پارێزگاری نەینەوا دەستی لەکارکێشایەوە و سوودانیش پەسندی کرد

12 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای ئەوەی لەلایەن دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەریی عێراق تۆمەتی بەعیسبوونی درایە پاڵ، ئەمڕۆ یەکشەممە 26-11-2023 نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی پارێزگاری نەینەوا پێشکەش بە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد ئەویش پەسندی کردووە. 

شێروان دوبەردانی، ئەندامی ئەنجۆمەنی نوێنەرانی عێراق بە هاوڵاتی وت: " دوای ئەوەی نەجم جبوری دەستلەکارکێشانەوەکەی پێشکەشکرد ئەمڕۆ دووشەممە لە لایەن  سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە  دەستلەکارکێشانەوەی قبۆڵ کرا".

وتیشی، "  لەشوێنێ نەجم جبوری، عەبدولقادر دەخیل بەشێوەی وەکالەت دەست بەکاردەبێت تا دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و دواتر،  ئەنجومەنێکی نوێ دەست بەکاردەبن و دواتر پارێزگارێکی تازە لەئەنجۆمەنی پارێزگا هەڵدەبژێردرێت".

نەجم جبووری پارێزگاری نەینەوا، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی پێشکەش بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردبوو،بەگوێرەی نامەکەی کە ئاراستەی سوودانی کراوە، جبووری دەڵێت: "بە لەبەرچاوگرتنی تەواونەکردنی رێکارەکان بەپێی یاسای دەستەی باڵای نیشتمانی بۆ "پرسیار و دادپەروەری" بەهۆی دەنگنەدانی ئەنجومەنی نوێنەران بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بە ژمارە (23583)ی ساڵی 2023، و بە پابەندبوون بە یاسا و دەستوور، دەستلەکارکێشانەوەی خۆم لە ئەرکەکانی پۆستی پارێزگاری نەینەوا پێشکەش دەکەم."

هەر لەوبارەوە، ئەحمەد جبووری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق کە نزیکە لە نەجم جبووری لە پەیجی فەیسبووکی خۆی  وێنەیەکی خۆی و نەجم جبووری داناوە و نووسیویەتی، "رێز لە بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەکەت دەگرین."

نەجم عەبدوڵڵا ئەلجبوری، لە 28 تشرینی یەکەمی ساڵی 1956، لە ناحیەی گیارەی سەر بەپارێزگای نەینەوا لە دایکبووە، لە خێزانێکی سوننە مەزهەبە و لە هۆزی گەورەی ئەلجبورییە.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار