارە یاساییەكان بۆ سەرجەم دەزگا ڕۆشنبیرییەکان و خانەكانی چاپ و بڵاوكردنەوە، داواكراوه هەر لایەنێك دەتوانێت هاوكاری وەزارەت بكات بۆ كردنەوەی پێشانگای كتێب لە سلێمانی با بێت و فۆرمی تەندەر وەربگرێت، هیچ دەزگایەك نەهاتووە، تەنیا ئەم دەزگایە نەبێت "دهزگای چاپ و پهخشی ئهتڵهس"، كە ئێستا پێشانگهكەی كردووهتەوە. 2- سەرجەم ئەو دەزگا و خانانەی بڵاوكردنەوە و كتێبفرۆشی، كە ئێستا لە پێشانگه بەشدارن و خاوەن ستاندن لە پێشانگاكە، لە هەرێمی كوردستان مۆڵەت پێدراون و خاوەنی نووسینگەی دەزگای ڕۆشنبیری، یان خانەی چاپ و بڵاوكردنەوە، یاخود دوكانی كتێبفرۆشین . 3- هیچ دەزگا، خانە و كتێبفرۆشێك ئیسلامی، یان عهلمانی ئەوەی خۆی خواستی هەبووبێت بەشداربێت لە پێشانگهكەدا ڕێی لێ نەگیراوە لە بەشداربوون. ئەوانەی گلەیی دەکەن، با پێشانگه پڕبكەن لە کتێبی فكر، فەلسەفە، زانست و بەرهەمەكانیان، بزانن هیچ ڕێگرییەك هەیە؟ 4- ئەگەر قسە و گلەیی لەسەر زۆری كتێبی ئایینیە، کتێبی ئاینی یاساغ نییە، هەمووان دەبێت ئەوە بزانین لە ھەرێمی كوردستان ئەم بابەتە بەیاسا ڕێكخراوە بەم شێوەیە: بە پێی یاسایی چاپەمەنی هەرێمی کوردستان ژمارە (10) ساڵی 1993 لە ماددەی دووەمدا دەڵێت: "ڕەقابە لەهەرێم ناخرێتە سەر چاپەمەنی، هەر هاووڵاتییەک سەربەستە لەدەرکردنی هەر چاپەمەنییەک، بەپێی حوکمی ئەم یاسایە" . ههروهها لەماددەی (نۆیەم) ھاتووە: "بڵاوکردنەوەی ئەو باباتانە قەدەغەن، کە هانی تاوان و کاری تیرۆرستی دەدەن و ڕێوشوێنی بۆ خۆش دەکەن، یان جنێو و تانوت لێدان و ناوزراندنی کەسانی تێدایە، یان دەستدرێژی تێدابێت بۆ سەر ئاین و مەزهەبەکان و سیستەمی گشتی" . ئەگەر ھەر کەسێک لەپێشانگای کتێبی سلێمانی کتێبێکی دۆزییەوە یەکێک لەم بابەتانەی مادەی نۆ دیاری کردووە، تێدابوو؛ ئەوە ئەو کتێبە ڕێگا پێدراو نییە. بەشی یاسایی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان 25ـی تشرینی دووهمی 2023
