هاوڵاتی لەكاتێكدا گروپەكانی نزیك لەئێران بەردەوامن لەهەڕەشەكانیان بۆ سەر ئیسرائیل، ئەویش لەدوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و چەكدارانی حەماس لەغەززە، عەلی خامنەیی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەهەڕەشەیەكی پێشووی بەرامبەر ئیسرائیل پەشیمان دەبێتەوە. خامنەیی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس نوسیویەتی: هەندێك كەس لەجیهان درۆیان بەدەم ئێرانەوە كردووە گوایە ئێمە وتوومانە( پێویستە ئیسرائیل و جولەكە بخەینە دەریاوە) نەخێر هەرگیز ئەوەمان نەوتووە، بەڵكو وتوومانە ئەوە دەنگی خەڵكە چارەنوس دیاری دەكات، ئەو حكومەتەی بەدەنگی گەلی فەلەستین هەڵدەبژێردرێت بڕیاردەدات ئەوانەی لەدەوڵەتانی ترەوە هاتوون دەمێننەوە یاخود دەڕۆن. هەفتەی ڕابردوو سێ بەرپرسی باڵای ئێران ئاشكرایانكردبوو عەلی خامنەیی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران نامەیەكی ڕاشكاوانەی ئاڕاستەی ئیسماعیل هەنیە سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس كردووە كاتێك لەنۆڤەمبەری ڕابردوو لەتاران چاوی پێی كەوتووە، پێی وتووە:"حەماس پێشتر ئێرانی ئاگادارنەكردووەتەوە لەهێرشەكەوی حەوتی ئۆكتۆبەر بۆسەر ئیسرائیل، بۆیە ئێران بەنوێنەرایەتی حەماس ناچێتە شەڕەوە".
راپۆرتی: BBC وەرگێڕانی: هاوڵاتی پێنج گروپی چەکداری فەڵەستینی لەهێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل چوونەپاڵ حەماس پاش ئەوەی لەساڵی ٢٠٢٠ەوە پێکەوە راهێنانی سەربازییان کردووە. ئەو گروپانە لەغەززە چەندین راهێنانی هاوبەشییان کردووە کەزۆر بەنزیکەیی هاوشێوەی ئەو تاکتیکانە بوون لەهێرشە کوشندەکە بەکارهێنرا – لەوانە لەناوچەیەکدا کەتەنیا یەک کیلۆمەتر لەدیوارە بەربەستییەکەی ئیسرائیلەوە دوورە – ئەو گروپانە راهێنانەکانیشیان لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردووەتەوە. لەمیانی ئەو مەشقانەدا، چەکدارەکان راهێنانیان لەسەر بردنی بارمتە، هێرشکردنەسەر خانوو و هەروەها بەزاندنی بەرگری ئیسرائیل کردووە، کەدواهەمین مەشقیان ٢٥ رۆژ پێش هێرشەکە ئەنجامداوە. بی بی سی چەندین بەڵگەی کۆکردووەتەوە کەپیشانی دەدەن چۆن حەماس لایەنەکانی ناو غەززەی یەکخستووە تا رێگەشێوازەکانی شەڕکردنیان کاریگەرترو باشتر بکەن و لەکۆتایشدا هێرشێک ئەنجامبدەن بۆ سەر ئیسرائیل کەناوچەکەی بەرەو جەنگ برد. «نیشانەی یەکگرتوویی» لە ٢٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٠، ئیسماعیل هەنییە، سەرکردەی حەماس، مەشقێکی لەچوارچیوەی چوار مەشق و راهێنان راگەیاند بەناوی «کۆڵەکەی بەهێز» کەوتی «پەیامێکی بەهێزو نیشانەی یەکگرتویی»ە لەنێوان لایەنە جیاوازە چەکدارەکانی غەززە. وەک بەهێزترین گروپی چەکداری غەززە، حەماس زاڵترین هێز بوو لەهاوپەیمانیەتییەکدا کە ١٠ لایەنی چەکداری تری فەڵەستینی یەکخست لەمەشقێکی هاوشێوە-جەنگیدا کە لەلایەن «ژورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش»ەوە چاودێری دەکرا. ئەم ژوورە لەساڵی ٢٠١٨دا دامەزرا بۆ هەماهەنگی لەنیوان گروپەکانی غەززە لەژێر فەرمانی یەک ناوەندی بڕیاردا. پێش ٢٠١٨ حەماس بەفەرمی هەماهەنگی لەگەڵ گروپی جیهادی ئیسلامی فەڵەستینی دروستکرد کەدووەمی گروپی چەکداری غەززەیە. ئەم گروپەش لەلایەن بەریتانیاو ئەمریکاوە بەرێکخراوێکی تیرۆریستی لەقەڵەمدراوە. حەماس لەململانێکانی پێشوودا هاوشانی گروپی تری چەکداری شەڕی کردووە، بەڵام مەشقەکەی ٢٠٢٠ وەک پروپاگەندە خرایەڕوو کە بەڵگەبێت لەسەر ئەوەی کۆمەڵێکی زۆری گروپی تر یەکخراون. سەرکردەی حەماس رایگەیاند یەکەم مەشق رەنگدانەوەی «ئامادەیی هەمیشەیی» گروپە چەکدارەکانە. راهێنانەکەی ٢٠٢٠ یەکەم مەشقی هاوبەش بوو لەچوار مەشق کە لەماوەی سێ ساڵدا ئەنجامدرا کەهەریەکەیان وەک بەڵگە بەڤیدیۆی دەستکاریکراوە لەچەناڵەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوکرانەوە. بی بی سی ١٠ گروپی جیاوازی دەستنیشانکردووە کەگروپی جیهادی ئیسلامی فەڵەستینیشی تێدایە، ئەمەش بەناسینەوەی پەڕۆکانی سەریان و دروشمەکانیان کەهاوشانی حەماس لەکاتی مەشقی «کۆڵەکەی بەهێز» بەستوویانە لەو ڤیدیۆیانەی لەتیلیگرامەوە بڵاویانکردووەتەوە. دوای هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر، پێنج لەو گروپانە چەند ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە کەبانگەشەی ئەوەیان دەکرد بەشدارییانە لەهێرشەکەدا کردووە. سێ گروپی تریش بەیاننامەیان لەتیلیگرام بڵاوکردەوە کە بەشدارییان کردووە. سێ لەو گروپانە – جیهادی ئیسلامی فەڵەستین، کەتیبەی موجاهیدین و هەروەها کەتیبەی ناسر سەڵاحەدین – بانگەشەی ئەوەیانکرد کەهاوشانی حەماس بارمتەی ئیسرائیلییان گرتبێت. لەکاتێکدا ئەم گروپانە بیری ئایدۆلۆجی جیاوازییان هەیە هەر لەئیسلامی توندڕەو بۆ میانڕەو، بەڵام هەموویان ئامادەیی ئەوەیان نیشاندا کە توندوتیژی دژی ئیسرائیل بەکاربهێنن. بەیاننامەکانی حەماس چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کەیەکگرتوویی گروپە چەکدارە جیاوازەکانی غەززە دەربخات. حەماس باسی لەوەکرد ئەو گروپانە هابەشی یەکسانین لەمەسقەکاندا، بەڵام بەردەوام حەماس خۆی رۆڵی سەرکردایەتی هەبووە لەپلانەکان بۆ هێرشکردنەسەر ئیسرائیل. ڤیدیۆکانی مەشقی یەکەم فەرماندەی دەمامکداری پیشاندەدا لەژێرزەمینێکدا کەخەریکی راهێنانەکەن و بەهەڵدانی کۆمەڵێک مووشەک دەستپێدەکەن. ڤیدیۆکان دواتر دەچنەسەر چەکداری پڕچەککراو کەپەلاماری تانکێکی ناڕاستەقینە دەدەن کەئاڵای ئیسرائیلی لەسەرە، دواتر کەسێکی ناو تانکەکە دەگرن و وەک زیندانی رایدەکێشن. جگە لەمانەش هێرش دەکەنەسەر چەند باڵەخانەیەکی دروستکراو. بەڵگەمان هەیە لەڤیدیۆکان و چەندین شایەتحاڵ کەهەردوو تاکتیکەکە لەگرتنی سەربازو مەدەنی لەهێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر بەکارهێنراون کاتێک هەزارو ٢٠٠ ئیسرائیلی کوژران و نزیکەی ٢٤٠ بارمتەش رفێندران. راگەیاندنی بە جیهان راهێنانی دووەمی مەشقی «کۆڵەکەی بەهێز» بەنزیکەیی ساڵێک دوای راهێنانی دووەم ئەنجامدرا. ئەیمان نۆفاڵ، یەکێک لەفەرماندەکانی کەتیبەی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازی حەماس، رایگەیاند کە ئامانجی راهێنانەی لە ٢٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١ «جەختکردنەوەیەکە لەیەکگرتوویی لایەنەکانی بەرگری.» فەرماندەکەی حەماس وتی کە مەشقەکان پەیامێکە بۆ «دوژمن کە دیوارو رێکارە ئەندازیاریەکانیان لەسەر سنوری غەززە پارێزگارییان لێناکات». بەیاننامەیەکی تر حەماس لەو کاتەدا باسی لەوەکرد کە «مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکان» ئامانجیان ئەوەیە «هاوشێوەی ئازادکردنی کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکانی نزیک غەززە بکەن». کە مەبەست لێی کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکانی ئیسرائیلە نزیک سنوری غەززە. راهێنانەکە لە ٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ دووبارە کرایەوەو وێنە پروپاگەندەکان دەریدەخست کە چەکدارەکان راهێنان لەسەر چۆڵکردنی باڵەخانەکان و پەلاماردانی تانکەکان دەکەن کەدەردەکەوێت لەبەنکەیەکی سەربازیدا ئەمە دەکرێت. رهێنانەکان لەناو ئیسرائیلدا لەمیدیاکاندا بڵاوکرانەوە، بۆیە شتێکی باوەڕپێنەکراوە کە بەوردی لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانەوە چاودێری نەکراون. سوپای ئیسرائیل پێشتر هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە بۆ تێکدانی چالاکییەکانی حەماس. لەنیسانی ٢٠٢٣، سوپای ئیسرائیل بۆردومانی ئەو شوێنەی کرد کە بۆ مەشقی یەکەمی «کۆڵەکەی بەهێز.» چەند هەفتەیەک پێش هێرشەکە، سەربازانی چاودێری نزیک لەغەززە هۆشدارییان لەجوڵەی نائاسایی درۆن دابوو هەروەها حەماسیش خەریکی راهێنان بوو بۆ دەستبەسەرداگرتنی بنکەی چاودێری دروستکراوو هاوشێوە کەهاوشێوەی ئەو بنکە سەربازییانەن کەسەربازە ئیسرائیلییەکان تێیدا جێگیرن، بەڵام بەپێی راپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل وتەی ئەو سەربازانە پشتگوێخراوە. جەنەراڵ ئەمیر ئەڤیڤی، فەرماندەیەکی پێشووی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، «زانیاری هەواڵگری زۆر هەبوون کەئەوان خەریکی ئەو راهێنانەن، دووجار هەموو ڤیدیۆکان بڵاوکراونەتەوەو هەموو ئەو مەشقانە تەنها چەند سەد مەترێک لەپەرژینەکەی ئیسرائیلەوە دوورن»، بەڵام باسی لەوەشکرد کەهەرچەندە سوپا ئاگای لەو راهێنانانە بوو بەڵام «نەیانبینوە کە راهێنان بۆ چی دەکەن». دەرکەوتن بەڕۆژی رووناک حەماس هەولی زۆریداوە کە دڵنیا ببێتەوە لەوەی مەشقەکان واقیعی بن. لەساڵی ٢٠٢٢، چەکدارەکان راهێنانی ئەوەیان دەکرد کەچۆن پەلاماری بنکەیەکی سەربازی ئیسرائیل بدەن (کە خۆیان دروستیان کردبوو بۆ مەشقکردن) و ئەو بنکە دروستکراوە گاڵتینەیە ٢.٦ کیلۆمەتر لەخاڵی سنوری بەیت حانونەوە دوور بوو. ئەو خاڵە سنورییە لەنێوان غەززە و ئیسرائیلدایەو لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کۆنتڕۆڵکراوە. بی بی سی ئەو شوێنەی دیاریکردووە لەباکوری غەززە کە تەنها ٨٠٠ مەتر لەپەرژینە دیوارییەکەی ئیسرائیلەوە نزیکە. هەتا مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، ئەو شوێنەی حەماس لەنەخشەی «بینگ»دا هەبوو. ئەو کەمپی راهێنانە تەنها ١.٦ کیلۆمەتر لەتاوەرێکی چاودێری ئیسرائیلەوە دوور بوو. ئەو بنکە دروستکراوە چەند مەترێک قووڵکراوە لەئاستی زەوییەوە بۆ ئەوەی دیار نەبێت لەچاوی ئۆتۆمبێلە گەڕۆکە چاودێرییەکانی ئیسرائیلەوە، بەڵام ئەو دووکەڵەی لەتەقینەوەکانەوە بەرزبوونەتەوە بەدڵناییەوە شوێنەکەی ئاشکرا کردووەو سوپای ئیسرائیل بەوە ناسراوە کەچاودێری ئاسمانی بەکاربهێنێت. حەماس ئەو شوێنەی بەکارهێناوە بۆ راهێنان کرد لەسەر پەلاماردانی باڵەخانە و رفاندنی بارمتەو لەناوبردنی بەربەستە ئەمنییەکان. بی بی سی بە بەکارهێنانی وێنەی مانگی دەستکردو زانیاری بڵاوکراوە توانیویەتی ١٤ شوێنی راهێنان لە نۆ ناوچە بدۆزێتەوە بەدرێژایی کەرتی غەززە. تەنانەت حەماس دووجار لەشوێنێکدا راهێنانی کردووە کەتەنها ١.٦ کیلۆمەتر لەناوەندی هاریکاری نەتەوەیەکگرتووەکانەوە دوورەو لە ڤیدیۆیەکدا لەپشتەوە دەردەکەوێت کە ڤیدیۆی بەرپرسێکی ئاژانسەکە لەکانونی یەکەمی ٢٠٢٢ بڵاوکراوەتەوە. زەمینی، دەریایی، ئاسمانی لە ١٠ی ئەیلولی ٢٠٢٣، ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکە لەچەناڵی تیلیگرامی خۆی چەند وێنەیەکی چەکدارانی بڵاوکردەوە کە بەجلوبەرگی سەربازی یەکپۆشییەوە بوون و خەریکی دانانی بنکەی چاودێری سەربازیی بوون بەدرێژایی بەربەستی غەززە. دوای دوو رۆژ راهێنانی چوارەمی مەشقی «کۆڵەکەی بەهێز» ئەنجامدراو تا ٧ی ئۆکتۆبەر هەموو ئەو تاکتیکانەی کەدەبوو لەهێرشەکەدا بەکارهێنرابان راهێنانیان لەسەر کرا. لە راهێنانەکاندا چەکدار دەبینرێن کە هەمان ئەو پیکابە تۆیۆتایانە بەکاردەهێنن کە لەکاتی هێرشەکدا بەئیسرائیلدا تێدەپەڕین. ڤیدیۆ پروپاگەندەکان ئەوەی پیشان دەدا کە چەکدارەکان هەڵدەکوتنە سەر باڵەخانەی دروستکراوە و ئامانجی گاڵتینە. بەڵام حەماس ئەو راهێنانانەی بڵاونەکردەوە کەچەکدارەکانی بە مۆتۆرسکیل و پاراگلایدەرەوەن لەڤیدیۆ پروپاگەندەکانیان لەمەشقی «کۆڵەکەی بەهێز.» دوای سێ رۆژ لەهێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر، حەماس ڤیدیۆیەکی راهێنانی بڵاوکردەوە کە لەناوبردنی پەرژین و بەربەستەکانی پیشاندەدا تاماتۆرسکیلەکان پێیدا تێپەڕن، ئەمەش تاکتیکێک بوو کە بەکاریانهێنا بۆ گەیشتن بەنشینگەکانی باشوری ئیسرائیل. لەڕۆژی هێرشەکەشدا، ڤیدیۆیەکی مەشق و راهێنان بڵاوکرایەوە کەچەکدارەکانی حەماس بەسەر کیبوتز (کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی) ئیسرائیل دەنیشنەوە (کە خۆیان دروستیانکردبوو بۆ راهێنان). ئەو ناوچە دروستکراوە لەشوێنێکدایە کەدەکەوێتە باکوری خاڵی سنوری رەفەح لەباشوری غەززە. بی بی سی ئەوەی پشتڕاستکردووەتەوە کەئەو ڤیدیۆیە لەدەوروبەری ٢٥ی ئابی ٢٠٢٢ تۆمارکراوە و ئاماژەیە بۆ ئەوەی کەپلانی پاراگلایدەرەکان ساڵێکە زیاترە داڕێژراوە. سوپرایزەکە پێش ٧ی ئۆکتۆبەر، وا دەخەمڵێندرا کەحەماس خاوەنی ٣٠ هەزار چەکدار بێت لەکەرتی غەززە ئەمەش بەپێی هەندێک راپۆرت کە لەفەرماندەکانی سوپای ئیسرائیلەوە وەرگیراون. حەماس تائێستا بەهێزترین گروپە لەگروپە چەکدارەکانی فەڵەستین، تەنانەت بەبێ پشتگیری گروپەکانی تر، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە نیازی حەماس لەیەکخستنی گروپە جیاوازەکان بۆ ئەوە بووە کەپشتگیری فراوان لەنێو غەززەدا بۆ خۆی مسۆگەر بکات. پێشتر سوپای ئیسرائیل وا مەزەندەی دەکرد کەهەزار و ٥٠٠ چەکدار هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەریان ئەنجامداوە. لەسەرەتای ئەم مانگەوە رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل بڵاویکردەوە کەئێستا سوپای ئیسرائیل بڕوای وایە ژمارەکە نزیکە لە سێ هەزار. ژمارەکە هەرچەنێک بێت، مانای ئەوەیە کەژمارەیەکی زۆر کەم لەتەواوی ژمارەی لایەنە جیاوازەکان بەشدارییان کردووە. ناتوانرێت ئەوە پشتڕاستبکرێتەوە کەژمارەی راستەقینەی ئەو چەکدارانە چەند بوون لەگروپە بچووکترەکان کە لەهێرشەکەدا یان مەشقی «کۆڵەکەی بەهێزدا» بەشداربوون. لەکاتێکدا حەماس خەریکی کۆکردنەوەی پشتگیری بوو پێش ئەنجامدانی هێرشەکە، هیشام جابر، جەنەڕالێکی پێشوو لەسوپای لوبنان کەئێستا شیکەرەوەیەکی ئەمنییە لەناوەندی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ دیراسات و توێژینەوە، بروای وایە تەنها حەماس ئاگاداری پلانی کۆتایی بووە و «رەنگە لەڕۆژی هێرشەکەدا داوایان لەگروپەکانی تر کردبێت بەشداری بکەن.»
هاوڵاتی نوێنەری دەستەی داکۆکیکار لە مامۆستایانی ناڕازی رایگەیاند حکومەتی ناوەندی داوای لێکردوون چەند نوێنەرێکیان سەردانی بەغدا بکەن بەمەبەستی گەیاندنی کێشە و گرفتەکانیان و داواکردنی مافەکانیان. دڵشاد میرانی، نوێنەری دەستەی داکۆکیکار لە مامۆستایانی ناڕازی بە هاوڵاتی راگەیاند، "حکومەتی ناوەندی داوایان کردوە 10 نوێنەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بچنە بەغدا بە مەبەستی گەیاندنی کێشە و گرفت و داواکاریەکانیان." ئەم لەکاتێکدایە کە رۆژی یەکشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2023 لە بازگەی چیمەن لە نزیک کەرکوک رێگری لە مامۆستایانی ناڕازی کرا کە بچنە بەغدا بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان و گەیاندنی داواکارییەکانیان کە خۆی دەبینێتەوە لە دابینکردنی مووچە لەکاتی خۆیدا و گەراندنەوەی پلە بەرزکردنەوە و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ. دوای گەڕانەوەیان لە کەرکوک مامۆستایانی نارازی رایانگەیاند کە حوکمەتی هەرێم داوای لە حکومەتی عێراق کردووە کە رێگری لە چوونی مامۆستایان بکات بۆ بەغدا، بەڵام پیشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم، دەڵێت ئەوان رێگرییان نەکردووە و "ئەگەر وابوایە لە بازگەکانی حکومەتی هەرێم رێگرییان لێدەکرا."
هاوڵاتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، رایگەیاند کاری لە پێشیننەی حکومەتی هەرێم چارەسەرکردنی پرسی مووچەیە و ناکرێت ساڵی داهاتووش ئەو کێشەیە بەردەوام بێت، دەشڵێت، "کەشێکی ئەرێنی هاتووەتە ئاراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و هەنگاوی باش نراون." ئەمڕۆ پێنجشەمە، 30ی تشرینی دووەمی 2023 قوباد تاڵەبانی لە هەولێر لەگەڵ ستیڤن چارڵس هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبوویەوە و گفتوگۆیان سەبارەت بە کێشەکانی هەرێم و بەغدا، کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم و هەروەها دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی باسی لە کێشەکانی هەولێر و بەغدا کرد سەبارەت بە پرسی مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و وتی، "لەم قۆناغەدا ئەولەوییەتی یەکەمی حکومەت و هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان چارەسەرکردنی خێرای کێشەی بودجە و موچەی موچەخۆرانە و ناکرێت ئەم کێشەیە لە ساڵی داهاتووشدا بەردەام بێت." هاوکات جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم داوای کرد "وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان یارمەتیدەربن لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەدا." لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی باسی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی کرد و رایگەیاند، هەنگاوی باش نراون بە ئاراستەی "یەکگرتوویی و یەکڕیزی" لایەنە کوردستانییەکان و کەشێکی ئەرێنی هاتووەتە ئاراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و بەردەوامبوونی ئەو کەشە "بەشێکی بەرچاوی کێشەکان چارەسەر" دەکات و پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراقدا "بەهێزتر" دەبێت.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند هیچ بڕیار و رێنماییەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەوە دەرنەچووە کە مووچە و شایستەی دارایی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ مانگی ئەیلول خەرج بکرێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەیاننامەیەک بەناوی دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بڵاوکراوەتەوە کە لە بەشێکیدا "وەزارەتی دارایی بەهۆکاری خەرج نەکردنی شایستەکانیان تۆمەتبار دەکات." لە وەڵامدانەوەی ئەو بەیاننامەیەدا وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوە دەکات کە "بۆ سەرجەم وانەبێژان و ڕای گشتی ڕوون دەکەینەوە هیچ بڕیارو ڕێنماییەکی نوێ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی داراییەوە بۆ خەرج کردن یان خەرج نەکردنی مووچەو شایستەی دارایی هیچ چین و توێژێکی مامۆستایان دەرنەچووە."
هاوڵاتی وەزارەتی پێشمەرگە ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ئەو پێشمەرگانەی ناویان لە لیوای هاوبەشی ٢٠دا هەیە پێویستە لە رۆژی شەممە ئامادەبوونی خۆیان دووپات بکەنەوە. وەزارەتی پێشمەرگە باس لەوەش دەکات، ئەو کەسانەی ناویان هاتووە پێویستە تا 2ی کانونی یەکەمی 2023 پەیوەندی بەو جێگایانەوە بکەن کە پێیان راگەیاندراوە و وەزارەتەکە لینکێکی داناوە تا ئەو کەسانەی ناویان هەیە لە لیواکەدا پەیوەندی بە بنکەی مەشقەکانەوە بکەن. لیوای هاوبەشی 20 لیوایەکی نوێیە لەنێوان وەزارەتی بەرگری عێراق و وەزارەتی پیشمەرگە و نزیکەی سێ هەزار و 500 پێشمەرگە ناویان لە لیواکەدا هەیە. دەقی بانگەوازەکەی وەزارەتی پێشمەرگە: بانگەوازێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ پێشمەرگەکانی لیوای ٢٠ی پیادە راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە وەزارەتی پێشمەرگە لە بانگەوازێکدا، ئاگاداری سەرجەم ئەو ئەفسەر و پێشمەرگانە دەکات کە ناویان لە لیوای(٢٠)ی پیادەی هاوبەش هاتۆتەوە لە رۆژی شەممە ئامادەبوونی خۆیان دووپات بکەنەوە، بۆیە پێویستە تەواوی ئەو کەسانە کەناویان هاتووە تاکوو ڕۆژی شەممە بەرواری ٢٠٢٣/١٢/٢ پەیوەندی بەو جێگایانە بکەن کە پێیان راگەیندراوە، هەرکەسێک لەو کاتەی بۆی دیاریکراوە پەیوەندی نەکات خۆی بەرپرسیار دەبێت. تێبینی: دەتوانن سەردانی ئەم لینکەی خوارەوە بکەن بۆ دۆزینەوەی ناو و ئەو بنكانەی مەشق كە بۆتان دیاری كراوە، https://rb.gy/4ujzc9
هاوڵاتی حەماس و ئیسرائیل رێککەوتن لەسەر ئەوەی ئاگربەستی نێوانیان بۆ رۆژێکی تر درێژبکەنەوە تا ئەوەی بتوانن ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیاندانی زیاتر لەنێوانیان بکەن. بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی تشرینی دووەمی 2023 لەکۆتایی چرکەساتەکانی تەواووبونی کاتی فەرمی ئاگربەستدا، حەماس و ئیسرائیل بۆ رۆژی حەوتەم ئاگربەستەکەیان درێژکردووە تا بتوانن دانوستانەکانین بەردەوامی پێ بدەن لەسەر ئاڵوگۆڕی دیلەکانیان. سوپای ئیسرائیل پێش کۆتایهاتنی ئاگربەست رایگەیاند، "بە لەبەرچاوگرتنی هەوڵی لایەنە نێوەندگیرەکان بۆ بەردەوامی پرۆسەی ئازادکردنی بارمتەکان، شەڕ راگرتنی بەردەوام دەبێت." حەماس لە کۆتا ۆرژی ئاگربەستدا کە دەکاتە دوێنێ چوارشەممە 16 بارمتەی رزگارکرد لەبەرامبەر ئازادکردنی 30 زیندانی فەڵەستینیندا. تا ئێستا لەماوەی ئاگربەستدا 76 ابارمتە ئازادکراون لەبەرامبەر ئازادکردنی 210 زیندانی فەڵەستینی.
عەممار عەزیز 11 ساڵە هاووڵاتیانی پارێزگای دهۆك لەچاوەڕوانی دروستكردنی فڕۆكەخانەیەكدان، یەكێك لەهاووڵاتیانی دهۆك دەڵێت تەواوكردنی ئەو فڕۆكەخانەیە بووە بەخەون، پارێزگاری دهۆكیش باس لەوەدەكات دیزانێكی نوێ بۆ پڕۆژەكە كراوە. بەردی بناغەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆك لە 2012 لەسنوری قەزای سێمێل دانراو ئەوكات وەك پرۆژەیەكی ستراتیژی گەورە وەسف كرا، بەڵام 11 ساڵە بەتەواونەكراوی ماوەتەوە و تەنها لەسەدا 10%ی پرۆژەكە جێبەجێ كراوەو هێشتا لەسەدا 90%ی ماوەتەوە، ئەوەی تەواویش كراوە تەنها دیزاینەكەیەتی، لەكاتێكدا بودجەی پرۆژەی فڕۆكەخانەكە لەساڵی 2012 بڕی 450 ملیۆن دۆلار بووەو لەلایەن كۆمپانیایەكی توركییەوە كاری تێداكراوە. «تەواوكردنی فرۆكەخانەی دهۆك بووەتە خەون و بڕواناكەم بەچاوی خۆم ببینم ، چونكە ئەوەندەی قسەی لەسەركراوە هیچ هەنگاوێكی كردەییمان نەبینیوە « ئەمە قسەی نەواف میكائیل ، هاووڵاتیەكی شاری دهۆكە. بەڵام دوای تێپەربوونی 11 ساڵ بەسەر پرۆژەی دانانی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆك ، هێشتا دیزاینی تازەی فرۆكەخانەی دهۆك تەواوبووە ، جارێ دیارنیە كەی دووبارە دەست بەدروستكردنەوەی دەكرێت . «بەدڵنیاییەوە تەواوكردنی پرۆژەكە سوودێكی یەكجار گەورە دەگەیەنێتە هەموولایەك، جووڵەیەكی بازرگانی باش لەپارێزگای دهۆك دروستدەكات كەهەموو كەسێك سوودی لێی وەردەگرێـت، لەهەمانكاتیشدا لەجیاتی ئەوەی خەڵكی پارێزگای دهۆك بۆ گەشتكردن بۆ دەرەوە سەردانی فرۆكەخانەكانی هەولێر یان سلێمانی بكەن ئەوە لەشارەكەی خۆیان گەشت دەكەن، هیوادارم چیتر ئەم پرۆژەیە دوانەخەن و بەزووترین كات دەست بەدروستكردنەوەی بكەن». نەواف میكائیل وای وت بەوتەی قایمقامی سێمێل دوو كێشە لەبەردەم فڕۆكەخانەی دهۆك هەبوون ئەوانیش چارەسەركراون خەلیل مەحمود ، قایمقامی قەزای سێمێل لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: كێشەیەكی گەورەی بەردەم فرۆكەخانەی دهۆك تەواوبووە ئەویش قەرەبووكردنەوەی زەوی ئەو خەڵكانەیە كە بەر فرۆكەخانەكە كەوتوون، هەموویان قەرەبووی خۆیان وەرگرتووە. وتیشی: خاڵی دووەم لیژنەكانی تەكنیكی كە لە 2021ەوە پێكهێنراون تائێستا بەردەوامن لەسەر كاری خۆیان، پێش ماوەیەك داوایان لەئێمە كرد لەسنوری ناحیەی باتێل شوێنێكیان بۆ دابین بكەین تائەو خۆڵەی لەشوێنی فرۆكەخانەکە دەردەهێنرێت فڕێبدرێت ئێمەش شوێنێكمان بۆ دابینكرد». « لەدوایین سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ قەزای سێمێل و شوێنی فرۆكەخانەكە ئەوەی من لێم بینیی زۆر جددیە لەتەواوكردنی پرۆژەكە، هەركاتێك ئیشە تەكنیكیەكان و دیزانەكە تەواو بوو و لەهەمووی گرنگتر پارەی بۆ دابینكرا ئەوا بەدڵنیایی دووبارە دەست بەدروستكردنەوەی دەكرێت». خەلیل مەحمود قایمقامی قەزای سێمێل وای وت. لەئەیلولی 2021 مەسرور بارزانی ، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوەوو گەیاندن و پارێزگاری دهۆك سەردانی قەزای سێمێل شوێنی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆكیان كرد، ئەوكات مەسرور بارزانی رایگەیاند: لەكابینەكانی پێشوودا بڕیاری دروستكردنی فرۆكەخانەی دهۆك دەرچووەو بڕێك بودجەی بۆ دابینكراوە كەمێك ئیشی لەسەر كراوە بەداخەوە بەهۆی قەیرانی دارایی نەیانتوانیوە پرۆژەكە تەواو بكەن . پاش تێپەڕبوونی زیاتر لەدووساڵ لەسەردانەكەی سەرۆكی حكومەت دیزاینی تازەی فرۆكەخانەكە تەواو بووەو وابڕیارە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت تاوەكو دووبارە بەپێی دیزانەكە كار لەسەر پرۆژەكە بكرێت . ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی حكومەتی هەرێم، لەپەراوێزی كوانفرانسێ مێپس كە لەزانكۆی ئەمریكی دهۆك بەڕێوەچوو وتی :» بەخۆشحاڵییەوە دەتوانم ئەوە رابگەیەنم دیزاینی تازەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆك لەو كۆمپانیایەی كەگرێبەستی هەبوو لەگەڵ حكومەت تەواو بووەو لەم رۆژانەدا بەرزدەكرێتەوە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و دوای دیزاینەكە دەچینە قوناغێكی تر». پەیامنێری هاوڵاتی زیاترلە 10 رۆژ چاوەڕێی ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستانی كرد تاوەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە كە لەسەر فڕۆكەخانەكە بۆی ناردووە. پێشتر عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك رایگەیاندبوو: لەم رۆژانەدا مزگێنی خۆش دەدەینە هاووڵاتیانی پارێزگای دهۆك، دیزاینێكی نوێ كە لەگەڵ ئەم سەردەمە بگونجێت بۆ فڕۆكەخانەكە كراوەو رەوانەی وەزارەتی گواستنەوە كراوە. هاوكات دیلان رەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی هەرێم رایگەیاندبوو: پرۆژەكە دوو قۆناغە، قۆناغی یەكەم دیزاینكردنەوەی پڕۆژەكەیەو قۆناغی دووەمیش جێبەجێكردنیەتی كە لەسەر نزیكەی هەزار هێكتار زەوییەو بڕی 12 ملیۆن و 832 هەزار دۆلاری بۆ دابینكراوە. لەلایەن خۆشیەوە ماجد سەید، جێگیری پارێزگاری دهۆك بۆ كاروباری هونەری بەهاوڵاتی وت : ئەگەر وەزیری گۆاستنەوەو گەیاندن ئەو قسانەی كردبێت دیارە ئەو زیاتر دەزانێت، من ئاگاداری هیچ شتێك نیم، نازانم كەی دووبارە دەست بەدروستكردنەوەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆك دەكرێت».
هاوڵاتی بنییامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند بەبێ دوودڵی شەڕ دەستپێدەکاتەوە و هیچ بژاردەیەک نییە جگە لەوەی تا کۆتایی بەردەوام نەبن لە شەڕ. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، "لە سەرەتایی جەنگەوە سێ ئامانجم دانا، لەناوبردنی حەماس، گەرانەوەی هەموو رفێندراوەکان و زامنکردنی ئەوەی غەززە هەرگیز نەبێتەوە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل، ئەم سێ ئامانجە هەر وەک خۆیان ماون." ئەمڕۆ کۆتا رۆژە بۆ کۆتایهاتن بە ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل و تا ئێستا حەماس 60 بارمتەی ئیسرائیلی لەبەرامبەر 180 زیندانی فەڵەستینی ئازادکردووە. ناتانیاهۆ لەسەر ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ دەڵێت کە "لەم رۆژانەی دواییدا گوێم لەو پرسیارە دەبێت کە ئاخۆ ئیسرائیل دەگەڕێتەوە بۆ شەڕ دوای قۆناغی گەڕانەوەی رفێندراوەکان؟ وەڵامی من ئەوەیە کە بەبێ دووڵی بەڵێ." سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی لەوەش کردووە کە هیچ بژاردەیەک نییە جگە لە گەرانەوەیان بۆ جەنگ تا کۆتایی و "ئەمە سیاسەتی من و کابینەکە و حکومەت و سەرباز و خەڵکی ئیسرائیلە، هەر ئەوەش دەکەین." هاوکات پێشتریش وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند کە سوپای وڵاتەکە ئامادەیە دەستبەجێ دەست بە شەڕ بکاتەوە.
شەنای فاتیح بەهۆی نزیكبوونەوەی وەرزی زستان و بەرزبوونەوەی خواستی هاووڵاتیان لەسەر کارەبای نیشتیمانی، کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی کەمبووەتەوە، بەجۆرێک هەندێک رۆژ کەمتر لەهەشت کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی دەدرێتە هاووڵاتیان، وەزارەتی کارەباش هۆکاری کەمبوونەوەکە بۆ پرۆسەی چاکسازی لەهەردوو یەكەی وێستگەی خەبات دەگەڕێنێتەوە. وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە بەهۆی پرۆسەی چاکسازی لەهەردوو یەكەی وێستگەی خەبات ٣٠٠ مێگاوات کارەبا لەڕۆژی (١٥)ی ئەم مانگەوە کەمبووەتەوە. لەڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە تاكۆتایی مانگ پرۆسەکە تەواودەبێت و وێستگەکە دەکەوێتە کارو ماوەکانی پێدانی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە، ئەم چاکسازییە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا بەهۆی سەرماوە، بۆیە ماوەی چەند رۆژێکە کاتەکانی پێدانی کارەبا کەمبووەتەوە. هاوکات، بەهۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانییەوە کاتژمێری کارکردنی موەلیدەکان زیادیان کردووە، قارەمان مەولوود، سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوونی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: چەند خشتەیەک لەسەر داواکاری هاووڵاتیان دانراوە بەشێکی ٢٤ کاتژمێرییەو داواکراوە هەرکاتێک کارەبای نیشتیمانی ببڕێت موەلیدەکان بخرێنە کارو نرخ کێشە نییە، ئەوانە رۆژانە زیاتر لە ١٦ کاتژمێر کارەبای موەلیدەیان پێدەدرێت. وتیشی: بەشێکی تر هەیە لەکاتژمێر ٦:٣٠ تا ٨:٣٠ی بەیانی کارەبا هەیە، کاتژمێر سێ تا چواری عەسر پشوویەک بەموەلیدەکان دەدرێن، لەکاتژمێر چوارەوە تایەکی شەو کارەبای موەلیدە دەدرێتە هاووڵاتیان، ئەمانیش رۆژانە زیاتر لە ١٢ کاژمێر کارەبایان پێدەدرێت. کاتژمێرەکانی کارەبای موەلیدە لەهەولێر زیاترە بەراورد بەسلێمانی، بۆ نموونە مانگی رابردوو لەشاری سلێمانی ١٦٠ کاتژمێر موەلیدەکان کاریان کردبوو، بەڵام لەهەولێر ٣٠٠ کاتژمێر کارەبای موەلیدە هەبووە. قارەمان مەولوود وای وت. تاریق سەمین، سەرۆكی كۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: ئێمە خشتەی کارکردنی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکانمان هەیە، ئەویش لەکاتژمێر ٦:٣٠ بۆ هەشتی بەیانی، هەروەها کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ بۆ یەکی شەو. وتیشی: ناتوانین بڵێین ئەوەندە کاتژمێر کارەبای موەلیدە دراوەتە هاووڵاتیان، لەبەرئەوەی هەرکاتێک کارەبای نیشتیمانی ببڕێت کارەبای موەلیدە بەهاووڵاتیان دەدرێت و کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی جێگیر نییە. سەبارەت بەمانگی رابردوو، تاریق سەمین وتی: مانگی تشرینی یەکەم لەشاری سلێمانیدا ١٦٠ کاتژمێر کارەبای موەلیدە بەهاووڵاتیان دراوەو نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدەش لەنێوان شەش بۆ حەوت هەزار دینار بووە، بەڵام بەهۆی زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارەبای موەلیدەوە بۆ مانگی تشرینی دووەم نرخەکە زیاد دەکات. پاش ٣٢ ساڵ لەحوکمڕانی کوردی هێشتا نەتوانراوە كارەبای ٢٤ كاتژمێری دابینبکرێت بۆ هاووڵاتیان ، لەكاتێكدا سیستەمی پێوەری زیرەک و پریپەید خراونەتە کار. عەلی حەمە ساڵح، پەلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان، لەنووسینێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک باس لەوەدەکات کەدانیشتوانی سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجەو راپەڕین نزیکەی ٤٢٪ ی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانن، بەڵام ٣٣.٥٪ ی کارەبایان پێدەدرێت، شاری هەولێر٤٢.٥٪ی پێدەدرێت و شاری دهۆکیش ٢٤٪. پێشتر ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: هێشتا زووە بۆ وەزری زستان و مانگێكمان لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی بزانین كەئیمكانیەتمان چەندە بۆ پێدانی كارەبا تا بیدەینە هاوبەشەكانمان، بۆیە ناشزانین خواستی كارەبا بۆ وەرزی زستان چۆن دەبێت». وتیشی:» بەرهەممان دیار نییەو چاوەڕێی سووتەمەنی و پارەین، چونكە لەئێستادا بارودۆخێكی دارایی خراپ هەیە، وەزارەتی كارەبا لەئێستادا لەسەر خەتە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ ئەوەی بارودۆخی سووتەمەنی باشتربێت، هەروەها دیار نییە كەئێمە بودجەمان دەبێت یان نا، بۆیە نامانەوێت زانیاری هەڵە بدەین».
هاوڵاتی وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی ئامادەیە دەستبەجێ دەستبکاتەوە بە شەڕ، بەرپرسێکی تری ئیسرائیلیش دەڵێت، مەحاڵە ئاگربەست درێژبکرێتەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی تشرینی دووەمی 2023، یۆاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوی و دەریا "ئامادەیە دەستبەجێ دەست بکاتەوە بە شەڕ." وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەشڵێت، ولاتەکەی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی تا کۆتایی ئاگربەست هەموو بارمتەکان بگەڕێنێتەوە. ئەمڕۆ کۆتا رۆژی ئاگربەستە لەنێوان حەماس و ئیسرائیل و بەرپرسێکی ئیسرائیل کە قسەی بۆ رۆیتەرز کردووە و ناوی نەهێندراوە رایگەیاندووە کە مەحاڵە ئاگربەست درێژبکرێتەوە ئەگەر حەماس نیازپاکی پیشان نەدات کە هەموو بارمتەکان ئازاد دەکات. ئەو بەرپرسە باسی لەوەشکردووە، حەماس هێشتا ئەوەندە ژن و منداڵی بارمتەی لایە کە بتوانێت ئاگربەست بۆ دوو بۆ سێ رۆژ درێژ بکاتەوە. تا ئێستا گروپە چەکدارەکانی غەززە 60 ژن و منداڵی ئیسرائیلییان ئازادکردووە لەکۆی 240 بارمتە بەپێی ئەو رێککەوتننەی کە لەنێوان حەماس و ئیسرائیل کراوە. حەماس جگە لەو ژن و منداڵانە 21 کەسی بیانیشی ئازادکردووە کە بەشێکی زۆرییان خەڵکی تایلەندان. لەبەرامبەر ئەمەدا تا ئیستا ئیسرائیل 180 زیندانی فەڵەستینی ئازادکردووە.
هاوڵاتی بەرێوبەرایەتی پۆلیسی سۆران رایگەیاند کەسێکیان بەتۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی بەناوی خوازراوی شێخ بەرەکات دەستگیرکردووە کە بە "شێخی تیکتۆک" ناسراوە. لە راگەیاندراوێکدا پۆلیسی سۆران دەڵێت، ئەو هاوڵاتییە بە "پێچەوانەی ئاداب و نەریتی گشتی" لایڤی کردووەتەوە و و کۆمەڵێک گرتە ڤیدیۆی بڵاوکردووەتەوە کە ناوی رەسەنی "(ک . س . خ ) کە بە شێخی تیک تۆک ناسرابوو و کارەکانی کاردانەوەیەکی خراپی لەناو کۆمەڵگای کوردی لێکەوتەوە." هاوکات باس لەوەشکراوە کە داواکاری گشتی سکاڵای لە دژی ئەو هاوڵاتییە جوڵاندووە و بنکەی پۆلیس چۆمان لەسەر فەرمانی دادوەر دەستگیریکردووە، تۆمەتبارەکەش "دانی نا بە تاوانەکەی و لە ئێستادا ڕاگیراوە بەپێی ماددەی دووی لە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی."
سەركۆ جەمال دوو پزیشكی پسپۆڕ لەسلێمانی دەستگیركراونو سزای ساڵێك زیندانییان بەسەردا سەپێندراوە، دەستگیركردنەكەیان پەیوەندی بە كەیسی نەشتەرگەریی هاووڵاتییەكەوە هەیە کە گیانی لەدەستداوە، سەندیكای پزیشكان هەوڵی ئازادكردنی پزیشکەکان دەدات و دەڵێت ئەو كەسەی نەشتەرگەرییەكەی بۆكراوە نەخۆشی دڵی هەبووە، كەسوكاری هاووڵاتییەکەش ئەوە رەتدەكەنەوەو دەڵێن بەهیچ شێوەیەك نەخۆشی دڵی نەبووە .وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر دۆسییەکە لیژنەی لێكۆڵینەوەی پێكهێناوە. وتەی هەریەك لەسەندیكای پزیشكان و كەسوكاری هاووڵاتییەکە لەیەكتر جیاوازن رۆژی 25-11-2023 لقی سلێمانی ئەنجومەنی باڵای سەندیكای پزیشكان راگەیەندراوێكی بڵاوكردووەتەوەو نووسیویەتی:» لەسەرەتای بابەتەكەوە لەسەر هێڵین لەگەڵ بەڕێزان لەوەزارەتی دادو بەڕێزان لەدادگای پیاهەڵچوونەوەی سلێمانی بەمەبەستی پیاچوونەوەی بڕیارەكەو ئازادكردنی ئەو دوو پزیشكە بەڕێزە لەزووترین كاتدا». بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، ئەو دوو پزیشكەی كەدەستگیركراون، یەكێكیان پزیشكی نەشتەرگەریی گشتیو ئەوی تر پزیشكی بێهۆشكارییە، هەریەكەیان سزای ساڵێك زیندانیكردنیان بۆ دەرچووە، بەڵام بەوتەی سەرچاوەیەك لەدادگای سلێمانی پزیشكەكان تانەیان لەبڕیارەكە داوەو تەممیزیان كردووەتەوەو نزیكەی هەفتەیەك لەمەوبەر بڕیاری دادگا بۆ زیندانیكردنیان دەرچووەو كەیسەكە لەدادگای سلێمانییە. وەك سەندیكای پزیشكان دەڵێت :» ئەم دوو پزیشكە، چوار ساڵ لەمەوبەر نەشتەرگەریی بچوككردنەوەی گەدەیان بۆ هاووڵاتییەک بەناوی (فەیسەڵ) كردووەو گیانی لەدەستداوە، كەسوكاری هاووڵاتییەکە لەدادگا سكاڵایان تۆماركردووەو لەسەر بنەمای ئەم سكاڵایە، دادگا دوو پزیشكەكەی تۆمەتباركردووە بە «كەمتەرخەمی»، بەتایبەتیش لەوەدا هاووڵاتییەکە پێشتر نەخۆشی دڵی هەبووە. تەندروستی سلێمانی دەڵێت ئەوان دەستتێوەردانیان لەدۆسیەكەدا نەكردووە هاوڵاتی پەیوەندی كرد بە سامان لەتیف وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بەڵام ناوبراو رایگەیاند:»تەندروستی سلێمانی دەستتێوەردانی لەدۆسیەكە نەكردووەو سەندیكای پزیشكان ئاگاداری وردەكاری دۆسیەكەیە». پزیشكێك لەسەندیكای پزیشكان زانیاری بۆ هاوڵاتی ئاشكرادەكات هاوڵاتی پەیوەندی بەچەند ئەندامێكی لقی سلێمانی سەندیكای پزیشكانەوە كرد هیچ یەكێكیان ئامادەنەبوون لەوبارەیەوە بەفەرمی لێدوان بدەن، یەكێك لەئەندامانی سەندیكا كەخۆی پزیشكە بەمەرجی ناونەهێنانی قسەی بۆ هاوڵاتی كردو وتی:»ئەو كەیسە بۆ ساڵی 2016 دەگەڕێتەوەو نەشتەرگەرییەكە لەنەخۆشخانەیەكی ئەهلی ئەنجامدراوە (ناوی نەخۆشخانەكە لەلای هاوڵاتی پارێزراوە)، لەلایەن هەردوو دكتۆر هیواو دكتۆر عامر كەیەكەمیان پزیشكی نەشتەرگەری گشتی و ئەوی دیكەشیان پزیشكی بێهۆشكارییە، بەڵام ئەو كەسەی نەشتەرگەرییەكەی بۆ ئەنجامدراوە نەخۆشی دڵی هەبووە». ئەو سەرچاوەیە لەسەندیكای پزیشكان وتیشی:»ئەو هاووڵاتییە یەكسەر دوای نەشتەرگەرییە بەماوەیەكی كەم گیانی لەدەستداوە، بۆ لێكۆڵینەوەش ئەو هاووڵاتییەی نەشتەرگەرییەكەی بۆ ئەنجامدراوە براوەتە پزیشكی دادی و لەڕاپۆرتی پزیشكی دادیی هۆكاری مردنەكە نووسراوە «گەورەبوونی دڵ» كەئەوەش بەو مانایەی پێشتر نەخۆشی دڵی هەبووە». «هیچ نەشتەرگەرییەك بەبێ واژۆی نەخۆش ئەنجام نادرێت، بەڵام كێشەیەكی یاسایی هەیە كەهەر نەشتەرگەرییەكی گەورە بەتایبەت ئەگەر نەخۆشەكە قەڵەو بێت یاخود تەمەنی زۆربێت دەبێت ئیكۆی دڵ بكات، بەڵام بەداخەوە ئەوەی تێبینی كراوە سۆنەری دڵەكە ئاماژە بەنەخۆشی دڵەكەی نەكراوە كەچووەتە بەردەم پزیشكی نەشتەرگەری و بێهۆشكاری، دەبوو ئاماژە بەنەخۆشی دڵەكە بكرێت و تێپەڕیوە»، ئەو سەرچاوەیەی سەندیكای پزیشكان وای وت. وەك ئەو سەرچاوەیە دەڵێت:»پزیشكی بێهۆشكار وتوویەتی لەوكاتەدا فشاری خوێنی نەخۆشەكە 16 بە 9 بووە كە لەوە زیاتریش هەبووە كێشەی نەبووەو نەشتەرگەری بۆ كراوە، بەڵام كێشەی ئەو هاووڵاتییەی نەشتەرگەرییەكەی بۆ كراوە دڵ گەورەبوون بووەو لەئیكۆكەشدا ئاماژەیەكی روونی نەداوە بەپزیشكەكان كەنەشتەرگەرییەكە ئەنجام نەدەن، لەسەرەتاشەوە گومانی ئەوە كراوە گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکە بەهۆی خوێنبەربوونی ناوەكی بووبێت». بەوتەی ئەو سەرچاوەیە «سەندیكا داوای كردووە بڕیارەكە رابگیرێت چونكە ئەو پزیشكانە مامۆستای زانكۆن و هەڵەكەش بەئەنقەست ئەنجام نەدراوە، بۆیە داوایان لەوەزارەتی تەندروستی و داد كردووە چاو بەبڕیارەكەدا بخشێنێتەوە». هەردوو پزیشكەكە بەوتەی ئەو سەرچاوەیەی سەندیكای پزیشكان لەئێستادا لەزیندانن و سزای ساڵێك زیندانیكردنیان بۆ دەرچووەو سەرەتاش سكاڵاكە لەوەزارەتی تەندروستی تۆماركراوە. سەرچاوەیەك لەدادگای سلێمانی دەڵێت دۆسیەكە لەژێر لێكۆڵینەوەدایەو داوای تەممیزكراوە هاوكات سەرچاوەیەك لەدادگای سلێمانی بەهاوڵاتی وت:» یەكێك لەدكتۆرەكان پزیشكی نەشتەرگەری گشتییەو ئەوی دیكەشیان پزیشكی بێهۆشكارە، هەفتەی رابردوو بڕیارەكە دەرچووەو دكتۆرەكان داوای تەممیزیان كردووەتەوە گوایە ئەوان كەمتەرخەم نین». سەرچاوەكە وتیشی:»دادگای تەممیز سەیری دۆسیەكە دەكاتەوەو جارێ وردەكاری دیكە لەوبارەیەوە بڵاوناكرێتەوە تابڕیاری كۆتایی دادگا دەرنەچێت». برای ئەو هاووڵاتییەی نەشتەرگەری بچوكکردنەوەی گەدەی بۆ كراوە قسە بۆ دەكات فەیسەڵ موشیر ناوی هاووڵاتییەیە كە گیانی لەدەستداوە، هاوڵاتی پەیوەندیكرد بە ئەسعەد موشیر كە برا گەورەیەتی، ناوبراو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئەو رووداوە بۆ 5-11-2017 دەگەڕێتەوە نەك 2016، براكەم هیچ نەخۆشییەكی دڵی نەبووەو دەیانەوێت ئەوە بكەن بەپاساو، ئێستاش دادگا بڕیاری زیندانیكردنی ساڵێكی بۆ پزیشكەكان دەركردووە». وتیشی:»براكەم هیچ كێشەیەكی تەندروستی نەبووە تەنها ویستوویەتی كێشی خۆی دابەزێنێت و گەدەی ببڕێـت، لەدادگا پزیشكەكان بەشەڕهاتن لەسەر ئەنجامی پشكنینەكان، دوو كاتژمێر بوو براكەم مردبوو ئینجا خوێنیان لێگرتووە بۆ پشكنین، من وای بۆ دەچم براكەم هەر بەمردوویی نەشتەرگەری بۆكراوە هەرچەندە پزیشكی دادوەریش سەرەتا هەمان شتیان وت بەڵام دواتر راپۆرتەكەیان بەشێوەیەكی تر كردووە». «حەوت ساڵ دەبێت ئەو پزیشكانە نەهاتوونەتە لای ئێمە هەر بڵێن داوای لێبوردن دەكەین ئەو رووداوە روویداوە لەكاتێكدا هەرئەوكات سكاڵامان تۆماركردووە، من دەستخۆشی لەدادوەرەكە دەكەم كەبڕیارەكەی دەركردووە، ئێمە بەهیچ شێوەیەك رازی نین ئەو پزیشكانە ئازاد بكرێن». ئەسعەد موشیر برای فەیسەڵی كۆچكردوو وای وت. وەزارەتی تەندروستی لێكۆڵینەوە لەڕووداوەكە دەكات لەلایەن خۆشیەوە د.سەركار سورچی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەی لێكۆڵینەوەی سەبارەت بەو دۆسیەیە پێكهێناوە، بەڵام تائێستا نەگەیشتووینەتە ئەنجام و هەركات گەیشتینە ئەنجام بەڕای گشتی رایدەگەیەنین». زانیاری لەبارەی نەشتەرگەری بچووككردنەوەی گەدە د.كارزان محەمەد تاهر پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی لەبارەی نەشتەرگەری بچوككردنەوەی گەدەوە دەڵێت: ئەو نەشتەرگەرییە بەئامێری هەناوبینی( laparoscope) دەكرێت، خوێنی كەم لێدەڕوات، ئازاری كەمە، سكی نەخۆشەكە ناشیرین ناكات، زوو لەسەر جێگە هەڵدەسێتەوە، زوو دەست بەچالاكی دەكاتەوەو زوو چاكدەبێتەوە. دەشڵێت: لەنەشتەرگەریەكەدا بە ٤-٥ كونی ١سم و نیو سم، دەچیتە ناو سكی نەخۆشەكەوە، سەرەتا بەئامێری تایبەتی وزەدار، گەدە لەپەردە چەوری ناوسك جیادەكەیتەوە، دوای ئەوە نزیكەی ٨٠٪ی گەدە لەمسەر بۆ ئەوسەر بەئامێری ستاپلەر ( stapler) دەبڕێت و دەیدورێتەوە، نزیكەی ٢٠٪-٢٥٪ دەهێڵێتەوە. ئەو پزیشكە باس لەوەشدەكات دوای نەشتەرگەریەكە کەسەکە وەك جاران خواردنی زۆری پێناخورێت و كێشی دادەبەزێت بەهۆی بچووكردنەوەی گەدەوە، بەخواردنێكی كەم گەدە پڕدەبێت و کەسەكە زوو هەست بەتێربوون دەكات.
هاوڵاتی عەلی خامنەیی، رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی، لە وتاردانێکدا جارێکیتر وێڕای پشتیوانیکردن لە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، لە هەمانکاتدا رایگەیاند روانگەی کۆماری ئیسلامی ئەوە نییە کە زایۆنیست و جوولەکەکان بخرێنە دەریاوە. رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئەمڕۆ چوارشەممە لە وتاردانەکەیدا کە لە دیدار لەگەڵ بەسیجییەکان ئەنجامیدا وتی :" کۆماری ئیسلامی رازییە بەوەی ریفراندۆم لە فەلەستین بکرێت و رای خەڵک وەربگیردرێت". بەدرۆ خستنەوەی بیرۆکەی لەناوبردنی ئیسرائیل و خستنە دەریای زایۆنیستەکان لە لایەن رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامییەوە لە کاتێکدایە بەرپرسانی سیاسی و سەربازی کۆماری ئیسلامی لەوانە عەلی خامنەیی، ساڵانێکی زۆر باسیان لە پێویستی نەمانی ئیسرائیل کردوەو بەڵێنی نەمانی ئیسرائیلیان داوە. لەوانە ساڵی ٢٠١٩ ، فەرماندەی ئەو کاتەی هێزە زەمینییەکانی سوپای ئێران هەڕەشەی نەمانی ئیسرائیلی کرد و وتی:" لەسەر تەواوی بنکە سەربازییەکانی هێزە زەمینییەکانی سوپا، رۆژژمێری لەناوچوونی ئیسرائیل دانراوە. هەروەهاعەلی خامنەیی ساڵی ٢٠١٥ وتبووی :" ئیسرائیل ٢٥ ساڵی داهاتوو نابینێت"و دوای ئەو قسانەی خامنەیی رۆژژمێری نەمانی ئیسرائیل لەبەشێک لە دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی و لە ژمارەیەک لە شەقامە سەرەکییەکانی شارەکان دانرا. خامنەیی، لە بەشێکیتر لە قسەکانیدا ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ی تشرینی دووهەم، هێرشی ٧ی تشرینی یەکەمی حەماس بۆ سەر ئیسرائیلی بە (گەردەلوولی الاقصی) ناوبرد و وتی :" هەرچەن ئەم هێرشە دژی ئیسرائیل بووە، بەڵام ئامانجەکەی لێدان بووە لە ئەمریکا ". ئەمریکا و یەکیەتی ئەورووپا حەماسیان لە لیستی گرووپە تیرۆریستەکان داناوە. خامنەیی لە بەشێکیتر لە قسەکانیدا وتی:" هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل توانی خشتەی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە تێکبدات و بە ئومێدی خوا درێژەی ئەبێت و خشتەکە ئەسڕێتەوە". رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی هەروەها هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیلی بە یەکێک لە "ناوکەکانی بەرگری لە هەموو دونیا " ناوبرد و وتی :" ئەمە هەمان بەسیجە، بەسیجی ئێمە نییە، بەسیجی خۆیانە، بەڵام هەمان کەلتوورە". خامنەیی ٣ رۆژ پێش هێرشی ٧ی تشرینی یەکەم، هێرشی توندی کردە سەر ئەو وڵاتانەی پەیوەندیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردۆتەوەو بە قومار لەسەر گای دۆڕاو ناوی برد و وتی :" بزووتنەوەی رزگاریخوازی فەلەستین بە زووترین کات بە ئامانج ئەگات". زۆر کەس ئەم وتانەی خامنەیی وەک فەرمان بۆ حەماس ناوبرد و هێرشی حەماسیان گرێ دایەوە بە قسەکانی خامنەییەوە. عەلی خامنەیی ٣ رۆژ دوای هێرشەکە و رۆژی ١٠ی تشرینی یەکەم، لە وتاردانێکیدا بۆ هێزە سەربازییەکان، ئەوەی رەت کردەوە ئێران دەور و نەخشی هەبێت لەم هێرشەدا و رایگەیاند حەماس سەربەخۆیانە ئەم کارەی کردوە. هەڵبەت خامنەیی ئەوەی راگەیاند کە ئەوان پشتیوانی خەباتی فەلەستینن ، بەڵام هێرشی ٧ی تشرینی یەکەم کاری خودی فەلەستینییەکانە و ئەوانەی ئەیانهەوێت گرێی بدەن بە کۆماری ئیسلامیەوە دەیانهەوێت وەها پاساو بۆ شکستی خۆیان بهێننەوە.
سەركۆ جەمال گفتوگۆكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی توركیاوە بەردەوامن، بەڵام هێشتا بەهۆی گرێبەستە نەوتیەكانی هەرێمەوە نەگەیشتوونەتە ئەنجام، توركیاش لەهەوڵدایە بۆ ئەوەی بەزووترین كات هەناردەی نەوتی هەرێم لەخاكەكەیەوە دەستپێبكاتەوە بەهۆی ئەو قازانجەی دەیكات. رۆژی 27-11-2023 وەفدێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كردەوەو لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبوونەوە، هاوكات لەگەڵ سەردانی وەفدەكە باڵیۆزی توركیاش لەعێراق گەیشتە هەرێم و دەستی بەكۆبوونەوە كرد لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، پرسی سەرەكییش دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بوو. لەدوایین سەردانیدا وەفدی هەرێم لەبەغدا كە (ئاوات شێخ جەناب) وەزیری دارایی سەرۆكایەتیی دەكرد، پێكهاتبوو لەهەریەكە لە (ئومێد سەباح) سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانو (ئامانج رەحیم) سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانو (عەبدولحەكیم خەسرۆ) سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگیو بەدواداچوونو (خالید هادی چاوشلی) راوێژكار لەئەنجومەنی وەزیران. بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەم وەفدە بۆ سێ تەوەری سەرەكی چووەتە بەغداد كەئەوانیش پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، هەمواركردنەوەی یاسای بودجەو پرۆسەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانن. مانگی 11ی ئەمساڵ وەفدی عێراق بەسەرۆكایەتی وەزیری نەوت سەردانی هەولێری كرد بۆ تاووتوێكردنی پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە كە لە 25ی ئازاری رابردوەوە راوەستاوە، وەفدی حكومەتی عێراق لەهەولێر چەند پێشنیازێكی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت گەڵاڵەكردووە، بەڵام تائێستا بڕیار لەوبارەیەوە نەدراوە، بەوتەی ئەندامێکی وەفدەكە كەهاوڵاتی قسەی لەگەڵ كردووە پرسی دەستكاریكردنی گرێبەستی كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم یەكێك لەبابەتە گرنگەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتە، وەزارەتی نەوتی عێراق دەیەوێت گرێبەستی ئەو كۆمپانیایانە لەهەرێم لەگرێبەستی «هاوبەشی لەبەرهەم»ەوە بگۆڕێت بۆ «هاوبەشی لەقازانج»، ئەمەش بابەتێكە كە كۆمپانیاكانی نەوت رەتیدەكەنەوە، بۆیە وەك سەرچاوەكە باسی دەكات دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم كاتی دەوێت و پێویستە دانوستانی زیاتری لەبارەوە بكرێت. وەك پشتڕاستكردنەوەیەك بۆ وتەی ئەو سەرچاوەیەی هاوڵاتی قسەی لەگەڵ كردووە، باسم محەمەد، بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق بەمیدیا عێراقیەكانی وتووە:» بەرپرسەكانی كەرتی نەوتی عێراق لەسەرەتای مانگی ئایندە لەگەڵ نوێنەرانی كۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەكان و بەرپرسانی كوردی عێراق كۆدەبنەوە، بڕیارە گفتوگۆی هەمواری گرێبەستەكان بكرێتەوە كە تیشك دەخاتەسەر دوایین هەوڵەكان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی باكور لەڕێگەی توركیاوە. ئەو بەرپرسە عێراقییە ئەوەشی خستووەتەڕوو:» دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت كە لەمانگی ئازارەوە راگیراوە، پەیوەستە بەگفتوگۆكان لەسەر گرێبەستەكان كەگرێبەستی بەشداریكردنە لەبەرهەم و دەبێت بگۆڕدرێت بۆ مۆدێلی دابەشكردنی قازانج، لەكاتێكدا ئەگەر بگەینە رێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیاكان بۆ گۆڕینی گرێبەستەكان ئەوە هەناردەكردنی نەوت لەڕێگەی توركیاوە دەستپێدەكاتەوە». بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق پێشبینی دەكات لەگەڵ كۆمپانیاكان بگەنە رێككەوتن، دەشڵێت «كۆمپانیاكان خواستیان لەسەر بەردەوامیی كاركردن لەهەرێمی كوردستان بەبێ گرفت هەیە». رۆژی 27-11-2023 عەلی رەزا گوینای باڵیۆزی توركیا لەعێراق سەردانی هەرێمی كوردستانی كردو سەرەتا لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوەوە، دواتر مەسرور بارزانی رایگەیاند: هاوڕابووین لەسەر گرنگیی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان لەزووترین كاتدا. پاشانیش باڵیۆزی توركیا لەعێراق لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، دواتر سەرۆكایەتی هەرێم رایگەیاند: دەربارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كورستانیش، باڵیۆزی توركیا ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ هەناردەكردنەوە دووپات كردەوە، دواتر سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاسی هەڵوێستی توركیای كردو ئاماژەی بەوەدا كە بۆ ئەم مەبەستە ئێستا هەولێرو بەغدا خەریكی گفتوگۆی تەكنیكین. مەسرور بارزانی رۆژێك دوای كۆبوونەوە لەگەڵ باڵیۆزی توركیا لەعێراق رایگەیاند: وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ چارەسەركردنی كۆمەڵێك لەو گرفتانەی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی ماون، لەبەغدادن، بۆ ئەوەی بتوانن رێگەچارەی گونجاو بەتایبەتی بۆ بابەتی بودجەو دواكەوتنی موچەی خەڵكی هەرێم بدۆزنەوەو بگەنە ئەنجامێكی ئەرێنی. وتیشی: بۆ بابەتی نەوتو غاز پێویستمان بەداڕشتنی یاسایەكی فیدراڵی پێشكەوتوو، لەسەر بنەمای دەستور هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین جارێكی تر مەسەلەی بەرهەمهێنانو هەناردەكردنی نەوت دەستپێبكەینەوە، ئەمە هەمووی دەبێت بەدەستكەوت، نەك تەنیا بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان، بەڵكو بۆ هەموو خەڵكی عێراق. 23 ی ئەم مانگە كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان بەوەكالەت، رایگەیاند:» لەڕووی تەكنیكیەوە كێشەیەكی وانییە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، بەڵام ئەوەی كێشەیە لەبودجەی عێراقدا هەشت هەزارو 690 دینار بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێك نەوت دیاریكراوە، كۆمپانیاكانی نەوت لەهەرێم ناتوانن بەو بڕە پارەیە نەوت بەرهەمبهێنن». وتیشی:»بۆیە داوای زیادكردنی ئەو پارەیە كراوە تاكۆمپانیاكان بتوانن دەست بەبەرهەمهێنانی نەوت بكەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی نەوتی عێراق داوای چەند داتایەكیان لەئێمە كردووە ئێمەش ئەو داواكاریەمان جێبەجێكردووە، چاوەڕوان دەكەین پێش سەرەتای مانگی 12 ی ئەمساڵ گفتوگۆ لەوبارەیەوە دەستپێبكاتەوە». بەوتەی وەزیری سامانە سروشتیەكانی هەرێم، وەزارەتی نەوتی عێراق داوای گرێبەستی كۆمپانیا نەوتیەكانیان لەهەرێم كردووە لەگەڵ زانیاری لەبارەی كێڵگەكانی نەوت لەهەرێم و ئەوەشیان رادەستكراوەو هیواخوازن تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە چارەسەر بكرێت. كەمال محەمەد باس لەوەشدەكات «لە 25ی 6ی ئەمساڵەوە تائێستا بەردەوام 80 بۆ 85 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی حكومەتی عێراق كراوە لەسەر ئەو بنەمایەش بڕێك پارە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بەقەرز بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە». بەوتەی ئەو ئەندامەی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم بەدوای «رێگەچارە»یەكدا دەگەڕێن، هاوكات باس لەوەشدەكات لەكۆبوونەوە لەگەڵ وەفدی هەرێم، وەفدەكەی عێراق تێبینی تەكنیكییان زۆربووە لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێم، سەرچاوەكە بۆ هاوڵاتی ئاشكرایكرد داوایان لەمحەمەد شیاع سودانی كردووە شێوازی خەرجكردنی شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكانی نەوتیی لەهەرێم گۆڕانكاری تێدا بكرێت. مەسرور بارزانی لەدوایین راگەیەندراودا لەبارەی كۆبوونەوەكەی رۆژی 11-12-2023 لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند:» ئەگەر هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم هەیە، وەفدی عێراق گەڕاوەتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر پێشنیارەكان، كۆبوونەوەیەكی باشمان هەبوو لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق، ئەوەی لەسەر هەرێم بووە لەڕووی كاری تەكنیكی یان یاسایی، هەرچی ئەركی سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە جێبەجێ كراوە». وتیشی:»لەقسەكردندا گەیشتینە زۆر تێگەیشتنی باش، ئەوان گوتیان دەگەڕێینەوە بۆ ئەوەی دوا بڕیار لەسەر پێشنیارەكان بدەین، من ئومێدم زۆرە ئینشاڵا بگەینە ئەنجامێكی باشو وەڵامێكی باشیش بۆ خەڵك هەبێت، ئەگەری هەناردەكردنەوەی نەوت هەیە». لەپێش كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی حكومەت و وەفدی هەرێم، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند:»هەنگاوی یەكەم دەبێت هەوڵی دووبارە وەبەرهێنانەوەی نەوت بدەین، پاشان لەهەنگاوی دووەم ئێمە لەگەڵ بەرپرسانی توركیا لەگفتوگۆداین بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی هێڵی عێراق- توركیا. وتیشی:» بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم گفتوگۆو لێكتێگەیشتنی باشمان لەگەڵ بەرپرسانی توركیا هەیە. رۆژی دووشەممە 13-11-2023 دووەمین كۆبوونەوەی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ لەڕۆژی دووەمی سەردانی وەزیری نەوتی عێراق بۆ هەولێر بەڕێوەچوو. لەدوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەری كۆمپانیاكان، وەفدەكەی عێراق سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان كرد. سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە: لەكۆبوونەوەكەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختی لەپشتگیریی خۆی بۆ گفتوگۆو هەنگاوەكانی حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دووبارە ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان كردووەتەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەكرد وەستانی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان زیانێكی گەورەی بەداهاتی گشتیی عێراق گەیاندووە، بۆیە دەستپێكردنەوەی هەرچی زووتری ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كورستانی، بەگرنگ و پێویست زانی. بەشێك لەمیدیا عێراقییەكان ئاشكرایانكردووە كە جگە لەكێشەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، یەكێكی دیكە لەگرفتەكانی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، ئەوەیە توركیا مەرجی هەیە بۆ رێگەدان بەدەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیهان، مەرجەكانیش یەكێكیان لێخۆشبوونە لەو سزا ماددیەی كەدادگای پاریس بەسەریدا سەپاندووەو بڕەكەی یەك ملیارو 500 ملیۆن دینارە، هاوكات مەرجێكی دیكەی ئەوەیە كەئەو نەوتەی پێیدەفرۆشن و نەوتی هەرێمە بەهەمان نرخی پێشوو بێت كە 19 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك، لەبەرامبەردا عێراق بەوە رازی نییەو وەك فشارێك بۆ رازیكردنی توركیا باس لەنۆژەنكردنەوەی بۆری هەناردەی نەوتی نێوان عێراق- سوریا دەكات. تا 25-3-2023 حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەفەرمی رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوتی دەفرۆشت، كە لەمانگێكدا دەكاتە زیاتر لە 13 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت، ئەگەر بۆ هەر بەرمیلێك نەوت 72 دۆلار هەژمار بكرێت ئەوا لەمانگێكدا كردوویەتیە سەروو یەك ملیار دۆلاری مانگانە. زانیاریەكانی هاوڵاتی ئەوە دەردەخات، زۆرترین تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لەعێراق گەیشتووەتە نزیكەی شەش دۆلار بۆ بەرمیلێك، بەڵام لەهەندێك ناوچەی هەرێم بەخەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوەش هەندێك جار گەیشتووەتە سەروو 30 دۆلار، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەك سەرچاوەیەك لەوەزارەتی سامانە سروشتیەكان بەهاوڵاتی وت: تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لەهەرێم لەهەندێك ناوچە زیاتر دەبێت لەعێراق ئەگەر كۆمپانیای سۆمۆی عێراقیش سەرپەرشتی بكات، ئەو زانیارییانە لەكاتێكدایە پێشتر وەزیری نەوتی عێراق ئەوەی ئاشكراكردبوو كەتێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم سێ هێندەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی عێراقە. هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 25ـی ئاداری 2023ەوە لەسەر بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتیی لەپاریس لەئەنجامی سكاڵایەكی عێراق لەدژی توركیا راگیراوە.
